ئامادەکردنی: سۆران حەسەن..سویسرا
لە ڕۆژی 15ی ئەم مانگە و لە شاری جنێف و لەنێو بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆنفرانسی ئاشتی و پێکەوەژیان بەسترا.
لەبارەی ڕا و بۆچونی کۆنفراس و ئامانج و دەرئەنجامەکانی، ڕاگەیاندنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، بە پێویستی زانی چەند دیدارێکی ڕۆژنامەوانەوانی ساز بکەن.
دیداری یەکەم لەگەڵ تەنیا کوردی، ئەندامی شاندی سەرۆکایەتی هەرێم، سەبارەت بە کۆنفراسکە، وتی: “کۆنفراسەکە زۆر باش بوو، خۆی باسکردنی کێشەی کورد لەناو بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ئێراق گرینگی خۆی هەیە”.
سەبارەت بەڕێژەی بەشداربوان، کوردی پێیوایە، بەشداری نزیکەی 50 ڕێکخراو و کەسایەتی سەرجەم پێکهاتەکان، بە نەتەوە و ئاین و ئایزاکان، کە بەشداربوون، بۆ یەک ئامانجە کە دەستووری ئێراق جێبەجێ بکرێت و، مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراوبێت.
لەمبارەوە، کوردی باسی ئەو پرانسیپانە دەکات، کە سەرۆک مەسعود بارزانی هەموو کات جەختی لەسەر دەکاتەوە، ئەویش (هاوسەنگی، هاوبەشی و لێکگەیشتن)ە، گەر ئەمانە جێبەجێ بکرێن، یەکەم هەنگاوە کە لەبەرژەوەندی تەواوی پێکهاتەکانی ئێراق دەبێت.
هەروەها سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و کورسی کۆتاکان، کە لەسەر ئاستی پێکهاتەی نەتەوەییە، نەک ئاین و ئاینزاکان، تەنیا کوردی، پێیوایە دانانی کورسی کۆتاکان وەک پرسێکی پرەنسیپی لە کوردستان، بۆ ئەوەیە پێکهاتەکان بگەنە پەرلەمانی کوردستان و، بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت.
هەروەها وتیشی: “کوردستان موڵکی پێکهاتەکانیشە و ماڵی خۆیانە، ئێزدییەکان ڕەسەنایەتیان کوردستانییە و، تورکمان وەک نەتەوەی دووەم لە کوردستان بەئازادی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دەژین و، هاوبەش لەگەڵ ئێمە، هەروەها مەسحییەکانیش بەهەمانشێوە”.
لەدرێژەی ئاخاوتنەکەدا، کوردی ئەوەشی خستەڕوو، کە هەموویان کورستانین، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێداگیری لەبارەی مافی پێکهاتەکان دەکاتەوە و، ئایندەش لە دەستووری هەرێمی کوردستان، مافەکانیان پارێزراودەبێت، هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێداگیری لە شوێن و پێگەی پێکهاتەکان لەناو حکومەت دەکاتەوە، باشترین نموونە، عەینکاوەیە، کە ئیدارەیەکی سەربەخۆی مەسحییەکانە، لە داهاتووش کۆمەڵێ یاسای تر لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان جێبەجێ دەکرێن.
لەبارەی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2015 تایبەت بە پێکهاتەکان، کوردی پێیوایە، یاساکە بەشێکی زۆری لە ئەرک و مافەکانی پێکهاتەکانی دیاری کردووە، لە کۆنفراسەکەش ڕێکخراوەکانی پارێزگاری لە پێکهاتەکان، جەختیان لە گرینگی و پێشەوەچوونی کردەوە و، بە پەرۆشەوە باسیان دەکرد.
سەبارەت بەپرسی ئاڵا و سروودی نیشتمانی کوردستان و، ڕەنگدانەوەی وێنەی پێکهاتەکان،
تەنیا کوردی دەڵێ، کە ئاڵای کوردستان ڕەگێکی مێژوویی لە دیرۆکی کوردستاندا هەیە، گەر خۆری ناو ئاڵای کوردستان وەرگرین، ڕۆژ سونبلی تەواوی پێکهاتەکان دەکات، خۆر وەک ڕووناکی لەنێو پێکهاتەکانی وەک نەتەوە مەسیحییەکان، وەک ئاین زەردەشتی، ئیزیدییەکان، کاکەیی و سابیئییەکان لە خۆدەگرێت، ئەم ئاڵایە تەنیا بۆ نەتەوەیەک نییە و وێنەی هەموو پێکهاتەکانی ناو هەرێمی کوردستانی کۆکردۆتەوە.
سەبارەت بە سروودی نیشتمانی کوردستانیش، ئەو پێیوایە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، دەکرێت لە داهاتوودا سروودێکی نیشتمانی هەبێت، کە گوزارشت لە پێکهاتەکانیش بکات، گلەیی و گازندەکان، پێشتریش هەبوون، لە ئایندە ئەوەش چارەسەر دەکەین .
لەکۆتاییدا لەبارەی کۆی گشتی کۆنفراسەکە و، هاوکات گەر لە داهاتوودا لە هەولێر، یا بەغدا، کۆنفراسێکی لەم شێوەیە هەبێت، چۆن هەڵدەسەنگێندرێت؟
ئەندامی شاندی سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، چاوەڕێی بەیانی کۆتایی ئەم کۆنفراسە دەکەین، بەلای ئێمەوە کۆنفراسێکی سەرکەوتوو بوو، دەرئەنجامی ئەم کۆنفرانسە دوومانگی داهاتوو لە بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمار دەکرێت، بەڕێوەبەرانی کۆنفراسەکە ڕاپۆرتی خۆیان دەنووسن و، لە کۆنفرانسی جنێفی 51 بەتەواوی بڵاودەبێتەوە، جارێ چاوڕێ ئەنجام دەکەین.
هاوکات پرسی کۆنفرانس لە هەولێریش کارێکی باشە لەوێش بکرێت، سەبارەت بە شاری بەغدادیش، لە داهاتوو، گەر پرانسیپەکانی هاوسەنگی، هاوبەش و لێکگەیشتن هەبێت و، بەو ئامانجە بۆ پەرلەمانی ئێراق بچێت، ئەم جۆرە دیالۆگانە لە بەرژەوەندی سەرجەم ئێراقییەکانە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە تا ئێستا بەشێکین لە ئێراق، بەڵام ئەم کێشانە لە ئێراقدا بە مانا یاساییەکەی جێبەجێ ناکرێت، چونکە گوێبیست بووین لە کۆنفرانس، هەندێکیان تەنیا ڕێگا بە بوونی پەرستگایەکیش بۆ خۆیان نادەن، بە پێچەوانەوە لە هەولێر ئازادی تەواو بۆ هەمووان هەیە و، هیوادارین ئێراق سوود لەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە وەربگرێت، تەنیا کوردی وایوت.
دیداری دووەم لەگەڵ کاردۆ سەرباز سەرۆکی پەیمانگای جنێف بۆ پێکەوەژیان، یەکێ لەو رێکخراوانەی رێکخەرەی سەرەکی کۆنفراسەکە بوو، بۆ سایتی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، تیشکی خستەسەر گرینگی کۆنفراسکە، کە ئامانجیان کۆکردنەوەی ئێراقییەکانە بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاین و ئانزاکان، بە شیعە و سوننەشەوە، ئەوەش لە پێناو ئاشتی و دیالۆگ و پێکەوەژیان.
ئەوەش باس دەکات، کە کێشەکان لە ئێراقدا هەن و، بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لە ڕێگایی دیالۆگ و گفتوگۆی ئاشتیانە، پاشان پێکەوەژیان لە وڵاتە دروست بکەین.
کاردۆ ئامانجی ئەوەیە هەمان ژیانی سویسرا کە بە وڵاتی ئاشتی ناسراوە، بۆ ئێراق بگوازێتەوە، چۆن لە شاری جنێف چەندین نەتەوەی جیاواز دەژین بەبێ ئەوەی کێشەیەکی ئاینی، یا نەتەوەیی هەبێت، دەیەوێت ئەو سیستمە بۆ ئێراق بگوازێتەوە، گرینگترین ئامانجی ئەو کۆنفرانسەش بووە، کە لە ڕێگای گفتوگۆ بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان، کە بۆ ئەم قۆناغە باشترین چارەسەرە.
لەبارەی ئامادەنەبوونی بەرپرسانی ئێراقی بەشێوەیەکی فەرمی لە کۆنفرانسەکە،
کاردۆ پێیوایە دوو هۆکار هەبوون، ئەوان وەک حکومەت بەرپرسن، یاسای تایبەت بەخۆیانیان هەیە، دەبێت بەشێوەیەکی یاسایی ئامادەبن، لەگەڵ ئەوەشدا بانگهێشتنامەیان بۆ باڵیۆزی ئێراق لە جنێف و ڕێکخەری کاروباری باڵیۆزخانە ناردوون، بەڵام ئادەنەبوونیان بەشێوەیەکی فەرمی، بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە.
هەروەها سەبارەت بە پەیامی ڕێکخراوەکان و پێکهاتەکان، کە تا چەند دەگاتە شوێنی خۆی،
سەرۆکی پەیمانگای جنێف بۆ پێکەوەژیان، دەڵێت: “ئەم کۆنفراسە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمار دەکرێت، دواتر هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، لە ئێراقدا هەموو پێکهاتەکان گلەییان هەیە، ئەم کۆنفراسەش ڕێخۆشکەرە بۆ دیالۆگ و لێکگەیشتن، تا لە ئازارەکانی یەکتر تێبگەین و بەدوای چارەسەرێکیدا بچین، کە ئەمەش ئامانجی کۆنفرانسەکە بووە.
لەبارەی بەرنامەی ئایندە و بەشی دووەمی کۆنفرانسەکە و بەردەوامی کارەکانیان، ئاماژەی بەوەدا، کە بەرنامەیان هەیە بەشی دووەمی کۆنفراسەکە مانگی نۆ لە هەولێری پایتەختی کوردستان بکرێت، کە تەواوی پێکەهاتەکان و، بەتایبەت ئەوانەی کە نەیانتوانی بەشداری کۆنفرانسی جنێف بن، لە هەولێر بەشدار دەبن، هەروەها بەرپرسانی حکومی و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوەکانیش بانگهێشت دەکرێن.
سەبارەت بە نەبەستنی کۆنفراسن لە بەغدا و لە ئێستادا لە بەرنامەیاندا نییە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و نەبوونی ئاسایشەی لەوێ هەیە گەڕاندەوە.
دیداری سێیەم، لەگەڵ چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤ دکتۆر ئازاد محەمەد سەڵواتی سەرۆکی ڕێکخراوی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ و، ڕێکخەری کۆنفراسی ئاشتی پێکەوەژیان بوو، تایبەت بە ماڵپەڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، وتی: “گەر بە چاوی ڕێکخەری کۆنفرانسەکە بڵێم، سەرکەوتوو بووین لە کۆکردنەوەی ئەو ڕێژە زۆرەی ڕێکخراو و داکۆکیکارانەی تەواوی پێکهاتەکان، هەرچەندە هەندێک کەمکوڕی هەبوون، بەڵام لە کۆنفرانسی داهاتوو ئەوانەش چارەدەکەین”.
ئەوەشی گوت، کە گرینگ ئەوەبوو توانیان کەمینەکان و پێکهاتەکانی کوردستان و ئێراق کۆبکەنەوە و، دیالۆگی کراوە هەبێت، باسی دەستوور بکرێت، کە پارێزگاری لە هەموو لایەک بکرێت لە چوارچێوەی دەستووردا.
هەروەها لە بارەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆنفرانسەکە و دەرئەنجامەکانی، ئازاد دەڵێت: “ئێمە پلەی ڕاوێژکاری نەتەوەیەکگرتووەکانمان هەیە، مافی ئەوەمان هەیە ئەو ڕاپۆرتانە بنێرین بۆ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و،
هەندێک ئۆرگانی تر، وەک ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، کە ئاگاداریان دەکەینەوە لە ئەنجامی کۆنفراسەکە و بابەتەکەیان زیاتر بۆ ڕوون دەکەینەوە، ئەوانیش ڕاپۆرتەکان وەردەگێڕن و دواتر لینکی ڕاپۆرتەکان بڵاودەکەنەوە و، لەسەر سایتەکانیش دادەنرێت.
لە بارەی کۆنفراسی داهاتوو، یا بەشی دووەمی کۆنفراس لە شاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، کە لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبووانی زیاتر ئاسانتر دەبێت، چونکە ئەم کۆنفراسە هەندێک لە بەشداربووان، کێشەی ڤیزا و چۆنیەتی سەفەریان هەبوو، کە بە دڵنیاییەوە لە هەولێر ئەو کێشانە نابن و، ژمارەیەکی زیاتر بەشدار دەبن، چ لە نوێنەری وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئێراقیش، وە کارئاسانیش بۆ ئێمەیە و کەمتری تێدەچێت.
ئەوەی ماوەتەوە بوترێ، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە ئامادەکردن و ڕێکخستنی کۆنفرانسی ئاشتی و پێکەوەژیان