رەحیم رەشیدی
دووهه‌مین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای هه‌موو ساڵێک، رۆژی جیهانی دایکه. رێزگرتن له دایک و ده‌ربڕینی ئه‌مه‌گناسی به‌رانبه‌ر به گه‌وره‌یی دایک، له کۆمه‌ڵگا و وڵاته جۆراوجۆره‌کاندا، له کۆنه‌وه به‌رێوه چووه و وه‌کوو نه‌ریتێک باو بووه.
ئه‌وه‌نده‌ی زانیارییه‌کان پێمان ده‌ڵێن، ئه‌م یاده له یۆنانی کۆندا له نێوه‌ڕاستی مانگی مایدا، جێژنێکی گه‌وره بۆ رێزلێنان له خودای باروه‌ری، هه‌روه‌ها له “رئا” دایکی “ژئوس”، خوای خوداکان پێکهاتووه.
له وڵاتی بریتانیا، یه‌که‌مین جێژنی رۆژی دایک، یان یه‌کشه‌ممه‌ی دایک، (Mothering Sunday)، بۆ رێزگرتن له که‌نیسه وه‌کوو دایکی دین، له لایه‌ن شا هنری سێهه‌م له ساله‌کانی ١٢١٦_ ١٢٣٩ی میلادی، به‌رێوه چووه. ناوبراو سێهه‌مین یه‌کشه‌مه‌ی مانگی مارس، واته کۆتایی وه‌رزی زستان و سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هاری، بۆ ئه‌و جێژنه دیاری کردوه. به‌رێوه چوونی ئه‌م رێوره‌سمانه، تاکوو ده‌ورانی رێنسانس له ئورووپا به‌رده‌وام بوه.
له‌م رۆژانه‌دا ته‌نانه‌ت کڵفه‌ت و خزمه‌تکاره‌کان، نه‌ده‌چوونه سه‌رکاره‌کانیان، ئه‌وان شیرینی تایبه‌تیان ساز ده‌کرد و سه‌ردانی دایکیانیان ده‌کرد، تاکوو به‌و چه‌شنه رێز له کار و کوێره‌وه‌ری دایکه‌کانیان بگرن.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، له تورینگینی ئاڵمانیش یه‌کشه‌ممه‌ی دایک به‌رێوه چوه، منداڵه‌کان به ساز کردنی شیرینی و چێشتی خۆش، میوانداری دایک و بابیان ده‌کرد و رێز و ئه‌مه‌گناسی خۆیان بۆ دایک نیشان داوه.
له نێوچه‌ی شامپانی وڵاتی فه‌ڕانسه، هه‌روه‌ها والونین له بەلژیک، رێوڕه‌سمی هاوچه‌شن به‌رێوه ده‌چوون.
زانیارییه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن، پاش ساڵی ١٦٤٤ی میلادی، ئه‌م جۆره رێوره‌سمانه به بێ ده‌ستتێوه‌ردانی که‌نیسه، به‌رێوه ده‌چوون، خزم و که‌سوکار له ده‌وری یه‌کتر کۆده‌بونه‌وه و دایکان رێزیان لێنراوه.
کورته‌یه‌ک له مێژووی رۆژی جیهانی دایک:
بۆ یه‌که‌مین جار، خاتوو جولیا وارد هووه (Julia Ward Howe)، ١٨١٩_ ١٩١٠)، شاعیر، نووسه‌ر و یاسا ناسی ئه‌مریکایی، که شه‌ڕه نێوخۆییه‌کانی ئامریکا، هه‌روه‌ها شه‌ڕی ئاڵمان و فه‌ڕانسه شوێنی خراپی له‌سه‌ر دانابوو، پێشنیاری کرد، رۆژێک وه‌کوو ڕۆژی دایک دیاری بکرێ. خاتوو جولیا وه‌کوو خه‌باتگێرێکی ئاشتیخواز حه‌ولی ده‌دا، ژنان وه‌کوو قوربانیانی سه‌ره‌کی شه‌ڕ، ڕۆڵێکی مه‌زن بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی و سه‌قامگیری ئاشتی بگێرن. له‌م رۆژه‌دا زۆرتر دایکی ئه‌و سه‌ربازه کوژراوانه له ده‌وری یه‌کتر کۆده‌بوونه‌وه که له شه‌ڕی نێوخۆیی ئامریکادا گیانیان له ده‌ست دابوو.
پاش ناوبراو، خاتوو ئاننا جارویس (Anna Jarvis)، له ساڵی ١٨٧٢، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان بیرۆکه‌ی خاتوو جولیا، له دووهه‌مین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای ساڵی ١٩٠٨ی زایینی، به ئامانجی رێز لێنان له ڕۆلی دایکی، له ژیانی ناوبراودا، له رێوڕه‌سمێکی ئایینی‌دا، ئه‌و ڕۆژه‌ی جێژن گرت. ئه‌و ژنه پاش رێوره‌سمه‌که کارێکی به‌ربڵاوی ته‌بلیغی به‌رێخست.
ئاننا جارویسی دایک، له نێوان ساڵه‌کانی (١٨٣٢١٩٠٥)، وه‌کوو ژنێکی زه‌حمه‌تکێشی کابان، هه‌روه‌ها هه‌ڵسووڕی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی حه‌وڵیکی زۆری له خۆی نیشاندا تاکوو لایه‌نی پاک و خاوێنی و بێهداشت بۆ رزگار کردنی منداڵان له مردن په‌ره پێبدات. ئاننا جارویس، بۆ خۆی ١١ منداڵی به دونیا هێنابوو که ته‌نیا ٤ دانه‌یان له ژیاندا مان. ناوبراو به وتاردان و رێکخستنی ئافرەتان به مه‌به‌ستی پێشکه‌وتن له بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، چالاکی خۆی له‌م بواره‌دا به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاوتر ده‌ست پێ‌کرد. ئه‌و له سالی ١٨٥٨دا، “رۆژی کاری دایکان”ی دامه‌زراند و به رێخستنی ژنان خه‌باتی کرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان بیرۆکه‌ی کاری به کۆمه‌ڵ گه‌شه پێبده‌ن و به به‌ره‌وژوور بردنی زانیارییه‌کانی خۆیان، ژیانی منداڵان له نه‌خۆشی و مه‌رگ له‌وسه‌رده‌مه‌دا، رزگار بکه‌ن. کارێکی دیکه‌ی ئه‌و ژنه خه‌باتگێڕه، ئه‌وه بوو، پاش کۆتایی شه‌ڕه نێوخۆییه‌کانی ئامریکا، هه‌وڵی ده‌دا به کۆ کردنه‌وه‌ی دایکان له ده‌وری یه‌کتر، وێرای به‌هێز کردنی هاودڵی و هاوپێوه‌ندی له نێو وان‌دا، تێده‌کۆشا به‌م چه‌شنه، دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستی له نێوان سه‌ربازه‌کانیش په‌ره پێبدات، تاکوو به‌م جۆره ئاشتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رچی زۆرتر به‌هێز بێت و په‌ره بستێنێ. ڕۆژی ٩ی مانگی مای ساڵی ١٩٠٥، ئاننا جارویس مالئاوایی له ژیان کرد و کچی ناوبراو که ئه‌ویش هه‌ر ناوی ئاننا بوو، خه‌باتی خۆی ده‌ستپێکرد.(١٨٦٨١٩٤٨)، ناوبراو به نووسینی نامه بۆ یاسا دانه‌رانی ئامریکایی، داوای کرد، رۆژێک وه‌کوو ڕۆژی دایک دیاری بکرێ. ئاننا بۆ یه‌که‌مین جار رۆژی ١٠ مانگی مای ١٩٠٨، له‌و شاره‌ی که دایکی رۆژانی یه‌کشه‌ممه له که‌نیسه وانه‌ی ده‌وته‌وه، رۆژی دایکی له رێوره‌سمێکدا رێز لێگرت. ئه‌مه وای کرد، تاکوو ساڵی ١٩١٢، ٤٥ ویلایه‌تی ئامریکا، ئه‌م رۆژه‌یان وه‌کوو رۆژی دایک به فه‌رمیی ناسی.
کار گه‌یشته جێگایه‌ک، ویلسۆن، سه‌رۆککۆماری ئه‌و کاتی ئامریکا، له ساڵی ١٩١٤دا، رۆژی دایکی له سه‌راسه‌ری ئامریکا، وه‌کوو ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی ڕاگه‌یاند.
ئه‌م ڕووداوه بوه هۆکارێکی گه‌وره بۆ ئه‌وه‌ی ناردنی کارتی پیرۆزبایی به بۆنه‌ی رۆژی دایک، بره‌و په‌یدا بکات. له‌م نێوه‌دا گۆڵ فرۆشه‌کان، داهاتێکی زۆریان وه‌سه‌ریه‌ک ده‌نا؛ ئەوان له‌و سه‌روبه‌نده‌دا نرخی گوڵه‌کانیان زۆرتر ده‌کرد. ئه‌مه وای له خاتوو ئاننا جارویس کرد به شێوه‌یه‌کی یاسایی دژی دیاری کردنی رۆژی دایک بوه‌ستێته‌وه. به‌ڵام سه‌رکه‌وتنێکی له‌م بواره‌دا وه‌ده‌ست نه‌هێنا.
ناوبراو بۆ به‌ربه‌ست کردنی به‌رێوه نه‌چوونی رێوره‌سمه‌کانی رۆژی دایک، له‌م رۆژانه‌دا کارگه‌لێکی کردن که به هۆیانه‌وه که‌وته به‌ندیخانه. ئاننا ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له مردنی له ساڵی ١٩٤٨ی میلادی، به هه‌واڵنێرانی وت: “بریا رۆژی دایکم پێکنه‌هێنابا”.
له راستیدا ئێستا له وڵاتێکی وه‌کوو ئامریکا، شوێنه‌کانی ته‌له‌فوون کردن، رێستۆران و گۆڵ فرۆشییه‌کان له ڕۆژی جیهانی دایک دا، به هۆی فرۆشی زۆره‌وه، زۆرتریین داهات بۆ خۆیان ده‌ستبه‌ر ده‌که‌ن.
ڕۆژی دایک له ساڵی ١٩٢٣دا له وڵاتی ئاڵمان، جێژن گیرا. ته‌نانه‌ت له ساڵی ١٩٣٣دا، نازییه‌کان، رۆژی جیهانی دایکیان وه‌کوو پشووی گشتیی ڕاگه‌یاند.
پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، رێوره‌سمه‌کانی رۆژی دایک له سه‌راسه‌ری ئورووپا به‌رێوه چوو. له‌م ڕۆژه‌دا به پێشکەش کردنی گوڵ و دیاری تایبه‌ت رێز له دایکه‌کان ده‌نرا. ئێستا رۆژی جیهانی دایک، له به‌شێک له وڵاتانی ئورووپایی، له ئوستوڕاڵیا و ئامریکا رێزی لێده‌گیردرێ.
به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و راستییه که کۆمه‌ڵگای کوردستان، بە درێژای مێژوو، له لایه‌ن هێزه دژبه‌ره‌کانی ئازادی و مرۆڤ دۆستییه‌وه، ساڵانێکی دوور و درێژه شه‌ڕی به‌سه‌ردا سه‌پاوه، سیاسه‌تی کوشتن و بڕیین به پانه‌وه له دژی هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵی کوردستان به‌رێوه ده‌چێ، دایکان له‌م به‌ستێنه‌دا زۆر زیانیان پێگهیوهوهو پێده‌گات.
ڕۆڵه‌کانیان ئێعدام و زیندانی ده‌کرێن، مێرده‌کانیان شه‌هید ده‌بن، سه‌ڕه‌رای هه‌موو ئه‌مانه، به‌شێکیان ڕاسته‌وخۆ له خه‌بات و ژیانی پێشمه‌رگانه‌دا به‌شدار بوون و به‌شدار ده‌بن و کۆڵ‌یان نه‌داوه…
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م سه‌ختیانه، دایکانی کورد هه‌رگیز ڕۆڵی دایکایاتی خۆیان، که بریتییه له سۆز، مێهره‌بانی، خۆشه‌ویستی بنه‌ماڵه و وڵات، هه‌ست کردن به به‌رپرسایه‌تی له ئاست چاره‌نووسی جگه‌ر گۆشه‌کانیان و تێکۆشان بۆ مسۆگه‌ر کردنی داهاتوویه‌کی ڕووناک بۆیان، غافڵ نه‌بوون و نابن. کەوایە دایکان مافی بێئهملاولای خۆیانه جیا له هه‌موو ڕۆژه‌کانی دیکه، ئه‌بێ له رۆژی جیهانی دایک دا رێزی تایبه‌تییان لێبگیرێ و فیداکاری و خه‌باتیان نرخی بۆ دابندرێ.
ئه‌م رێزلێنانه له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌کرێ شیاوی ئاوڕلێدانه‌وه بێ، کۆمه‌ڵی کورده‌واری به هۆی سیاسه‌تی زاڵی داگیرکه‌ران، زاڵکردنی قه‌یدوبه‌ندی کۆنه‌په‌رستانه‌و ناسه‌رده‌میانه، جیا له‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه ژنان له بازنه‌ی تێکۆشانی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی دوور خه‌نه‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌م سیاسه‌ته تا ڕاده‌یه‌ک له نێو ئێمه‌و مهمانیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، ئەوەتا له هه‌ندێک نێوچه و ده‌ڤه‌ری جیا جیا به خه‌ستوخۆڵی هه‌ستی پێده‌کرێ.
ئه‌م دیارده بۆ خه‌ڵکی کورد به گشتیی، خه‌باتگێرانی رێگای ئازادی به تایبه‌تی، که ساڵانێکی دوور و درێژ دژی نیزامی نابه‌رانبه‌ر و چه‌وسێنه‌ر تێکۆشاون و تێده‌کۆشن، بۆ به‌دیهێنانی ئازادی و دێموکراسی فیداکاریان کردوه و له‌م رێره‌وه‌دا کوێره‌وه‌ری زۆریان دیوه، شایان نیه ئیزن بده‌ن دایکان و ژنانی کوردستان به هیچ بیانوویه‌ک زوڵمیان لێبکرێ و مافی ڕه‌وایان به بیانوگه‌لی پیاومه‌زنانه و کۆنه‌په‌رستانه پێشێل بکرێ.
ژنان و دایکانی هێژای کوردستان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو جیاوازییه‌کانیان، ئه‌بێ به یه‌کگرتوویی و هێزێکی زۆره‌وه له مه‌یداندا بن؛ له‌وه‌ش دڵنیا بن تاکوو هێز نه‌بن و وزه‌کانیان وه‌سه‌ر یه‌ک نه‌خه‌ن، ناتوانن وه‌کوو پێویست به ره‌وڕووی دابونه‌ریته پاشکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵگا ببنه‌وه.ئه‌و دابونهریتانهی، له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا، له به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی کولتووری پیاوسالاری و هێژموونی پیاودا، له کۆمه‌ڵ و خێزاندا ده‌ور دبینێ، به‌داخه‌وه زۆرجار ئافرەتان بۆ خۆیان بواری بۆ ده‌رخسێنن و له ئاست نابه‌رانبه‌ری و ماف پێشێلکاریان دا، وه‌کوو پێویست ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی هه‌ڵنابڕن.
له ڕاستیدا، ژنان به‌و بێده‌نگییه له ئاست پێشێلکارییه‌کانی مافەکانی خۆیان دا، جیا له پێشل‌کردنی مافه‌کانیان، سته‌مێکیش له ته‌واویه‌تی ئه‌و خه‌باته ده‌که‌ن؛ کە له پانتایی کۆمه‌ڵگادا له لایه‌ن هه‌موو یه‌کسانی خوازانەوە بۆ ئازادی، دێموکراسی و پێکهێنانی کۆمه‌ڵیکی یه‌کسان و به‌رانبه‌ر له ئارادایه…