دیاسپۆرا
سەرمایەی ستراتیژی و بەرهەمهێنەری هێزی نەرم لە جیهانی هاوچەرخدا
هەورامان عەلی تۆفیق
لە چەند دەیەی ڕابردوودا دیاسپۆرا لە چەمکێکی پەیوەست بە کۆچ، ئاوارەبوون و دوورکەوتنەوە لە نیشتمان گۆڕا بۆ یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی توێژینەوە لە بوارەکانی کۆمەڵناسی، زانستی سیاسی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لێکۆڵینەوەکانی ناسنامە، ئەمڕۆ دیاسپۆراییەکان تەنیا وەک کۆمەڵێک دانیشتووی دەرەوەی وڵات سەیر ناکرێن، بەڵکوو وەک تۆڕێکی نێودەوڵەتیی مرۆیی، دامەزراوەیی، ئابووری و کولتووریی لێک دەدرێنەوە، کە دەتوانێت لە دروستکردنی ڕای گشتی، گواستنەوەی زانیاری، پەرەپێدانی ئابووری و بەرهەمهێنانی هێزی نەرمدا ڕۆڵێکی بەرچاو ببینێت.
فراوانبوونی دیاردەی کۆچ لە ئاستی جیهاندا، بنەمای دانیشتووانی گەشەکردنی زۆربەی دیاسپۆراییەکان پێک دەهێنێت. بەپێی داتاکانی بەشی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی جیاواز لە وڵاتی لەدایکبوونیان دەژیان گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠٤ ملیۆن کەس؛ ئەمە نزیکەی ٣.٧٪ی دانیشتووانی جیهان پێک دەهێنێت، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی ١٩٩٠، نزیکەی ١٥٤ ملیۆن کۆچبەری نێودەوڵەتیی تۆمار کرابوو، نزیکەی دوو هێندە زیاد بووە. . (Vereinte Nationen)
بەڵام دەبێت لە ڕوانگەی زانستییەوە جیاوازی لەنێوان «کۆچبەر» و «ئەندامی دیاسپۆرا»دا بکرێت، هەموو کەسێک لە دەرەوەی وڵاتی لەدایکبوونی خۆی دەژی، بە دیاسپۆرایی هەژمارناکرێت، دیاسپۆرا زیاتر ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگەیەک لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جوگرافی، هەستی ناسنامەی هاوبەش، یادەوەریی مێژوویی، پەیوەندیی بە نیشتمانی بنەڕەت و شێوازێک لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی یان دامەزراوەیی دەپارێزێت، (ویلیام سافران) لە توێژینەوە کلاسیکییەکەیدا، بڵاوبوونەوە لە چەند شوێنێک، پاراستنی یادەوەریی نیشتمان، هەستی پەیوەندیی بە زێدی بنەڕەتی و پابەندبوون بە چارەنووسی ئەو نیشتمانە بە هەندێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی دیاسپۆرا دەزانێت. (utppublishing.com)
لەم چوارچێوەیەدا هێزی دیاسپۆرا تەنیا بە ژمارەی ئەندامانی پێوانە ناکرێت، بەڵکوو بە ئاستی ڕێکخستن، سەربەخۆیی و کارامەیی دامەزراوەکانەوە پەیوەستە، قوتابخانەکان، ناوەندە کولتوورییەکان، دامەزراوە میدیاییەکان، یانەکانی خوێندکاری و لاوان، تۆڕە پیشەییەکان، دامەزراوە خێرخوازی و مافپارێزییەکان، هەموویان لە گواستنەوەی زمان، مێژوو، کولتوور و بەها هاوبەشەکان بۆ نەوەکانی داهاتوودا ڕۆڵ دەبینن، بەم شێوەیە دامەزراوەکان ناسنامە لە هەستێکی تاکەکەسییەوە دەگۆڕن بۆ سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی.
ڕەهەندی ئابووریی یەکێکی دیکەیە لە نیشانەکانی کاریگەریی دیاسپۆرا، بەپێی بانکى جیهانی، پارە بە شێوەی فەرمی لەلایەن کۆچبەرانەوە بۆ وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند نێردراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٦٥٦ ملیار دۆلار بووە و بۆ ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتووەتە نزیکەی ٦٨٥ ملیار دۆلار، ئەم بڕە لە زۆر حاڵەتدا لە یارمەتیی فەرمیی گەشەپێدان زیاترە و سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە، پاراستنی خێزان و کەمکردنەوەی هەژاری پێک دەهێنێت(Weltbank).
گرنگیی ئابووریی دیاسپۆرا تەنیا لە ناردنی پارەدا کورت نابێتەوە، ئەندامانی دیاسپۆرا دەتوانن لە ڕێگەی وەبەرهێنان، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، پێکهێنانی کۆمپانیا، پشتیوانیی توێژینەوە و بەستنەوەی بازاڕەکان، بەشداری لە گەشەپێدانی وڵاتی دایکدا بکەن، هەروەها پسپۆڕان و ئەکادیمیستانی دیاسپۆرا دەتوانن زانیاری، ئەزموون و تۆڕە پیشەییە نێودەوڵەتییەکان بخەنە خزمەتی زانکۆ و دامەزراوەکانی نیشتمان.
لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دیاسپۆرا بەشێکە لە بنیاتنانی هێزی نەرم، هێزی نەرم بە توانای ڕاکێشان و دروستکردنی متمانە و پەسەندکردنیەوە پەیوەستە، نەک بە زۆرملێ یان بەهۆی هێزەوە، لەبەر ئەوە، کولتوور، ئەدەب، هونەر، زانست، میدیا، چالاکیی مرۆیی و سەرکەوتنە پیشەییەکانی ئەندامانی دیاسپۆرا دەتوانن وێنەیەکی ئەرێنی لە نەتەوەکەیان لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دروست بکەن. دیاسپۆرا لەم ڕوانگەیەوە پردێکی نێوان وڵاتی دایک و وڵاتی نیشتەجێبوونە و دەتوانێت گفتوگۆی کولتووری و تێگەیشتنی هاوبەشی فراوان بکات.
شۆڕشی دیجیتاڵیش ڕۆڵی دیاسپۆرای زیاتر بەهێزتر کردووە، میدیای کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوە ئۆنلاینەکان و تۆڕەکانی پەیوەندیی ڕێگەیان داوە ئەندامانی دیاسپۆرا سەرەڕای دووریی جوگرافی، بەردەوام لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ نیشتمانی دایک پەیوەندییان هەبێت، بەو هۆیەوە ناسنامە و چالاکیی دیاسپۆرا چیتر بە شوێنێکی دیاریکراوەوە سنووردار نابێت، بەڵکوو لە کەش و هەوایەکی دیجیتاڵدا بە شێوەی تۆڕێکی جیهانیی بەردەوام دەبێت.
لەگەڵ ئەو دەرفەتانەدا دیاسپۆراییەکان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی جیددیش دەبنەوە؛ لەوانە لاوازبوونی زمانی دایک لە نەوەکانی ئایندە، تێکەڵبوونی کولتووری، دابەشبوونی سیاسی، نەبوونی سەرچاوەی داراییی بەردەوام و لاوازیی حکوومڕانی دامەزراوەیی، هەروەها پەیوەندیی زۆر بە ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵاتی دایک دەتوانێت دامەزراوەکانی دیاسپۆرا پارچەپارچە بکات و متمانەی کۆمەڵایەتیی لاواز بکات.
دیاسپۆرا تەنیا دەرئەنجامی کۆچکردن نییە، بەڵکوو سەرمایەیەکی ستراتیژیی مرۆیی، زانستی، ئابووری و کولتوورییە، کاریگەریی ئەم سەرمایەیە بە بوونی دامەزراوەی بەهێز، حوکمڕانی باش، ڕوونی، ستراتیژیی درێژخایەن و توانای بەشدارکردنی نەوە نوێکانەوە پەیوەستە، کاتێک ئەم مەرجانە دابین دەبن، دیاسپۆرا دەتوانێت نەک تەنیا ناسنامەی خۆی بپارێزێت، بەڵکوو دەبێتە بەرهەمهێنەری هێزی نەرم و بەشدارێکی کاریگەر لە گەشەپێدانی هەردوو کۆمەڵگەی دایک و کۆمەڵگەی نیشتەجێ بوونی.
سەرچاوە:
- Cohen, Robin (2008). Global Diasporas: An Introduction. 2nd ed. Routledge.
- Safran, William (1991). “Diasporas in Modern Societies: Myths of Homeland and Return.” Diaspora: A Journal of Transnational Studies, 1(1), 83–99.
- Sheffer, Gabriel (2003). Diaspora Politics: At Home Abroad. Cambridge University Press.
- Brinkerhoff, Jennifer M. (2009). Digital Diasporas: Identity and Transnational Engagement. Cambridge University Press.
- Nye, Joseph S. Jr. (2004). Soft Power: The Means to Success in World Politics. PublicAffairs.
- International Organization for Migration (2024). World Migration Report 2024.
- United Nations Department of Economic and Social Affairs (2025). International Migrant Stock 2024: Key Facts and Figures.
- World Bank (2024). Migration and Development Brief 40: Remittances Slowed in 2023, Expected to Grow Faster in 2024.