دەربارەی ڕەوەند و ڕەوەندی کوردی تایبەتمەندی و ئەرکەکان

ئەبوبەکر کاروانی
نووسەر و سیاسەتمەدار

ڕەوەند (جڤاک) وەک چەمک و مێژوو و واقیع، پەیوەندی بە جیھانی نوێ و ھاتنە کایەی چەمکگەلی وەکو نیشتمان و دەوڵەتی نەتەوەیی و سیستمی نێودەوڵەتی نوێوە ھەیە. لە دنیای نوێدا، نیشتمان جوگرافیایەکی پێناسە کراوی سیاسیی، یاسایی، دەستووری و مەدەنییە. مرۆڤەکان لە سەریدا دەبن بە ھاوڵاتی و لە سایەی دەسەڵاتێکی ھاوبەشدا دەژین. کاتێک بە پاڵنەری: ئابووری، خوێندن، چەوساندنەوەی سیاسیی یان ھەر شتێکی تر بەشێک لە ھاوڵاتییانی نەتەوە و وڵاتێک، لە وڵاتەکەی خۆیانەوە بەرەو وڵاتانی تر کۆچ دەکەن، یاخود بە ناچاری کۆچیان پێ دەکرێت و دەبنە پەنابەر، لەگەڵ زۆر بوونی ژمارەیان لە نیشتمانە نوێکەدا، ڕەوەند یاخود جڤاک پێک دەھێنن.
لەم سەردەمەشدا، ڕەوەند بە پلەی یەکەم بۆ گوزاریش دانەوە لە گروپە خاوەن ناسنامە و کولتوورە جیاوازەکان لە وڵاتانی خۆرئاوا و دیموکرات بە کار دەھێنرێت. ڕەنگە ئەوەش ھۆکاری مێژوویی و واقیعی خۆی لە پشتەوە بێت. لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەم وڵاتانە لە سۆنگەی بوونی مافی پەنابەریەتی، ئابووریی، سیاسیی و پەیوەندی مێژوویی کۆلۆنیستی بە چەندین وڵاتی ناوچەکەوە، گەشەسەندوویی ئابووری، پێویستی بە دەستی کار و بوونی دیموکراسی بە ئاستی جیاوازە بۆ خۆ ڕێکخستن و گوزارشت لە خۆدانەوە، وەک گروپی خاوەن ناسنامە و کولتووری جیاواز، خەڵکێکی زۆرتر ڕووی تێ کردوون. ھەڵبەت لەم شوێنەدا گرنگە ڕەوەند لە ئاوارەکان جیا بکەینەوە، چونکە لە ھەندێک وڵات ملیۆنەھا ئاوارەی وڵاتان ھەن، بەڵام بە ڕەوەند لە قەڵەم نادرێن، بە حوکمی ئەوەی لە ئۆردوگای دابڕاودا دەژین و بە میوان دادەنرێن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشدارە لە سەرپەرشتی کردنیان و بە کاتی لەوێن و لەگەڵ چاکبوونی ڕەوشی وڵاتەکان و نەمان یاخود لاوازبوونی ئەو ھۆکارانەی بە ھۆیەوە دەربەدەر و ئاوارە بوون، دەگەڕێنەوە سەر زێد و خاکی خۆیان، یاخود دەگەڕێنرێنەوە.
بەم واتایەش، ئاوارە تێکەڵ بە مەنزوومەی سیاسیی و حکوومەتی و ھاوڵاتێتی و ئەندام بوون لە کۆمەڵگەی سیاسیی و ئاوێزان بوونی کۆمەڵایەتی و کولتووری وڵاتی خانە خوێ نابێت، با لە دۆخی مانەوەی دوور و درێژیشدا بە جۆرێکی تر پێی کاریگەر بێت.

ڕەوەند و پارێزگاری کردن لە تایبەتمەندی
کۆچبەران و پەنابەران کاتێک ڕوودەکەنە کۆمەڵگاکانی تر و داوای کار و پەناھەندەیی و مافی نیشتەجێبوون و سۆشیال و مانەوە و سەرەنجام بە دەستھێنانی مافی ھاوڵاتییەتییان لێ دەکەن، بە حوکمی پاڵنەر، ئامانج، کات و شوێن، ئاستی ڕۆشنبیری و پابەندی ئایینی زۆر ھۆکاری تر، ھەموویان بە یەک جۆر مامەڵە لەگەڵ دۆخە نوێکە و خودی نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری خۆیان و کۆمەڵگە و واقیعەکاندا ناکەن، بەڵکو دەبن بە چەند دەستەیەکەوە، لەوانەش:
١- ئاوێزان بوون یەکسان دەکەن بە دەستبەرداریی ناسنامەی مێژوویی خۆیان و توانەوەی کولتووری و ئەخلاقی لە کۆمەڵگە نوێکاندا، بە جۆرێک بە تێپەڕینی کات و نەوەکان لە ھەستی ئینتیما بۆ نیشتمان و نەتەوە و کولتووری بنەڕەتی خۆیان لە دەستدەدەن، یاخود ھێندە لاواز دەبێت، دەرکەوتەی کولتووری و سیاسی و ناسنامەیی کەمڕەنگ دەبێتەوە و بێکاریگەر دەبێت.
٢- لەگەڵ ھوشیاربوونیان بە بایەخی ئاوێزان بوون، ڕازی نەبوون بە ژیان لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا و چاو بڕینە کارایی پیشەیی و زانستی و جڤاکی، پارێزگاریش لە ناسنامەی نەتەوەیی کولتووری خۆیان دەکەن. سوودێکی تەواو لە فەزای فرەکولتووری و مەڵتی کەڵچەر وەردەگرن، ھەستی نیشتمانی و ئینتیمای نەتەوەییان تێدا نامرێت، پەی بەو ئەرکانە دەبەن ئەو ھەستە دەربارەی ڕەوەند و وڵات و نیشتمانی خۆیان دەیخاتە ئەستۆیان، بۆیە دەبن بە بەشێک لە دامەزراوە کۆڕ و کۆمەڵەکانی ڕەوەند، یاخود بەشداری چالاکی و خەمە بەھا و بەشەکانیان دەکەن.
٣- ئەم دەستەیە بە تەواوەتی پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندییان نەکردووەتە خەمێکی گەورە، یاخود داویانەتە دەست قەدەر و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان، بەوەش لە دەستەی یەکەم جیا دەکرێنەوە، کە بە ویست و بڕیارەوە، بڕیاری پشتکردنە ناسنامە و تووانەوەیان نەداوە.
لە ڕوانگەی ئەو دێڕانەی پێشەوەش، ڕەوەند بەو گرووپە کولتووری و نەتەوەیی یاخود ئایینیە دەوترێت، کە بڕوایان دووانەیی کولتوور و ناسنامە ھەیە، لەگەڵ ڕێزگرتنیان لە مەرجەکانی ئاوێزان بوون و پارێزگاریکردن لە یاسا لەو وڵاتانەی تیایاندا دەژین، پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندی کولتووری و زمانی و ئایینی و بە گشتیی ناسنامەی خۆیشان دەکەنە خەمیان، خۆشیان بەرامبەر وڵات و نیشتمان و نەتەوە و گروپە بنەڕەتییەکەیان بە لێپرسراو و پابەند دەزانن، بە شێوازی خۆیان بەشداری خەم و ئازار و خۆشی و ناخۆشی و پێشخستنی دەکەن، وێنایان بۆ خۆیان ھێزی پشتیوانە، بێگومان لە دۆخی ئاساییدا وڵات و دەوڵەتەکانیشیان پشتیوانی ئەوانە و بەجۆرەھا شێوە یارمەتیان دەدات، ئەوەش بەگوێرەی جۆر و سروشتی سیستم و دەوڵەت دەگۆڕێت، مەرجیش نییە ھەموو ئەندامانی ڕەوەند وەک یەک لەو پشتیوانییە سوودمەند بن بە تایبەتیش لەو وڵاتانەی سیستمەکەیان سەرکوتکەرە و بەشێک لە ھاوڵاتیانیش لە سۆنگەی ئینتیمای سیاسییەوە بوونە پەناخواز. لەم چوارچێوەشدا ھۆشیاری ئەندامانی ڕەوەند، نەخنکان لە تاکگەراییەکی خۆپەرستانەی توندڕەوانە، کە ژیاری نوێ و بە تایبەتیش ھەندێک لە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکانی پێ دەناسرێتەوە، دەبێتە سەرچاوەی قوڵکردنەوەی خەمی پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندییە ناسنامەییەکان.
واتە وا دەکات لە بیری پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندی خۆیاندا بن. ھەموو ھەوڵێکیش بۆ بە زیندوویی ھێشتنەوەی سیما نەتەوەیی و ئایینی و کولتوورییەکانیش دەبێتە فۆرمێکی تری خزمەتکردن بە نیشتمان و نەتەوەی بنەڕەتی، چونکە بە تواناوەی یەکجاری کۆمەڵگە و نەتەوە جگە لەوەی بەشێک لە ڕۆڵەکانی لە دەستدەدات، ھیچ سوودێکیشیان لێ وەرناگرێت، کەواتە پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندی پێشمەرجێ خزمەتەکانی ترە بە ڕەوەند و ناوەوەش. چونکە ئەو ھەستە لەلای ڕۆڵەکانی ڕەوەند دروست دەکات کە درێژکراوەی واقیعی نیشتمان و نەتەوە و وڵاتی خۆیانن و دووری و جیاوازی شوێن و ھەلومەرجی ژیان کردن واناکات و نابێت وابکات، پشت لە دابەشکردنە خودایی و سروشتییەکەی مرۆڤایەتی مرۆ بەسەر چەند زمان و نەتەوە و فەرھەنگ و ناسنامە جیاوازەکاندا بکات. گەرچی ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ھەستی پارێزگاریکردن لە خودی نەتەوەیی و کولتووری و زمانەوانی لە خودی خۆیدا ببێتە ھۆی چالاکبوون بە قەزانجی ڕەوەند و نەتەوە و وڵات، بە حوکمی ئەوەی لەناو وڵاتیشدا ھەموو تاک و ھاوڵاتییەکان وەک یەک بەشداری ھەڵگرتنی خەم و چالاکییە گشتییەکان ناکەن، بەڵام لە ھەندەران، پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندی گەر لە ھەندێ ڕووەوە چالاکبوونیشی لەگەڵدا نەبێت ھەر خزمەت دەکات، چونکە خودی پارێزگاریکردن کە لە خودی نەتەوەیی و کولتووری بە ھەر پاڵنەرێک بێت، لەوانەش ئایینی و ئەخلاقی دەڕژێتە خانەی خزمەتکردن بە زیندوویی مانەوەی ناسنامە، ئەوەش دەرگا بۆ ئەگەر بەشداریکردنی چالاکانەتر لە ئایندەدا بە کراوەیی بەجێ دەھێڵێت.

ڕەنگە بە دڵت بن