سەرهەڵبڕە، تۆ کوردیت


بەرھەم عەلی
ئەی کورد؛ دەزانم چەندین ساڵە چ ماشێنێکی میدیایی گەورە ھەر بە زمانەکەی خۆت، بە ملیۆنان دۆلارەوە لەلایەن دوژمنان و داگیرکەران و نەیارانتەوە لە دژی تۆ و فەرھەنگ و زمان و مێژوو و سەروەریەکانت خراوەتەگەڕ بۆ ئەوەی تۆ خۆت بە ھیچ نەزانیت، تا خۆت بە شایانی ھیچ مافێکی نەتەوەیی و ھیچ قەوارە و دەوڵەت و نیشتمانێک نەزانیت. بۆ ئەوەی مێژووی ھەزاران ساڵەی خۆت لەبیر بکەیت و ئێستای خۆیشت بە پووچ بزانیت و لەوپەڕی رەشبینیەوە لە ئایندەی خۆت بڕوانیت، دەزانم ئەو ھێزانەی خاکیان داگیر کردوویت و دەیانەوێ ملت پێ کەچ بکەن و سەرت پێ شۆڕ بکەن، چەند پڕ چەک و تفاق و دڕندەن، بەڵام تکایە سەر ھەڵبڕە و سنگ دەرپەڕێنە چونکە تۆ کوردیت.
ئەی کورد؛ دەزانم بە سەدان بەناو (ڕۆشنبیر و نووسەر و بیرمەند و میدیاکار و پەرلەمانتار و سیاسەتوان!) ھەر لە نەتەوەی خۆت و بە زمانی خۆت، بەردەوام دەیانەوێ بچووکت بکەنەوە، خەونە مەزنەکانت دەتۆرێنن و خەیاڵی جوانی خۆ بەشت زانینت بەتاڵ دەکەنەوە و ئاسۆت لێ لێڵ دەکەن و ئامانجەکانت دەکەن بە ھیچ. بەڵام دڵنیا بە، ئەوانە بەشێکیان خۆفرۆشن، بەشێکی تریان ویژدانفرۆش و قەڵەمفرۆشن، بەشێکیان خۆیان بوودەڵە و ترسنۆک و ھیچ لەبارانەبوون، بەشەکەی تریان ئاگاداری مێژووی ھەزاران ساڵەی تۆ نین، بەشێکیشان ھیچ متمانەیان بە خۆیان نییە و لاواز و خۆڕادەستکەرن، وەک ئەو باڵندانەی نێو قەفەسەکان بیر دەکەنەوە کە پێیان وایە ”فڕین لەدەرەوەی قەفەس کوفر و تاوانە“، بۆیە دەیانەوێ تۆش وەکوو ئەوان خۆت تەسلیم بکەیت و سەرت لەئاست خەڵکی تردا شۆڕ بکەیت… نەخێر تۆ بە قسەیان مەکە و ئەوە مەکە، سەر ھەڵبڕە چونکە تۆ کوردیت.
ئەی کورد؛ دەزانم بەدرێژایی مێژوو، ھەر لە گوزەرەکەی خۆت و لەنێو نیشتمانەکەی خۆتدا (کوردی ناپاک)ت دیوە و گەلێ جاریش ھەر برای خۆت لەپشتەوە خەنجەری ژەھراویی لێ داویت، ژیانی ئازادی پێ ڕەوا نەبینیویت و پێی وا بووە کە تۆش وەک ئەو، جانەوەرێکی پووچ و بچووکیت. دەزانم ئێستاش خەڵکانێکی جاش و خۆفرۆشت تێدایە، بەڵام تکایە ئەمانە لەسەر کوردستانی نیشتمان و ھەموو نەتەوەی خۆت حساب مەکە، ئاخر گرنگە ئەوەت لەبیر بێت کە ھەر لەناو نەتەوە و کوردستانی تۆدا، بە سەدان ھەزار رۆڵەی بەئەمەکی خاکەکەت ژیانی خۆیان بەخشیوە لەپێناو سەروەریی تۆدا، چونکە تۆ کوردیت و ھەر بە کورد دەمێنیتەوە، کەواتە خۆ نەچمێنە و سەر ھەڵبڕە.

ئەی کورد؛ من داوای ئەوەت لێ ناکەم خۆت لە ھەموو گەلانی دونیا بە بەرزتر و گرنگتر و باڵاتر ببینیت، نامەوێ فەرھەنگ و زمان و مێژوو و بیروباوەڕت لە ھی ھەموو گەلانی دونیا بە باشتر و گونجاوتر و پیرۆزتر بزانیت، چونکە ئەوەیان نەخۆشی و دەردێکی گەورەیە بۆ نەتەوە و کارەسات دێنێ بۆت. بەڵام تکایە ھاوشانی گەلانی دونیا خۆت بە شت بزانە، تۆش خودان مێژوویەکی ھەزاران ساڵەی لەسەر ئەم خاکەی خۆت، خودان چەندین شارستانیەت و ئیمپراتۆریەت و مەملەکەت و میرنشین و سەردار و سەرکردەی دلێریت، تۆش خاوەن زمانێکی فراوان و دەیان شێوەزار و شێوە ئاخافتنیت، تۆش لە نیشتمانی خۆتدا، خاوەن کولتوورێکی دەوڵەمەند و قووڵی باڵایت، بە درێژایی مێژوو چەندین ئایین و باوەڕ و رێبازی جوانی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، لەسەر خاکی تۆ و بە بیر و ئەندێشەی پێشڕەوان و عاقڵمەندانی سەر ئەم خاکەت داھێنراون. بیرت بێت تۆ یەکەمین نەتەوە بوویت خودای تاک و تەنیات ناسی، کەواتە بۆ لەئاست بێگانەیەکدا خۆت بە کەمتر دەزانیت و سەر دادەنەوێنیت؟ نا تکایە، سەر ھەڵبڕە، چونکە تۆ کوردیت.

ئەی کورد؛ تۆ خاوەنی چیای زاگرۆسی لانکی مرۆڤایەتییت، تۆ نەتەوە زاگرۆسنشینە ناودارەکەی مێژووی بەشەرییەتیت، ئەشکەوتەکانی کە پرووسکی مرۆڤی نیاردەرتالیان تیا دۆزراوەتەوە وان لەناو قووڵایی خاکی تۆدا، شارستانیەتەکانی ھوری و گۆتی و لولۆبی و کاشی و سۆمەری و میتانی و زاموا و ئیمپراتۆریای ماد و دامەزرێنەرانی ئیمپراتۆریای ساسانی و بەشێک لە سەرکردە کاراکانی سەدەکانی ناوەڕاست و دەوڵەتی ئەیووبی و سەدان میرنشین و قەڵا و شووراکانیان، تا دەگات بە بزاڤە نەتەوەییەکان و یاخیبوونە گەورەکان و شۆڕش و راپەڕینەکان و مەملەکەتی مەلیک مەحموود کۆماری کوردستانی سوور و و کۆمارەکەی کوردستان لە مھاباد و ھەرێمە دەستووریەکەی باشووریش، ھەر ھەمووی ھەر لەسەر خاکی تۆن و مێژووی تۆن. ئیدی بۆچی پێتوایە تۆ مێژوویەکت نییە شانازیی پێوە بکەیت؟ کەواتە ئەگەر قسە لەسەر مێژووش بوو، سەر ھەڵبڕە، چونکە تۆ کوردیت.

ئەی کورد؛ تۆ خاوەنی دەیان ھەزار شوێنەواری مێژووییت لە خاکەکەتدا، تۆ خاوەنی یەکەمین تیشک و پەیامی ئایینی میترایی و میھرپەرستیت، تۆ خاوەنی رابەر و فەیلەسووف و پەیامھێنێکی وەک زەردەشتیت، تۆ خاوەنی کتێبی ئاڤێستایت کە تا ئێستاش رۆژئاواییەکان توێژینەوە لەسەر گاتا و پەیامەکانی دەکەن، تۆ خاوەنی ئایینی ئێزدیت کە یەکێکە لە قووڵترین و کۆنترین ئایینەکانی مرۆڤایەتی و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ئایینەکانی دونیا لەڕووی فەرھەنگ و سرووتەکانیەوە، تۆ خاوەنی ئایینی مانی و مەزدەکییت، تۆ خاوەنی ئایینی یارسان (کاکەیی) و ھەموو رێبەرەکانی ئەو ئایینەیت، ھەر لەڕێی ئەم ئایینانەوە کە زێدەکەیان خاکی کوردستانە، خودان میرات و کەلەپوورێکی دەوڵەمەندی مۆزیک و ئاواز و شیعر و گۆرانی و سرووتی تایبەتی خۆکردەیت، تۆ خاوەنی چەندین رێبەری رێباز و تەریقەتەکانی ئایینی ئیسلام و سۆفی و زانای ئایینی و عارفیت، تۆ خاوەنی دەیان دیوانی گەورەی شاعیرانی کلاسیکیت. ئەدەبی کلاسیکیی تۆ، بەشێکی گرنگە لە میراتی فکریی مرۆڤایەتی، ئەوە کولتوورەکەی تۆیە کە ھەموان لەسایەیدا بەئارامی پێکەوە دەژین، ئیتر تۆ بۆ سەر ھەڵنابڕیت و بۆ شانازی بە خۆتەوە ناکەیت؟ بۆ خۆت بە ھاوتای گەلانی دونیا نازانیت؟ ئازیزم، سەر ھەڵبڕە چونکە تۆ کوردیت.

ئەی کورد؛ دەزانم لە ناکۆکیی سیاسی و ناتەبایی و خیانەت و گەندەڵی و گەندەڵکاران تووڕەیت، دەزانم لەسایەی ئەو کێشە و قەیران و تەنگژانەی بەشێکی بە ھۆکاری ناوخۆیی و بەشێکی بە ھۆکاری دەرەکی بەردەوام بۆت دروست دەکرێت، ژیان و گوزەرانت سەخت و قورس بووە و گەلێ جاریش خەریکە بڕستت لێ دەبڕن و کەنەفتت دەکەن. دەزانم لەپای ئەمانە زۆر تووڕەیت، نیگەرانیت، بێئۆقرەیت، نائارامیت، دەزانم دوژمنەکانت بە بیرکردنەوە و بە چەک و بە ھێز و بە ئابوورییش، لە تۆ گەورەتر دێنە بەرچاو، بەڵام ئەوەت لەبیر بێت کە بەدرێژایی مێژوو و لە سەرانسەری دونیادا، ھیچ گەل و نەتەوەیەک نییە ھێندەی کورد بەدرێژایی ھەزاران ساڵ زەبری کوشندەی پێ کەوتبێت، ھێندەی کورد ئازار درابێت، ھیچ نەتەوەیەک نییە ھێندەی کورد ھەوڵی پاکتاو و سڕینەوە و لەبەینبردنی خۆی و کولتوور و زمان و مێژووی درابێت، ھیچ نەتەوەیەک نییە لە سەردەمی خەنجەر و شمشێرەوە تا چەکی کیمیایی و درۆن و دەبابەی ئەبرامز ھەر پەلامار درابێت و ھەر بە پێوە مابێت، کەواتە سەر ھەڵبڕە، چونکە تۆ کوردیت.

ئەی کورد؛ تۆ ئێستا ماویت، زمانت بە زۆربەی شێوەزارەکانی و شێوە ئاخافتنەکانیەوە ماوە، خاکەکەشت ماوە، ئەگەرچی بەشێکی ھەر داگیرکراوە. بەشێکی بەرچاو لە کولتوورت ماوە، مۆزیک و شیعر و گۆرانی و سەما و ھەڵپەڕکێ و کتێب و نووسین و میدیات ماوە. ئایینەکانت، بە سرووتەکانیەوە ماوە، لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە پاش ئەو ھەموو جینۆساید و کۆمەڵکوژییەش نەتەوەکەت ھەر ماوە، بۆیە بە سەری بەرز و سنگی دەرپەڕیوەوە، بە گەشبینیەکی پڕ ئاگاییەوە، روو لە ئاسۆ بۆ ئایندە ھەنگاو بنێ، تێکەڵ بە دنیای زانست بە، فریای پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆجیا بکەوە و خۆت بکە بە بەشێکی زیندوو لە کاروانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و بەشداربە تیایدا، وەک چۆن پێشتر ھەم داھێنەر و ھەم بەشدار بوویت. تۆ، نزیکەی پەنجا ملیۆن مرۆڤی بێدەوڵەتیت کەواتە تۆ ناتوێیتەوە، تۆ دەمێنێت، بەڵام بەوردی حسابی ئەوە بکە کە تەنیا مانەوە ھونەر نییە، بەڵکوو دەبێ ھەموان بزانن کە تۆ ھەیت، کەواتە بیسەلمێنە کە ھەیت، دامەبڕێ و بێئومێد مەبە، لە ھەر کوێ دەژیت، گرنگ ئەوەیە سەر ھەڵبڕیت، چونکە تۆ کوردیت

.

ڕەنگە بە دڵت بن