خاڵبەندی

فەهمی کاکەیی

بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نووسینێکدا به‌ ڕوون و ڕه‌وانی مه‌به‌ستی خۆت به‌ خوێنه‌ر بگه‌یه‌نیت، پێویستت به‌وه‌ ده‌بێت نیشانه‌ی دروست له‌ جێی پێویستدا دابنێیت، دانانی ئه‌و نیشانانه‌ پێی ده‌گوترێت خاڵبه‌ندی. خاڵبه‌ندی یاسای خۆی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ دروستی به‌ کار نه‌هێنرێت، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌ چاکی له‌ مانای ڕسته‌کان و له‌ مه‌به‌ستی نووسه‌ر تێنه‌گات و تووشی سه‌رلێشێوان ببێت. باوترین نیشانه‌کانی خاڵبه‌ندی ئه‌مانه‌ن:

خاڵ (.) 

له‌ کۆتایی ڕسته‌ی خه‌به‌ری داده‌نرێت، ڕسته‌ی خه‌به‌ری ئه‌و ڕسته‌یه‌یه‌‌ باس له‌ شتێک ده‌کات یان هه‌واڵێک ڕاده‌گه‌یه‌نێت. هه‌روه‌ها نیشانه‌ی پشوویه‌کی درێژه‌، وه‌ک:

هەولێر شارێکی دێرینی کوردستانە.

نیشانه‌ی پرسیار (؟)

له‌ کۆتایی ڕسته‌ی پرسیاری داده‌نرێت، ڕسته‌ی پرسیاری ئه‌و ڕسته‌یه‌یه‌ پرسیارێکی تێدایه‌، وه‌ک:

تۆپه‌که‌ت له‌ کوێ داناوه‌؟

نیشانه‌ی سه‌رسووڕمان (!)

له‌ کۆتایی ڕسته‌ی سه‌رسووڕمان یان ڕسته‌یه‌ک که‌ داخوازیی تێدا هه‌بێت داده‌نرێت، وه‌ک:

ئای له‌و به‌فره‌ی باریوه‌!

پێڵاوه‌کانت بکه‌ره‌ پێ!

بۆر، کۆما یان وێرگوڵ (،)

نیشانه‌یه‌که‌ بۆ پشوویه‌کی کورت، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕسته‌ی دوور و درێژدا، بۆ ئه‌وه‌ی مانا و مه‌به‌ست به‌ ڕوونی بگەیێنرێت. هه‌روه‌ها بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و وشه‌ هاوبابه‌تانه‌ی له‌ دووی یه‌ک دێن، بۆ نموونه‌:

که‌ من هاتم، ئێوه‌ ڕۆیشتبوون. 

هه‌ولێر، مه‌هاباد، ئامه‌د، سنه‌ و قامیشلو، شارگه‌لی کوردستانن.

خاڵبۆر (؛)

نیشانه‌یه‌که‌ بۆ پشوویه‌کی درێژتر له‌ بۆر، به‌ تایبه‌تی له‌ نێوان ئه‌و ڕستانه‌دا که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ نموونه‌:

ئه‌مڕۆکه‌ زۆربه‌ی منداڵانی کوردی سوێد، زمانی کوردی ده‌خوێنن؛ هه‌رچه‌نده‌ کاتەکەی لە بار نییە و کەمیشە.

جووتخاڵ (:)

نیشانه‌یه‌که‌ له‌ پێش گێڕانه‌وه‌، گوتن یان ڕوونکردنه‌وه‌ به‌ کار ده‌هێنرێت، وه‌ک:

مامۆستاکه‌ گوتی: ئه‌مڕۆ چیرۆکی مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانی ده‌خوێنینه‌وه‌.

داری به‌ردار له‌ کوردستان زۆرن، وه‌ک: سێو، هه‌نجیر، هه‌ڵووژه‌، به‌هێ، هه‌رمێ، هه‌نار، گوێز و هی تریش.  

که‌وانه‌ی گه‌وره‌ ()

نیشانه‌یه‌که‌ بۆ وشه‌یه‌ک یان ڕسته‌یه‌ک که‌ مانایه‌کی تایبه‌تیی هه‌بێت، هه‌روه‌ها بۆ هاومانای وشه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر وا بزانرێت وشه‌که‌ سه‌خته‌ و خوێنه‌ر لێی تێناگات، یانیش بۆ لێکدانه‌وه‌ی وشه‌ی بیانی، دیسانه‌وه‌ش بۆ ده‌ستنیشانکردنی ساڵی ده‌ستپێکرن و کۆتایی، وه‌ک:

کاوه‌ی ئاسنگه‌ر سه‌ری زوحاک (ئه‌ژدیهاک)ی پان کرده‌وه‌.

شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م (1914 – 1918)

جووتکه‌وانه‌ی بچووک « »

نیشانه‌یه‌که‌ بۆ گرنگیپێدان به‌ وشه‌یه‌ک یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ک یان گێڕانه‌وه‌ی قسه‌یه‌ک به‌ بێ ده‌ستکاری، وه‌ک:

ئه‌وه‌ی به‌ قه‌د سه‌ربه‌خۆیی کوردستان گرنگ بێت، زمانی «ستاندارد»ی کوردییه‌.

شێخ سه‌عیدی پیران گوتی: «ئاواته‌خوازم له‌سێداره‌دانم هانده‌رێک بێت بۆ به‌هێزبوون و سووربوونی نه‌وه‌کانی دواڕۆژی گه‌له‌که‌م، له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان. بێگومان ڕۆژیک دێت له‌م شوێنه‌دا و له ‌هه‌موو کوردستاندا ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبدرێت.»

سێ خاڵ (…)

ئه‌م نیشانه‌یه‌ له‌ بری وشه‌یه‌ک یان ڕسته‌یه‌ک که‌ مه‌به‌ست بێت بقرتێنرێت یان کورت بکرێته‌وه‌ یان وشه‌یه‌ک که‌ نامانه‌وێت بیڵێین، به‌ کار ده‌هێنرێت، وه‌ک:

زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستان: کرماشان، بانه‌، مه‌ریوان، دێرسم، عامودا، دهۆک، خا‌نه‌قی و … گه‌ڕاوم.

لاچۆ لێره‌ هه‌ی …

سوێد

ڕەنگە بە دڵت بن