شارەزایانی تەندروستی دڵ، 3 گۆڕانکاریان ئاشکرا کردووە کە دەتوانن ژیانتان ڕزگار بکەن، ئەگەر بەشێوەیەکی کاریگەرانە لەسەر شێوازی ژیانتان جێبەجێی بکەن.
شارەزایانی پەیمانگای توێژینەوەی دڵ ڤیکتۆر چانگ لە ئوسترالیا وتیان، کە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە گۆڕانکارییەکانی شێوازی ژیان، دەتوانن مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی لەسەدا 50 کەم بکەنەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆر لەوان ئاسانە بۆ جێبەجێ کردن.
خەوێکی باش
گەنجەکان بەلایەنی کەمەوە پێویستیان بە 7 بۆ 9 کاتژمێر خەوتن بۆ هەر شەوێک هەیە، بۆ ئەوەی دڵیان تەندروست بێت.
کۆمەڵەی دڵی ئەمەریکا تازە “خەوی تەندروست” ی وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ زیاد کردووە، لەگەڵ وازهێنان لە جگەرەکێشان، وەرزش کردن و خواردنی خۆراکی تەندروست.
پڕۆفیسۆر جاسۆن کۆڤاچیک، لە پەیمانگای ڤیکتۆر چانگ گوتی: “بەڵگەکان زۆر ڕوونن، سرووشتی کەم خەوی پەیوەندی بە نەخۆشی دڵەوە هەیە”.
کەمی خەوتن (کەمتر لە 7 کاتژمێر)، یا زۆر خەوتن (زیاتر لە 9 کاتژمێر بۆ کەسانی پێگەیشتوو)، مەترسی قەڵەوی و فشاری بەرزی خوێن و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و دەماریان زیاد دەکات.
گۆڕینی خوێ
شارەزایان پێشنیاریان کرد کە خوێی ئاسایی بگۆڕن بە خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم، چونکە کاریگەری زۆری لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێندا هەیە.
توێژینەوەیەک لەلایەن پەیمانگای جۆرج بۆ تەندروستی جیهانی، کەمکردنەوەیەکی گرینگی لە جەڵتەی دڵ و ڕێژەی مردن نیشان دا لەو کەسانەی، کە خوێی ئاساییان گۆڕیوە بە سۆدیۆمێکی کەم و پۆتاسیۆم، “خوێ جێگرەوەی خوێ”.
کۆڤاکیچ، وتیشی: “لە کاتێکدا زۆربەی ئەو خوێیەی دەیخۆین هەر لەو خواردنانەی دەیکڕین، هەر گۆڕانێک لە ماڵەوە دروست بکەین بۆ چێشتلێنانی ڕۆژانەمان، لەوانەیە یارمەتی پاراستنی پەستانی خوێن بدات لە مەودایەکی تەندروستدا”.
دکتۆری دڵ ئەمەی بە یەکێ لە ئاسانترین گۆڕانکارییەکان دانا، چونکە هیچ جیاوازییەکی ڕوون لە تامی نێوان خوێکاندا نییە.
تێبینی: گرینگە پێش گۆڕینی خوێ لەگەڵ پزیشکەکەت گفتوگۆ بکەیت، چونکە ئاستی بەرزی پۆتاسیۆم لە خوێنتدا دەکرێت مەترسیدار بێت بۆ ئەو کەسانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە، یا ئەوانەی دەرمانی دیاریکراو وەردەگرن بۆ بەرزی فشاری خوێن.
کۆلیسترۆڵی “خراپ”
شارەزایان لە مێژە هۆشدارییان داوە لە جۆری خراپی کۆلیسترۆڵ، کە پێی دەوترێت لیپۆپرۆتینی کەم چڕی، بەڵام جۆرێکی دیکە هەیە کە پێویستە خەڵک ئاگاداری و پشکنینیان بکات، کە پێی دەوترێت لیپۆپرۆتین.
لیپۆپرۆتینەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە گواستنەوەی تریگلیسیرید و کۆلیسترۆڵ لە پلازمای خوێندا.
لیپۆپرۆتین زیاتر پەیوەندی بە جینیاتەوە هەیە نەک بژاردەکانی ژیان، وە ئێستا بە هۆکاری نەخۆشییەکانی دڵ ناسراوە.
تاقیکردنەوەی خوێن دەتوانێت ئاستی کۆلیسترۆڵی بەرز نیشان بدا، بۆیە گرینگە بۆ هەر کەسێک کە مێژووی خێزانی نەخۆشی دڵیان هەبێت، یا هەر کەسێ کە لە تەمەنی منداڵیدا تووشی نەخۆشی دڵ، یا جەڵتەی بووە، ئەنجامی بدات.
تێبینی: ئەمە تاقیکردنەوەیەک نییە کە هەموو کەسێک بیگرێتە بەر، بەڵکو دەبێت بکرێت ئەگەر گومانی ئەوە بکەیت کە نەخۆشی دڵ لە خێزانەکەتدا وەک ویراسی هەیە، یا ئەگەر تۆ نێری خوار 55، یا ئافرەتێکی خوار 60 ساڵیت، کە نەخۆشی دڵ و دەروونیت هەیە.