ژمارەی نوێی گۆڤاری ڕەوەند: کوردستان و دیاسپۆرا لە یەک بەرگدا

گۆڤاری (ڕەوەند)، وەک دەنگی کوردانی تاراوگە، بە ژمارەیەکی نوێ و دەوڵەمەندەوە گەڕایەوە بەر دەستی خوێنەران. لەم ژمارەیەدا سەرنووسەر هەرمن ئەحمەد لە سەروتاردا باس لەوە دەکات کورد لە تاراوگە سەرمایەیەکی مرۆیی و زانستی و ئابووریی گەورەیە، بەڵام هێشتا نەبووەتە هێزێکی ڕێکخراو و کاریگەر، و پێیوایە کورد پێویستە لە پەرتەوازەییەوە بەرەو یەکگرتوویی و ڕێکخستنێکی ستراتیژی و جیهانی بوون هەنگاوبنێ.

لەلایەکی دیکەوە، گۆڤارەکە چەند ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی تەرخان کردووە بۆ دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری دیپلۆماسیدا، لەوانە بەخشینی نیشانی بەرزی ئیتالیا بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و پەرەسەندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەرەنسا. هەروەها باسی گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی بواری ژینگە و کارەبا لە کابینەی نۆی حکوومەتدا دەکات، لەگەڵ هەواڵی یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی زمان لە دیاسپۆرا.

بەشێکی زۆر لە لاپەڕەکان تەرخانکراوە بۆ کوردانی دەرەوەی وڵات؛ لە دیمانە لەگەڵ ڕۆژنامەوانان و مامۆستایانی زانکۆ و هونەرمەندان لە فەرەنسا و بەلجیکا و پۆڵەندا و سویسرا، تا وتارگەلێک کە بابەتی یەکڕیزیی ڕەوەندی کوردستانی و ڕۆڵی ستراتیژی کۆنفیدراسیۆن دەخەنە بەردەم خوێنەران. هەروەها گۆڤارەکە بەشێکی تایبەت بە شێوەزاری هەورامی و بادینی داناوە، کە دیمەنێکی جوان لە فرەڕەنگیی زمانەوانیی کوردی پیشان دەدات. بەشی کورمانجی (بادینی) گۆڤارەکەش بە هەمان دەوڵەمەندییەوە ئامادەکراوە، بەڵام بە ناوەڕۆک و بابەتی جیاواز کە تایبەتن بەم شێوەزارەوە.

گۆڤارەکە هەروەها ڕاپۆرت و سەردانە دیپلۆماسییەکان پێشکەش دەکات، وەک سەردانی شاندی پەرلەمانی کەنەدا-کوردستان و کردنەوەی ناوەندی گەنجان (Youth Hub) لە هەرێمی کوردستان. بەشێکی گرنگیش لە دیمانەکان پێکدێت لە چیرۆکی پاڵەوانێکی کورد لە ڕووسیا زەلیمخان موتسۆیێڤ، هونەرمەند تارا مامیدۆڤا، نەرین نادیرۆڤا بەڕێوەبەری ئامیدسپۆر، و هونەرمەند و دەرهێنەر ئەکرەم سیتی خەڵکی ڕۆژئاوا.

بەشی بۆچوون (نێرین) زۆر دەوڵەمەندە؛ وتارێک لەسەر دۆخی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا لەلایەن د. نورەدین خۆشناو، وتارێک لەسەر کولتووری کوردانی ئەوروپا و بەرخۆدانی کولتووریی ئەوان لەلایەن زەینەل گۆچەر، و وتارێکی سیاسی لەسەر دۆخی باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن فوئاد ئۆنین. هەروەها وتاری ڕۆحەت ئالاکۆم بەناوی “کارەساتی ئەم سرگونە” باسی گۆرانی خەریبی و فۆلکلۆری سرگون دەکات، لە چوارچێوەی یادکردنەوەی ٥٠ ساڵی خەباتی نووسینی ئەودا.

جگە لەمانە، گۆڤارەکە لایەنی کولتوور و هونەریشی لەبیر نەکردووە، بە هەواڵی فێستیڤاڵی (شال و شەپك) لە زاخۆ، ناساندنی کتێبی (ژیان لە تاراوگە)، دیمانەی نووسەر داڤان یەحیا لەسەر کتێبەکەی “لۆزان لە چاوی کوردانەوە”، شیعرێک بۆ ئەژین عەبدولخالق، و شیکردنەوەیەکی وردی ئەدەبی لەسەر هۆنراوەی نووسەری ئەڵمانی بۆریس گرێف. لە کۆتاییشدا چیرۆکی درەوشانەوەی یاریزانی گەنج ئادەم فاریس لە بریتانیا و هەواڵی هەستیارکەری تیپی تۆپی پێی گەنجانی کوردستان لە فینلەندا وەک هەواڵێکی ئومێدبەخش پێشکەش دەکرێت کە بۆتە جێی سەربڵندیی کوردانی تاراوگە.

بەگشتی، ئەم ژمارەیە پەیوەندییەکی ورد و فراوان دەبەستێتەوە لەنێوان کوردستان و دیاسپۆرا، لە بواری سیاسەت و ئابوورییەوە هەتا هونەر و وەرزش، و بایەخی زۆری داوە بە بابەتی ناسنامە، زمان، کولتوور و ئەزموونی کەسیی کوردانی دەرەوەی وڵات.

ژمارە شەش سۆرانی لینک

ژمارە شەش کرمانجی لینک

ڕەنگە بە دڵت بن