شەماڵی عەبەڕەش… ڕوخسارێكی سپی لە نواندندا

دیداری هونەری

شەماڵی عەبەڕەش… ڕوخسارێكی سپی لە نواندندا

لەم دیمانەیەی هونەرمەندی ناسراو (شەماڵی عەبەڕەش) لەگەڵ گۆڤاری (ڕەوەند)دا، گەڕاینەوە بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتنی لە چیرۆکی (تەمسیلیی ژیان) و ئاماژەی بۆ ئاوە کرد: ‘دیارە چیرۆکی (تەمسیلی ژیان) ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ناساندنی من بە بازنەیەکی گەورەتر و بینەری زیاتر، چونکە تەلەڤزیۆن دەچێتە هەموو ماڵێک و بەو هۆیەوە زووتر و زیاتر دەناسرێیت، من پێش ئەوەش بەهۆی ئەو نمایشە شانۆییانەوە هەر ناسراو بووم، کە پێشکەشمان دەکرد، بەڵام بە ڕووبەرێکی تەسکتر. من هاوینی ساڵی ١٩٧٠ دوای نمایشی شانۆیی هاملێت، کە ڕۆڵی پاڵەوانی نمایشەکەم بەرجەستە دەکرد، لەدەوروبەری سلێمانی و لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکەدا باش ناسرام’.

گەڕانەوە بۆ ئەو رۆژگار، یادەوەریی شیرین و حەسرەتیشی لەگەڵدایە، ئەو دەڵێ: ‘بێگومان بە گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەم، غوربەت داماندەگرێت، غوربەتی شانۆکان، نمایشەکان، هۆڵە پڕەکان، ئامانجەکان و ئەو بینەرە جوانانەی ئەو سەردەمە، هەر یەک لەمانە هەڵگری دنیایەک لە بیرەوەری و شانازی و سەربەرزیمانە. بۆ من گۆرانی و ڕۆڵبینین لە ڕۆحمەوە نزیکن و هەردووکیشیانم گرتبوو، بەڵام کاتێک هاتە سەر ئەوەی، کە ئەبوا یەکێکیان هەڵبژێرم و بیکەم بە پیشەم، ڕۆڵبینینم هەڵبژارد، چونکە دڵنیا بووم لەمەیاندا سەرکەوتوو دەبم و دەتوانم زیاتر خزمەت بە فەرهەنگی میللەتەکەم بگەیەنم، واتا هەڵبژاردنەکە پەیوەندیی بە توانای منەوە هەبوو نەک بە پیشەکە.’

‘بناغەی یەکترناسینم لەگەڵ شادان لە ڕۆڵی مەم و زین بوو’

چیرۆکی پێکەوەنانی ژیانی خێزانیی هونەرمەند شەماڵ عەبەڕەش لەگەڵ هونەرمەند شادان فواد لە کاتی پرۆڤە و رۆڵبینین لە دراماکان دەبێت بە واقع و دەڵێت: ‘هەر لە یەکەم بینینی شادانەوە ساڵی ١٩٧٥ لە کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی، کە دواتر بووە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان، لەگەڵ خودی خۆمدا گوتم دەبێ هەوڵ بدەم ئەو شادانە بۆ من بێت نەک بۆ کەسێکی دی، دواتر ئەم بیرکردنەوەیە بوو بە دیالۆگێکی گرنگی زنجیرە درامای گوڵاڵە، کە پشکۆ دەڵێت ئەگەر ئەو گوڵاڵەیە بۆ من نەبێت نایەڵم بۆ کەس بێت. دوای ماوەیەک، کاتێ خەریکی پڕۆڤە و خۆ ئامادەکردنی مەم و زین بووین، بە دەرفەتم زانی نیازی دڵم بە شادان بڵێم. 

یەکتر ناسینی من و شادان لە ڕێی شانۆوە بوو لە کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی، کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان لە سلێمانی، ئەوکاتە من خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکان بووم لە بەغدا و بۆ پشووی هاوین گەڕابوومەوە بۆ سلێمانی. مامۆستایان کاک فوئادی حەمەمین ئاغا و کاک تەها خەلیل لە ڕێوڕەسمێکدا کچەکانیان (شادان و یادگار)یان کرد بە ئەندام لە کۆمەڵ، تا لە پڕۆژە شانۆییەکاندا ڕۆڵی ژنەکان وەرگرن، چونکە ئەو سەردەمە لەبەر نەبوون یان کەمیی کچان لە نێوەندەکەدا، زیاتر پیاو ئەو ڕۆڵانەیان دەبینی. لەو ڕێوڕەسمەدا بۆ یەکەم جار شادانم دی. دوای ماوەیەک بڕیار درا مەم و زین بکەن بە پڕۆژە و ئەرکی دەرهێنانیشیان سپارد بە هونەرمەند  کاک نەوزاد مەجید، ڕۆڵی مەم درا بە من و زینیش بە شادان، ئەمە سەرەتای یەکترناسینمان بوو’.

‘عیشقم بۆ هونەر و پاڵپشتیی شادان و منداڵەکان، هاندرم بوون’

سەبارەت بە پاڵپشتی و کاریگەرییەکان، شەماڵی عەبەڕەش دەڵێ: ‘عیشقم بۆ هونەر بۆ شانۆ و بۆ ڕۆڵبینین پێکەوە لەگەڵ شادان و پاڵپشتیی شادان و منداڵەکان کاریگەریی گەورەیان هەبوو لەسەرم. هەر ئەو عیشق و پاڵپشتییەش هانیان دام هەوڵ بدەم زوو فێری زمانی هۆڵەندی ببم، تا بتوانم بچمە نێو دنیای هونەری ئەو وڵاتەوە و لەگەڵ هاوڕێیانم لە شانۆکارانی هۆڵەندی پەیوەندیی باش پێک بێنم، ئەم پەیوەندییەش ڕۆڵی گەورەی هەبوو لەسەر بەردەوامبوونمان. من و شادان لە کاتی کارکردنمان لە پڕۆژەی هونەری دەبینە هاوڕێ و هاوکار، هەر بۆیە ژیانی هاوسەریمان تێکەڵ بە هونەرەکەمان ناکەین. وەک پێشتر باسم کرد یەکەم کاری هونەریی ئێمە بە یەکەوە مەم و زین بوو بۆ تەلەڤزیۆن، کە ڕژێم نەیهێشت تۆماری بکەین، دوا بەدوای مەم و زین پێکەوە تابلۆیەکمان لەسەر دەقی هۆنراوەکەی شاعیری گەورە عەبدوڵا گۆران بە ناوی (گوڵی خوێناوی) پێشکەش کرد، پاشان لە تەمسیلیی ژیان، کە من بە گۆرانیی (هەرچەند ئەکەم) بەشدار بووم و ئیتر هەموو ئەو بەرهەمە یەک لەدوا یەکانەی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی.’

خێزانێك بە تەواوی ئەندامانییەوە لەسەر تەختەی شانۆ

شەماڵ هەر خۆی و شادان نا، تەنانەت هەردوو کچەکەیان و کوڕە بچووکەکەشیان لەناو هونەردان و خۆی لەمبارەوە دەڵێت: ‘بیرەوەرییەکانی کاتی کارکردن زۆرن، بەتایبەتی لەگەڵ منداڵەکانمان، لە کوردستان کچەکانمان (شنۆ و شایی) بە بەردەوام لە کاتی پڕۆڤە لەگەڵمان بوون، زۆر جار کە دەگەڕاینەوە ماڵەوە دەستیان دەکرد بە لاساییکردنەوەمان و زۆربەی حیوارەکانیان لەبەر بوو، تا وای لێهات ئەوانیش بوونە ئەکتەر و لە چەندین بەرهەمدا بەشدارییان کرد و لە فێستیڤاڵی شانۆی کوردی لە بەرلین بە هاوبەشی، خەڵاتی باشترین ئەکتەریان پێ بەخشرا. لە ئەوروپاش (شارۆ)ی کوڕمان منداڵ بوو، ئێمەش هەر چوارمان (من، شادان، شنۆ و شایی) خەریکی پڕۆڤەی شانۆیی دووبارەی داستانێک بووین، لە ئامادەکردن و دەرهێنانی هونەرمەند سیروان ڕەحیم، بۆ ماوەیەکی درێژ هەموو ڕۆژێک ئەبوا شارۆ بەرین بۆ پڕۆڤە، ئەویش منداڵ بوو و زوو ماندوو دەبوو، زۆر جار وادەبوو لەسەر کورسییەکانی هۆڵەکە دەنووست، کە خەبەری دەبووەوە دەیپرسی گەیشتینە (نیفاق)، چونکە ئەیزانی لە شانۆییەکەدا، کە ئەگوترا نیفاق ئیتر پڕۆڤە بەرەو کۆتایی دەچێت، ئیتر بەشداران هەموو ئەکەوتنە پێکەنین.’

پانۆرامای ژیانی 

– لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی هەر لەوێ تەواو کردووە، ساڵی ١٩٧٤ خوێندن بەجێدێڵی و ڕوودەکاتە شاخ.

– ساڵی ١٩٧٦ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی لە شاری بەغدا تەواو کردووە و ساڵی ١٩٧٧ بۆ ماوەی شەش مانگ بووەتە مامۆستای سەرەتایی لە کەناروێ و پاشان گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی قوتابخانەکان لە سلێمانی.

– ساڵی ١٩٩٣ کوردستان جێدێڵیت و ڕوو لە هەندەران دەکات.

– دوای هەڵوەشاندنەوەی تیپی سۆران، ساڵی ١٩٧٢ دەبێتە ئەندامی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی و لە ساڵی ١٩٧٥ تا ئێستا ئەندامی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کوردە.

– ساڵی ٢٠٠٩ لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە بێ ئامادەبوونی خۆی، وەک ڕێزلێنان مەدالیای ئاڵتوونیی پێ بەخشراوە.

– ژیانی هاوسەری لەگەڵ ئەكتەر و هونەرمەندی شانۆ و دراما خاتوو (شادان فواد) پێكهێناوە، كە لە چەند كارێكدا بەیەكەوە ڕۆڵیان بینیوە.

– دوای ئەوەی ڕووی كردووەتە ئەوروپا، لەسەر كاری نواندن هەر بەردەوام بووە و لە چەندین شانۆ، ئۆپەرێت، زنجیرە دراما، كاری سینەمایی، ڕۆڵی ئەكتەر، یان دەرهێنەری بینیوە و بەشداریی لە فێستیڤاڵەكان كردووە.

– بەشێك لەو بەرهەمانەی لەدەرەوە تیایاندا بەشدار بووە (فیلمی ئەو هەرزەکارەی کە ئیتر نادوێ، شانۆی منداڵان- تاجەکەی شازادە، (Oparet)ی هۆڵەندی، شانۆی دووبارەی داستانێک، شانۆی پێنج (5) تابلۆ، فیلمی سینەمایی ڕۆژانی زەرد، شانۆی شەوی زاوایەتی، درامای تەلەڤزیۆنی Hallo Holand، درامای تەلەڤزیۆنی (نامۆیی)، فیلمی (دەریایەک لە بیرەوەریم)، کورتە فیلمی Gekleurde Ijs بە زمانی هۆڵەندی، شانۆی De Herineringen بە زمانی هۆڵەندی، زنجیرە درامای تەلەڤزیۆنی Casualtym بە زمانی ئینگلیزی، کورتە فیلمی دڵشاد، زنجیرە درامای Nederlands aan het werk بە زمانی هۆڵەندی، شانۆی دەرگە، زنجیرە درامای منداڵان بە زمانی هۆڵەندی، فیستڤاڵی مۆنۆدرامای کوردی لە لەندەن، زنجیرە درامای Guardians of the Museum … و چەند كاری دیكە بۆ تەلەڤزیۆنەكانی وڵاتانی ئەوروپا.

کورتەیەک لە ژیانی هونەرمەند شەماڵ عەبەڕەش 

  • لە ساڵی 1954 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و قۆناغی سەرەتایی و ناوەند-ی لە سلێمانی تەواو کردووە.
  •  لە ساڵی 1974 خوێندن بەجێدێڵی و ڕوودەکاتە شاخ. 
  • ساڵی 1976 پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی لە شاری بەغدا تەواو کردووە و ساڵی 1977 بۆ ماوەی 6 مانگ بووەتە مامۆستای سەرەتایی لە کەناروێ و پاشان گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی چالاکیی قوتابخانەکان لە سلێمانی.
  •  ساڵی 1993 کوردستان جێدێڵیت و ڕوو لە هەندەران دەکات. 
  • دوای هەڵوەشاندنەوەی تیپی سۆران ساڵی 1972 دەبێتە ئەندامی (تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی) و لە ساڵی 1975 تا ئێستا ئەندامی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کوردە و لە سلێمانی زۆربەی بەرهەمەکانی لە کۆمەڵە ئەنجام داوە.
  •  ساڵی 2009 لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە بێ ئامادەبوونی خۆی، مەدالیای ئاڵتوونی وەک ڕێزلێنان پێ بەخشرا.

بەشداریی هونەرمەند لە کارە هونەرییەکان:

  • ساڵی 1994، بەشدار بووە لە کورتەفیلم بە زمانی کوردی، وەرگێڕانی هۆڵەندی لە (تیڤی  RTL4)ی هۆڵەندی، لە دەرهێنانی حوسێن سێودین.
  • بەشدار بووە لە فیلمی (ئەو هەرزەکارەی کە ئیتر نادوێ) لەگەڵ هونەرمەندی ناسراوی هۆڵەندی (Ben Sombogard )، لە ساڵی 1995 لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیکەی کورد لەوانە ئەکرەم سلێمان، دیمەنەکانی ئەم فیلمە لە وڵاتانی بەلجیکا، مەغریب، هۆڵەندا وێنە گیرابوون.
  • ساڵی 1996 بەشدار بووە لە کارێکی شانۆیی، بۆ منداڵانی پەنابەر لە هۆڵەندا، بەناوی (تاجەکەی شازادە).
  • ساڵی 1997 وەک یاریدەدەری دەرهێنەر بەشداری لە موزیکەلالێکی  (Oparet)ی هۆڵەندی کرد لەگەڵ دەرهێنەری هۆڵەندی (Erik van Waalaijk van Doorn) 
  • ساڵی 1998 بە شانۆی (دووبارەی داستانێک) بەشداریی یەکەم فێستیڤاڵی شانۆی کوردی لە تاراوگە کرد لە بەرلین، ئەم شانۆیە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی هونەرمەند (سیروان ڕەحیم) بوو.
  • ساڵی 2000 بەشداریی لە دووەم فیستڤاڵی شانۆی کوردی لە تاراوگە کرد بە شانۆی (پێنج تابلۆ) لە ئامادەکردن و دەرهێنانی هونەرمەند شۆڕش قادر، هەر لەم فێستیڤاڵە خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێ بەخشرا.
  • ساڵی 2001 ڕۆڵی سەرەکی بینی لە فیلمی سینەمایی 35 میلم (ڕۆژانی زەرد). ئەم بەرهەمە بەشداریی چەندین فیستڤاڵی جیهانیی کردووە، کە بەرهەمێکی ئەڵمانی بوو.
  • ساڵی 2002 ڕۆڵی سەرەکی بینی لە شانۆی (شەوی زاوایەتی) بە زمانی هۆڵەندی، کە لە نووسینی Vera Aikens و دەرهێنانی هونەرمەندی عەرەب (رسول الصغیر) بوو.
  • هەر لە ساڵی 2002 ڕۆڵی سەرەکی بینی لە درامای تەلەڤزیۆنی (Hallo Holand ) کە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند (ئەکرەم سلێمان) بوو.
  • لە ساڵی 2004 ڕۆڵی سەرەکی بینی لە درامای تەلەڤزیۆنی (نامۆیی) کە لە نووسین و دەرهنانی هونەرمەند (شۆڕش قادر) بوو.
  • هەر لە هەمان ساڵدا 2004 بە ڕۆڵی سەرەکی بەشداریی لە فیلمی (دەریایەک لە بیرەوەریم)دا کرد، کە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند (کامەران ڕەئوف) بوو
  • ساڵی 2005 ڕۆڵی سەرەکی بینی لە کورتە فیلمی (Gekleurde Ijs ) بە زمانی هۆڵەندی بۆ ( Art Universaty) لە دەرهێنانی هونەرمەند (ئاکۆ سیرینی).
  • ساڵی 2006 ڕۆڵی سەرەکی بینی لە شانۆی (De Herineringen ) بە زمانی هۆڵەندی، ئەم شانۆیە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند (کامەران ڕەئوف) و وەرگێڕانی بۆ هۆڵەندی شەماڵی عەبەڕەش، پێداچوونەوەی زمان Tom Theo Smit.
  • ساڵی 2006 بەشداری لە زنجیرە درامای تەلەڤزیۆنی بە زمانی ئینگلیزی بە ناوی ( Casualtym)  لە دەرهێنانی هونەرمەندی بەریتانی ( Ben Morris).
  • هەر لە ساڵی 2006 ڕۆڵی سەرەکی بینی لە کورتە فیلمی (دڵشاد)، کە لە نووسین و دەرهێنانی (ئاکۆ سیرینی) بوو بۆ ( Art Universaty ) لە ( Utrecht).
  • ساڵی 2007 ڕۆڵی سەرەکی بینی لە 8 ئەڵقەی زنجیرە درامای (Nederlands aan het werk  ) بە زمانی هۆڵەندی، کە لە دەرهێنانی هونەرمەندی هۆڵەندی (Ruben Bults)  بوو.
  • هەر لە هەمان ساڵدا ڕۆڵی سەرەکی بینی لە شانۆی (دەرگە) بە زمانی کوردی، ئەم شانۆیە لە نووسینی نووسەری ناوداری عەرەب (یوسف الصائغ) و وەرگێڕان بۆ کوردی (جەمال خەمباری شاعیر)، وەرگێڕانی بۆ هۆڵەندی هونەرمەند (شەماڵی عەبەڕەش) بوو.
  • ساڵانی 2008 و سەرەتای 2009 ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە (5 ئەڵقەی زنجیرە درامای منداڵان) بە زمانی هۆڵەندی بۆ کۆمپانیای (Ooit) لە نووسین و دەرهێنانی (ئەکرەم سولێمان)، کە ئێستا لە هۆڵەندا نمایش دەکرێت.
  • لەدوای نیشتەجێبوونی لە بەریتانیا، بەشداریی کردووە لە ڕێکخستن و سەرپەریشتیکردنی فیستڤاڵی مۆنۆدرامای کوردی لە لەندەن لە هەمان ساڵیشدا لە زنجیرە درامای (Guardians of the Museum ) ڕۆڵی بینیوە، کە درامایەکی نوێی (کەناڵی  BBC1) بووە.
  • ساڵی 2011 لە زنجیرەی (ئاکامی نهێنی) بەشدار بووە و بەدوای ئەویشەوە لە (خانەکەی حاجی ئاغا).
  • ساڵی 2019 بەشدار بووە لە شانۆیی (باوک) کە لە سلێمانی، هەولێر، سوید و سەقز نمایش کراوە و خەڵاتی فەخریی بۆ باشترین ئەکتەری پیاوی پێ بەخشراوە.
  • ساڵی 2020 لە زنجیرەی (دوا شەو)، ساڵی 2022 لە فیلمی (تەمی با)، لە ساڵی 2023 لە شانۆیی (لێکترازان) و هەمان ساڵ لە (فیلمی 1988) و ئنجا لە (2023 فیلمێشین) و لە ساڵی 2024یش لە زنجیرەی (باڵەخانە) بەشدار بووە و ڕۆڵی تێدا بینیون.
ڕەنگە بە دڵت بن