د.ڕووخۆش غەریب
لە تێزی دکتۆراکەم بەناونیشانی (سایکۆلۆژی پیشەیی و ئامادەسازیی پیشەیی پەنابەران لە ھۆڵەندا)، بەشێک لە نامەکەم لێکۆڵینەوە بوو لەسەر ئەو بارە دەروونییەی پەنابەرێک لە سەرەتای ژیانی لە دیاسپۆرا، تووشی دەبێت.
دەتوانین بڵێین زەبر ڕووداوێکە کە دەرئەنجامی بێدەسەڵاتییە، کاتێک تاک ڕووبەڕووی کاردانەوە نەگونجاوەکان دەبێتەوە. ئەم ڕووداوە شڵەژانێک لە سیستەمی دەروونی دەوروژێنێت، دەکرێت کاتی بێت و دەشکرێت کاریگەریی ھەمیشەیی بەجێبھێڵێت کە ئەمەیان ڕێژە زۆرەکەیە.
زەبری لایەنی ئابووری، ناسراوە بە ھەڵچوونێکی زیاد لە وروژاندنی ھێز و توانای تاک لە خۆڕاگرتن، کە ئەمەش لێھاتوییەکی زۆری پێویستە بۆ خۆڕاگری و زاڵبوون بەسەر ئەم وروژاندنانە و ڕێکخستن و بەگەڕخستنیان لەزنجیرە پلانێکی کارو پیشەیی و ژیاندا.
رۆیشتنی مرۆڤ لە خاک و ژینگەکەی و ڕووکردنە جێگایەکی دی بە ناچاری و خۆنەویستانە، ڕووداوێکە دەبێتە ھۆی جۆرێک لە زەبر لە ژیانی کەسەکە، کە پێویستە لەسەری مامەڵەی لەگەڵ بکات و ڕووبەڕووی ببێتەوە.
ڕووداوەکە دەبێتە زەبرێکی خەفەبوون کە لە دواییدا کاریگەرییەکانی بەشێوازی وەهمی دەردەکەوێت، ئەمەش بریتی دەبێت لەو سیناریۆ خەیاڵییەی کە تاک تێیدا دەژی و بەردەوام لە هزریدا دەمێنێتەوە و لەبیر ناکرێت.

دیارە لەکەسێک بۆ کەسێک جیاواز و کەم و زۆر دەبێت. زنجیرە دوور و درێژە لەدەستدانە ماددی و مەعنەوییانەی وەک ماڵ و موڵک، پیشە، خاک، پەیوەندیەکان و ھتد.. کە پەنابەر تووشیان دەبێت، ھەمووی پێگەیەکی گرنگی دەروونی داگیر دەکەن و زنجیرەیەک لە کاریگەرییە شعوری و لاشعوریەکان دەھێننە بەرھەم. ئەمەش واتە بەھەدەردانی بڕێکی زۆر لە ھێز و توانا بۆ قبووڵکردنی ئەم ھەموو لەدەستدانانە (خەسارەت) کە دەبنە ھۆکارێکی سەرەکی بۆ دووبارە بناغەدانان و دەستپێکردنەوە. لەپاڵیشیدا و لە قوڵایی ناخیشدا، غەمبارییەکی ھەمیشەیی بۆ لەدەستدانی ھەموو ئەو شتانەی پەیوەستن بە ڕۆحی پەنابەر و ئالودەی سۆز و خوپێوەگرتنی
ساڵانێکی تەمەنی، دروست دەکەن.
دیارە پەنابەری جەنگ حاڵەتێکی قورستر و کاردانەوە و لێکەوتەکانی جیاوازتر و ئاڵۆزتر دەبێت کە بۆ خۆی بابەتێکی چڕ و دوور و درێژ ھەڵدەگرێت. ئێمە لێرە تەنھا بەکوورتی و گشتی ھەندێک دەرھاویشتەکانی پەنابەری باس دەکەین، دەنا باسەکە زۆر لەوە زیاتر ھەڵدەگرێت.
زەبری پەنابەری دەکرێت کاریگەرییەکەی لەسەر لایەنی دەروونی بمێنێتەوە، وەک نیشانەکانی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و (ھژیان)، واتە (تەشویش) شێواوی و کەم ھۆشیاری بە ژینگەی دەوروپشتەوە. ھەندێک جاریش ئەم زەبرە دەگوازرێتەوە بۆ جەستە و ئەندامەکانی لەشیش وەک تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و ئازاری جومگە و سەر و ھتد.. .
مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە شێوازی ھەڵسوکەوت و کەلتووری و شارستانییەوە، بابەتێکن دەبنە ھۆکاری ھەموو ھەڵچوون و داچوونە دەروونییەکانی پەنابەر. بۆ نموونە پەنابردن بۆ وڵاتیکی ڕۆژئاوایی، وا لە پەنابەر دەکات تووشی پێکدادانی تێگەیشتن لە بۆچوون و مانای زانستی و فەلسەفی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی ببێت. بەھاکان و مافەکان زۆر تایبەتن بە مرۆڤەوە، بۆیە کاتێک کە دەکەوێتە نێوان سۆز و شەوقی بۆ وڵاتی دایک و نۆستالیژیای ڕابردووی لەلایەک و ھەوڵدان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ واقعی ئێستای لەلایەک، (لەکاتێکدا تاکی ڕۆژئاوایی خۆی گرفتی خۆگونجاندن و پێڕاگەیشتنی ھەیە لەگەڵ ئەو ھەموو گۆڕانکارییە خێرا و زۆرە زاتییانە کە پێویست دەکات تێی بگەن و قبوڵی بکەن و کاری پێبکەن) ئەمەش واتە گۆڕینی پەیوەندی لەگەڵ زەمەن بەپێی خواستی کۆمەڵایەتی و پیشەیی.
لەکاتی لەدەستدانی وڵات، پەنابەر دەگەڕێت بە دوای کاتی ونبوو (وەک بەندۆڵێکی کاتژمێر) وھاتوچۆیەتی لەنێوان سۆزی ڕابردووی و ھەوڵدان بۆ خۆگونجاندن بەشێوازی نادروست, ھەتا قوناغی غەمبارییەکەشی تێنەپەڕێنێت، وەک کۆیلەی ئەم دۆخە دەمێنێتەوە و بابەتەکە بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات کە کات و بابەتە ونبووەکان بەھایان زیاتر ببێت.
لەبەرامبەر ئەم ڕاستی و واعیقە بێدەسەڵاتییەدا، دەکرێت پەنابەر ببێت بە نێچیری نەخۆشییە جەستەییەکانیش، بەتایبەتی ئەگەر ھەستی قبوڵنەکردن لەلایەن کۆمەڵگەی نوێوە زاڵبوو بەسەریدا، کە لە پێناویدا وەھمی زۆرەملێیی لە خۆی بکات بۆ ئەوەی کەسانی دەوروبەری نارەحەت نەکات بە (بۆچوون و خوو و ڕەوشتەکانی) و گرفتی بۆ دروست نەبێت. ئەمانەش لەکۆتاییدا تەقینەوەیەکی کێشە دەروونی و جەستەییەکان بەدوای خۆیدا دەھێنێت.
لێرەدا مێژوو و ئاستی ھۆشیاریی پەنابەر ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ دەبینن لە تێپەڕاندن و کارلێکەکانی لەگەڵ ئەم زەبر و ھەڵچوون و داچوونە سۆزدارییەی کەسەکە ڕووبەڕویان دەبێتەوە.
لایەنە ئابوورییەکەی کە مەبەستمان بوو لە توێژینەوەکەمدا تیشکی بخەمە سەر، ئەوەیە پەنابەری واتە لەدەستدانی ئەو پێگە کۆمەڵایەتی و پیشەییەی پەنابەر لە وڵاتی خۆی مەعیشەتی بۆ دابین دەکرد و ئێستا بەناچاری دەبێت سەرەتای ژیانی لە وڵاتی دووەم، پشت بەو ھاوکارییەی لەلایەن حکومەت یان دەستە و ڕێکخراوەوە بۆی دابین دەکرێت، ببەستێت. ئەمەش واتە لەدەستدانی سەربەخۆیی ئابووری و بەناچاری چاوەڕوانی وەرگرتنی ئەو یارمەتییە دیاریکراوەی تەنھا بە کەم و کورتی پێی بگوزەرێت. بەدڵنیاییشەوە ئەمە بۆ ماوەیەکی کاتییە و دەبێت بگەڕێت بەدوای ھەر کارێک بۆ ژیان.
کێشەکە لێرەوە قوڵتر دەبێت و پێکدادانەکە دروست دەبێت کاتێک پەنابەر ناتوانێت کارێک بدۆزێتەوە کە لە ئەزموونی پیشەیی خۆی بێت یان ھەر ھیچ نەبێت نزیک بێت لە تواناو شارەزاییەکەی خۆی و ژینگەی کاری پێشووی. لێرەدا شتێک دەردەکەوێت کە پێی دەگوترێت برینی نێرگرزی و زەحمەتی لە گونجاندندا، ھەروەھا دوودڵی لە کارێک کە تا ئەو کاتە بیریشی لێ نەکردبێتەوە. ئەو شێوازی کارکردنەی دەبێت پەیڕەوی بکات لە ژینگەی کاری نوێدا، پاڵنەریش دەبێت بۆ شێوازی نوێش لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی. ئەمەش دیارە زۆر جیاوازتر دەبێت لە ڕابردووی کەسەکە، کە بەناچاری دەبێت خۆی لەگەڵ بگونجێنێت. دیارە ئەمەش دەگۆڕێت
لە ژینگەی کارێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بە پێی خاڵە ھاوبەشەکانی ئەو گروپەی کاریان لەگەڵ دەکات وەک زمان، دین، مێژووی ھاوبەش یان پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێکچوو.
ئەوەش بەمانای ئەوە دێت کە ھەموو پێکھاتەی کەسێتیی خۆی تەنھا لە کارتێکدا دەبینێتەوە، کە بریتییە لە کارتی پەنابەر و کەمکردنەوە و بچووککردنەوەی مرۆڤایەتی مرۆڤە. کە ئەم کارتەی دەبێتە تەنھا مەرجەع و پاسپۆرتی سەفەری لەپاش لەدەستدانی زۆربەی پایە کەسی و ڕۆحییەکانی، زۆر جاریش ئەم کارتە تەنھا ژمارەیەک دەبێت لە زنجیرە ژمارەکان و ھیچیتر.
بەدڵنیایشەوە شوێن و ژینگەی ماڵیش بەشی خۆی کار و کاریگەریی گەورەی ھەیە کە دەکرێت توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. بارودۆخی ژیان کە دەکرێت بەزۆری سەخت بێت و
سەرچاوەیەک بێت بۆ خوڵقاندنی ھەستی ھەڵچوون و ڕق و کیناوی لە ناخی پەنابەردا. یان ھەستکردن بە پەراوێزخراویی قێزەوەنی، ھەمیشە ئارەزووکردن بۆ بەدەستھێنانی مافەخوراوەکانی.
لەڕاستیدا ئەمە زۆر بەکوورتی سەرنجێکە لە بابەتێکی زۆر قوڵ و کاریگەر, کە لە نامەی دکتۆراکەم بەشێکی زۆری داگیر کردووە و دەکرێت دەیان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. بەباشمزانی ئەگەر بە سەرنجێکی بچووکیش بێت تیشک بخەمە سەر ئەم بابەتە، چونکە ئەم کێشەیە ھەموو ئەو پەنابەرانە لە نێوان ساڵانی حەفتاکان و نەوەدەکان کۆچی زۆرەملێیان کردبوو بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، زیاتر لەم گرفتانە تێدەگەن.
دیارە دابڕانی زۆر و نەبوونی ھیچ ئامڕازێکی پەیوەندیی ئاسان وەک ئێستا، ھێندەی دی بارەکەیانی گرانتر کردبوو، ئەوەی دەمەوێت ئیشارەتی پێ بدەم ئەو بابەتەی کپکردنەی سەرەتای باسەکەمە کە زۆربەی ئەوانەی دوای دەیان ساڵ لە غەریبی و پاش تەواوکردنی ھەموو ئەرکەکانیان و قۆناغەکانی منداڵ پەروەردەکردن و خۆدامەزراندن و کارکردنی زۆر، ئێستا کە دەگەڕێنەوە وڵات ھەندێک نەخۆشی جەستەیی یان دەروونییان لێدەردەکەوێت کە زۆر جار جێگەی پرسیارە بۆ وا لەناکاو ھەست بەو ناساغییە دەکەن؟
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، زۆربەی ئەو نەساغبوونانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خەفەکردنە ھەستی و دەروونییەی سەرەتای پەنابەری، کە زانستییانە بە (زەبری پەنابەری) ناودەبرێت و ھەڵگیراوە بۆ ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ژیانەی لێی دابڕابوون. دیارە ئەمەش قسە و باسی زۆر ھەڵدەگرێت کە لێرەدا ناتوانم دوور و درێژتر لەسەری بدوێم.
بەو ھیوایەی نەوەی نوێ کە ڕوو لە پەنابەری و دیاسپۆڕا دەکەن، بتوانن باشتر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن تا دواڕۆژ کەمتر بناڵێنن بەدەست لێکەوتەکانی ئەو گۆڕانکارییانە.