یاد ئەمین
ھەڵوێستە کردن لەسەر ئەم دیاردە ترسناکە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە، لاوان، منداڵ و خێزانەکان لە کوردستان، دەبێت کاری لە پێشینەی ھەموو لایەک بێت. کۆمەڵگەی ئێمە ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی دیاردەیەکی مەترسیداری پەرەسەندوو بووەتەوە، کاریگەریی زیانبەخشی بە کارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان ھەر ئەوەندە نابێت، کە ئێستا ھەیە، دەرئەنجامەکانی تەنھا بۆ بەکارھێنەرانی نییە، بەڵکو شەپۆلە سامناکەکەی کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، یان لاوەکی لەسەر تەواوی کۆمەڵگە و بە تایبەتی گەنجان، خێزانەکان ھەیە.
لەم بابەتە ئەکادیمییەدا، تیشک دەخەینە سەر ئەو ڕەھەندانەی کە چۆن دەتوانن لە تێڕوانینێکی سۆشیال – سایکۆلۆژیانەوە بەرەنگاری ماددە ھۆشبەرەکان ببینەوە و کام شێوازی (ڕیھابیلیتەیش) چارەسەرکردن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی لاوان و خێزان و کۆمەڵگە لە کاریگەرییە وێرانکارییەکانی ئەم دیاردەیە.
یەکەم ھەنگاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان، تێگەیشتنە لە ھۆکارە بنەڕەتییەکان کە پاڵنەرن و ھەڵخەڵەتێنەری تاکەکانن. لە ڕووی دەروونییەوە، زۆرجار بە کارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە دەرئەنجامی ژیان سەختی مرۆڤەکان سەرچاوە دەگرێت و بۆ پرۆسێسی بەکۆمەڵگەیی کردنیدا. سەختی ژیان و شڵەژانی دەروونی فاکتەرەی بە لاڕێدا بردنی مرۆڤەکان بە بەردەڵانێکی پڕنەھاتوو، دەرئەنجام مایەپووچی کۆمەڵگە دەبێتە بەشی شێری بە کارھێنەران. دەکرێت فاکتەرگەلێک پێگەی مرۆڤەکان لاواز بکەن، وەک: نەخۆشی دەروونی، لاوازی کەسایەتی، تەنگوچەڵەمەی کۆمەڵایەتی، خێزانی یان ئابووری، بێکاری و خۆ نەدۆزینەوە لە فەزای جەنجاڵی کۆمەڵگە، ھەڵنەسوڕانی تاکەکەس لەگەڵ گۆڕانکارییە مۆدێرن و تەکنۆلۆجییە خێراکانی، نەبوونی ستراتیژییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کەموکورتییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو فشار و ھەستە سەختە سایکۆلۆجیانەی ئاڵنگاری تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی باشوور دەبن.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە کارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بە شێوەیەکی کاریگەر، بەر لە ھەموو شتێک دەبێت سێ ڕەھەند لەبەرچاو بگرین و لە یەکدیان جیاکەینەوە، ئەوانیش:
١- بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر و ئالوودە بووان، کە بە قوربانیان ھەژمار دەکرێن.
٢- بازرگانیکەران بە ماددەی ھۆشبەر، فاکتەری ڕووخانی تاکی کوردستانین و وێرانکەری کۆمەڵگەن.
٣- وشیارکردنەوەی تاک و گۆمەڵگە لە ڕێگەی میتۆدی ئەکادیمی و ئەزموونییەوە، خەمی چارەسازی.
ئالوودە بووان لە گرفتارییەکی گەورە ئاڵاون، سەرەتا دەبێت ئەوە قبوڵ بکەین، کە ئەوان گیرۆدەی دیاردەیەکن، کە لەم ١٥ ساڵەی ڕابردوودا بەرەو ھەڵکشانی ترسناک پەرەی سەندووە. بۆیە کرانەوەمان، باس کردنی بە شێوی فەرمی نە عەیب و عارە، نە شەرم و شکۆ شکاندنە. ئەوان ڕۆڵەی ئەو نیشتمانەن، بۆیە ھاوکاریی و درێژکردنی دەستی یاریدەیی ئەرکێکی ئەخلاقی، ئایینی، کولتووری، مۆراڵییە. نابێت بە تەنیا وەک کەیسی تاوانکاری ھەژمار بکرێن، بەڵکو دەبێت بە کەیسێکی تەندروستی ھەژمار بکرێن لە ڕێگەی پشتگیری و چارەسەری بنەڕەتیانە ھەنگاو بنێین.
بازرگانی کردن بە ماددەی ھۆشبەر، ڕاستەوخۆ مانای وایە، کە بازرگانەکان ویژدانی خۆیان فرۆشتووە و دەستیان ھەیە لە وێران کردنی گەنجان، ھەڵوەشانی خێزان و کۆمەڵگە بە گشتی، بۆیە بەکارھێنانی ڕێوشوێنی زۆر توندی یاسایی و سزادانیان، ئەرکێکی گەورەی سیستمی حوکمڕانییە. دەبێت خەڵکی لەوە سڵ بکاتەوە، کە دەستبردن بۆ ئەم جۆرە بازرگانییە قێزەونە، مانای خۆدۆزینەوە لە زیندانێکی مەودا دوور خۆ کوژییەکی تولانییە و ئازارەکەی تەواو نابێت.
سۆشیاڵ – سایکۆلۆژی، جەخت دەکاتەوە لەسەر نموونەیەک لە شێوازێکی چارەسەری کاریگەر بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی تەندروست لەمەڕ ماددەی ھۆشبەر و ئالوودە بوون، یەکێک لەو ڕێگا چارەسەرییانە بریتییە لە؛ چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی
(CBT).
ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنی (ڕەفتار، ھەستەکان لەگەڵ بیرکردنەوە) بە واتایەکی دیکە، ڕێکخستنی ئەو سێ دیدگایەیە لە مرۆڤەکاندا، سەرنجی لەسەر دەستنیشانکردن و گۆڕینی شێوازی؛ بیرکردنەوە و ھەست و ڕەفتارە نەرێنییەکان دادەنێت بۆ گۆڕینیان لە تێڕوانینی نەرێنییەوە، تاکو مرۆڤ وشیار بکاتەوە لە ئەگەری ساناکردنی ھزریی تاکەکەس و ڕاکێشانی بۆ بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان.
ئەمە میتۆدێکە بۆ فێرکردنی ستراتیژییەتی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تەندروستتر لە لایەن تاکەکان و یارمەتیدانیان بۆچۆکدانەدانیان لەمەڕ ئاستەنگە دەروونییەکانیدا، کە پاڵنەرن بۆ ئەنجامدانی ڕەفتارێکی نەشیاو.
میتۆدی (CBT) دەتوانێت ئامڕازێکی بەھێز بێت لە پڕۆسەی چاکسازیدا بۆ وشیارکردنەوەی ئەو کەسانەی کە ھێشتا ژەھری ماددەی ھۆشبەر نەبووەتە ھاڕەی دەروون و ڕۆحیان. جیا لەوەی ئەم میتۆدە، چارەسەری گونجاوە و تاکە کەسیشە، کە تام و دەنگ و ڕەنگی ماددەی ھۆشبەری نەزانێت.
وەلێ زۆر گرنگە، کە کەسانی ئەکادیمی شارەزا لە بوارەکانی سایکۆلۆژی، سۆشیاڵ – سایکۆلۆژی، مێدیسین و …ھتد، لە جێبەجێکردنی ئەم میتۆدە ئامادەییان ھەبێت، ترسناکە ھەموو کەسێک لەسەر ئەم دیاردە ھەستیارە قسەی ھەبێت، گەر کەسی پسپۆر و بە ئەزموون نەبێت. بەکارھێنانی خەڵکی ئەکادیمی لە جێبەجێکردنی کۆی گشتیی پڕۆسەکە، ئاستی وشیاری بەرز دەکاتەوە، خۆپارێزیش لە ھەموو کۆمەڵگا دەکاتە ئامانج.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی وێرانکردنی ژیانی گەنجان و کۆمەڵگەی کوردستانی، پێشوەختە لە قوتابخانەکان، زانکۆکان، ئۆرگانەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەبێت بە ئامانج بگرین، بۆ فێرکردنی منداڵان و گەنجان سەبارەت بە مەترسییەکانی ماددە ھۆشبەرەکان و پێدانی زانیاری و بەھێزکردنی توانای مەعریفییەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ترسناکە، یان بەرەنگاربوونەوەی ئەو فشارە دەروونیانەی، کە پاڵنەر دەبێت لە نزیکبوونەوەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر.
لەلایەکی دیکەوە دەبێت ھەموومان ئەوە قبووڵ بکەین، کە ئەم دیاردە ترسناکە لە گەشەکردنێکی چاوەڕوان نەکراو دایە، بۆیە دەبێت بە کراوەیی قسەمان لەسەری ھەبێت و لە خەمی بەکارھێنەر و ئالوودەبووان بین، لەسەر بنەمای ئەو فەلسەفەیەی، کە دەڵێت؛ ئەم خاکە نیشتمانی ئێمەیە و ڕۆڵەکانیشی جەرگ و ھەناومانن. ھەر لەبەر ئەوەشە، کە پێشکەشکردنی ڕێنمایی چارەسەری تەندروست و پشتگیریکردنی بۆ ئەو خێزانانەی کە تووشی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بوونەتەوە، زۆر پێویستە بە شێوازی گرووپی لە ڕێگەی کەسانی ئەکادیمی و پسپۆر لەم بوارەدا کارەکە ئەنجامبدرێت. ئەمەش فەکتەرێکی باش دەبێت لە بەھێزکردنی پەیوەندییە خێزانییەکان و فێربوونی کارامەییەکانی پەیوەندیکردن و چارەسەرکردنی کێشە کاریگەرەکان لەنێوانیان دا.
ئەم میتۆدانە یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی مەترسی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لەنێوان مێردمنداڵان، گەنجان، خێزاناکان.
لە کۆتاییدا، گرنگە کوردستانیان دیدێکی گشتگیرمان ھەبێت بۆ بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان، کە ھەم چارەسەرکردن و ھەمیش وشیارکردنەوە لەخۆ بگرێت کە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی لە خۆدەگرێت. بۆ ئەو مەبەستەش ڕەنگە ڕێوشوێنی وەک پێشکەشکردنی سیمینار، کۆرسی ڕاھێنانی پیشەیی و دەرفەت سازبکرێت بۆ ئەوانەی کە پێشووتر بەکارھێنەر و ئالوودە بوون، بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو گۆمەڵگە بە سەرکەوتوویی و دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان.
لە بەرەنگاربوونەوەی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان، زۆر گرنگە دان بەوەدا بنرێت کە ھەر تاک و خێزانێک تایبەتە و چۆنییەتی چارەسەرکردن یان مامەڵەکردن لەگەڵ تاکەکان یان خێزانەکان تایبەتمەندی جودا دەخوازێت، دید و تێگەیشتنی جیاوازیان ھەیە، ھەڵە دەکەین گەر بە دوای چارەسەرێکی گشتگیردا بگەڕێین. بە گرتنەبەری ڕێبازێکی دەروونیزانیانە یان سۆشیاڵ – سایکۆلۆژیانە، کە ڕەچاوی پێداویستی و ئاڵنگارییەکانی تاک و خێزان و کۆمەڵگە بکات، دەتوانین ھیوای ئەوەمان ھەبێت لە بونیادنانی کۆمەڵگایەک، کە گەنجان و خێزانەکان لە بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بپارێزرێن و مرۆڤەکان بتوانن بە ھەوڵێکی ھەرەوەزکاری کۆمەڵگەیەکی پابەندی بنەما مۆراڵییەکان، ئایینیەکان، کولتووییە ڕەسەنە کوردییەکان، ژیانێکی خۆش و تەندروست بژین لە کوردستان، دژە وەستانی پێکەوەیی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، ئایندەیەکی سەڵامەتتر و تەندروستتر بۆ نەوەکانی داھاتوو دەستەبەر دەکات.