هاوار بازيان
له‌گه‌ڵ بیستن و بینینی ده‌سته‌واژه‌ی “خه‌بات و كوردایه‌تی”، یه‌كسه‌ر هزرت بۆ چه‌ك و چیا و شۆڕش و به‌گژداچوونه‌وه‌ی دوژمن له‌سه‌ر خاكی كوردستان، ده‌چێ. ره‌نگه نامۆ بێ كاتێك ئه‌م چه‌مكه سیاسییه پیرۆزه تێكه‌ڵ به باسی “كورد و تاراوگه” ده‌بێ كه به هه‌زاران كیلۆمه‌تر له خاكی پیرۆزه‌وه دووره. باسه‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه، ئێمه كه به‌هه‌ر هۆكارێك له نیشتمانی جوان و نه‌ته‌وه‌ی ماندووی خۆمان دوور كهوتووینهوه و به ره‌وه‌ندی كوردستانی و دووره‌وڵات ده‌ناسرێین، به‌ڵام نابێته بیانووی ئه‌وه‌ی خۆمان له ئه‌ركی كوردبوون و كوردایه‌تی بدزینه‌وه.
لێره‌دا به‌كورتی و ریزبه‌ندییه‌كی روون ئاماژه به 10 ئه‌ركی ساده به‌ڵام گرینگ و ستراتیژی بۆ هه‌ر كوردێكی ره‌سه‌ن ده‌كه‌ین كه تووشی ژیانی دیاسپۆرا بووه و به ره‌وه‌ندی كوردستانی ئه‌ژمار دەکرێ.
1. نوێنه‌رایه‌تيی كورد بكه‌ين
سه‌ره‌كیترین ئه‌ركی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه ره‌وه‌ند و په‌ڕیوه‌ی وڵاتانی دیكه‌ی دنیا بووه، ئه‌وه‌یه به سه‌ری به‌رزه‌وه خۆیان به نوێنه‌ری خاك و نه‌ته‌وه و مێژووی خۆیان بزانن. بۆ نموونه هیندی و چینييهكان له ئه‌مریكا.
نموونه‌ی ساده ده‌توانین باسی كورد له بەریتانیا یان ئه‌مریكا بكه‌ین كه ده‌توانن به‌چالاكی و لۆبیگه‌ریی سیاسی، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد بپارێزن و سوود له هێزی سیاسیی ناوه‌نده‌كانی له‌نده‌ن و واشنتۆن وه‌ربگرن كه به جه‌مسه‌ری گرنگ بۆ پرسه‌كان له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، داده‌نرێن. ده‌ستگه‌یشتن به سیاسه‌تمه‌داران، هۆشیاركردنه‌وه‌ی بژاره (نوخبه‌كان) و رای گشتیی وڵاتان و نزیكبوونه‌وه له كاربه‌ده‌ستانی وڵاتان له ئه‌ركه هه‌ره گرنگه‌كانی ئێمه‌ی ره‌وه‌ندی كوردستانییه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌م یان زۆر له به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاره‌كان دروست بكه‌ین.
2. پاڵپشتیی ئابووری و وەبەرهێنان
تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرنگی ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردی تێدا ره‌وه‌نده، پێشكه‌وتنی ئابووری و لایه‌نی به‌هێزی دارایی و بازرگانییه. كورد ده‌توانێ و ده‌رفه‌تی گواستنه‌وه‌ی نموونه‌ی سه‌ركه‌وتووی ئابووری و پیشه‌سازی ئه‌و وڵاتانه‌ی له چه‌ند قۆناخێكدا چ وه‌ك تاكه‌كه‌سی یان له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی گه‌وره‌تر بۆ كوردستان هه‌یه. نموونه‌یه‌كی به‌رده‌ست ده‌كرێ ئه‌وه‌بێ ده‌رفه‌تی ناو پیشه‌سازییه‌كانی وه‌ك ده‌رمانسازی و ئهلێكترۆنیكردنی حكوومه‌ت له وڵاتانی رۆژئاوایی بدۆزینه‌وه كه كورد تێیدا تازه‌یه و دواتر له رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كان یان ته‌نانه‌ت كۆمپانیایه‌كی بواره‌كه بۆ هه‌رێمی كوردستانی بگوازینه‌وه. ئه‌وه جگه له ده‌ستكه‌وتی ئابووری، گه‌شه‌یه‌كی باش به‌لایه‌نی زانستی و ته‌ندروستیی كورد و وڵاته‌كه‌ی ده‌دا. كاری له‌و شێوه‌یه كراوه و ده‌بینرێ، به‌ڵام له ئاستی كورد و پێداویستییه‌كانیدا نییه.
3. ئه‌ركی رۆشنبیری
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به زمان و فه‌رهه‌نگ و باری كولتووریی خۆی ده‌ناسرێته‌وه یان ده‌توێته‌وه. لایه‌نی رۆشنبیری بۆ ره‌وه‌ندی كوردی له پرسه هه‌ره گرنگ و هه‌ستیاره‌كانه كه پاراستنی زمان و پێشخستنی باری رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌ست ده‌گرێته‌وه. پێویسته و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ر كوردێكی ره‌وه‌نده به‌شداری له هه‌ر چالاكییه‌كدا بكا كه خزمه‌ت به زمانی كوردی و لایه‌نی رۆشنبیریی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ده‌كا. ئه‌وه‌یان ده‌كرێ له چوارچێوه‌ی بۆ نموونه ئه‌ركی په‌روه‌رده و فێركردنی زمانی كوردی بۆ منداڵان، ئاشناكردنی نه‌وه‌ی تازه له ده‌ره‌وه به بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و مێژووییەکانی كورد بێ. ئه‌ركێكی گرنگ و پیرۆزه منداڵانی خۆمان فێر بكه‌ین كه نه‌ورۆزی كوردان هێنده‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی زایینی گرنگه بێ ئه‌وه‌ی له به‌های هیچ كامیان كه‌م بكه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر منداڵێكی كورد و له ته‌مه‌نێكی شیاودا كه سه‌ردانی كوردستان ده‌كا نه‌توانێ نووسراوه كوردییه‌كانی فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بخوێنێته‌وه، هێنده‌ی زوڵمه له‌و منداڵه بێ تاوانه، دوو هێنده كه‌مته‌رخه‌میی دایك و باوان و سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و منداڵه‌یه. یان ئه‌گه‌ر له قوتابخانه پرسیاری ئه‌وه‌ی لێكرا نه‌ورۆز چییه، پێویسته منداڵی كورد كه فێری قسه‌كردن و نووسینێك بووه بزانێ به‌كورتی وه‌ڵام بداته‌وه “نه‌ورۆز، ره‌مزی كوردانه”.
له پاڵ ئه‌مانه په‌ره‌پێدانی لایه‌نی هونەری هه‌ر له بەرهەمهێنان و چالاكییه‌كانی بواری سینه‌ما، مۆسیقا، ئەدەب، و جۆرەکانی تری هونەر تا بتوانین له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانی تردا ده‌نگ و ره‌نگی زه‌نگینی كورد بین.
4. كاری رێكخراوه‌یی و چالاكیی کۆمەڵایەتی
دامەزراندنی ناوەند و ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و کۆمەڵایەتی له روانگه‌ی هێزی ره‌وه‌ندی كوردستانییه‌وه لایه‌نێكی گرنگه. ئه‌گه‌ریش دامه‌زراندنی رێكخراو و ناوه‌ند كارێكی ئاسان نه‌بێ و كێشه‌ی ته‌كنیكیی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێ، ئه‌وه ئاسانه تاكی ره‌وه‌ند نزیكبێته‌وه له‌و دامه‌زراوانه‌ی ئاراسته‌ی پاراستنی كورد و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له هه‌ر بوارێكی پێوه‌ست به كورد وه‌ك نه‌ته‌وه هه‌یه. نموونه‌ی ساده‌ی ئه‌و به‌شه ده‌كرێ خاوه‌ندارێتیكردنی ئێمه‌بێ له‌و تۆڕ و رێكخراوانه‌ی له وڵاتانی جۆراوجۆر له بواره جیاكاندا كار بۆ كورد ده‌كه‌ن. هه‌ر له گرووپێكی بچووكی وه‌رزشی یان رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی له شار و گه‌ڕه‌كێك تا ده‌گاته ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌كانی كوردی له زۆربه‌ی وڵاتانی ره‌وه‌ندی كوردستانی تێدا نیشته‌جێیه. ئه‌مه ئه‌ركێكی بچووك به‌ڵام تا بڵێی گرنگه.
5. سوودوه‌رگرتن له زانستی وڵاتان
ئه‌سته‌م نییه بۆ كورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات كار له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی خۆی وه‌ك كوردێك بكا و دواتر له رێگه‌ی خۆیه‌وه زانست و شاره‌زایی بۆ كورد له ده‌ره‌وه یان كوردستان بگوازێته‌وه. ئێمه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ره‌وه‌ندی كوردستانیش نه‌بین، پێویسته له پێگه‌یاندنی خۆمان و گونجان له‌گه‌ڵ ئه‌و زانست و پێشكه‌وتنه‌ی هه‌یه له رووی هێزی مرۆیییه‌وه خۆمان به‌هێزتر بكه‌ین. گرنگیی ئه‌م پرسه لێره‌دا زیاتر له‌وه‌دایه ئێمه‌ی كورد ده‌رفه‌تێكی زۆرمان له‌ده‌ست چووه و پێویسته سه‌ره‌تا بۆ خۆمان وه‌ك تاكه‌كه‌س و دواتر بۆ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی تێنوو هه‌وڵی گه‌یشتن به شاره‌زایی ته‌كنیكی و زانستی سه‌رده‌م بده‌ین.
6. ڕاگەیاندن
كه‌س وه‌ك كورد خۆی ناتوانێ باسی خۆی بكا به‌تایبه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه ره‌نگه نه‌یارانی كوردیش كاری زۆریان له‌سه‌ر گۆڕین و ده‌ستكاریی دیمه‌نی كورد له ئێستا و رابردووش‌دا كردبێ. بوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئامرازێكی گرنگ و پێویستن بۆ ئه‌وه‌ی دوو ئه‌ركی به‌ڕێوه ببه‌ن.
ئێستا كه ئه‌م دێڕانه ده‌نووسم یادی 10 ساڵه‌ی قاره‌مانێتیی ئازادكردنی مه‌خموور و گوێڕه كه به یه‌كه‌م شكستی داعش له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان داده‌نرێ. ئه‌ركی ئێمه‌یه له هه‌ر رێگه‌یه‌كی میدیایییه‌وه بێ ئه‌م نه‌به‌رده به‌رز رابگرین و هاوكات راستییه‌كیش به دنیا بڵێین كه له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی دژی داعش (2014) كه دنیا بیری له راگرتنی داعش ده‌كرده‌وه، ئه‌وه پێشمه‌رگه‌ی كورد بوو زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر دووجای له‌ده‌ست داعش رزگار كرد كه ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوو. ئه‌وه هه‌ر نموونه‌یه‌ك بوو كه ده‌كرێ له رێگه‌ی چالاكییه‌كانی راگه‌یاندن، ته‌نانه‌ت ئه‌كاونت و هه‌ژماره‌كانی تایبه‌تی خۆمان و به‌زمانی وڵاتانی تێیدا نیشته‌جێین باسی ئه‌و رووداوه بكه‌ین كه له روانگه‌ی منه‌وه هیچی كه‌متر نییه له نه‌به‌ردیی نۆرماندی له شه‌ڕی دووه‌می جیهانی كه یه‌كه‌م شكستی نازییه‌كانی ئه‌ڵمانی (ساڵی 1944) له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بوو. كورد زۆر ئاسان ده‌توانێ له رێگه‌ی ئامرازی راگه‌یاندنه‌وه نه‌ته‌وه‌كه‌ی به قاره‌مان و له‌ریزی پێشه‌وه‌ی پاراستنی ژیانی ئازاد نیشان بدا و له‌و رێگه‌وه به‌ها و قورسایی سیاسیی خۆی به‌رز بكاته‌وه تا بتوانێ كار له‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی بڕیار له ده‌ره‌وه بكا.
7. بواری یاسایی
ئه‌و وڵاتانه‌ی كورد وه‌ك ره‌وه‌ند تێیدا گیرساوه‌ته‌وه هه‌مان ئه‌و وڵاتانه‌ن كه راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به مێژوو و چاره‌نووسی گه‌لی كورده‌وه هه‌یه. هاوكات به‌پێی به‌رقه‌رابوونی دیموكراسی له‌و وڵاتانه هه‌لی ئه‌وه‌ش ره‌خساوه ده‌رفه‌ته‌كانی یاسایی و دامه‌زراوه‌یی بدۆزینه‌وه تا له‌و رێگه‌وه كورد ده‌نگی هه‌ڵبڕێ . بۆ كورد له ده‌ره‌وه هیچ ئه‌سته‌م نییه خۆی ده‌زگایه‌كی یاسایی دابمه‌زرێنێ یان لانیكه‌م له‌گه‌ڵ ده‌زگا یاسایییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی كار بكا و هه‌وڵی ئه‌وه بدا ئه‌وه‌ی به‌سه‌ری هاتووه بیخاته خزمه‌ت ئه‌وه‌ی له داهاتوودا پارێزراو بێ و تووشی نه‌بیته‌وه. ئه‌گه‌ر كورد تا ئێستا نه‌یتوانیوه بۆ دۆزی خۆی سوودی یاسایی له كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه، ئه‌نفال و شنگال له باشوور، روبۆسكێ له باكور، عه‌فرین له رۆژئاوا و رووداوه‌كانی قارنێ له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ربگرێ، ئه‌وه به‌هۆی لاوازبوونیه‌تی له گه‌یاندنی قه‌باره‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه به دنیای ده‌ره‌وه.
8. هاوکاريی مرۆیی
كورد به‌به‌راود له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تری ده‌وروبه‌ری زیاتر له هه‌مووان تووشی كاره‌ساتی جۆراوجۆر هاتووه كه له زۆربه‌یان پێویستی به هاوكاریی به‌په‌له بووه. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك تورك له‌كاتی بوومەلهرهزه پێویستی به یارمه‌تییه، یان فارس له كاتی لافاوی به‌ربڵاو چاوی له هاوكارییه، ئه‌وه بۆ كورد لایه‌نی سیاسی و راونانیش هه‌یه. كاتێك هێرش ده‌كرێته سه‌ر رۆژئاوای كوردستان یان مووشه‌كبارانی شوێنی مانه‌وه‌ی كوردانی نه‌یاری كۆماری ئیسلامی له باشوور، ده‌كرێ، ئه‌وه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه له‌و كاته‌دا پێویستی به هاوكارییه. ئه‌و ئه‌ركه هێنده‌ی بۆ كورد سیاسییه، زیاتر ئه‌خلاقییه و دڵی كورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌بێ له‌سه‌ر ئازاره‌كانی هه‌ر كوردێك لێ بدا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌كیترین ئه‌ركی خۆی وه‌ك مرۆڤێكی كورد، به‌جێ بگه‌یه‌نێ.
ئه‌و به‌شه‌یان پێویستی به رێكخستن هه‌یه تا ره‌وه‌ندی كوردستانی بتوانێ له كاتی پێویست هاوكاری كۆ بكاته‌وه و ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی كار له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و ده‌زگاكانی دیكه‌ی تایبه‌ت به هاوكارییه مرۆیییهكان بكات كه كارێكی سه‌خت نییه و ئیراده و پلانی پێویسته.
9. توێژینەوە و زانیاری
له سه‌رده‌می ئێمه‌دا، پاراستنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستی زانست و زانیارییه. كورد زیاتر له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر پێویستی به‌وه هه‌یه له رووی زانستییه‌وه رووداوه‌كان بناسێ و بزانێ بۆ روو ده‌ده‌ن؟ ده‌بێ چی بكا بۆ ئه‌وه‌ی له‌و بازنه تاریكه دهربازیبێ كه نه‌یار و دوژمنانی به‌سه‌ریاندا سه‌پاندووه؟
نموونه‌یه‌كی ساده‌ش بۆ ئه‌و به‌شه ئه‌وه‌یه، جووه‌كان ئه‌گه‌ر توانیان به‌رامبه‌ر دنیا بوه‌ستن و دواتریش خۆیان به‌سه‌ر زلهێزانێكی وه‌ك ئه‌مریكا، بەریتانیا و ته‌نانه‌ت چین و رووسیا و 22 وڵاتی عه‌ره‌بی و نزیكه‌ى 2 ملیار مسوڵماندا بسه‌پێنن، هێزی ئابووری و ئیراده‌یان بوو له‌وه‌ی دنیا و یاسای یارییه‌كان بزانن! ده‌ستیان كرد به هه‌ڵسوكه‌وتی زانستی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كان و رووداوه‌كانی به‌سه‌ریان هاتوو و له‌سه‌ر بنه‌مای هێز و زانیاری و هه‌ڵسه‌نگاندن، پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی له‌پێناو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان به‌سه‌ركه‌وتوویی سه‌رخست.
كورد له ده‌ره‌وه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه بتوانێ ده‌رچه‌ی زانستی بۆ خۆی و دۆزه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه و به‌ڵگه و رێكاری زانستیی پێشكەشی ئه‌وانه بكا کە بڕیاری سیاسی له چاره‌نووسی كورد ده‌ده‌ن. ئه‌ركی ئه‌و به‌شه پەیوه‌ندییه‌كی قووڵی به لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه له پرسه‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی كورد له ده‌ره‌وه و ناوخۆ هه‌یه. هاوكات ده‌رفه‌تی كاری تازه و كاریگه‌ری تێدا زۆره هه‌ر له كۆكردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی زانیاری به‌شێوه‌یه‌ك كه ناوه‌ندی بڕیاری كورد بتوانێ پشتی پێ ببه‌ستێ.
10. یه‌كخستنی نه‌ته‌وه‌یی
پێناسه‌ی كورد وه‌ك ره‌وه‌ندی كوردستانی، سه‌رجه‌م كوردان له هه‌ر پارچه و ناوچه‌یه‌كی كوردستان له تاراوگه ده‌گرێته‌وه و تایبه‌ت نییه به‌وانه‌ی له كۆنفدراسیۆنی ره‌وه‌ندی كوردستانی ئه‌ندامن یان سه‌ر به حزبی جیاوازن. ئه‌ركی ژماره 10 به قه‌د هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشووتری گرنگه و پێویسته وه‌ك كورد خۆمان سنووردار نه‌كه‌ین به بۆچوونێكی سیاسیی تایبه‌ت یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی بچووكی سیاسی. هه‌روه‌ك چۆن له روانگه‌ی خه‌ڵك و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاتانه‌ی لێیان گیرساوینه‌ته‌وه هه‌موومان وه‌ك پێكهاته‌ی كورد و به نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌بینن، پێویسته لێی فێر بین و ئێمه‌ش وه‌ك نوێنه‌ری هه‌موو كوردان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین. ئاسان نییه به‌ڵام پێویسته!
ئه‌م 10 ئه‌ركه ئه‌وه‌نده‌ی به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌ی كوردانی ره‌وه‌نده، 10 هێنده گرنگ و پێویستن بۆ ئه‌و وڵات و نه‌ته‌وه‌ی لێی دوورین و به‌هیوای سه‌ربه‌رزی و سه‌ربه‌ستییه‌وه ده‌ژین.