بەشی ١ـ٢
” ئەو کەسانەی ناتوانن ھۆشیاری بگۆڕن دوورن لە پێشکەوتن” بردنادشۆ
هەڵۆ بەرزنجەیی ٢٠٢٤/٤/٢٠
کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێ بە شانازییەوە بوومە ئەندامی [پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک ـ ] ھەلومەرجێکی تۆقێنەر باڵی بەسەر وڵاتی داگیرکراوماندا کێشابوو. بەھەزار ناری عەلی و ترس و لەرزەوە بەردەوام بڵاوکراوەکانی پاسۆکم بەدەست دەگەیشت و دەمخوێندنەوە…
ھەستم ھێندە خۆڕسک بوو، گەردی پێوە نەبوو ، بێ مامۆستا و کاریگەریی دەرەکی لە ناخمدا ڕسکا بوو، وام دەزانی ھەر لەبوونەوە بەشێکە لە ھەبوونم.باوکم،کە لە ١٩٥٤ەوە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو ڕۆڵ و کاریگەریی کوردایەتی بەسەرمەوە هەبوو …ئەو ڕۆژگارە ھێندەی تینوویی خوێندنەوەی نووسراوەکانی پاسۆک و لایەنەکانی تریش بووم، زۆرجار وانەکانی قوتابخانەم وەلا دەنا و بە عەشقەوە دەچوومە خەڵوەتە پیرۆزەکەی کوردایەتییەوە.
پاسۆک بەشی ھەرە زۆری بڵاوکراوەکانی بەتایبەت گۆڤاری (ئاڵای سووری کوردایەتی) کە ئۆرگانێکی ھێزی پیشمەرگەی پاسۆک بوو، بە تایتڵی {کوردستانێکی ئازاد گەلێکی یەکسان}.. و دروشمەکانی” پێش ئەوەی ھەر شتێ بین..دەبێ کورد بین” و ” چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە” نەخشێندرا بوو… ئەوانەی ھەستی کوردایەتیی تێیاندا زیندووە، ڕەهەند و زیگنالەکانی ئەم دروشمانە دەناسنەوە. ئێستاش ئەم دروشمگەلە بە بێ پەساپۆرت دەچنە ناو ھەست و دڵیانەوە و ئاهێکی خۆشیان پێدا دێ و دەکەونە ژێر باندۆڕییەوە.
ئاخر بێ هۆ نییە چونکە ئەم دروشمانە زوو بە دڵەوە دەنووسێن و بە قوڵیی ڕۆدەچنە ناو زیهن و ئەقڵەوە و جێگیر دەبن. ئەو ڕۆژگارە و ئێستاش کە لەو دروشمانە دیقەت دەگرم و ورد دەبمەوە، دەبینم ، قوڵایی فیکریان هەیە و هێز و وزەی جۆشدانی ئاگرینییان تێدایە و پاشخانێکی فرە ڕەھەند ھا لە پشتیانەوە و زەمینەیەکی فیکریی دەوڵەمەند ھەیە، لەسەریی شین بوون ، ئەگەر وا نەوایە هەر لە بنەڕەتڕا نەدەڕسکان، یاخود زوو مردەزاد دەبوون.
دروشمی” چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە” لۆگییەکی چەسپاو و ناوەندی سەر ڕوپەلی بەشێکی ئۆرگانەکانی پاسۆک بوو . لە یەکەم چرکەساتی بینینی ئەم دروشمەوە تا ئیمڕۆ ھەر سەرنج لە ھێز و پێزی ئەم وتەیە دەگرم باوەڕم وایە کەوا خاوەنەکەی ھزرمەندە؟!… ئەم دروشمە لەتەک کۆمەڵێکی تردا زۆر جار دەبووە مادەی گفتوگۆی ڕۆشنبیرانەی ئەڵقەکانی ڕێکخستن. قسە لەسەر چەک، باوەڕ، سێدارە و جەماوەر، ڕێک زادەی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە و ڕاشیۆنالیستی مێژووی کورد و بەتایبەت ئەزموونەکانی ناو شۆڕشی ئەیلوولی١٩٦١-١٩٧٥ ە.
زۆری پێنەچوو رۆژگارێ ھاتە پێشەوە زۆربەی بڵاوکراوەکانی پاسۆکم بەدەستھێنا و بەتاسەوە بوونە سەرچاوەیەکی گرنگ و بژێوی فیکری و رۆحیم. ئەدەبیاتی پاسۆک هەم بیری نەتەوەیی و کوردایەتی و زانیاریی و زانینم پێیان دەوڵەمەندتر دەبوو، هەمیش لۆژیکی بیرکردنەوە و گفتوگۆم پێیان بەھێزتر دەکرد..لە گۆڤاری ئاڵای سووردا ژمارەی ٢١ـ ٢٢ ی تشرینی دووەمی ١٩٨٢ ، بابەتێکم بەناونیشانی ” چەپکێ لە وتەکانی شەھید فەتاح ” بەرچاو کەوت… کە دروشمی ناوبراو یەکێک لە وتەکان بوو.
ئیدی کۆنە مەتەڵ هەڵهات و خاوەنی وتەکەم بۆ ئاشکرا بوو. کاتێ زانیم گینابەختکردوو فەتاح ئاغا خاوەنی ( چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە) هێندەی تر لام خۆشەویست و گەورەتر بوو…
وەک تارماییەک دێتەوە یادم کە بە منداڵی و لە سەرەتای حەفتاکاندا کاک فەتاحم لە گەڕەگی دارۆغا دیبێت. ئێمە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کازیوەی بەیاننامەی ئاداردا وەک خێزانێکی دوورخراوە، لە عەرەبستانەوە / بەسرە، گەڕاینەوە بۆ کوردستان و شاری سلێمانی زێدی خۆمان. ئەویش ماڵی خۆیان یان خزمێکییان لە دارۆغا بوو بە جێبێکی کورتی ئەمەریکی و دەستێ ڕانکوچۆغەی شاڵەوە جارەوجار لەوناوە دەبینرا. بۆ من وەک کەسێک ھاوتەمەنی کاک فەتاح نیم و خاوەنی هیچ بیرەوەرییەکی تایبەتی نیم لەگەڵیدا ، قسەکردن لەسەر ئەم کەسایەتییە بۆخۆی کارێکی سەخت و دژوارە و کتومت وەک ئەوەیە بمەوێ بە قاچێکی شەل و گۆچان بەدەست بەسەر چیای حەسارۆستی باسوخواستەکانیدا ھەڵگەڕێم..
گیانبەختکردوو فەتاح ئاغا، وەک ئەوەی ناسراوە لەبنەماڵەیەکی ناسراوی دەڤەرێکی پانوپۆڕی کوردستان( شارباژێر)ە و جێگە و پێگەیەکی دەست رۆیشتوویان ھەبووە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ھەڵگریی نازناوی ئاغا بوون، لێ کەس نییە بتوانێ ھێندەی گەردێک بیرکردنەوە و ڕەفتاری ” ئاغا” یەتی لێ دیبێ و بسەلمێنێ و دەستنیشان بکات.. بە دەربڕینێکی تر ھەرگیز ئەم نازناوە لە کەسایەتیدا ڕەنگی نەداوەتەوە مەگەر ئاغایەکی خزمەتکاری نەتەوە و خاکەکە بووبێت، ھیچی تر…تەنیا پێشمەرگەیەکی سادە و بێنیاز و لە خۆبوردووی کوردایەتی بوو. بە وتەکەی ناپلیۆن” با پاشاش بم، ھەر نیشتمانپەوەرم”.
پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی مەرج نییە بێتە تاکە پێوەر، بیر و بیرکردنەوە ماهیەت دیاری دەکات. بێشکچی زانای گەورە لە یادەورەرییەکانیدا بۆمان دەگێڕێتەوە کەوا لە زیندانەکانی تورکیا دوو ئاغای کوردی هاوزیندانی (خەلیل ئاغا و خورشید ئاغا) باندۆڕی لەسەر دادەنێن، زیاتر بەلای کورددا بێتەوە و بایەخی بۆ دۆزی کورد هەبێت، لە کاتێکدا سەدان زیندانی تر وەک پاڵەوانی ئایدۆلۆژی و شۆڕشگێڕی ئینتەرناسیۆنالیست لەگەڵدابوون، بەڵام بەردەوام دەکەونە بەر نەشتەری ڕەخنەکانی .
من لێدەگەڕێم بیۆگرافیای ژیان و سروشتە کۆمەڵایەتییەکەی رۆڵی کاک فەتاح و بنەماڵەکەیی و تەنانەت ھەزاران داستانی قارەمانێتی لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول دا و زۆر لایەنی تری ئەم رۆڵە پێشمەرگە و فەرماندە و رابەرە گەورەیە بۆ ئازیزانی دیکە بەجێدێڵم و لەم بەشدارییەدا دەمەوێ تەنیا لەگۆشەنیگای (فیکر)ەوە سەرنج لەم کەسایەتییە بدەم .
دوای کوردبوون، “بیری نەتەوەیی ” ماھیەت و جەوهەر و ناسنامەی کەسایەتی کاک فەتاحە و سەرچاوە و داینەمۆی ھێز و وزە و تینوتاوبەخشی ھەموو بوون و ھەبوونێتی…وتمان کەوا بنەماڵەی کاک فەتاح خاوەنی ھەستێکی پاکی نیشتمانپەروەرین، لێ دیاردە و خاڵی هزرمەندیی لای کاک فەتاح ڕەھەندێکی قووڵ تر و ماندارتری ھەیە و ھەست و باوەڕەکەی بنەمایەکی فیکری ھەیە و گیانی کوردایەتییەکەشی موتوربە و زاخاودراوە بە بیر، کە دەرئەنجامی خوێندنەوە و قوڵبوونەوە و تێگەیشتنە لە دۆزی نەتەوەکەی و پرسیارکردنە لەناو هەناوی بریندار و ئازاراوی مێژوودا… فکر هێندە لای کاک فەتاح ئامادەگی باڵای هەیە و بەرز ھەڵچووە، بە ڕوونی توخم و ڕەگەزەکانی بەدی دەکرێت…
“چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە”.. یەکێ لەو وتانەی کە بەسەر بەشێکی ئۆرگان و بڵاوکراوەکانی پاسۆکەوە درەوشێتەوە…؟!.. دەڵێن زەبروزەنگ، زەبروزەنگ دەخولقێنێ، بەم پێودانگە دەبێ ئاشتیش ئاشتی بڕسکێنێ، ھەروەھا فیکریش فیکر بەرھەم بھێنێتەوە..کورد ڕووبەڕووی رۆژگارێ بۆوە زیاتر لەهەر کات پێویستی بە واقیعبینی هەبوو، نەک خۆهەڵواسین بە دۆگما و وشکبوونەوە بە دیار خەیاڵەوە!..
، شتی نوێ بهێنێتە کایەوە.بە وتەی کانت” کوشتنی دۆگما، لەدایکبوونی هەقیقەت و واقیعە”. کەواتە کەسێک خاوەن فیکر نەبێت، ناتوانێ خۆی لە تخووبی فیکر بدات و بەتاڵ بێت لە فیکر لە فیکر تێناگات.. ئاخر لە هاوکێشەیەکی هاوسەنگدا ھەر فیکر دەبێتە ھاوکوفی فیکر .. فیکر چالاکی ئەقڵە.. لێرەدا کرۆکی دروشمەکە ئەوەیە، بیر هێز بجوڵێنێ و باوەڕ لە پێش چەکەوە بێت، قەڵغانی هێرش و بەرگریمان زانین و زانیاریی بێت، نەک تفەنگ و گوللە. سەنگەرێک تۆکمە و مەحکەمە بە شورای باوەڕ و زانین و زانست هەڵچنرا بێت. ئەوکاتەی باوەڕ لە زەیندا پتەو و جێگیر دەبێ، دەبێتە ماکی“ سیستماتیزەکردنی کۆمەڵگە، دەبێتە بناوانی بۆچوون و ھۆشیاریی”.
گۆستاڤ لۆبۆن
لە ڕووی مێژووییەوە کورد خاوەنی راپەڕین و شۆڕشی بێ شومارە، لە ڕابوون و تێکشکان، بەڵام زۆربەی ئەم بزاڤانە ” فیکر” تێیاندا بەمانا قووڵ و پێویستییەکەی وەک بیریی نەتەوەیی، تۆکمەی مشتوماڵ دراو بە ڕەگەزەکانی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون بزر بووە، یاخود لەبەر ھەرھۆکارێکی ئایینی و ئایدۆلۆژیی بێت ڕانەگەیەندراوە.. بۆیە لە هەنووکە بەدواوە پێویستە عەقڵ و بیر چرای ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای سەختی ئازادی و سەربەخۆیی بن، نەک ڕێگایەکی ڕۆشن کاریگەر بێ لەسەر ئەقڵ و بیر..
ھاوبیرانی نەتەوەیی لە چوارچێوەی کۆمەڵەی ” کاژیک” دا زوو دەرکیان بەم کەلێنە کردوو چاکی کوردایەتیان لێ ھەڵماڵی و بە نووسینەوەیەکی نوێی مێژووی کورد و کار لەسەر یەکگرتنی زمانی کوردی و پێناسەکردنی جوگرافیای کوردستان، کەوتنە پێشکەشکردنی خزمەت. (کاک فەتاح)یش بە وتەکەی سوکرات:” خۆت بناسە”. هاتۆتە مەیدانەوە و دەکەوێتە ڕیزبەندی ئەوانەی باش لە مێژووی نەتەوەکەیان تێگەیشتوون و خوێندنەوەی ورد و بەدیقەتیان بۆ بزاڤە کوردییەکان و ھۆکارەکانی سەرنەکەوتنییان ھەبووە. ئەویش واتە کاک فەتاح زۆر باش لە گرنگی بەھای ھوشیاریی ناسنامەی خۆ/ Identitätsbewusstsein یاخود identity consciousness تێگەیشتبوو. خۆناسی و دوژمناسی یەکەم مەرج و پرنسپی تاکێکی نەتەوەیی شۆڕشگێڕ و سەرکەوتووی نەتەوەی بندەستە.
زۆر لە فەیلەسوفان و پەروەردەکاران و کۆمەڵناسان جەختیان لەسەر ھوشیاریی نەتەوەیی کردۆتەوە… ھوشیاربوونەوەش بە میتۆدی خوێندن و تێگەیشتن و فێربوون مەحکەمتر و چەسپاوتر دەبێت. ئامڕازێکی کاریگەر دەخولقێ بۆ گەیشتنە ئامانجێکی دیاری کراو… پەروەردەش لە خێزان و قوتابخانە و ژیانی حیزبایەتیدا، بایەخی کاریگەری خۆی ھەیە.. تاکێکی نەتەوەی بندەست بێ ھیچ ئەگەر و مشتومڕێک، مەحکومە بەوەی خۆی باش بناسێ و دوژمنەکەیشی باشتر بناسێ تا بکارێ بە هەمان ئەقڵێت و میکانیزم شەڕی بکات و زیرەک بێ ئامانجەکەی دیاری بکات….
ئەو تاکە کوردە کاتێ دروست پەروەردە دەکرێت و گۆشت دەبێت، دەبێتە خاوەنی ھێز و پێوەر و پۆتەنسیالێکی گەورە و ھەڵسوکەوت و دابونەریتی هاوسەنگ ، کە بەم داینەمۆی پەروەردەبوونە دەکەوێتە کار… چونکە زۆربەی ئەوانەی بەشداری بزاڤەکانی کورد بوون، پێناسە و تێگەیشتنی تەواویان لەسەر ناوەوە و دەرەوەی خۆیان و بزاڤەکەیان نەبووە… جگە لەوەی تەنھا خاوەنی ھەستێکی پاک و سادە و دڵسۆزبوون.. Carl Gustav Jung دەڵێ : “ زانین و ناسین دەربارەی خۆت ئاقڵمەندییەکی ڕەهایە”.
ئیدی دوورییەکانی تری پرسەکەیان لا ڕوون و چەسپاو و بەڵگەنەویست نەبووە… بۆ ئەوەی زیان و مەترسی ھەڕەشەکانی ئەم دۆخە نەهێڵدرێ و ھەڵە ھەمیشە دووبارەوەبووە کەم کرێنەوە، دەبێ کورد لە دۆخی شکستخواردنی خۆی تێبگات و بیر لە ئامڕاز و پێداویستییەکانی خەباتێکی نوێ و گونجاوتر بکاتەوە..
کاک فەتاح.. لێرەدا بەدیدی فیکری خۆی بەتایبەت کاتێ وەک سەرکردەیەکی سەربازیی دیار و ھەڵکەوتوو و خاوەن ئەزموون و قاڵبووی کۆڕی کوردایەتی و داستانی رووبەرووبوونەوەی مەیدانی خوێناوی لەوە تێی دەگات، کە ھەر ئازایەتی و دڵسۆزی بەشی ئەوە ناکات چەک لەشان بکەیت و بچیتە شاخ و ڕیزی خەباتی پێشمەرگایەتییەوە و بەرانبەر بەو داگیرکەر و دوژمنە پۆشتەوپەرداخە دڕندانە بوەستێتەوە.. بە تەنیا بەم خەسڵەتانەوە و لە ھەلومەرجی ئاڵۆزی کورددا ناگەینە دوا وێستگەی حەسانەوە و ھێنانەدی ئاوات و ئامانجەکان… چونکە ڕاستە تا ئێستا ئازایەتی دڵسۆزی و قوربانیدان دەستەچیلەک بوون بۆ بەردەوامی راپەرین و شۆرشەکان و بەڵام مەخابن لە ئاکامدا تەنیا شکستخواردن چنراوەتەوە.
بۆئەوەی لەم بازنە پێچەڵپێچە شەیتانۆکییە دەربچین و بچینە سەر ڕاستەڕێی خەباتی بێ کوێرە ڕێ و کۆڵانی داخراو ، پێویستە فۆرمێکی تر ببەخشینە ئەو کەسەی چەکی خەبات لەشان دەکات و گیانبازی بە ژیان و ماڵی دەکات . دەبێت دیوە مینۆکییەکەی بە بژێوی فیکریی و رۆشنبیریی و باوەڕ بەخۆبوونەوە تۆکمە و پۆڵاڕێژ بکەین… بۆ ئەوەی توخمێکی رەسەن و چالاک بیت ،دەبێت مەشق درابی، دەنا دەشێ لەم سەرەڕێ سەخت و دژوارەدا زوو پشوسوار بیت و شکست بخۆیت… چەرچڵ وتەنی:“ هەموو ئەوانەی لە شکستەکانییانەوە هەڵدەستنەوە، قاچەکانیان نەگۆڕی، بەڵکوو بیرکردنەوەیان گۆڕی“.