سویسرا: هەمواری یاسای پێدانی ڕەگەزنامە دەکرێت

لەلایەن هاوپەیمانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاکشن ڤیرڤێرتێلDie zivilgesellschaftliche Allianz Aktion Vierviertel  و، لە ژێر ناوی  دەستپێشخەری دیموکراسی، دەست بە هەموارکردنەوەی یاسای پێدانی رەگەزنامەی سویسری بە پەنابەران دەکرێت.

هەموارکردنەوەی یاساکە، ئامانج لێی کەمکردنەوەی ماوەی یاسایی پەنابەرانە بۆ بە دەستهێنانی ڕەگەزنامەی سویسری،  گەر لە ماوەی دیارکراو پەنابەر هیچ پێشینەیەکی تاوان و مەترسی بۆ ئاسیشی ناوخۆ و دەرەوەی سویسرا نەبێت، هەروەها تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵگەی سویسرا، وەک فێربوونی زمان و هەبوونی کاری هەمیشەیی بێ گەڕانەوە بۆ هاوکاری سۆشیال، ئەوا دەتوانێت داوای مافی هاوڵاتیبوون بکات. 

ڕۆژی شەممە لە شاری بێرن، رێوشوێنەکان بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەستی بە کارەکانی کردووە، کە بە گوێرەی یاسای دیموکراسی لە سویسرا، سەرەتا دەست دەکرێت بە کۆکردنەوەی واژۆ و، دواتر لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا ڕێوشوێنەکانی تاوتوێ دەکرێت و، پاشان  لە ڕاپرسییەکدا هاوڵاتیانی سویسرا پرسەکە یەکلایی دەکەنەوە. 

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەی  بیست خولەک، کە بێ بەرامبەر لە شوێنە گشتییەکاندا دادەنرێت، دەوترێت، سویسرا نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانەکەی لە هاوڵاتیبوون بێبەشن، بۆیە لە پڕۆژەی “دەستپێشخەریی دیموکراسی” دەیەوێت ئەوە بگۆڕێت، هەرکەسێک پێنج ساڵ بە شێوەیەکی یاسایی لە سویسرا ژیابێت و، تاوانێکی گەورەی ئەنجام نەدابێت، وە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی سویسرا نەخاتە مەترسییەوە و، زانیاری سەرەتایی لەسەر زمان و وڵاتی سویسرا  هەبێت، پێویستە مافی هاوڵاتیبوونی هەبێت، ئەمە دەقی ئەو دەستپێشخەرییە جەماوەرییەیە، کە بۆ مافە مەدەنییە مۆدێرنەکان، لە شاری بێرن دەستی پێکردووە.

جێی باسە، هەرچەندە ئەم دەستپێشخەرییە ڕێوشوێن و ڕێککارەکانی چەند قۆناغێکی دەوێت، بەڵام ڕێخۆشکەرە  بۆ کاردانەوەیەک، یاخود گۆڕانکاری لە یاسای هاوڵاتیبوون، کە لە ئێستادا ئەوانەی مافی پەنابەرییان هەیە، پێویستیان بە چاوەڕوانییەکی زۆرە، تا ڕەگەزنامەی سویسری وەربگرن. 

سۆران حەسەن

ڕەنگە بە دڵت بن