هێزی نەرم و کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری

سالار تەحسین سیدۆ دری
بەڕێوبەری نووسینگە و پاسپۆرتی دەروازەی حاجی ئۆمەران

ھێزی نەرم «Soft Power» بە مانای سەرنجڕاکێشان و سوود وەرگرتنە لە ئەویتر لە ڕێگەی ھونەری کاریگەریی دروستکردن و سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە ئابووریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییانە ھەمانە بەرجەستەیان بکەین، بەبێ ئەوەی ھیچ زەبر و زەنگ و ئامڕازێکی نا یاسایی و دژە مۆڕاڵیی بگرینەبەر.

لەم سۆنگەیەوە، کاتێک باس لە ھێزی نەرم دەکەین لە چوارچێوەی کەرتی گەشتیاریدا، مەبەستمان ئەوەیە چۆن بتوانین لە ڕێگەی توانای مرۆیی و ھونەری مامەڵە کردن کاریگەریی دروستبکەین لەسەر ئەو کەسانەی لە ڕێگەی یەکێک لە دەروازە سنوورییەکان، یاخود فڕۆکەخانەکان سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

کەواتە، دەکرێت بپرسین چۆن لە ژیانی کرداری و ڕۆژانەماندا لە ڕووی ئەتەکێت، دیپلۆماسیەت و ھێزی نەرم خۆمان دەربخەین و شووناس و بوونی خۆمان بە کەسانی تر ئاشنا بکەین بەبێ ئەوەی ھیچ بارگرانییەکی ئابووری و سیاسیی بکەوێتە سەر فەرمانگە و دامودەزگا میرییەکان؟

ڕاستە تا دێت جیھان بچووک دەبێتەوە و سنوورەکان نەرمتر دەبن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە سوود لە ھێزی مامەڵە کردن وەرنەگرین و بێ ئاگا بین لە دیوە شاراوەکەی ھونەری مامەڵە کردن و سایکۆلۆژیای گەشتیاریی.

بۆیە دەکرێت بڵێین لەم سەردەمەدا پەنابردن بۆ ھێزی نەرم و سوود وەرگرتن لە ھونەرەکانی لە زۆربەی دۆخەکاندا بە باشترین و کاریگەرترین جۆری ھێز لە ژیانی تاکە کەسی و لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە و دامەزراوەکان و لە بوارەکانی سیاسیی، گەشتیاریی، ئابووریی، کولتووریی، کۆمەڵایەتیی، وەرزشی و براندە جیھانییەکان دادەنرێت.

لەم بارەیەوە (جۆزێف نای) ئەمەریکی، کە دامەزرێنەری بیرۆکەی ھێزی نەرم بووە لە جیھاندا، بایەخی ئەم ھونەرە بە باشی ڕوون دەکاتەوە. ئەم تیۆریستە پێیوایە ھێزی نەرم ھەم تێچووی کەمە و ھەمیش کاریگەری زۆرە و شاراوەیە و دەرئەنجامی خێرای ھەیە، سنووربڕە و ئامانجەکانی زووتر دەپێکێت.

لە ڕاستیدا پوختەی ھێزی نەرم ئەوەیە، کە بەبێ بەکارھێنانی گوشار و زەبر و زەنگ بتوانیت ئەوانیتر سەرسام بکەیت بە خۆتەوە، وایان لێ بکەیت ببن بە پاشکۆ و ھەوادارت و بەو ئاڕاستەیە بیانجوڵێنی کە دەتەوێت و، بەرژەوەندییەکانت تیایدا گەشە بکەن و بەرفراوان بن، بە تایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە ھێزی نەرم بۆتە بەھێزترین ئامڕازی دەست دامەزراوەکان و کۆمپانیا و وڵاتە پیشەسازیی و گەشتیارییەکان.

لە دونیای ئەمڕۆدا کەم کەس و لایەن یان ئەکتەری ژیان و دەزگا ھەیە ئەگەر براندێکی بچووکیش بێت بیر لە بەکارھێنانی ھێزی نەرم نەکاتەوە.
پێویستە زۆرجار لە پڕۆسەی حکومڕانی و بڕیارسازی ڕەنگ بداتەوە و لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و ھاوڵاتیان ھەستی پێ بکرێت.

لەلایەکی دیکە، حکومەتیش وەک یەکێک لە ئۆرگانە ھەرە گرنگ و سەرەکییەکانی دەوڵەت بەشدارە لە نەخشاندن و نیگارکردنی سیاسەتی ھێزی نەرم بە مەبەستی کارایی و کاریگەری خستنەسەر کۆمەڵگە و ھاوڵاتییانی بێگانە و میوانان، ھەموو ئەوانەی، کە لە ناو حکومەت و دەرەوەی حکوومەتدان و پەیوەستن بە کاروباری حکومەتەکەوە.

ھێزی نەرمی حکومەت، لە زۆر ئاستدا دەردەکەوێت و دەبینرێت لە سەرووی ھەموویانەوە لە ڕێگەی سیمبول و ھێما و لۆگۆ و ئەو وێنە و دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە پەیام دەنێرن و کاریگەری لەسەر ڕای گشتیی ناوخۆ و ڕای گشتیی ھەرێمی و دەرەوە دروست دەکەن.
ھاوکات پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بیر لە کاریگەری ھێزی نەرم بکاتەوە بە ئامانجی پاراستنی ناسنامە و بەھاکان و مانەوە و بەرەو پێشچوون و سیاسەتی گەشتیاری، ھەوڵی داڕشتن و بەکارھێنان و بەگەڕخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئاستی بەرزی پێشوازی کردن بدات.

ڕەنگە بە دڵت بن