پێویستە لە ھەرێمی کوردستان ئەکادیمیای ناوبژیوانی دابمەزرێندرێت
”تا ئێستا دوو جار ناوبژیوانانی نێودەوڵەتییم بردووە بۆ کوردستان و لەوێ خولی ناوبژیوانییان کردووەتەوە“
”ھیوادارم لاوانی کوردستانی لە تاراوگە پرۆفیشناڵانە تێکەڵ بە وەرزش بن“
سازدانی دیمانە: گۆڤاری (رەوەند)
یەکێک لە نموونەی کوردە ھەرە سەرکەوتووەکانی تاراوگە لە بواری وەرزشدا، مامۆستا دانا ، کە ساڵانێکە بە یەکێک لە ناوبژیوانە دیار و ناسراو و بەتواناکانی تۆپی پێ لە یاریگاکانی بەلجیکادا ناسراوە. لەم گفتوگۆ کورتەدا لەگەڵ گۆڤاری (رەوەند) مامۆستا دانا باس لە کاروانی وەرزشیی خۆی دەکات، ھەر لە یاریگاکانی تیپە میللییەکانی باشووری کوردستانەوە تا دەگات بە یاریگا گەورەکانی بەلجیکا و ئەورووپا، ھەروەھا پێوەند بە گەنجانی کوردستانییش لە تاراوگە، نەخاسمە ئارەزوومەندان و لێھاتووەکانی بواری وەرزش، پەیامی تایبەتی ھەیە:
(ڕەوەند): مامۆستا دانا کێیە؟ کەی گەیشتە بەلجیکا و چۆن تێکەڵ بە جیھانی وەرزش بوو و بۆچی بواری ناوبژیوانیی ھەڵبژارد؟ چۆن توانییت بگەیتە ناوبژیوانی لە وڵاتێکی وەکوو بەلجیکادا؟
دانا کەریم : ناوی تەواوم (دانا محەمەد کەریم)ە، لە خێزانێکی کوردپەروەری وەرزشدۆستی باشووری کوردستاندا گەورە و پەروەردە بووم، براکانم ئارەزوویان لە بواری وەررزش و بەتایبەتییش تۆپی پێ بوو، شەھید کامەران و شەھید بەرزانی برام، ھەردووکیان یاریزانی یانەی سلێمانی بوون پێش پەیوەندیکردنیان بە شۆڕشی نوێی گەلەکەمانەوە. منیش ھەر لە منداڵیەوە خولیای وەرزشم ھەبوو، لە سەرەتادا لە گەڕەکانی شاری سلێمانی یاریی تیپاوتیپ و فووتبۆڵێنمان دەکرد، پاشان وەک یاریزانی تۆپی پێ لە (تیپی میللیی خۆشناو) یارییم کرد و ئنجا (تیپی شۆڕش) و لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنیشدا بەشداریی فێستیڤاڵ و پێشبڕکێکانی (گۆڕەپان و مەیدان)م کردووە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٠ یەکەمین بڕوانامەی فەرمیی ناوبژیوانیی تۆپی پێم بەدەست ھێنا لە شاری سامەڕا، ئەویش لەسەر دەستی ناوبژیوانی نێودەڵەتی و مامۆستای خوالێخۆشبوو (سەڵاح محەمەد کەریم) پاشان لەگەڵ ناوبژیوانی و کاری ژیانی ڕۆژانەمدا، لە ساڵی ١٩٩٣ ھەتا ساڵی ١٩٩٦ ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی (گەشتی وەرزش) بووم لە کەناڵی سلێمانیی تەلەڤزیۆنی ئازادیی حزبی شیوعی.
ساڵی ١٩٩٧ لەپاش ڕووداوەکانی شەڕی ناوخۆ، ڕووم کردە تاراوگە و لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ گەیشتمە وڵاتی بەلجیکا. سەرەتای ژیانم لە بەلجیکا، بەردەوامییم بە ئارەزوو و بوارەکەی خۆم دا کە وەرزش بوو، ھەر لەو ساڵەدا لە مانگی ئایار، بەشداریی ڕاکردنی ٢٠ کیلۆمەتریی برۆکسلم کرد کە فێستڤاڵێکی ڕاکردنی ساڵانەیە و لە دوایین ھەفتەی مانگی ئایاری ھەموو ساڵێکدا ئەنجام دەدرێت، منیش ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠٠١ بەشداریی ئەو فێستڤاڵەم کرد.
ھەوڵی تێکەڵاوبوون و گەڕانەوەشم بۆ بواری ناوبژیوانی لە بەلجیکا، بەو ھۆیەوە بوو کە خاوەنی بڕوانامەی ناوبژیوانی بووم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، ھەر بۆ ئەو مەبەستەش گەشەم بەم خولیایەم دا و برەوم بە تواناکانی خۆم دا.
سەرەتا لە خولی تیپە میللییەکانی برۆکسل خۆبەخشانە ناوبژیوانییم دەکرد، ئەویش بە ئامانجی زیاتر ئاشنابوونم بە زمانی فەرەنسی و بۆ زیاتر تێکەڵاوبوون و گەڕانەوەم بۆ ناو جیھانی وەرزش تا برەو بە خۆم و بە تواناکانم بدەم. پاشان لە کاتی بەڕێوەبردنی یارییەکی بەھێز بۆ دیاریکردنی پاڵەوانی ئەو ساڵە، یەکێک لە ئەندامانی سەرۆکایەتیی لیژنەی ناوبژیوانان لە یارییەکە ئامادە بوو، دوای یارییەکە پێیان ڕاگەیاندم کە لەپای ئەو ئاستە باشەی پێشکەشم کرد، دەتوانم بەشداریی تاقیکردنەوەی تیۆری و پراکتیکیی ناوبژیوانی بکەم و بە شێوەیەکی فەرمی ببمە ناوبژیوان لە وڵاتی بەلجیکا، ھەر بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەو ئامانجەم بەدەست ھێنا و گەڕامەوە جیھانی تۆپی پێ و بە دیاریکراوییش ناوبژیوانی تۆپی پێ.
(ڕەوەند): پاش ئەو ئەزموونە، ئاخۆ ھەوڵێکتان داوە جۆرێک ھەماھەنگی و دۆستایەتی، لەنێوان یانە و ھەڵبژاردە و ناوبژیوانان و وەرزشوانانی کوردستان و بەلجیکادا دروست بکەن؟
دانا کەریم: ئەوەی جێگای شانازی و دڵخۆشییە بۆ من ئەوەیە، پاش تێکەڵبوونم بەو بوارە و پاش ھەوڵدانێکی زۆر، توانیم ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی بەلجیکی (فرانک دبلێکەر) ڕازی بکەم کە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و بە دیاریکراوی لە شاری ھەولێری خۆشەویست خولی بەھێزکردنی ناوبژیوانانی کوردستان بکەینەوە. سەرەتا یەکەم گەشتمان ساڵی ٢٠١٤ بوو ئەو کاتە لە باڵوێزخانەی عێراقی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا (وەرگێڕ) بووم، ھەر لەبەر ئەو ڕۆشناییە ھەنگاوی یەکەممان نا و تێیدا سەرکەوتوو بووین، ئەوەش بووە ھاندەر تا جارێکی تریش ھەوڵ بدەم بۆ رێکخستنی گەشتێکی وەرزشیی نوێ، ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١٦ بە ھەمان شێوە گەڕاینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، لێ ئەوجارەیان جیاوازتر بوو، چونکە باشترین وانەبێژی نێودەوڵەتیی ئەوروپاشمان لەگەڵ خۆمان برد کە ئەویش پرۆفیسۆر (وێرنەر ھێڵسن) کە ئەم بەڕێزە ئەرکی ئامادەکاری ناوبژیوانانی ئەورووپا و جیھان لە بوارەکانی دەروونی و جەستەیی بۆ پاڵەوانێتییە گەورەکانی ئەورووپا و جیھانی لەئەستۆ گرتووە. ئێستا و لە ئایندەشدا، من وەک کوردێک و کوردستانیەک، ھەموو کاتێک ئامادەم بۆ ھەر پێشھاتێکی نوێ و خزمەتێکی نوێی بواری وەرزش لە ھەرێمی کوردستان.
(ڕەوەند): بە دیدی بەڕێزتان، چی بکرێت و چۆن بتوانرێت برەوی زیاتر بە ئاستی ناوبژیوانی بدرێت لە ناوەندە وەرزشییەکانی ھەرێمی کوردستاندا؟
دانا کەریم: بەپێی ئەزموونی چەندین ساڵەم لە بواری ناوبژیوانی لە تاراوگە، بە بۆچوونی من باشترین ڕێگا ئەوەیە کە ئەکادیمیای ناوبژیوانی بکرێتەوە بۆ مێرمنداڵان و گەنجەکانمان بە ھەردوو ڕەگەزەکەیەوە، لەسەر بنەمای زانستیی ناوبژیوانان، ئەمە وەک چۆن لە وڵاتی بەلجیکا و وڵاتانی تری ئەورووپادا ھەیە، ھەر بە ھەمان زانستی بوارەکانی وەرزش لە ھەرێمی کوردستان برەوی پێ بدرێت. بۆ نموونە، لەم شارەی ئێمە لە بەلجیکا، ئەکادیمیای پێگەیاندنی ناوبژیوانانی گەنج و لاوان ھەیە لە شاری لوڤن، ئەم ئەکادیمیایە چەندین ناوبژیوانی پێگەیاندووە کە ھەندێکیان لە خوار تەمەنی ١٣ ساڵەوەن. ھەرچەندە بە شێوەی فەرمی دەبێت تەمەنی ناوبژیوان لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی فەرمی، بەڵام لەو ئەکادیمیایە ئامادەکاری و پێگەیاندنی ناوبژیوانانی منداڵان لە پێشوەختەدا کاری رژدی لێ دەکرێت، ھەر بۆیە ئاستی ناوبژیوانانی ئەورووپا زۆر بەرزە لە جیھاندا.
پاشان گرنگە لە ھەرێمی کوردستان ھەوڵ بدرێت خولی ساڵانە بۆ بەھێزکردنی ناوبژیوانانی کوردستان بە ئامادەبوونی ناوبژیوانانی بەئەزموونی وڵاتانی دەرەوە، ساز بکرێت، بەتایبەتی ناوبژیوانە بەئەزموونە ئەورووپیەکان.
(ڕەوەند): ئاستی وەرزشیی گەنجانی کوردستانی لە دیاسپۆرا چۆن ھەڵدەسەنگێنیت؟ ئایا پێت باشە گەنجانی کورد لە دیاسپۆرا، پرۆفیشناڵانە روو لە بواری وەرزش بکەن؟ ئەگەر پێت باشە بۆچی؟
دانا کەریم: بە دڵنیاییەوە ھیوادارم لاوانی کورد بایەخ بە بواری وەرزش بدەن لە دیاسپۆرا و زۆر بە پرۆفیشناڵانە خۆیان پێبگەیەنن، ھیوادارم ڕۆژێک لاوانی کورد بە سەرکەوتوویی ببینم لە بوارە جیاجیاکانی جیھانی وەرزشدا، زۆریش گەشبینم بەوەی نەوەکانمان ھەریەکەو لە بوارێکدا یاخود لە ئارەزوو و خولیاکانیاندا، خۆیان باش پەروەردە کردووە و نموونەی گەنجی پێشکەوتوومان زۆرن، دڵم بە توانا و سەرکەوتنەکانیان خۆشە و جێی شانازیین بۆمان.