عەلی جمال
بەپێی پێناسەی کۆمەڵناسی، ڕۆشنبیر خەڵکانی بیر ڕووناکن. بیر ڕووناک بەو مانایە کە ئاوێنەی سروشتیی کۆمەڵگای خۆیانن و ئاگایان لە چەندێتی و چۆنیەتی ورد و درشتی ڕۆژگاری خۆیان هەیە. ئەو کەسانەی وا توانای بیرکردنەوەیان هەیە بە جیهانبینیەکی بەرفراوان و شیاوەوە.
باشترین ڕێگا بۆ ناسینی ڕۆشنبیر، تێگەیشتن لە نەریتەکانی ئەو کۆمەڵگایەیە وا تیایدا دەژی. بیرمەندان دەڵێن: هەر ڕۆشنبیرێک زمانی تایبەت بەخۆی هەیەو توێژەری زەمانی خۆیەتی. هەر زمانێکیش تایبەتمەندی خۆی و بەکارهێنانی خۆێ و هەر بەکار هێنانێکیش کات و شوێنی دیاری کراوی خۆی دەوێ. ئەوان دەڵێن: تاکە تایبەتمەندی بنەرەتی و هاوبەشی هەموو ڕۆشنبیران، دابرینە لە داب و نەریتە کۆنەکان بەبێ دژایەتی کردنیان.
پەیوەندیى ڕۆشنبیران و دەسەڵات یەکێکە لە ئاڵۆزترین بابەتەکانى مێژوو، ئەمەش نەک لەبەر ئەو هۆکارەى وەکو پێناسەى بۆکراوە ڕۆشنبیران بەردەوام ڕەخنەگرى دەسەڵات بوونە، بەڵکو لەبەر ئەوەى ڕۆشنبیران لە زۆر لایەنەوە ڕۆڵیان هەبووە لە درووستبوون و بەهێزبوونى دەسەڵاتە سیاسییەکان لە سەردەمى مۆدێرندا. لەوانەیە هەر لەبەر ئەم هۆکارە بێت کە پەیوەندیى ڕۆشنبیران و دەسەڵات بەردەوام هاوڕێ بووە لە گەڵ ململانێ و نائومێدى دا. بەڵام دوورکەوتنەوەى ڕۆشنبیران لە دەسەڵات هاوکات بووەتە هۆکارى ڕاکێشانى ئەوان بەرەو دەسەڵات و لایەنگرى لە جۆرێک لە ویستى هێز. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بۆ دوو نموونەى وەکو ئەفلاتوون و هایدگەر بکەین کە هەردووکیان لە ماوەى ژیانى فیکریى خۆیاندا تووشى کەمەندکێشبوون بەرەو دەسەڵات هاتوون.
بەڵام گەر بەسەر ئەم بابەتە گرنگەشدا تێپەڕین، ئاشکرایە کە لە پەیوەندیى ڕۆشنبیر بە دەسەڵاتەوە، هاوکات عەقڵانییەتێک لە ئارادایە کە کردار و بەرەنجامى ئەم پەیوەندییەیە. بە واتایەکى تر، هاوکێشەى ڕۆشنبیر و دەسەڵات لە چارەنووسى عەقڵى مودێرندا، چى لەڕووی تەکنیکییەوە و چى لە شێوەى ڕەخنەییدا، لێکدانهبڕاوه. لەم لایەنەوە، گۆڕانى ڕۆشنبیرى و هاوکێشەکەى لە گەڵ دەسەڵاتدا، هاوڕێ بووە لە گەڵ درووستبوونی مێژوویی عەقڵى فەلسەفییدا. دەتوانین سوقرات بە یەکەمین نوێنەرى ڕۆشنبیربوون و عەقڵى فەلسەفى بزانین. ئەو ڕستە بەناوبانگەى سوقرات کە دەڵێت: ژیانێك كە تاقینەكرابێتەوە ژیان نیە، یەکەمین ڕەنگدانەوەى گرنگى عەقڵى فەلسەفییە و دەرخەرى یەکەمین جووڵەى ڕۆشنبیرییە لە مێژووى مرۆڤدا. لەڕاستیدا پرسیارەکەى سوقرات سەبارەت بە ژیان و گرنگیى تێڕوانینى ئەو به واتاى خستنەڕووى پرسیارێکى تر، لە چوارچیوەى بەرپرسیارێتیى هاوڵاتییەکی ڕۆشنبیر و هەروەها ڕەخنەی ئەوە لە دیاردەى دەسەڵات.
لێرەدا مەبەستى سوقرات ئاماژەکردن نییە بۆ ژیانى تاکەکەسى، بەڵکو زیاتر تێڕوانینێکى فەلسەفییە بە واتایەکى کۆمەڵایەتى و سیاسیى ژیانى مرۆڤ. بەم شێوهیە، بەرپەرسیاریەتیى هاوڵاتیبوونى ڕۆشنبیر کە بە ڕەخنەکەى سوقرات له دەسەڵات دەستپێدەکات و سەرەنجام مردنى ئەویشى لێدەکەویتەوە، بۆ جارێکى تر بە بەشداربوونى ڕۆشنبیران لە مەسەلەى دریفۆس و وتارە بەناوبانگەکەى ئەمیل زۆلا «من تاوانبارى دەکەم» دووبارەدەبێتەوە و گیانێکى نوێی بهبهردا دەکرێت. لەڕاستیدا پێگەى ڕۆشنبیر/هاوڵاتى و ڕەخنەکانى لە دەسەڵات کە سوقرات ئەمەى لە سەدەى پێنجەمى پێش زایین لە ئەسینا و لە چوارچیوەى چەند پرسیارێکى فەلسەفى دەردەبڕى لەگەڵ بابەتى دریفۆس و ئازایەتییە ئەخلاقییەکەى کەسانێکى وەکو زۆلا ڕەهەندێکى گشتى و ماهیەتێکى گەردوونی لەخۆدەگریت.
هەرچەندە ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ لە سەدەى هەژدەیەمدا و چەند سەدەیەکیش پیش ئەوان سوقرات لە ئەسیناى کۆن چالاکیى ڕۆشنبیریى لە سەر بنەماى ئامادەبوونێکى بەردەوامى فەیلەسووفیان لە كایەی گشتییدا چەسپاند، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت ناکرێت نکۆڵى لەوە بکرێت کە بابەتى دریفۆس ساڵى سفرى ئامادەبوونى ڕۆشنبیرانە لە كایەی گشتیى کۆمەڵگاى مۆدیرندا. چیخۆفى شانۆنامەنووسى بەناوبانگى ڕووسى سەبارەت بە دادگاییەکەى زۆلا دەنووسێت: «هەموو ڕۆشنبیرانى ئەورووپا لایەنگرى لە زۆلا دەکەن». لێرەدا چیخۆف بۆ باسکردنى ڕۆشنبیران سود لە وشەى ڕووسى «ئینتلیژیستا» دەبینێت. بەپێی بۆچوونی ئایزایا بەرلین ئەم وشە ڕووسییە بۆ یەکەمجار لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى بوربوریکین لە سالى 1860دا بە کارهات و ئاماژە بۆ ئەو کەسانە دەکات کە دەکەونە دەرەوەى چوارچێوە ترادسیۆنییەکانى کۆمەڵگاى ڕووسیا، وەکو کەسانى ئاینى و ئەرستۆکرات و جووتیارەکان، و بە چاوێکى ڕەخنەگرانەوە سەیرى سەردەمەکەى خۆیانیان کردووە. هەروەها ڕۆشنبیرانى ڕووسیا دابەش دەبوون سەر دوو تاقمى ئیسلاڤۆفیل و غەربگەراکان کە هەریەکەیان بە جۆریک لە ژیر کاریگەریى بیروبۆچوونى نەتەوەگەرایی یان تیۆرییە شۆڕشگێڕەکاندا بوون و هەندێکیان لە قۆناغەکانى دواتر دا هاوشێوهی ماکسیم گۆرکى پەیوەندییانکرد بە بەلشەڤیکەکانەوە و یان وەکو بیردیاف دوور خرانەوە. لە دەیەکانى کۆتایی سیستەمى کومۆنیستیدا لە یەکێتیی سۆڤیەت، وشەى «ئینتلیژیستا» زیاتر بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهات کە سەرقاڵى کارى زەینى و کەلتورى یان سەرقاڵی چالاکیى زانستى بوون. تەقینەوەی حەقیقەت بەرامبەر بە دەسەڵات و مەسەلەكەی دریفۆس شوناسێکى پێکەوەیى نوێی لەنێوان ڕۆشنبیرانى ئەوروپادا درووستکرد. زۆلا لە داکۆکیكردنەکەى خۆیدا ئاماژە بۆ دوو چەمکى “هەقیقەت” و “دادپەروەرى” دەکات کە ئەمە بە خاڵێکى دەستپێک بۆ بزووتنەوەى ڕۆشنبیریى خۆرئاوا و پێگە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکەى هەژماردەکرێت. زۆلا لە وتارە بەناوبانگەکەى خۆیدا «من تاوانبارى دەکەم» کە لە ڕۆژى 13ى کانونى دووەمى 1989دا لە ڕۆژنامەى ئارور چاپکرا، دەنووسێت: «ئەگەر حەقیقەت لە ژیر زەویدا بشارنەوە، کەڵەکەدەبێت و بە هێزیکى وهها دەتەقێتەوە و ئاشکرادەبێت کە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا لەناودەبات». زۆلا لێرەدا باس لە تەقینەوەى حەقیقەت و دادپەروەرى دەکات کە بەرانبەر دەسەڵات دەبێتهوه. خەباتى ڕۆشنبیرێکى وەکو زۆلا بۆ گەڕان بە دواى حەقیقەت و دادپەروەریى کۆمەڵایەتى سیمایەکى ئەفسانەیی بەخشییە ڕۆشنبیر، واته کەسێک كه هەمیشە لە پێگەى بەرژەوەندییەکانى بێتاوان و ستەملێكراوەكان دژ بە دەسەڵات قسەدەکات. بەم کارەى زۆلا و «مانیفێستى ڕۆشنبیران»، گوتارى ڕۆشنبیرى لە چوارچێوەى ئەدەبى و پەروەردەیی و زانستى دووردەکەوێتەوەو، و لە چوارچێوەى بیرکردنەوەیەکى ڕەخنەگرانەدا دەگۆڕدرێت بۆ «گوتارى حەقیقەت»، لەمە بە داوەوە ئەو حەقیقەتەى کە ڕۆشنبیر باسى لێوەدەکات و لە پێناویدا خەباتێکى کۆمەڵایەتى و سیاسیی بەکاردەهێنا، دەبێتە حەقیقەتێکى گشتگیر و گەردوونی. بەم شێوەیە، سەربەخۆیی و دەسەڵاتى مەعنەویى ڕۆشنبیران لە ڕووبەڕووبەڕوونەوەى حەقیقەت و دەسەڵاتدا دهركهوت.
هەر بۆیە بەرپرسیارێتیى ڕۆشنبیران بوو بە بەشێکى جیانەکراوە لە ئایدیاى گەردوونیبوون. لەم سەردەمە بە دواوە، دەسەڵاتى تایبەتى ڕۆشنبیرى، بریتى بووە لە قسەکردن سەبارەت بە ئەخلاق و حەقیقەت بەرامبەر بە دەسەڵات. بەڵام وێنەى قارەمانانە و ئەخلاقیى ڕۆشنبیر –هاوڵاتى کە لە وتارەکەى زۆلا بە ناونیشانى «من تاوەنبارى دەکەم»، گۆڕابوو بۆ داکۆکیكردن لە حەقیقەت و دادپەروەرى، بەرەبەرە بە هاتنەسەرکارى ئایدۆلۆژیا تۆتالیتارەکانى سەدەى بیستەم کاڵبووەوە و جۆرێک لە «ڕۆشنبیرى دژە ڕۆشنبیر»(وەکو ئەدۆرنۆ دەڵێت) یان «خیانەتى ڕۆشنبیر» (وەك ژولین بێندا دەڵێت) درووستبوو. بێندا، لەباتیى وشەى ئینتلیکتوال سودى لە چەمکى «کلیرک» بینى کە بە واتاى کەسێکە کە لە هەوڵى گەڕان بە دواى ئامانجێکى کردەییدا نییە بەڵکو بە دواى دەستکەوتى زانستى و ئەفراندنى هونەرییەوەیە. لەم لایەنەوە، بێندا بڕواى وایە کە ڕۆشنبیر دەبێت لە گەڕان بە دواى عەقڵ و حەقیقەتدا بێت و لە کۆمەڵێک بەهاى وەکو ئیمان و عەشق و ئازایەتى و ئامانجە ئایدۆلۆژییەکان خۆى بپارێزیت. وەکو بێندا دەیڵێت تەنیا بەم شێوەیەیە کە ڕۆشنبیران دەتوانن ببنە ویژدانى مرۆڤایەتى و بە جێگیربوونیان لە سەرووى بەها جیهانییەکان ڕەخنە لە سەرکوتکردن و دسەڵات بگرن. ژولین بێندا ڕۆشنبیر بە هەڵگرى بەها گەردوونییەكان و بان-نەتەوەیی و بانمێژوویی و بانکەلتورییەکان دادەنێت و هەلى ڕەخنە لە دەسەڵات لە پەیوەندى لەگەڵ ئەم بەهایانەدا دەستنیشاندەکات. ئەو ڕەخنەیەى بێندا لە ڕۆشنبیرە ئایدۆلۆژییەکانى سەردەمى خۆى هاوشێوە بوو لەو ڕەخنانەى ئەفلاتوون لە سۆفستاییەکان، و ئەو وتەزاى «ڕۆشنبیرى میتافیزیکى» بەرامبەر بە وتەزاى «ڕۆشنبیر – هاوڵاتی»ـی سوقراتى/زۆلایی دادەنا. بێندا بڕواى وابوو ڕۆشنبیران بە ئامادەبوونێکى فراوانیان لە كایە و فەزاى گشتییدا، خیانەت لە پەیامەکەى خۆیان دەکەن کە داکۆکیكردنە لە بەها میتافیزیکى و مەعنەوییەکان. ئەوەش بڵێین کە ئەو بەها میتافیزیکییانەى کە بێندا لە کتێبى «خیانەتى ڕۆشنبیران» بەرامبەر بە واقیعى سیاسیى سەردەمەکەى خۆى دایدەنێت، وەڵامێکى ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانەیە بۆ بابەتە سیاسى و ئابورییەکانى ساڵانى کۆتایی 1920 لە ئەورووپا و داڕمانى بەها ترادسیۆنییەکانى بۆرژوازى..
وەڵامە ڕۆشنبیرانەکەى کامۆ بۆ ئەم تۆمەتانە ئەوە بوو کە «مەسەلە سەرەکییەکە داکۆکیكردن نیە لە مرۆڤ بەڵکو داکۆکیکردنە لەو ئیمکانات و قابیلییەتانەى کە لەودا هەیە». مەبەستى کامۆ ئەوە بوو کە مرۆڤەکان بە شێوەیەکى گشتى و بەتایبەت ڕۆشنبیران کاتێک دەکەونە نێو پێگە و هەڵوێستێکى ئەخلاقییەوە، نەک ئایدۆلۆژى، قابیلییەتى ناسینەوەو پەنجەخستنەسەر نادادپەروەرى و ئازار و مەینەتیى کەسانى تریان هەیە و دەتوانن وەڵامیان بدەنەوە، هەڵویستە ڕۆشنبیرییەکانى کامۆ لە بارودۆخە مێژووییە جیاوازەکاندا هەر وەکو سەردەمى ئازادبوون لە نازیزم و جەنگى جەزایر بە باشى ئەوەى دەرخست کە ئەو لە هەر هەلومەرجێکدا دژ بەو توندوتیژییەیە کە دەسەڵاتە جیاوازەکان درووستیاندەکرد. کامۆ بە ڕەتکردنەوەى شێوازى بەشەیتانیکردنى ئەوىتر گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە واقیع زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بە چەند حوكم و دادوەرییەکى خێرا بازیان بەسەردا بدەین. .
هەربۆیە لە تێڕوانینى کامۆوە ڕۆشنبیربوون و كاری ڕۆشنبیری، بە واتاى داکۆکیکردنە لە ئازادیى بیروڕا بەڵام لە هەمانکاتدا دەستنیشانکردنى سنوورەکانیشیەتى. یەکێکى تر لە ڕەخنەگرانى «ڕۆشنبیرى سارتەرى» ڕیمۆن ئارۆن بوو کە لە سالى 1955دا بە چاپى کتێبە بەناوبانگەکەى، واتە «تلیاکى ڕۆشنبیران» ڕەخنەى لە تێڕوانینى ئایدۆلۆژییانە و توندڕەوانەى ڕۆشنبیرى چەپ و شۆڕشگێرانەى سۆڤیەت گرت. ئارۆن ڕۆشنبیرانى چەپ بە موعتادبوون بە ستەمکاریى «ئاینى سێکولار» تۆمەتباردەکات و بڕواى وایە ئەوان لەکاتێکدا ڕەخنە لە دەسەڵاتى سیاسى دەگرن لە کۆمەڵگا لیبراڵ و دیموکراتەکاندا، لە هەمانکاتدا چاوى خۆیان لە سەر خراپترین تاوانەکانى ڕژێمى کۆمۆنیستى دادەخەن…
ئەم ململانێیانە ڕێک ململانێیەک بوو لەنێوان واقیعى سیاسیی هەردوو جەنگى نێودەوڵەتى و بەها فەلسەفى و میتافیزیکییەکاندا، کە بووە هۆکارى بەهێزبوونى ڕۆشنبیرانى چەپ لە ئەوروپا. لەم نێوەدا «ئەنتۆنیۆ گرامشى» بە داهێنانى چەمکى «ڕۆشنبیرى ئۆرگانی» و ڕەتکردنەوەى تیۆرە زۆلاییەكەی «ڕۆشنبیرى سەربەخۆ»، باسێکى نوێى سەبارەت بە پەیوەندیى ڕۆشنبیران و دەسەڵات دەستپێکرد. بە بۆچوونى گرامشى لەنێوان “ڕۆشنبیرانى ترادسیۆنى” (واتە مامۆستایان و قەشەکان و کارمەند و بیرۆكراتەكان) کە یارمەتیی پتەوکردنى کۆڵەکەکانى کەلتورى هەژمونیکیان دەدا، و “ڕۆشنبیرانى ئۆرگانی” کە بەشێک بوون لە کۆمەڵگاى مەدەنى، جیاوازییەکى زۆر بنەڕەتى بوونى هەیە. بە بۆچوونى گرامشى، ڕۆشنبیرە “ئۆرگانییەکان” تواناى ڕۆڵى دژەهەژمونیکیان تێدا بوو و دەیانتوانى بەشداریى شەڕێکى ئایدۆلۆژى بکەن بۆ گۆڕانى کۆمەڵایەتى. هەر بۆیە دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەى کە گرامشى بەپێچەوانەى “بێندا”وە بڕواى بە بەشدارییەكی چالاکانەى ڕۆشنبیران هەبوو لە ژیانیکى کردەیی و كاتەی گشتییدا. ئەو، ئەم بەشداربوونە کارا و چالاکانە لە وشیارییەکى ڕەخنەگرانەى ڕۆشنبیراندا دەبینێتەوە. بەهەمان شێوە کە دەیبینین، «ڕۆشنبیرى ئۆرگانى»ـی گرامشى هاوکات خەباتدەکات دژ بە دەسەڵاتى هەژمونی و لە هەمانکاتدا بەرهەمهێنەرى دەسەڵاتى «شۆڕشگێڕانە»شە. واتە ڕۆشنبیرێکە کە خاوەنى پێگەیەکى تایبەتى کۆمەڵایەتییە و خەباتدەکات دژ بە گوتارى چوارچێوەى دەسەڵات. میشێل فۆکۆ نیو سەدە پاش گرامشى بە ئاماژەکردن بۆ چەمکى «ڕۆشنبیرى تایبەت» ئایدیاى “ڕۆشنبیرى ئۆرگانی”ـى سەرلەنوێ زیندووکردەوە. فۆکۆ بڕواى وایە ڕۆشنبیر بە واتایەکى تایبەتى وشە کەسێکە کە خۆى وەکو سوبێكتێکى ئازاد و ویژدانى جیهانى دەناسێنێت، چونکە داکۆکیکەرى حەقیقەتێکى هەمەکییە بەرامبەر بە دەسەڵات. بەڵام ئێستا هیچ شتێک بە ناوى حەقیقەتى هەمەکییەوە بوونى نییە و ڕۆشنبیر زیاتر لە کارەکتەرى پسپۆڕێکدا کردار دەنوێنێت. بە واتایەکى تر، ڕۆشنبیرى تایبەت لە چوارچێوەى زانستێکى تایبەتدا سەرقاڵى پرسی حەقیقەت و پەیوەندییەتی لەگەڵ دەسەڵاتدا. لە تێڕوانینى بیرمەندێکى وەکو فۆکۆ، ڕۆشنبیرى پۆستمۆدێرن بەپێچەوانەى ڕۆشنبیرى زۆلایی/سارتەرییەوە چیتر خاوەنى گوتارێکى هەمەکى و جیهانى نییە تاوەکو بەناوى بێتاوانەکان یان زوڵم لێکراوەکانەوە قسەبکات، بەڵکو ئامانجى ئەو ڕزگارکردنى حەقیقەتە لە هەژموونى زانستە پۆزەتیڤەکان و ئەو هەموو تهفسیره زۆرانهی کە بۆى دەکرێت. زۆرێک بڕوایان وایە کە ڕووداوەکانى مانگى مایسى 1968 لە فەڕەنسا دەستپێک
مانگى مایسى 1968 لە فەڕەنسا دەستپێکى ڕۆشنبیرى پۆستمۆدێرن و کۆتایىهاتنى ڕۆشنبیرە لە فۆرمە زۆلایی/سارتەرییەكەدا. میشێل فۆکۆ بڕواى وابوو کە لە مایسى 68دا ڕۆشنبیر گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە چین و توێژەکان بۆ دەستکەوتنى هۆشیارى، هیچ پێویستییەكیان بەو نییە. پێویستە ئەوە دووپات بکەینەوە کە سارتەر پاش ڤۆڵتێر لە سەدەى هەژدەیەم و زۆلا لە کۆتایی سەدەى نۆزدەیەمدا، دوایین نوێنەرى ڕۆشنبیرى گەردوونی و جیهانگیر بوون کە خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانى خەڵکى بەرامبەر بە دەسەڵات بە بەرپرسیار دەزانى. بە بۆچوونى سارتەر، ڕۆشنبیر «ویژدانێکى کەم شانس»ـە کە «دەستوەردەداتە کۆمەڵێک بابەتەوە کە پەیوەندیى بەوەوە نییە». هەر بۆیە ڕۆشنبیر بە ئاگاداربوون لە بارودۆخەکەى خۆى هەوڵدەدات هۆشیارییەکى هەمەکى بۆ هەموان بەدەستبهێنێت.
زۆرێک لە ڕەخنەگرانى سارتەر پێیانوایە کە ئەو کەوتبووە داوى داتاشینی ئەفسانە بۆ ڕۆشنبیر، و هێزێکى عەقڵانى زۆر نایاب بۆ رۆشنبیر دادەنێت. دوو کەس لە ڕەخنەگرانى ئەم تێڕوانینەى سارتەر بۆ ڕۆشنبیر، ڕیمۆن ئارون و ئەلبێر کامۆن کە هەریەکەیان بەپێى بۆچوونى خۆى پەیوەندیى ڕۆشنبیر و دەسەڵات لە چوارچێوەى بیرکردنەوەیەکى فەلسەفیى تایبەتدا تاوتوێدەکات. کامۆ لە کاتى باسکردنى سارتەر و لایەنگرانى، لە ڕۆشنبیر وەکو هۆکارێکى ئەخلاقى و هێزیک بۆ بەدیهاتنى دادپەروەرى لە چوارچیوەى فەزای گشتییدا قسهدەکات و بڕواى وایە ڕۆشنبیر بە پێچەوانەی ڕەوتی باوەوە و دژ بە ڕۆحیەتی دەمارگیری خەباتدەكات. کامۆ بڕواى وایە ئامانجى كاری ڕۆشنبیرى، داکۆکیكردن نیە لە توندوتیژییەک دژ بە توندوتیژییەکى تر بەڵکو هەبوونى ئامادەییەكی ئەخلاقییە لە سەروو هەموو شتە ڕەها سیاسییەکانەوە. هەڵوێستى بانحیکایەتى کامۆ و داکۆکیکردنى لە چەمکى دادپەروەرى وەکو دیاردەیەکى گەردوونی، بووە هۆکارى ئەوەى سارتەر و لایەنگرانى ئەو بەوە تاوانبار بکەن کە ڕۆحیەتێکى ئایدیالیستى و دژەمێژوویى هەیە.