لەم وڵاتە چۆن داوای پەنابەری دەکەیت

گویانای فەڕەنسی، یەکێکە لە ناوچەکانی دەرەوەی وڵاتی فەڕەنسا، پڕۆسەی داواکردنی پەنابەری جیاوازە لەوەی لە وڵاتی سەرەکی فەڕەنسا هەیە.

لە ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی داواکارییەکانی پەنابەرێتی لە گویانای فەڕەنسی، حکومەت لە ساڵی 2018 بڕیاریدا هەندێ ڕێوشوێن بۆ خێراکردنی پرۆسەی دۆسییەکان بگۆڕێت، هەروەها نووسینگەی فەڕەنسا بۆ پاراستنی پەنابەران و بێ دەوڵەت (OFPRA) لقێکی لە کاینی پایتەختی کردەوە.

وادەیەکی سەرەتایی ئەنجام بدە

وەک هەنگاوی یەکەم، پێویستە لە پلاتفۆرمی وەرگرتنی پەنابەران (PADA) لە کاین، ژوانێک ئەنجام بدەیت.

لە پارێزگای سانت لۆرانت دو مارۆنی، مانا، ئاوالا یالیماپۆ، ئەپاتۆ، گراند سانتی پاپایچتۆن، ماریپاسۆلا و ئیراکوبۆ، پێویستە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە و پێنجشەممە، لە نێوان کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ بۆ 4ی ئێوارە بڕۆیت بۆ بەشی لاوەکی سانت لۆرانت دو مارۆنی.

هەروەها دەتوانیت سەردانی نووسینگەی خاچی سووری فەڕەنسی لە کاین بکەیت، ئەوەش لە نێوان کاتژمێر 7:45ی بەیانی بۆ 10:30ی بەیانی لە دووشەممە تا هەینی.

خاچی سوور یارمەتی ئەو کەسانە دەدا، کە داوای پەنابەری دەکەن، وەک لە زانیاری دەربارەی مافەکانیان، چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری پەنابەری و کردنەوەی هەژماری بانکی.

لە کۆتایی ئەم هەنگاوەدا، پارێزگاری کاین بانگهێشتنامەیەک دەنێرێت بۆ تۆمارکردنی داواکاری پەنابەری (GUDA). لەوێ دەتوانیت فۆرمی داواکاری پەنابەری وەربگریت، هەروەها مۆڵەتی مانەوەی کاتی (APS).

داواکاری پەنابەری

هەنگاوی دووەم، بریتییە لە ناردنی داواکاری پەنابەرێتی بۆ نووسینگەی پاراستنی پەنابەرانی Ofpra لە کاین، بەڵام ئەم دۆسیەیە دەبێت تەنیا لە ماوەی حەوت ڕۆژدا بنێردرێت دوای وەرگرتنی، (بە پێچەوانەی ڕێوشوێنەکانی فەڕەنسای سەرەکی، کە دەکرێت تا ۲۱ ڕۆژ بێت).

دوای پێشکەشکردنی فۆرمە تایبەتەکە، دەتوانرێت ڕەچاو بکرێت کە داواکاری پەنابەرێتی بووە بە فەرمی، بۆیە دەستەڵاتداران بەڵگەنامەیەک بۆ سەلماندنی ئەوەی کە دۆسیەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە دەنێرن، دوای ئەوە، پەنابەرەکە چاوپێکەوتنێک بۆ چاوپێکەوتنی پەنابەری و ئەوی دیکە بۆ گەیاندنی بڕیارەکە بە کەسی وەردەگرێت.

بە گوێرەی یاسا، نووسینگەی پاراستنی پەنابەران (OFBRA)، دەبێت بڕیارێک لەسەر داواکاری پەنابەرێتی بدا، کە لە ماوەی 21 ڕۆژدا و لە ڕۆژی پێشکەشکردنەوە دەبێت.

ئەگەر داواکاری پەنابەریت ڕەتکرایەوە، دەتوانرێت داوای پێداچوونەوە لە دادگای پەنابەری نیشتمانی (CNDA) پێشکەش بکەیت، ئەوەش لە ماوەی تەنیا یەک مانگ لە رێککەوتی وەرگرتنی بڕیارەکە، داواکار مافی ئەوەی هەیە کە یارمەتی یاسایی بە خۆڕایی لە پارێزەرێک و یارمەتی یاسایی وەربگرێت، داواکاری بۆ ئەو جۆرە یارمەتییە، دەتوانرێت لە ڕێگەی پۆست، یا فاکسەوە پێشکەش بکرێت و، لە ماوەی 15 ڕۆژدا دوای وەرگرتنی بڕیاری ڕەتکردنەوە.

کەیسەکە بە شێوەیەکی گشتی، “لە نێوان سێ بۆ 18 مانگ دەخایەنێت”، بە گوێرەی لوسی کۆری، ڕێکخراوێک بۆ لا سێمەد، کە کۆمەڵەیەکە پشتگیری مافی پەنابەران دەکات.

مافەکانی پەنابەران چین؟

دۆخی پەنابەرەکە ڕێگەی پێدەدات لە خاکی فەڕەنسا بمێنێتەوە لە کاتی پرۆسەی تاقیکردنەوەکەدا. مۆڵەتی مانەوەی کاتی بۆ ماوەی شەش مانگ دەدرێت.

داواکارێکی پەنابەری، مافی ئەوەی هەیە کە ڕۆژانە ۳.۸۰ یۆرۆ بۆ هەر کەسێک لە گویانا (بە بەراورد لەگەڵ نزیکەی پێنج یۆرۆ لە پایتەختی فەڕەنسا) وەربگرێت، ئەگەر دەوڵەت شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کەسەکە دابین نەکات، ئەوا بڕەکە دەگاتە ۸.۲۰ یۆرۆ بۆ هەر ڕۆژێک.

تۆ مافی ئەوەت نییە کە گویانای فەڕەنسی بە جێبهێڵیت، لە کاتێکدا کە دۆسیەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، دوای بە دەستهێنانی مافی پەنابەری، پێویستە داوای بەڵگەنامەی باری شارستانی و بەڵگەنامەی گەشتکردن بکەیت، کە ڕێگە بە پەنابەرەکە دەدا بە ئازادی بجوڵێت و بڕوات بۆ فەڕەنسا.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت بۆ بە دەستهێنانی بەڵگەنامەی باری شارستانی، کە دەکرێت تا ۱۸ مانگ بێت.

نەبوونی شوێنی پێشوازی

تا ئێستا هیچ ناوەندێکی نیشتەجێبوون بۆ پەناخوازان (CADA) لە گویانا نییە، بەڵام چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی فریاکەوتن هەیە بە ناوی (HUDA). بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەی شوێنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

شوێنی نیشتەجێبوون لەوانەیە لەو ناوەندانەدا بێت کە لەلایەن خاچی سوورەوە بەڕێوەدەبرێن، یا ئەو هۆتێلانەی، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دیاریکراون بۆ وەرگرتنی پەنابەران، بەڵام پاڵپشتی کۆمەڵایەتی هەمیشە مسۆگەر ناکرێت.

لوسی کۆرێت دەڵێ، ئەوانەی داوای پەنابەری دەکەن، ناتوانن شوێنی نیشتەجێبوون بدۆزنەوە، بە تایبەتی سورییەکان ناچار دەکرێن بچنە کەمپە نافەرمییەکانی ناوەندی شارەکە و دەووروبەری کاین.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی سیماد، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون، بە تایبەتی لە سوریا و فەڵەستین و ئەفغانستانەوە زیادی کردووە. زۆربەیان بەرەو بەڕازیل و گویانا دەڕۆن، ئەوەش بە هیوای ئەوەی لەوێ داوای پەنابەری بکەن و، پاشان بڕۆنە پاریس. لە ساڵی 2022 دا،  942 کەسی سوری و فەڵەستینی داوای پەنابەریان کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئەم مانگە، 239 کەس گەیشتوونەتە گویانا و داوای پەنابەریان کردووە.

ڕەنگە بە دڵت بن