دیداری ئەدەبی
خالید مەجید فەرەج… یاساناسێك لەناو شیعر و وەرگێڕاندا
”بۆ نووسین، پێویستمان بە پاشخانێكی ڕۆشنبیریی درێژخایەن هەیە“
خالید مەجید فەرەج، ناوێكی ئاشنایە بە دونیای نووسین و وەرگێڕان و شیعری كوردی و چەندین بەرهەمی چاپكراوی هەیە، چ ئەوانەی خۆی نووسیویەتی، یان ئەوانەی لە زمانی دیكەوە وەریگێڕاونەتە سەر زمانی كوردی و پێشكەش بە كتێبخانەی كوردی و خوێنەری كوردی كردوون.
لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری (ڕەوەند)، شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ، خالید مەجید فەرەج، تیشكی خستە سەر پاشخانی ڕۆشنبیریی درێژخایەن بۆ نووسەران و گوتی: ”نووسین لە بوارە جیاجیاکاندا کارێکی ئاسان نییە، چونکە پێویستی بە فرەڕەهەندی و پاشخانێکی ڕۆشنبیریی درێژخایەن هەیە، جگە لە شارەزابوون لە میتۆدەکانی گەڕان و لێکۆڵینەوە و وەرگرتن لە سەرچاوەکان و بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی دروست. ئەو پاشخانەش بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ دروست نابێت، بەڵکوو پرۆسەیەکی دوورمەودا و کەڵەکەبوونی مەعریفەیە، جگە لە خوێندن. مەسەلەی ڕۆشنبیربوونیش کارێکی ئاسان نییە و هەموو کەس دەستی پێ ناگات، واتا دەبێت ئەو کەسە مێشکی بۆ وەرگرتنی زانیاری و شیکردنەوەیان ئامادە بێت. ڕەنگە خەڵکانێک هەبن کتێبگەلێک بخوێننەوە، بەڵام نەتوانن بگەنە ئەو ئاستەی کە پێی دەڵێن ڕۆشنبیر. هەر لێرەوە هەوڵم داوە ئەو فرەڕەهەندییە ڕۆشنبیرییەم لە نووسینەکانم، چ کتێب بێت یان لێکۆڵینەوە، ڕەنگ بداتەوە. بۆ نموونە، لە بواری فەلسەفە و سۆفیگەری و مێژوو و ئەدەب و مۆسیقا و سیاسەت، وەکوو تیۆری و یاسا نووسینم هەیە، ئەوەی کە من دەمەوێت پێی بگەم ئەوەیە، سەرنجی خوێنەری کورد بۆ لای ئەو بابەتە ڕابکێشم، کە بەبێ ئەوانە ناتوانین مرۆڤێکی ڕۆشنبیر ئامادە و پڕ مەعریفە بکەین.“
هەر سەبارەت بە دونیای نووسین و ئامادەیی و خۆتەرخانكردنی نووسەر بۆ ئەو ئەركە، خالید مەجید دەڵێت: ”ئەگەر وەک جیهانی نووسین سەیری پرۆسەکە بکەین، نووسەر دەبێت دوور بێت لە دەستکەوتە دنیاییەکان و تەواو خۆی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکات، بۆ نموونە، من هەموو ڕۆژێک لە پێنجی بەیانییەوە دەست بە نووسین دەکەم، بێگومان چەند ناوبڕێکی تێدەکەوێت، بەڵام بەگشتی هەموو ڕۆژێک تا نزیکەی یازدەی شەو بەردەوام دەبم، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی دەستکەوتێک بم.“
هەرچی سەبارەت بە دونیای فراوانی وەرگێڕانە، كە ئەو ئەسپی خۆی لەو بوارەدا تاو داوە و بەرهەمی پێشكەش كتێبخانەی كوردی كردووە، پێی وایە دەبێ وەرگێڕ خۆی نووسەر و زمانزانێكی باشیش بێت و دەڵێ: ”وەرگێڕان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و بنەڕەتیی دەبینێت لە گواستنەوەی زانیاری و مەعریفە ئینسانییەکان لەنێوان گەلاندا، بەبێ وەرگێڕان ناتوانین ئاستی خۆمان و ئاستی خەڵکی دیکەی دنیا لە بوارەکانی فیکر و زانست و ئەدەب و هونەر و سەرجەم کایە مەعیریفییەکانی دیکە بزانین و ئاڵوگۆڕ بکەین.
دەکرێت بڵێین وەرگێڕان لەڕووی واتاوە دەکاتە گواستنەوەی قسە یان نووسین لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، بەجۆرێک، کە خوێنەران لە واتا و مەبەستەکەی بگەن. وەرگێڕان لە هەموو زمانێکدا هەمان واتا و ئەرکی هەیە، کە دەکاتە گواستنەوەی دەقێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە.
شیشرون، نووسەر و فەیلەسووفی بەناوبانگی ڕۆمانی، لە کتێبەکەیدا بەناوی (دەربارەی هونەری گوتار) دەڵێت: (نابێت وەرگێڕان وشە بە وشە بێت)، وەکوو دەڵێن نابێت وەرگێڕانی حەرفی بێت، گوتاربێژەکەی ڕۆمان ئەرکی وەرگێڕ بە ئەرکی هونەرمەند دەشوبهێنێت. جۆن درایدن، شاعیر و وەرگێڕی ئینگلیز، پرۆسەی وەرگێڕان بە تێکەڵەیەکی نەرم دەشوبهێنێت لەنێوان دوو شێواز لە دەربڕین، لە کاتی هەڵبژاردنی وشە بەرامبەرەکان، یان هاوواتاکاندا، کە لە دەقە ئەسڵییەکەدا بەکار هاتوون، بۆ دەقە وەرگێڕدراوەکە.
لەوانەش گرنگتر، وەرگێڕ سەرەڕای زانینی زمانەکان بە باشی، دەبێت ئەوەندە بەسەریاندا زاڵ بێت و بتوانێت پێیشیان بنووسێت، ئەوکاتە دەتوانێت وەرگێڕانێکی باش بۆ ئەو دەقە بکات. لای ئێمەی کورد زۆر جار ئەوانەی دەست دەدەنە کاری وەرگێڕان ئەوانەن، کە نەیانتوانیوە ببنە نووسەر و دەڵێن بۆچی کاری وەرگێڕان نەکەین؟ ئەوەی نەزانێت یان نەتوانێت دەقێک بنووسێت، چۆن دەتوانێت ئەو دەقە وەرگێڕدراوە جارێکی دی بۆ ئەو زمانە دابڕێژێتەوە، کە بۆی وەری گێڕاوە؟ ئەوە پرۆسەیەکی یەگجار قورسە، چونکە تایبەتمەندیی زمانەکان لەڕووی ڕێزمان و دەربڕینیشەوە جیاوازن، بۆیە ئەوەی خۆی لەبنچینەدا نووسەر نەبێت، نابێت دەست بۆ کاری وەرگێڕان ببات.
ئەو بوارانەی کە من وەرگێڕانم تێدا کردوون، تایبەتن بە فیکر بەگشتی، وەک مێژوو و سیاسەت و کولتوور و هەروەها فەلسەفە و ئایین، تاوەکوو ئێستا نزیکەی سی کتێبم چاپ کراون یان ئامادەن بۆ چاپ، کە بەشێکیان لە نووسینی خۆمن.“
”شیعر بە باكگراوندی رۆشنبیری، بەهرە و زمان، دەبێت بە شیعر“
خالید مەجید فەرەج هەرچی سەبارەت بە بواری شیعرە، پێی وایە شیعر دەبێ سەراپا داهێنان بێ و لە هیچ بەرهەمێكی پێش خۆی نەچێ، ئەو لە وەڵامی پرسیارەكەی (ڕەوەند)دا گوتی: ”ساڵانێکی زۆرە شیعر دەنووسم، بەڵام کەم دەنووسم، چونکە شیعر وەکوو هیچ بابەتێکی دیکەی ئەدەبی نییە، دەبێت سەد دەر سەد داهێنان بێت، نە لە بەرهەمی شاعیری دیکە بچێت و نە خۆشت دووبارەی بکەیتەوە، دیوانەکەم کۆ کردووەتەوە و بەم دواییانە بە چاپیشم گەیاند. من شیعرم بەتایبەت بۆ گۆرانی نەنووسیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی شیعرەکان ناوەرۆکیان جوانە و مۆسیقا و ڕیتمیان بەهێزە، هەندێ لە گۆرانیبێژان بێ ئەوەی پرسیان بە خۆیشم کردبێت بردوویانە، دوای ئەوەی ئاوازیان بۆ داناوە ئینجا پێیان گوتووم.“
ئەم شاعیرە پێی وایە جگە لە پشتقایمبوونی نووسەران و شاعیران بە باكگراوندی ڕۆشنبیری، هەر دەبێ بەهرەیان هەبێ و بێ بەهرە كەس ناتوانێ تەنز، شیعر، چیرۆك، یان هەر ژانرێكی دیكەی ئەدەبی بنووسێ و دەڵێت: ”سەرەتا باسم لە فرەڕەهەندیی ڕۆشنبیری کرد، کە وا دەکات کەسێک بتوانێت زیاتر لە بوارێک بەسەر بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهرە پێویستە، چونکە بۆ نموونە لە بواری تەنزنووسیندا کە کتێبێکم هەیە، یان شیعر، ئەم دوو بوارە ڕاستە پێویستیان بە پشتێنە (باکگڕاوند)ێکی ڕۆشنبیریی باش هەیە، بەڵام بەبێ بەهرە کەس ناتوانێت ببێت بە تەنزنووس، یان ببێت بە شاعیر، چونکە ئەو دوو بوارە، کە بە نموونە هێناومن، فێربوونیان نییە، کەسێک بڵێت با بواری شیعر یان تەنزنووسی تاقی بکەمەوە، سەرکەوتوو نابێت.
ئەو بوارانەی کە من کارم لەسەر کردوون، بواری فیکرن بەگشتی، کە هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە خولیام بووە، کاتێک کە لەسەر مۆسیقا دەنووسم، بەدڵنیاییەوە دوای خوێندنەوەیەکی زۆر لەو بوارە ڕێگەم بە خۆم داوە لەسەری بنووسم، بەداخەوە کتێبخانەی کوردی لەو بوارانەدا زۆر کێماسیی هەیە، ئەوەی کە دەتوانێت ئەو ئەرکە بەجێ بێنێ، دەبێت دەستبەکار بێت، چونکە مخابن تاوەکوو ئەم دەمەش شیعر ناونیشانی ڕۆشنبیریی کوردەواریمانە. ئەوەی کە من دەمەوێت لەو بوارەدا بیکەم، گۆڕینی ئەو ئاراستەیە و دروستکردنی تاکێکی ڕۆشنبیرە، چونکە بەداخەوە کورد هیچ لە فەلسەفە و کوفر بەگشتی نازانێت. دەزگا فەرهەنگی و ڕاگەیاندنەکانمان ئاستی ڕۆشنبیری تێیاندا زۆر لاوازە. بەداخەوە نەیانتوانیوە بینەرێکی وریا دروست بکەن، بەڵکوو ئەوانیش لە دواکەوتنی بارە ڕۆشنبیرییەکەدا بەشدارن.“
خالید مەجید، كە خۆی بابەتگەلێكی لە بواری جیاجیا لە زمانی عەرەبی وەرگێڕاون و بڵاویشی كردوونەتەوە، پێی وایە نابێ پەلە لە وەرگێڕان بكەین و سەرەتا دەبێ بناغەكە بە نووسینی بەهێز و سەنگین دابمەزرێنین، ئەوجا كڕیار و خوازیار خۆی بەدوای ئەو بەرهەمە ڕسكاوانەدا دێن و وەریاندەگێڕنە سەر زمانەكانیان، ئەو ڕای وایە: ”ئێمە با پەلە لە وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبی و نووسینەکانمان نەکەین بۆ زمانەکانی بیانی، دەبێت جارێ کار بۆ دروستکردنی بەرهەمێکی ڕەسەنی بەهێز بکەین، ئەوجا میللەتان خۆیان بەبێ ئەوەی ئاگاداریش بین بەرهەمەکانمان بۆ سەر زمانەکانی خۆیان وەردەگێڕن. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، کە بەرهەمی فلان و فیسار بۆ سەر یەکێک لەو زمانانە وەرگێڕدراوە، ئەوە ڕۆژئاوا ئاگاداری نییە، وەرگێڕی کورد دەیکەن و بەهایەکی ئەوتۆی نییە.
دەکرێت نەقڵە فۆلکلۆرییەکانمان بەدەستی وەرگێڕی بەتوانا وەربگێڕدرێنە سەر زمانەکانی دیکە، ئەوە کاری دەزگا و دامەزراوەی تایبەتە و دەبێت حکوومەت یارمەتیدەری بێت.“

چەند وێستەگەیەك لە ژیانی خالید مەجید فەرەج
– ساڵی 1956 لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لەدایک بووە، قۆناغی سەرەتایی لە قوتانخانەی مەولەوی و ناوەندیی لە کانێسکان و ئامادەییشی لە هەڵکەوت خوێندووە، دواتر چووەتە بەغدا و بەشی یاسای لە کۆلێژی یاسا و ڕامیاری تەواو کردووە. ماوەیەک لە دادگای سلێمانی وەک فەرمانبەری داد کاری کردووە و لەدوای ڕاپەڕین وازی هێناوە و بووەتە پارێزەر و لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستانە و وەك رۆژنامەنووس و پێشكەشكاری بەرنامەش لە كەناڵەكاندا كاری كردووە.
– لە ساڵی 1996 لە بەلجیکا نیشتەجێیە و لە زانکۆی ئازاد لە لاهای بڕوانامەی ماستەری لە یاسا وەرگرتووە، تێزەکەی لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری بووە لەسەر تیۆری فیدرالیزم و جێبەجێکردنە جیاوازەکانی.
– دەیان كتێبی لە بواری شیعر، تەنز، سیاسەت و فیکر، یاسا، ئەدەب و هونەر نووسیوە و دەیانی دیكەی لە عەرەبییەوە وەرگێڕاونەتە سەر زمانی كوردی و چاپ و بڵاوی كردوونەتەوە.
– دیوانە شیعری چاپكراوی هەیە و چەندین هۆنراوەیشی ئاوازیان بۆ دانراوە و لەلایەن ژمارەیەك گۆرانیبێژی ناودار کراون بە گۆرانی. دەقی تازەی بۆ نزیکەی پازدە گۆرانیی فۆلکلۆری نووسیوە و بە مۆسیقا و ئەدای نوێوە تۆمار کراونەتەوە.
– گۆرانیی پێشەکیی یەکەم زنجیرە کارتۆنی کوردی دۆبلاجکراو بە کوردی (نێلز) و هەروەها مارشی زەردەشتییانی نووسیوە. هەروەها گۆرانی و سروودی بۆ کەرکووک و سلێمانی نووسیوە.
– ئێستا نیشتەجێی بەلجیكایە و پیشەی وەرگێڕی سوێنددراوی دادگایە بۆ زمانەکانی هۆڵەندی و کوردی و عەرەبی.
– ئەندامی یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و جیهانە.