وێبینارێک لەسەر ئەرک و مژاری دیاسپۆرا و ستراتیژی نەتەوەیی سازکرا

ئامادەکردنی: سۆران حەسەن

ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وێبینارێکی بۆ دکتۆر بابان ئەلیاسی (دکتۆرا لە کۆمەڵناسی و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جنێف) و فەرەیدون ڕەزا (ماستەر لە یاسای گشتی و پارێزەری ڕاوێژکار( ساز کرد، کە لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی خاتوو (شوعلە ڕەسوڵ) بوو.

ئێوارەی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی٧ی٢٠٢٤، ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بە ئامادەبوونی ئەندامانی فدراسیۆن و ناوەند و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی سەر بە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی کورد لە ناوەوە و دەرەوە، وێبینارێکی بۆ دکتۆر بابان ئەلیاسی و فەرەیدون رەزا ساز کرد.

تەوەری یەکەمی وێبینارەکە پەیوەست بوو بە ساڵانی پێشوو و دروست بوونی ڕێکخراوە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکان لە دیاسپۆرا، هاوکات بۆچی کار و چالاکییەکانیان لە فەزای گشتی وڵاتانی تازە نیشتەجێ بوونیاندا کورت مەودا بووە؟ ئایا دورست بوونی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وەک ڕێکخراوێکی ترانسناسیۆنال بۆ کوردانی دیاسپۆرا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆتە ڕۆژەڤی دیار. سەرەتا دکتۆر بابان پێناسەیەکی کورتی لەسەر چەمکی دیاسپۆرای کورد کرد و هەروەها قۆناغەکانی ڕەوەندی کوردی بۆ چەند بەشێک دابەش کرد، کە دابەشبوونی جوگرافی ڕەوەندی کوردی بۆ سێکتەرە ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچە دابەشکراوەکانی کوردستانی گێڕایەوە، هاوکات بوونی ڕەوەندی کوردی لە دەوەوە لە سەرەتای سەدەی بیستەم و لەگەڵ گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان و سەرکوتکاری ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان و سەرهەڵدانی شۆڕشەکان و قۆناغەکانی دوای شەڕی یەکەم و دووەمی جیهان باس کرد.
باسیشی لە هەلومەرجی سەرەکی کۆچی بە کۆمەڵی دوای کۆمەڵکوژی و جینۆساید و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو بەسەر کورد کرد، کە فاکتەری سەرەکی بوون بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ڕەوەندی کوردی، بە تایبەت لە دوای ڕاپەڕینە مێژووییەکەی خەڵکی کوردستان و کرانەوەی کێشەی کورد و باس کردنی لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان، کە بە پێی ئامارێک ڕەوەندی کوردی لە نێوان ساڵانی نەوەدەکان زۆر زیادی کردووە و ئەمەش پێگەی ڕەوەندی لەو هەلومەرجانە بۆ ئینتیمای نەتەوەیی و نەبوونی کیانێکی سەربەخۆی کوردی و بەرچاوڕوونی بۆ ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی خۆیی تێکۆشاوە.

لە کۆتایی باسەکەیدا کێشە و ئاڵنگارییەکانی ڕەوەندی کوردی شی کردەوە، هەروەها ئامانجەکانی ڕەوەندی کوردی و کار کردن لە بارەی لۆبی کردن، کە کاریگەری سیاسییان دەبێت، بڕواشی وابوو کار لەسەر دیپلۆماسی کەلتووری بکرێت بەو پێیەی گەلی کورد لەو بوارەدا دەوڵەمەندە و دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت.
تەوەری دووەم بۆ فەرەیدون ڕەزا بوو، کە بابەتەکەی (لە ڕوانگەی بێ دەوڵەتییەوە چ هەڵمەتێکی هۆشیار و ئاگامەندبوون ئەرکە لەسەر تاکی کوردی تاراوگەنشین)؟ باسی لە ڕۆشنبییری و نوخبەی پرۆفیشناڵی کوردانی دیاسپۆرا کرد، کە کاتی ئەوەیە ناوەندی لێکۆڵیینەوەی ستراتیژی (تینگ تانگ) بۆ بەرهەم هێنانی هزری نەتەوەیی دابمەزرێنرێت و پێگەیاندنی نەوەیەک لە ڕۆژەڤی تاراوگە بۆ لۆبی کردنی پرسی سەربەخۆیی پەرە پێ بدەن.
ئەو لە گۆشەنیگای بابەتەکەوە باسەکەی بەسەر چەند بەشێک پۆلێن کرد، لەوانە:
بەرزڕاگرتنی پرسی نەتەوەیی، پێی وابوو دەبێت لە رووی زانست و مەعریفەوە خۆ ڕۆشبیر بکرێت و هێشتنەوەی زمان و ئەدەبی کوردی و پراکتیزەکردنی کەلتووری بە کردنەوەی مەڵبەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵە و سەنتەر لەو بوارەدا. هاوکات یەکگرتنی کوردانی تاراوگە و کۆکردنەوەیان وەک چۆن کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە.
ڕوونکردنەوەی مێژووی ڕاستەقینە و ئاشنا کردنییان بە نەوەی نوێ، ئەویش لە ڕێگای سینەما و کارە هونەرییەکان و یاد کردنەوەی بۆنە نیشتمانییەکان و گرنگی دان پێیان. وە ڕێزگرتن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە دەستبەرکردنی کۆڕ و کۆبوونەوە و ئەرکی ڕەوەند لەو بژارەدا. هەروەها پرسی پەیوەندی نێوان کوردانی تاراوگە و هەرێمی کوردستان، کە پردی ئەم پەیوەندییانە لەسەر ئاستی تاکی کورد ڕۆشن بکاتەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا باسی لە بیر و هزری نەتەوەیی لە ڕووی مێژوویی و سەرەتای سەرهەڵدان و کاریگەری لەسەر بیری نەتەوەیی کرد و ئاماژەی بە بیری نەتەوەیی لە ئەدەبی کوردیدا، کە بۆ ئەحمەدی خانی گێڕاییەوە، هەروەها لەنێو شۆڕشەکانی کوردا شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵای نەهری وەک هەڵگری بیری ناسیۆنالیزمی ناساند، ئەوەشی باس کرد، کە دواتر ئەم هزرە لەنێو شۆڕشەکانی تر جێی خۆی کردۆتەوە، هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە دەزگای لێکۆڵینەوە لەسەر چەمکی نەتەوەیی و زمانی کورد کرد و لە ئاستی دیموکراتیشدا شۆڕشی نەتەوە بە پێگەیەکی تری وەچەرخان دانا و وتەیەکی ئیسماعیل بێشکچی هێنایەوە بۆ پێداگیری لە وتەکانی، کە دەڵێت «کوردەکان بیری نەتەوەییان بێ هێزە، بەڵام زیاد لە پێویست بەرگری لە دیموکراتی دەکەن»، ئەوەش لەپێناو سەرخستنی بیری سەربەخۆیی، کە پێوستە زیاتر دەیموکراتی بین.

جێی باسە، کۆتایی وێبینارەکە دەرگای گفتوگۆ و بیر و بۆچوونەکان کرایەوە و بە پێی پێویست وەڵام لەسەر بۆچوون و پرسیارەکان درانەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن