هەڵسەنگاندنی بنەماکانی پێشکەوتنخوازیی ڕۆژاوا و کاریگەریی لەسەر هزر و هونەر و ئەدەبیات
عادڵ محەمەدپوور
پێشکەوتن لە ڕۆژئاوادا بەرھەمی گۆڕانکاریی ھزر، ئاوەز، ھونەر و زادەی ڕەھەندە فەلسەفییەکانی ڕێنسانس و پڕۆسەی مۆدێرنیزم کردن بووە و یەک شەوە نەھاتووەتە نێو گەمەی زمان و بیری ئەوانەوە. بەڵکوو ئەم پڕۆسەیە لانیکەم چەند سەدەی خایاندووە تا تەنانەت ناوەکەی بگاتە لای ئێمە.
بە پرسێک دەچینە نێو باسەکەوە. لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاسیندا، ڕۆژئاوا چۆن شۆڕشی ھونەری، ئەدەبی، ھزری و پیشەیی ھەڵگیرساند و ئەو کۆمەڵگە چەقبەسەتەیەی بووژاندەوە و گەیشتە ئەم سیستمە ماریفەت ناسییە، کە ناسراوە بە مودێرنیزم و پاش مۆدێرنیزم و تەنانەت پاش پاش مۆدێرنیزم؟ بۆ وڵامەکەی دەبێت بگەڕێین بە شوێن ئەو ھۆکارانەدا، کە ھەبوونیان بە ئەم پڕۆسەیە بەخشی. بە ڕای زۆربەی لێکۆڵەرانی ئەم بوارە، سەرەتا ئیرادەیەکی ڕووناکبیریی و بوێرانە، تەنیا ھۆکاری بنەمایی بوو بۆ دابڕان لە ڕابردووی خۆیان و ھەنجارشکێنی لە دیاردە کۆنەکان، بەم شێوە لەگەڵ موھێبەتی گەشە و پێشکەوتن ڕووبەڕوو بوونەوە. بەمەش ھیچ کۆڵیان نەدا، لە چەند دەراوێکیترەوە ئەم پڕۆسە درێژەی پێ درا.
بۆ دابڕانیش پێویست نەبووە بە گژ ڕابردوودا بچنەوە و یا سووکایەتی پێ بکەن؛ گۆترەش تەسلیمی بریقەکانی ڕۆژ نەبوون. بەڵکوو دابڕان بەم مانا، کە سنوورە پێش فەرزەکانیان بەزاند و بەشێک لە ماریفەت، سوننەت و مێژووی ڕابردوو، کە ھۆکاری سەرەکی قەتیسمانەوە بوون، لەسەر بنەمایەکی لۆژیکی و ئاوەزیانەی دواڕۆژیانە، ڕەخنەیان لێ گرت و نرخ ناسییان کرد و مەودایان لێ گرت و درێژەشیان پێدا.
ئەمە بگرە بۆ ھەندێک خوێنەر پەرچەکردار و یان پرسێکی دژوار دروست بکات؛ ھاوکات دابڕان و درێژەپێدان بە چ واتایەک؟ چۆن دەکرێت ھەم دابڕان و ھەمتر درێژەپێدان و گەشەکردن بێت؟ تەفسیری دابڕان بەم واتا، کە لە ڕابردوو کشانەوە و ھەمیش پارێزگارییان لێوە کرد. قووڵتر یانێ دیاردەکانی ڕابردوویان نرخ ناسی کرد و سەرە و ناسەرەیان دایە بێژنگ و سەرەکانیان بە ڕۆژ کردەوە و بوو بە چراوکەیەک بۆ چوونە نێو دنیای نوێ و سەردەمەوە. پڕۆسەی پێشکەوتنخوازیی ڕۆژئاوا چەند قۆناغی ھەستیاری بڕیوە تا گەیی بەم ھەل و مەرجە، کە ئێمەی موتەئەسێر کردووە. لێرەدا خاڵێک شیاوی سەرنجدانە؛ جگ لە شۆڕشی پێشەیی، بیری و ھونەری و … کە دوای سەدە تاریکەکانی ناوەڕاست لە ئورووپادا ڕوویدا؛ بیرۆکەی فەیلەسووفەکانیش لەم گۆڕانکارییانەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و ژیاندنەوەییان ھەبووە.
«دەزگای فەلسەفی – دیالێکتیکی تێز، ئانتی تێز و سێن تێزی ھیگڵی ئاڵمانی (١٨٣١-١٧٧٠ز)، کاریگەرییەکی بێ وێنەی دانا لەسەر پڕۆسەی ئاوەزی گشتیی و ئاگایی و خۆ ئاگایی مێژوویی- ئەتنیکی، بۆ وێنای فەلسەفەی مێژوویی و بزاڤی پێشکەوتەیی خۆرئاوا و تەنانەت ئاوەزیی تاکی و کۆی جیھانی.»
سەرجەم ئەم پەرچەکردارانە و کۆمەڵێک چالاکیتری ھونەری و ھزری، کە لە درێژەی باسەکەدا وردتر و سەرنجبەرتر ئیشارەیان پێ دەکەین، بوون بە نەخشەڕێیەکی بە ھێز بۆ باری بیری، ھونەری و ماریفەتی و ھەروەھا بەردەوامیی ئەم پڕۆسە، کە بە گشتییەوە پێی دەڵێن «ڕێنێسانس، Renaissance» یانێ ژیانەوە و گۆڕانکاریی بنەمایی لەو قۆناغانەدا.
١) بۆ پێشکەوتنخوازی ھاوێشتنی یەکەم ھەنگاو لە سیاسەتدا بوو. ئەوەش بە دێمۆکراتیزە کردنی گلێرگە و تەفر و تووناکردنی ئوستوورە و ئوستوورەنماکان دەستی پێکرد. پێشتر پادشاکان، وێنای دەسەڵاتێکی چەقبەستە، پاوانخواز و دەماربەرز بوون، لە دەسەڵات کێشرانە خوارەوە و سەرۆک کۆمارەکان بە دەنگی ڕاستەوخۆی تاکەکانی گلێرگە ھەڵبژێردران. دنکە دنکەی ئەم ھەڵس و کەوتە مەدەنیانە بوون بە وێناکەرێک بۆ نیشاندانی تەبایی و پێکەوە بوونی ھونەر و سیاسەت. فڵچەی ھونەرمەندە نیگارکێشەکانی ئێمپرسیۆنیستی لە تابلۆ ھونەرییەکانیاندا، ئاگایانە بە زەکای ھونەری و ھێمایی، ئەم دۆخەیان قۆستوەتەوە و وەک بەڵگەیەکی کارا و زیندوو، چەمکی ھونەر و سیاسەتیان بۆ کۆمەڵگە وێنا کردووە. ئەمە نمانای ھاوشانی و گرێدانی«ھونەر و سیاسەت» و بەدیکەری ئامانجەکانی ھونەرمەندان، بیرمەندان و سیاسەتوانان و قوستنەوەی دۆخی ئەو دەمەی ڕۆژئاوا بوو. ھونەر و ئەدەبیاتی رێئالیستی، کە تا ئەو کاتە شان و شکۆیەکی یەک لایەنە و تاق ڕەھەندەی بوو، ڕووی لە کزی نا و ڕێگای بۆ فرانەخوازی و جیاوازیێ لە ھزر، ھونەر و فەلسەفە و…ئاچۆخ کرد و بەمجۆرە ھونەر و ئەدەبیات فەزایەکی فرانە و چەرموو و چەند لایەنە و فرە دەنگەی بە خۆوە گرت. یانێ ھونەر، ئەدەب و سیاسەت ھاودەنگ بە پێی ئامانجی دێمۆکراتیزەکردن و تاکخوازیی سیاسیی و شارۆمەندیی، ڕۆڵی کارایان بەخشییە پڕۆسەکە و لەم پێناوەدا لە بە ھێزکردنی چەمکی سیاسەت و ئامادەکردنی زەمینە بۆ دابین کردنی مافی تاکەکانی کۆمەڵگە، بەرەو پێشەوەچوونی بەرچاوی لێکەوتەوە.
٢) پاش دێمۆکراتیزە بوونی بەستێنەی سیاسیی گلێرگە، ھەنگاوی دووەم لە پێکھاتەی ھونەر و ئەدەبیاتدا ھەڵگیرا. پێشتر نووسەر و بەردەنگ و دەسەڵاتدارە تۆتالیترەکانی سیاسیی ھاودۆز بوون و لە یەک خاڵدا یەکیان دەگرتەوە: چەقبەستەیی و تاقتەوەریی لە داھێنان و حکوومەت کردندا. ئەم گۆڕانکارییە لە دەسەڵاتی سیاسییدا بوو بە ھۆکاری ڕووخانی بتی نووسەر و ئەو نەزمە تاقدەنگە، کە بە سەر خوێنەری دەقیشدا حاکم بوو، تێکچوو. لەم ھۆرزانە ئەدەبییەدا، ئیتر دەقەکان بۆ نووسەر یا خوێنەری دەسەڵاتخواز و چەشکەگەرا و نوخبە پەسەند نەبوو؛ بەڵکوو بۆ شکاندنی تینوویەتی تاکە چالاکەکان و بەردەنگە پڕ وزەکانی گلێرگە دەنووسران. ئەمە ویستی ئەو تاکخوازییە بوو، کە بوو بە بەشێک لە مێژووی جیھانی پێشکەوتوو و پڕۆسەیەکی ئاگایانە و ناسنامەدار، کە پێی دەڵێن: بەرھەمی سەردەمی مۆدێرنێتەی ئورووپا.
٣) ئەم ڕێبازە ھزری- ھونەری و ئەدەبییە بەمەوە نەوەستا. پاشان ئەم ڕەوتە سیستماتیکییە لە ژێر کاریگەری و ھێژمۆنی مێکانیزمەکانیتردا، کە وەک نیازێکی تازەتر دەژمێردران؛ چووە نێو گۆڕانکاریترەوە، کە ناسراوە بە «پاش مۆدێرنیزم». تا ئەم مەودا زەمەنییە ھەندێ دەق ھێشتا بۆن و بەرامەی دەسەڵاتخوازی و چەقبەستەییان لێوە دەھات. ئەم جۆرە دەقانە لە نێو مەحفەزیەکی شیشەییدا بڤەکراو بوون و تەنیا نوخبەکان ئەیانتوانی سەریان لێ بدەن نەک ھەر خوێنەرێکیتر. بەم بۆنەوە سێیەمین ھەنگاو بە ھاتنە ڕووی تێئۆری خوێنەرتەوەری، گواسترایەوە. لەم قۆناغەدا ئەم مێکانیزمە فەزاکەی ھەمدیسانەوە شڵەقاند و ھونەر و ئەدەبیات دۆخێکیتری ڕادیکاڵ و نوێتری بە خۆیەوە گرت.
ساڵی (١٩٧٩ز) ئۆمبێرتۆ ئێکۆ نیشانەناسی ئیتالیایی کتێبی نەقشی خوێنەری نووسی. ئەم کتێبە لەم فەزا بەتاڵەدا شۆڕشێکی ئەدەبی و نیشانەناسانەی خستە ڕێ. لە ڕوانگەی ئێکۆوە، خوێنەری دەق ئیتر خوێنەرێکی ئاسایی نییە بەڵکوو خوێنەرێکە، کە وا لە دووی کەشفی مانایەکی ئەوپەڕیندا. ئەم مانا ئەوپەڕینەش تەنیا لە دەقێکدا بە دی ئەکەوێت، کە فەزای چەرمووی دەلالەتیی تێدا بێت و کەشفی ئەو دەلالەتە نایابانەش دەکەوێتە ئەستۆی شۆڕە سواری ئەم مەیدانە بە نێوی خوێنەری چەلەنگ. سەرەڕای سیاسەت و ئەدەبیات؛ لە باقی ژانرە ھونەرییەکانیتر وەک: وێنەکێشی، مۆسیقی، سینەما، شانۆنامە و… شۆڕشی بنەمایی بەرپا بوو. یەک پارچەیی، شەکیلی، تاکدەنگی و باری ھەستەکی بەرھەمەکان، کە لە خسڵەتە بە جێماوەکانی قوتابخانەی ڕۆمانسیسیزم، ڕێئالیزم و ناتۆرالیزم بوون چووە ژێر پرسی ڕۆژ و تێخی ڕەخنەگرانەوە.
٤) لە پڕۆسەی داھێناندا، ڕەوشێکیتر لە نێو جەغزی ھزریی ھونەرمەند، شاعیر و نووسەران ھاتە نێو کایەی زمانییەوە، ئەویش سوننەت شکێنی و سڕینەوەی یەکپارچەیی و شەکیلیی دەق و ناوەندخوازیی دانەرەکەی بوو. بەمجۆرە لە ھەنگاوی چوارەمدا: مۆنتاژ، کوولاژ، بنەماشکێنی بۆ شاعیران، چێرۆک نووسان و شێوەکاران، ھاتە نێو گەمەی زمانییەوە و بوو بە شێوازێکی زاڵ بۆ دەقی ئاوانتگارد.
ژانرە ئەدەبی و ھونەرییەکان لەگەڵ پاراستنی ئەرکە بووتیقایی و شارەزاییەکان، بەربڵاو و دەرەتانیتر بوون. پێشتر کە جوانی و شەکیلیی و یەکپارچەیی باڵی بە سەر ئەدەب و ھونەردا کێشا بوو، ڕەھەندێکی ئازادتر و پەتیتری بە خۆوە گرت. ھەروەھا لە سیاسەتیشدا ھەر تاکێکی گلێرگە مافی ھەبوو، کە لە ھەموو بوارێکدا وەک مافی شارۆمەندی چارەنووسی دیاری بێت و خۆی لە جەستەی دەسەڵاتدا ببینێتەوە و حەزە پەنگواردەکانی ئازاد بکرێن و شان و شکۆی ڕۆحی و ڕەوانی خۆی وێنا بکات. لەم ڕووکردە نوێ و بەدیھاتوەدا، سینما ئیتر تەنیا مەکۆیەک نەبوو بۆ نمانای جوانی و جوانپەرستی، بەڵکوو ھەموو ھونەرمەندێک تەنانەت بەدٚ تەشک، زەڕەتاڵ، چەرمووپێست و ڕەشی دێز، ئەیتوانی لەم ساباتەدا ڕۆڵبەخشی بکات و بەردەنگیش بحەزێنێت. لە شیعردا نەزم و قاعێدە نەما؛ ڕەوان ناسیی ناخۆئاگای فرۆیدی ئێھتێمامی پێدرا؛ سیمیۆتیک و حەزانەی زاڕۆ و پێوەندی لەگەڵ ئەندامانی دایکی دیمەنێتری بە خۆوە گرت؛ لە یاسای ڕێزماندا نەریت شکێنی و یاسای نەحویی و لێکدراوەیی ڕێزمان ژێروڕوو کرا. «خاتوو ژولیا کریستوا» زایەڵەیەکتری ژنانە بوو، کە بوو بە ھۆکاری ھۆرزانەی شیعرێکی پەیوەست بوو بە شۆڕشی ژنان و ئازادی سیاسیی، سۆسیایی و ڕەگەزایەتییان.
«سیمبولیک کە بە یاسای باوک دەسەڵاتی و بەرھەمی بیریی «پێش مودێرن و مۆدێرنیزم» ناسیاوە وەلاوە نرا؛ سیمیۆتیک کە بە زانستی نیشانە ناسی و ڕەمزگەرداندن و مانازایی ناوی دەرکرد بوو، جێ نشین کرا. ئەم کۆمەڵە دیاردانە، کە لە ژێر کاریگەریی بیر و بڕوای پاش تەشکخوازیدا بوون، کرانە وێنایەک بۆ بەرھەم و دەسڕەنجی ئەو چالاکییانە».
بیرمەندانی ئەم ڕەوتە پێشکەوتووە، پێیان وابوو وشە تەنیا مانایەکی نییە بەڵکوو بە میزانی دەرک و تێگەیشتنی خوێنەری دەق دەلالەت و مانای ھەیە. لە بری واتائاماژە، تا ناکۆتایی قایل بە دەنگ ئاماژە بوون، یانێ: فرە دەنگی، فرە ڕەنگی و فرە مانایی لە گشت ساباتێکدا ڕەنگی دابوویەوە. سەرەڕای دابڕانیان لە ڕابردوو، «نەریت، ئوستوورە و ئەفسانە و…»، گەلێک پڕبایەخ بوو. لەگەڵ ئەمەشدا ھیچکام لەمانە؛ نە دانەر، نە دەق و نە بەردەنگ، بەلایانەوە پیرۆز نەبوون و کەسیش خۆی پیرۆزکراو نەدەزانی، بەڵکوو ھەموو دیاردەیەک لە ژێر تێخی تیژی ڕەخنەیاندا ڕادەبوورد و سەرە و ناسەرەیان لێ دەپاڵاوت. بەمجۆرە ئەم بیرۆکەی ئەوانە کە زانستی، واقێعی و وێنای ڕاستییەکان بوو، سەرچاوەکەی بۆ پڕۆسەیەکی درێژماوە و ڕیازەتکێشی سیاسیی، فەلسەفی و ھونەری و… دەگەڕایەوە کە ئاگایانە و ژیرانە لە خۆیان دابڕان و بەردەوام بوون و ئیستاش زایەڵەی پێشکەوتنخوازیی کاروانی ھزر و ھونەر و ئەدەبیان ھەر دەزرنگێتەوە.
بۆ ھەڵسەنگاندنی ئێمە و ئەوان و جەخت لەسەر ئەم فەکتە ھونەری، بیری، فەلسەفی و سیاسییە پۆلێن کراوانە، کە خستمانە ڕوو جگەم گەش بینیمان بەم دیاردە نوێخوازییانە و مل کەچی لە ھەمبەر جەبری ھاتنی دنیای تازە و پەیوەندییەکانی؛ بە ھیچ سەنگ و پێوانەیەک لەسەر بنەما و فەلسەفەی نوێخوازی ڕۆژئاوا، کێشانە ناکرێین و ھیچ خاڵێکی ھاوبەشیش پێکەوە نامانبەستێتەوە. دەسەڵاتی سیاسیمان نییە کە ھیچ؛ لە ئەدەب، ھونەر و ھزریدا ھێشتاکە دانەبڕاوین و ھەر سمڕمانە لەسەر دیاردەی خۆ تەقدیسی و پیرۆزو کردن و پیرۆزنومایی و پارێزاندنی چوارچێوە قۆرخ کراوەکان و پۆپۆلیست کردنیان. شاعیر، ھونەرمەند، بیرمەند، ڕەخنەوان و تێئۆرێسیەنی نۆخبەمان نییە ھیچتر، یا بە دەگمەن ھەن و کاربەخش نین، کە لێبڕاوانە و بوێرانە، ھەنجارە کۆن و فشۆڵەکانی شیعر، ھونەر، بیری کرێڵ دراوی گلێرگە بە گوزارەی تازە و پێشکەوتنخوازی و ئاوانگاردیزەکردنی پێکھاتەکان بخرێنە ژێر تێخی دەبانی ڕەخنەی ڕادیکاڵی سەردەمییەوە و بە خێزاندنی دەقی کارامە، نێوان ئەدەب، ھونەر و سیاسەت و فەلسەفەدا!! پردی پەڕینەوە ببەستین و بچینە نێو دنیایەکی ترەوە.
کام بیرمەند و سیاسەت و سیاسەتوانیمان بووە یان ھەیە، کە ئەم تێرمە ھونەری و ئەدەبییانە! ھامخوان و ھاوشان بکات تاوەکوو ببن بە سامانێک بۆ شۆڕشی بیری و تاکی و کۆیی گلێرگەکەمان؟ وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا فەلسەفە، سیاسەت، ھونەر و ئەدەبی پێشکەوتە لە ڕۆژئاوادا، دەستکەوتێکی دیالێکتیکییە لە ھەوڵ و خەباتی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگە بە دی ھاتووە و دیاردەیەکی بە نێو گەشە و بزاوتنی بۆ ھێناون.
ئەمانە کە باسیان لێوەکرا دیمەنی پرسەکانن و تا ڕادەیەکیش چارەسەری و کردنەوەییان بە دەستی خۆمانە. وای دابنێین تا ئێستا لەم خەسارانەدا ھەژار بووین و دواکەوتوویی وەرگرتە لە ھێژموونی دەسەڵات و چەوساندنەوەی ڕووناکبیری لە ڕەوڕەوەی مێژووییدا بەربەست بووە، ئەگەرچی ھێشتا ھەر ھێزمان نییە بۆ ئاچۆخ کردنی بەشی سەرەکی.
ئەم بەربەستانە، بەڵام خۆ بەشێکی وا لە ژێر دەستی ئیرادەی خۆماندا و دەتوانین بڕێک لە دەردەکان بە خۆمان دەرمان بکەین.
دۆزێ کە دەبێت لە بەرچاوی بگرین ھەوڵە لەمەولاییەکانە، کە بە خوێندنەوەی دەقەکان و شەن و کەوکردنیان و داھێنانی واتا و وێنەگەلێکی ھونەری، کە تا ئێستا نەبوون، شیعری ئاوانگارد، ئاوانگاردتر بکەین و تەقدیس لە داھێناندا وەلاوە بنێین. وەک دەزانین ڕۆحی ئاوانگارد یانێ شکاندنی بازنە و بازنەکاری، یانێ شکاندنی بتی دروستکراو. پێشتر خستمانە ڕوو لەم ڕوانگەوە دەق، دانەر و بەردەنگ و خوێنەر ھیچیان ئەبەدی و پیرۆز نین و حەقێقەتێک لەم سێ لانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش ھەر پیرۆز نییە؛ تەنیا سووڕەی دەنگ ئاماژەکانن و وێنای ئەو ڕاستییانەیە، کە کەشف دەکرێن و ئەوانیش ڕەھا و چەق بەستە نین و بزاوتن و سلووکی مانازایی لەم پڕۆسەدا ھەر بەردەوامە. بەمجۆرە چەقبەستەیی و پیرۆزنومایی کە سەرەکیترین خسڵەتی نەریتخوازی گڵیرگەی پێش مۆدێرنە دەنرێتە لاوە و ئەگەر درێژەی پێ بدەین یان بیکەینە ھۆکاری پۆپۆلیستی کردنی ئەدەبیات و ھونەر، بێ گومان کۆک نییە لەگەڵ ئامانجەکانی فەلسەفەی ڕاستەکی شیعری ئاوانگارد و کاردانەوەی و پەرچەھەرمانی بەردەنگی وریا و پرسی ڕەخنەی ڕادیکاڵی لێ دەکەوێتەوە و پێویستە بکرێتە گوتاری زاڵ و ئەویش ھەر پێویستی بە سلووک و تێئۆریزە کردن ھەیە، کە باسێکیتر و مەودایەکی تری دەوێت.
سەرچاوەکان:
تھرانی مسعود. (١٣٧٧ە.ش). نقد ادبی. متن ادبی، و اقتدارگرایی. مجلە فرھنگ توسعە. ش ٣٨-٣٧
ساقب فر مرتچی. (١٣٧٧ە.ش). شاھنامە فردوسی و فلسفە تاریخ ایران. تھران: انتشارات قگرە- موعین
علی بابایی غلامرچا. (١٣٨٢ە.ش). فرھنگ سیاسی. تھران: انتشارات آشیان
ماھرویان ھوشنگ. (١٣٧٧ە.ش). نیما رویکرد چھارم بە مدرنیتە. فرھنگ توسعە، ش (٣٧-٣٨) ٦