مەدیار


جوان بەکر مەعروف

کوڕەکەم بە دەمدا کەوتبوو .
ھێزی بەرزبوونەوەی نەبوو، شانەکانیم گرتوو پڕ بە خۆم ھاوارم دەکرد کوڕم ھەستەوە چی بووە .
وەک نیوە بووراوەیەک ھەناسەی بە ھێواشی بۆ دەچوو، پشتەملی خەتێکی سووری تێ کەوتبوو .
ھاوارم دەکرد کەروێشکەکەم قوربانت بێت دایە، ھەستە ھەستە چی بووە وەڵامم بدەرەوە.
لە پڕ ھەناسەم تووند بوو لە خەو ڕاچڵەکیم .
کاتژمێر ھێشتا پێنج و بیست خولەکی سپێدەی ھەشتی ئەپرێلی دوو ھەزار و نۆزدەیە .
ھێشتا کاتژمێرێک زیاتری ماوە منداڵەکان بە خەبەر بھێنم بۆ بەرچایی و چوونە قوتابخانە .

لە جێگای نووستنەکەم چوومە دەرەوە بەرە و پەنجەرەی سەر کۆڵانەکەمان .
دیمەنی بەیانیانی بادشڤالباغ ھەمیشە دەیخستمە بیری دیمەنی تەوێڵە بیارە، لەگەڵ کردنەوەی پەنجەرەکە تێر ھەناسەیەکی پڕ لە ھەوام ھەڵدەمژی .
بەخۆمم وت خۆ ئەم ھەوایە ھەر ئۆکسجین نییە ئێمە ھەڵی دەمژین پڕە لە بوون، بوونی ھەموومان .
لە پڕ دڵتووندیەک یەخەی گرتم و بردمییەوە سەر خەوەکەی بینیم .
بە دەم بیرکردنەوە لە مانای خەوەکەم چوومە ناندینەکەمان و دەستم کرد بە ئامادەکاری بەرچایی و پێچانەوەی تێشووی منداڵەکان .
دوای بە خەبەر ھێنانەوە و بەرچایی بەیانی بە ڕێم کردن، بیرکردنەوەی خەوەکەم یەخەی بەر نەئەدام .
بە ھێواشی ھەوڵمدا لەگەڵ بەڕێ کردنیان پێکانم ھەڵھێنایەوە و لەگەڵیان دەڕۆشتم .
ئاخر ئەوان ھەست بە گەورە بوونی خۆیان دەکەن، نایانەوێ لەگەڵیان بڕۆم .
پێیان شەرمە لەبەر چاوی ھاوڕێکانیان ھێشتا وەک منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت .
کچەکەم بەرەو خوێندنگەی خۆی ماڵئاوایی لێ کردین .
من لەگەڵ کوڕەکەم ھەنگاوم دەنا، لە دڵمدا خودا خودام بوو پێم نەڵێ بگەڕێوە خۆم بە تەنیا دەڕۆم .
چونکە خەمی خەوەکەم بەری نەئەدام، دڵیابووم شتێک ڕوو دەدات، من لە ڕێگای چوونە قوتابخانە لە ڕووداوی ئۆتۆمبێل دەترسام .
ناچار لەسەر داواکاری ئەو گەڕامەوە .
بەڵام ھێزێک ئەژنۆکانی ڕادەکێشامەوە بۆ دواوە .
ئاخر ڕاستە منداڵ لە منداڵدانی دایک لە دوای ھاتنە ئەم سەر زەویە دەبێتە شتێک ناویان ناوە مرۆڤ و بۆ ئەوەی ڕۆڵی مرۆڤ بوونیشی تەواو بکەی، دەبێت وێڵاشەکەت لە ناوکەوە لەگەڵ دایکت ببڕن .
بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە تەنیا بڕینی بەشی ڕایەڵەی فیزیکی نێوان دایک و منداڵە، ئاخر لەسەر ناوکی دایک مۆڵگەیەک ھەیە لە وزە و ھیچ چەقۆیەکی ئەم ژیانە ناتوانێت بیبڕێت .
ئا ئەو وزەیە ھێزی ھەنگاوەکانمی دەگرت دەیوت نەڕۆی بە جێی نەھێڵیت .
ناچار بووم بەناو ئەو شارەی پڕ بوو لە گوڵ و گوڵزار دیمەنی جوان و دڵڕفێن، بە چواردەوری قوتابخانەکەی بکەومە پیاسە کردن .
دەستم کرد بە گرتنی دەیان وێنەی پڕ لە دیمەنی شارەکە، ھەر دواییش ئەو وێنانە سێ جار لە لایەن شارەوانی شارەکەوە بوونە ھۆی کرانەوەی سێ پێشانگای فۆتۆگرافی بۆم.

لە پڕ دەنگی شەڕ و ھاتوھاواری منداڵ بەر بۆیەوە .
داچڵەکیم، لە دوورەوە کوڕەکەی خۆم بینی لەگەڵ دوو منداڵی تری قوتابخانە دەستە و یەخە شەڕە .
تا توانیم پێچ بکەمەوە و بگەمە دەروازەی سەرەکی قوتابخانەکە و بچمە ناوەوە، لەوێشەوە بۆ ناو گۆڕەپانەکە .
تێر و پڕ یەکتریان کوتا .
یەکێک لە منداڵەکان، کە چاو ڕەشێکی ئەسمەر بوو منی بینی، ھەڵھات، کوڕەکەم یەکێکیان، کە چاو قاوەییەکی قژ خورمایی بوو لە ژێر دەستی بوو، من ھەر ھاوارم دەکرد مەکە کوڕم مەکە، تا دەستم نایە سەر شانی و ڕامکێشایە ئەملاوە.
کوڕەکە ڕایکرد .
کوڕەکەی من ھەناسەی سوار و بە خۆی و لووتە بچووکەکەی، کە لە ئاست پەیکەری جەستەی نییە و باوەڕ ناکەم ئۆکسجینی تەواوی بۆ بگوازێتەوە سوور بوو بوویەوە .
بە ئەڵمانی جنێوی دەدا .
منیش ئارامم کردەوە، وتم بەس بۆستە تا تێ دەگەم کێشەکەتان لەسەر چییە .
لەم قسانە بووین و ئەو خەتەی کرابوویە ملی لە خەوەکەم لە کاتی شەڕکردنەکەدا پەتی یاری پەتپەتێنیان لە ملی گیر کردبوو جێگاکەی لە ملی دیار بوو .
ئینجا وتم ئەمە خەوەکەم .
بەدەم ھەناسە توندییەوە وتی پێم دەڵێن ئادەی کوا، کە تۆ ئەڵێی خەڵکی کوردستانم لەسەر نەخشە کوردستانمان نیشان بدە، تووڕەیی و سوور بوونەوە و ھەناسکەبڕکێ .
باوەشم پێدا کرد وتم باشە ئارام بە، من نیشانت ئەدەم لە کوێیە، دوایی نیشانیان بدە .
وتی نا پێم پێدەکەنن پێم دەڵێن تۆ (لاندنت نییە) تۆ بڕۆ بۆ (کاوفلاند) باشترە .

منیش دەستم گرت و بەدەم ڕێگاوە کەوتمە ئامۆژگاری کردنی .

وتم ئەزیزم بەر لە هەموو شتێک تۆ لە وڵاتێکی غەریبی مەرج نییە وەک کوردێک هەموو یاساکان لە پشتی تۆ بێت .

تۆ ئەگەر ئەتەوێت پارێزگاری لە کورد بکەی بە شەڕ و لێدان نابێت لەم وڵاتە، ئێمە سوپاس بۆ خودا هێزی نیشتمان پارێزی خۆمان هەمیشە لە شار و شاخ هەیە، ئەی مەگەر پێشمەرگە نامان پارێزێت .

دواتر ئەگەر تۆ ئەتەوێت بەرگری لە کورد بکەیت، لەم وڵاتە زمانی کوردی فێربە  و کلتووری خۆت بپارێزە، خۆت پێش بخە و پلەی خوێندنی باش بە دەست بهێنە و بەشێکی بخەرە خزمەتی کوردستان .

ئەوە بۆ تۆ لێرە باشترین خزمەتە بە وڵاتەکەت بیکەیت .

دواجار ئەزیزم ئێمە سەرکردەیەکمان هەیە دەڵێت دەست دەبات بۆ دڵی و دەڵێت کوردستان ئا لێرەدایە .

تۆش کوردستان لە دڵت هەڵبگرە و هەوڵبدە خزمەتی بکەیت، بە شەڕ کردن لەگەڵ هیچ کەس وزەی خۆت بە هەدەر مەدە .

کوڕم مەدیار کوردستان کەسێک لەسەر نەخشەی جیهان دەیبینێت (کە مێشکێکی پێشکەوتووی هەبێت) لە هاوڕێیەتی دواکەتووەکان دوور بکەوەرەوە.

گرنگ نییە باوەڕ بکەن کوردستان بوونی هەیە یان نا، گرنگ کوردستان وڵاتێکە زۆر گرنگ بە جۆرێک بە بچووکترین جووڵەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانین ئابووری ناوچەکە بەرزو نزم پێ بکەین، مەدیار کوڕم تۆ کوردی تۆ زۆر پێشکەوتووی تۆ هزرت هەڵگری چوار زمانی بێگانە و زمانی دایکی خۆشتە،ئەمەش وا دەکات پێشکەوتنی تۆ و تێگەشتنی تۆ بۆ کلتوور لە هزر بەستراوێکی چەق بەستوو جیاواز بێت .

کوڕم بیرت نەچێت کورد لە چوار دەوڵەتی دراوسێیدا کەی بیەوێت هۆکاری شەڕ و ئاشتییە .

بە گۆڕانی ڕەنگی پێستی و هەڵهاتنەوەی چاوی و ڕووی، کە کردی بەو دیودا هەستم کرد، کە قسەکانم دڵی خۆش نەئەکرد،ئاخر بیرکردنەوەی کوڕە خێراترە و حەز دەکات بە دەست و بازووی خۆی تۆڵە بکاتەوە، ئەمەش لە کورتترین پانتایی ئەنجام دەدات بە دەستەوە .

ئەتوانم بە تێگەشتن لەم سایکۆلۆژیایە بڵێم کورد بیرکردنەوەی سیاسیی بیرکردنەوەیەکی نێرانەیە، وەک هەندێک میللەت کە بۆنموونە بوونەتە هۆی داگیرکاری مێژوو و ئایین و کلتووری کورد، سیاسەتێکی مێینانە نییە .

هەر بۆیە دەبێت مرۆڤ لە سیاسەتدا هەم نێر بێت هەم مێ .

تا وەکو لە نێوان کوتەک و بەهەشتدا شوێنێک هەبێت پێی بڵێن نیشتمان .

لە ناکاو دایکی یەکێک لە هاوڕێکانی دەرکەوت

بە دەم هاتوهاوار و بۆڵە بۆڵەوە وتی :

ئەها کوڕەکەت چی لە ئەسڵانی کوڕم کردووە .

منیش وتم :

ئادەی خاتوون تۆش سەیرێکی ملی کوڕەکەی من بکە.

دایکی ئەسڵان، کە ملی مەدیاری بینی، هەنگاوێک چۆیە دواوە .

دەستی کرد بە قسە کردن لەگەڵ ئەسڵان و مەدیار .

ئێوە هاوڕێن بۆ شەڕەکەن؟

ئەوتی و ئەم وتی ….

دایکی ئەسڵان بابەتەکەی گۆڕی، پرسی ڕاستی دایکی مەدیار ناوی کوڕەکەت زۆر خۆشە یانی چی؟

وتم :

لێکدانەوەی جیا هەڵدەگرێت .

دەتوانیت بڵێیت ماد، کە باپیرانی دێرینی کوردە و یار یانی خۆشەویست و هاوڕێ .

دەبێتە خۆشەویستان و هاوڕێیانی ماددەکان .

دەتوانیت بڵێیت مەدەد یانی کۆمەک و یار بە مانی خودا و دەبێتە هاوکاریم بکە خودایە .

یان دەستی هانام بۆ تۆیە خودام ئەی باشترین هاوڕێم .

دەشتوانی وەک خۆشەویستی نێوان دوو ڕەگەزی جیا بە مانی یارمەتیم بدە خۆشەویستەکەم لێی تێ بگەیت.

دایکی ئەسڵان؛

ڕاستی مەدەد یا ئەڵاکەی زۆر جوانە زۆر سەرنجی ڕاکێشام .

لە پڕ بە دەم مەدەد یا ئەڵاوە وتی دەی کاتم گرتی چاو .

وتم چاو .

ڕەنگە بە دڵت بن