یەکێک لە ھەرە تایبەتمەندییە گرنگ و دیارەکانی پێشکەوتنی جیھانی مرۆڤایەتی و گڵۆبالیزم لەو سەردەمەدا، دیاردە و پرسی کۆچ و پەنابەرێتییە. بە پشتبەستن بە ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی کۆچبەری نێودەوڵەتی لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا سێ جار لە ئاستی ئاساییی خۆی بەرزتر بووەتەوە. کە دواجار ھەر ئەم کۆچبەر و پەنابەرانەن دوای پڕۆسەیەکی کاتی و ئەزموون کردنی کولتووری نەتەوەیی و لە دەوری یەک کۆبوونەوە بۆ پاراستنی بەھا ئایینی و نەتەوەییەکان و داب و نەریت و سوودی ھاوبەش گەیاندن بە نیشتمانی دایکیان، ناو و چەمکی دیاسپۆرا ھەڵدەگرن.
توێژەران و پسپۆڕانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان یەکھەڵوێست و ھاوڕانین لەسەر پێناسە و چەمکی دیاسپۆرا، بەڵام لەسەر ئەوە کۆکن ئەم چەمکە بریتییە لە وشەیەکی یۆنانیی کۆن، کە لە زمانی ئینگلیزیدا بە مانای پەرش و بڵاو بوونەوە دێت، لە بنەرەتدا چەمکێکی تەواو ئاڵۆز و فراوانە و بەردەوامیش لە گۆڕان و پێشکەوتن دایە. لۆشکاریۆڤ ئی. د. مامۆستا لە بەشی تیۆرییە سیاسییەکانی زانکۆی MGIMO لە ڕووسیا، پێیوایە ئەم وشەیە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جولەکەکان و لەم ڕووەوە سێ مەفھوم دەدا بە دەستەوە:
- ناچار کردنی جولەکەکان بۆ نیشتەجێبوونیان لە دەرەوەی شوێنی لە دایک بوونیان، وە بە ئامانجی دواتر گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی خۆیان.
- حەز و ئارەزووی نیشتەجێبوونی گرووپێکی دیاریکراو (نەک تەنیا جولەکەکان) بۆ ژیانکردن لە دەرەوەی شوێنی لە دایک بوونیان و ھێشتنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھاونیشتمانییەکانیان و شوێنی لە دایک بوونیان.
- پێکھاتەی سیاسی و ئایینی، کە خاکێکی دیاریکراو ھەڵدەبژێرن و دەیکەنە مەرکەزی خۆیان وەک قودس تێیدا دەمێننەوە.
ناوبراو پێیوایە تا سەدەی بیستەم چەمکی دیاسپۆرا تایبەتمەند بوو تەنیا بە گرووپە ئایینییەکانەوە، لە چوارچێوەی ئاڕاستەکانی (توندوتیژی و، حەز و ئارەزوو) (گەڕانەوە و نە گەڕانەوە)، (واقعی نیشتمان و دروست کردنی ئەفسانەی نیشتمانی دایک) دەسووڕایەوە، وە لە کۆتایی پەنجاکان ھاتە ناو زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
زۆربەی پسپۆڕان بیر و بۆچوونیان وایە دیاسپۆرا بەم ھاووڵاتی و گرووپە خەڵکانە دەگوترێت، کە سەر بە یەک جۆر ئیتنۆسن و لە دەرەوەی نیشتمانی خۆیان دەژین، بە شێوەی گرووپ گرووپ بۆ یەک ئایدۆلۆژیا و فکرە و حەز و ئارەزووی ھاوبەش لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە چەمکی دیاسپۆرا کۆمەڵە ڕەھەندێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت. ھەر بۆیە مانا و چەمکی دیاسپۆرا بە یەکێک لە چەمکە ئاڵۆز و پڕ ڕەھەندەکانی بیر و باوەڕە کولتووری و سیاسی و ئابوورییەکان دادەنرێت. ئەوەی تا ئێستا پسپۆڕان لەسەری ھاوھەڵوێستن، کە چەمکی دیاسپۆرا وشەیەکی یۆنانیی کۆنە و لە سەردەمی نوێدا بەو گرووپ و خەڵکانە دەگوترێت، کە لە دەرەوەی نیشتمانی خۆیان دەژین و لە چوارچێوەی کۆمەڵە و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیدا گرنگی بە پاراستن و بە زیندوویی ھێشتنەوەی کولتوور و دابونەریتی خۆیان دەدەن و لە ھەوڵی ناساندن و لۆبی کردنی پرسی نیشتمانی دایکیان دان لە وڵاتی نیشتەجێبوو، ئەمەش پێمان دەڵێت دیاسپۆرا ھەم ئامێرێکی تری کاریگەری ھێزی نەرمە، ھەمیش پڕۆسەیەکی سیاسی و ئابووری درێژخایەنە بۆ زۆربەی دەوڵەتان، بە تایبەتی ئەم دەوڵەتانە سیستەمی سیاسیان سەقامگیر نییە، لەوانەیە ھەر لەبەر ئەوەش بێت ئەو حکوومەتانەی پێویستیان بە کولتووری سیاسیی نەتەوەکانی تری دنیای دەرەوە و پێشکەوتنی جیاوازی ئیتنۆسەکان ئەوەندە نییە، گرنگی بە ڕێکخراوی دیاسپۆرا لە دەوڵەتانی جیھان نادەن، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، سویسرا ھتر …
یەکێک لە بنەما جەوھەری و فاکتەرە کاریگەرەکانی دروست بوونی دیاسپۆرا جیاوازەکان بە دڵنیاییەوە ئایینە. ئاییین دەورێکی یەکجار گرنگ لە کۆبوونەوەی ئیتنۆسەکان لە دەوری یەک و دامەزراندنی دیاسپۆرادا گێڕاوە. لەم بارەیەوە نموونەی زۆرمان ھەیە. ھەر سەبارەت بە دیاسپۆرای جوولەکە و ئەرمەنەکان، تا دیاسپۆرای ھیندییەکان و چینی و ڕووسییش، کە لەناو ئایینی کریستیان خاوەنی کەنیسە و بیروباوەڕی تایبەت بە خۆیانن، کە کەنیسەی ئەرتۆدۆکسییە.
دکتۆر “خالید خەیاتی” پێی وایە مانا و چەمکی دیاسپۆرا لە ڕووی تیۆرییەوە دابەشی سەر سێ خاڵ دەبێت: خاڵی یەکەم؛ دەبێت ڕەوەند و دیاسپۆرای ئیتنۆسە جیاوازەکان مێژوویەکیان لە بڵاو بوونەوە ھەبێت، کە بە دڵخوازی و ئارەزوومەندانە بووە یان بە زۆرەملێ لە شوێنی باوباپیران کۆچیان کردووە. خاڵی دووھەم؛ ئەوەیە کاتێک بڵاو بوونەوە ڕوودەدات و دەچنە نێو کۆمەڵگەیەکی دیکە و ئاوێتە دەبن، توانای توانەوەی یەکجارییان نییە و ھەمیشە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ وڵاتی یەکەم بە زیندوویی ڕادەگرن. ناوبراو نموونە بە ڕەوەندی کوردی دەھێنێتەوە و لای وایە لەناو کورددا ئەم پەیوەندییە لەگەڵ وڵات نەک ھەر نەپساوە، بەلای کەمەوە نەوەی یەکەم، کە گەیشتووەتە جێگا، ئەوەی بۆ خۆی کردووەتە مۆدێلێک و ھەمیشە کاری پێ کردووە؛ لای وایە کوردستان لە دیاسپۆرادا شتێک نەبووە لە بیر بکرێ و ھەردەم لە خەیاڵدا بووە. بە ڕای ناوبراو و ھەموو لایەکمان، لەم دوو خاڵەی پێشوو گرنگتر، خاڵی سێھەمە، کە دەڵێ پێویستە چوارچێوە و قەوارەیەک ھەبێ بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی تێدا بە دی بکرێ و کۆمەڵێک خەڵک خۆیانی پێ پێناسە بکەن، ئەم ناسنامەیەش بۆ کورد ئەوە کوردبوونە، کە لەگەڵ ناسنامە کوردستانییەکەی ھەندەران جیاوازە. دکتۆر خالید لای وایە ئەم سێ خاڵە، کە بۆ ھەموو نەتەوەکانی دنیا لەڕووی تیۆرییەوە خاڵی سەرەکیی دیاسپۆران، لە دیاسپۆرای کوردیدا کەم تا زۆر بەرجەستە دەبن.
تێگەشتن لەو فاکتانەی سەرەوە، لامان وایە چەمکی دیاسپۆرا لەناو کورددا وەک پڕۆسەیەکی تەواوەتی و لە ڕووی زانستییەوە تاوەکو ئەمڕۆ کامڵ نەبووە، لەبەر ئەوەی بوونی کۆچبەر و پەنابەری ئیتنۆسە جیاوازەکان بە تەنیا لە تاراوگە بەس نییە بۆ ئەوەی ناو و ناونیشانی دیاسپۆرا بە خەڵک و گەلانی جیاواز ببەخشرێت، بەڵکو دیاسپۆرا پڕۆسەیەکی دوور و درێژی مێژوویی و کولتوورییە، پێویستە تاک و گرووپە کوردییەکان لە فۆرمی جیاوازی (کۆمەڵە و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و کولتووری و زانستییەکان) لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و گرنگی بە پاراستنی کولتوور و داب و نەریت و زمان و بەھا بەرزە نەتەوەییەکانیان بدەن و لۆبی بکەن بۆ خاک و حکوومەتەکانیان لەم کۆمەڵگە و وڵاتانەی تێیاندا دەژین..