ڕاهێنانی بەیانی زوو لەوانەیە بۆ هەندێک مەحاڵ بێت، بەڵام زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوە باشترین کاتە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ کێشیان دابەزێنن.
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەلی بەریتانی، زانایانی سویدی دەڵێن، وەرزشکردن لە بەیانیدا یەکێکە لە باشترین ئەوکاتانەی کە مرۆڤ ئەنجامی دەدا، ئەوەش بۆ دابەزاندنی کێشی لەش.
توێژینەوەی زانایانی سویدی کە گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامە، پێشتر لەسەر مشکەکان تاقیکراوەتەوە و بۆ مرۆڤیش سوودی هەیە.
مشکەکان زۆربەی ئەو ئاژەڵانە پێک دەهێنن کە تاقی دەکرێنەوە، چونکە تایبەتمەندییە بۆماوەیی و بایۆلۆژییەکانیان لە مرۆڤەوە نزیکە.
زاناکان ئەو پڕۆسە بایۆلۆژیانەیان لەسەر مشکەکان تاقیکردۆتەوە، کە لە بەیانی و ئێواراندا چالاکی جەستەیی خۆیان ئەنجامداوە.
ئەوان تێبینی ئەوەیان کرد، مشکەکان کە لە سەرەتای چالاکییەکەیاندا دەستیان بە چالاکی جەستەیی کردووە (هاوشێوەی بەیانی لە مرۆڤدا)، زیاتر میتابۆلیزمی خۆیان (گۆڕینی خۆراک بۆ وزە) ئەنجامداوە.
گرووپی یەکەمی مشکەکان بەیانیان لەسەر ترێدمیلێک ڕایان کرد، لە کاتێکدا کە گرووپەکەی دیکە، لە ئێوارەدا هەمان کاریان دەکرد.
دواتر زاناکان نموونەی خوێنیان لەو مشکانە وەرگرتووە و، مێشک و دڵ و ماسولک و جگەرە و چەوری لەشیان تاقیکردەوە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری Proceedings of the National Academy of Sciencesلە ئەکادیمیای نەتەوەیی زانست بڵاو کرایەوە.
زاناکان بۆیان دەرکەوت کە ئەو جینانەی بەشدارن لە تێکشکانی چەوری و بەرهەمهێنانی وزە، بەشێوەیەکی بەرچاو لە مشکەکاندا دەرکەوتووە کە لە بەیانیدا چالاک بوون.
ژۆلین زیرات، دەڵێ، دەرەنجامەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن، کە وەرزش کردن لە بەیانیدا دەتوانێت کاریگەرتر بێت وەک لە وەرزش کردن لە ئێواراندا، بۆ میتابۆلیزم و سووتانی چەوری.