خیانەت و بێدەنگی

د. زیرەک عەبدوڵڵا – ئەڵمانیا

پوختە: ئەو وتارە تەرخانە بۆ قسەکردن لەبارەى پێوەندیی خیانەت بە بێدەنگيیەوە، بەدیارکراویش خیانەت لە نیشتمان و بێدەنگیی بژاردەى ڕۆشنبیرى، پۆلیتیکی و ئەکادیمی؛ تیایدا نووسەر چەمکی خیانەت دیار دەکات و تیشک دەخاتە سەر تایبەتمەندییەکانی خیانەت وەکوو دیاردەیەکی سۆسیۆکولتوورى و پۆلیتیکیی فرەڕەهەند. ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە چۆن بێدەنگی هۆکارە بۆ بەردەوامبوون و گەورەبوونی قەبارەى دیاردەى خیانەت لە نیشتمان. لەگەڵ وروژاندنی ژمارەیەک پرسیار سەبارەت بە بێدەنگبوون لە ئاست دیاردەى خیانەت.   

چەمکە کلیلییىەکان: خیانەت؛ بێدەنگی؛ تایبەتمەندییەکانى خیانەت   

فۆرموولەکردنی کێشە: لەپێناو پارەدا، مامۆستا توێژینەوە بۆ خوێندکار دەنووسێت؛ بەڕێوەبەر لە دامودەزگایەکى میرى گەندەڵی دەکات؛ پۆلیتیککار لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەت، دژایەتیی نەتەوە و خەونەکانی دەکات؛ فەرماندەی سەربازی چەپەر بۆ دوژمن چۆل دەکات؛ ژن، یان پیاو خیانەتى هاوسەرگیرى دەکات؛ نووسەر، رۆژنامەنووس و چالاکوانی پۆلیتیکی دژی نەتەوە و خاکەکەی دەنووسێت و هەوڵی نەهێشتنی بەندیواریی تاکەکانى کۆمەڵگە بۆ نیشتمان دەدات و..تاد. ئەوەتا هەموو ئەم دیاردانە هەن، ئێمەش پەی پێدەبەین و لەگەڵیاندا دەژین، بەڵام ئەم دیاردانە هەر تەنیا لە کۆمەڵگەى کوردستانیدا نین، بەڵکوو بەشێوەیەکی ڕێژەیی لە کۆمەڵگەى دیکەشدا هەن، واتا دیاردەی یونیڤێرسالین. بەمپێیە دەپرسین: ئایا خيانەت فۆڕمێكى ژيانە لە سەردەمى ئێمەدا؟ ئایا ئێمە ناچار نین لەگەڵ دیاردەی خیانەتکاریدا بژین؟ بێگومان، پێدەچێت ئیدی ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکان نەتوانێت بەبێ پرسی خیانەت هەبێت. 

خیانەت، وەکوو دیاردەیەکى سۆسیۆکولتوورى و پۆلیتیکیی فرەڕەهەند، لە کەتوارى کۆمەڵگەى کوردستانیدا بە فۆرم و ئاستى جیاجیا و لە کایەى جیاجیاشدا هەیە؛ هەروەک هۆکار، تایبەتمەندیی، لێکەوتە و کاریگەریى نەرێنيی ناچوونیەکیشى لەسەر: ئاسایش و جێگیریی کۆمەڵگە؛ قەوارەى  پۆلیتیکی کۆمەڵگە؛ بەها سۆسیۆکولتوورییەکان، پێکەوەژیانی خێزانەکان، گرووپەکان، مەزهەبەکان، پارتە پۆلیتیکییەکان، نەتەوەکان و..تاد، هەیە. لەبەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی، قسەکردن لەبارەى خیانەت لە کۆمەڵگەى کوردستانیدا بووەتە بابەتی ڕۆژ لاى زۆرینەى هاووڵاتیيان، بەڵام ئایا قسەکردن و ڕاڤەکردنەکان زانستین؟ بێگومان نەخێر، هەر بۆیە؛ پێویستە لەلایەنی زانستییەوە قسە لەبارەى دیاردەی خیانەت و تایبەتمەندییەکانی بکرێت؛ پێویستە خەیاڵ، میتۆد و بنەمای زانستی لەبەردەستدا بێت، تاوەکوو لەمیانەیەوە لەو دیاردەیە بڕوانرێت. ئێمە لەخۆمان پرسیووە: ئایا لە کۆمەڵگەى ئێمەدا، لە کایەکانى ڕاگەیاندن، ڕۆشنبیرى و زانستییەوە گرنگییەکى ئەوتۆ بەم دیاردەیەوە نادرێت؟ ئەو بێدەنگییە گەورەیەى هونەرمەندان، نووسەران و ڕۆشنبیرانی جیددی، تەنانەن هەندێک لە پارتە پۆلیتیکییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنی لەبەرامبەر ئەو دیاردەیە لەچییەوە سەرچاوەى گرتووە؟ ئایا فەرامۆشکردنی توێژینەوەکردنی ئەو دیاردەیە، کەموکوڕییەکى بێوێنە نییە؟

چەمکی خیانەت چی دەگەیەنێت؟ لە تێڕوانینی ئێمەدا، خيانەت شكاندنى ئەو پەيمان، متمانە و بەنديوارييە گريمانەكراوەيە، كە لە پێوەندیى نێوان دوو كەس، یان کەسێک بە بابەتێک، يانیش كەسێك بە بووێكى گەورەتر، وەكوو گرووپ، دامەزراوە، پارتى پۆلیتیکى، نەتەوە، نيشتمان و..تاد، ڕوودەدات، ئەمەش لەميانەى بەرجەستەكردنى ڕەفتارێكى دژ بە نۆڕمى ئاکارى و بەهاكانى كۆمەڵگە.

خیانەت بەشێکە لە مێژووی مرۆڤایەتی، هەمیشە هەبووە، لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانەوە تا سەردەمی مۆدێرن، مەحاڵە کۆمەڵگایەک بدۆزرێتەوە ئەم دیاردەیەى تێدا نەبووبێت و نەبێت. لە دونیای مۆدێرندا خیانەت بەقووڵی لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا تێکەڵ بووە، ئەمەش چونکە بەتوندی پێوەندیی بە بەرژەوەندی و ئاراستە سایکۆ- سۆسیۆ- پۆلیتیکییەکانی مرۆڤەوە هەیە. 

دیاردەى خیانەت لەلایەنی مێژووییەوە کۆنتر و فرەڕەهەندترە بەراورد بە خیانەت لە نیشتمان، بەڵام ئەوەى دووەم قەبارە و زیانەکانی گەورەترن لەوەى یەکەم. خیانەت لە نیشتمان، کە لە فەرهەنگی پۆلیتیکیدا بە (خیانەتى مەزن) ناوزەد دەکرێت؛ بریتییە لە دەست خستنەناو دەستى دوژمن و زەبردان لە نیشتمان، ئەمە واتا گۆڕینی چەپەر و بەندیوارى.‌ هه‌ر كه‌سێك پێوەندیی به‌ وڵاتی دیکە بكات بۆ له‌ناوبردنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتەکەى، یان لە چەپەرى وڵاتی دیکەوە دژی وڵاتی خۆی بجه‌نگێت، پلان بۆ كوشتنی به‌رپرسانی وڵات دابنێت، خاک ڕادەستى دوژمن بکات، نهێنیی وڵاتەکەى بداته‌ وڵاتانی دیکە و..تاد، ئەوە خیانەتى نیشتمانى دەکات.

لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژییەوە، خیانەت پێوەندی بە ڕەگەز، تەمەن، شوێن، کات، گرووپ و نەتەوەى تایبەتەوە نییە. خیانەت کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هەیە؛ لەوانە: خیانەت سنووری یەکلاکەرەوەی بەهاکان و یەکگرتوویی ئەندامانی کۆمەڵگە دیار دەکات؛ خیانەت دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، ناکۆمەڵایەتی، بێزراو و نەرێنییە، چونکە دەرکەوتەی پێشێلکردنی نۆڕم و بەها پەیڕەولێکراوەکانی کۆمەڵگەیە؛ هەر خیانەتێک زیانی ماددی، یان ئاکارى بە خیانەتلێکراو دەگەیەنێت، بۆیە هەر خیانەتێک تاوانێکە.

سۆسیۆلۆگ گرنگە بزانێت: کێ و بۆچی خیانەت دەکات؟ خەسڵەتەکانی خیانەتکار چین؟ لە تێڕوانینی ئێمەدا، خیانەت هەمیشە لەو کەسانەوە دێت، کە متمانەیان پێکراوە. دەشێت بڵێین: خیانەت لە دوژمنێکی نەناسراوەوە دێت، کە لە جەستەی دۆست، هاوەڵ، یان هاوڕێیەکی دڵسۆزدا خۆی حەشارداوە. بەمپێیە؛ بەرجەستەکردنی خیانەت دژپێکییەکی پێویستە. خیانەتکار دەبێت لە یەک کاتدا بەندیوارى و متمانەی خۆی پیشان بدات، هەروەک هەوڵی زیانگەیاندن بە قوربانییش بدات.

کاتێک کەسێکی دڵسۆز دەبێتە خیانەتکار و دەچێتە نێو چەپەرى دوژمن؛ ئەوا لە لاوازترین خاڵەکانی قوربانی (خیانەتلێکراو) دەدات، بەوەى تایبەتمەندییەکانی قوربانی دەزانێت، کە ئەمەش قووڵایی کارەساتی خیانەتەکەیە.

خیانەتکار هەمیشە لەگەڵ پرسی بەرژەوەندخوازییدا پێوەندیی هەیە. پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌گه‌ری نه‌هێشتنی ئاسایش و جێگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی له ‌كۆمه‌ڵگەدا، هه‌روه‌ک ده‌بێته‌ هۆی ئه‌گه‌ری خیانه‌تكردن. هەموو ئەوانەى بەرژەوەندییان هەیە خیانەت ناکەن، بەڵام هەموو ئەوانەى خیانەت دەکەن بەرژەوەندییان لەو ڕەفتارەدا هەیە. کەسێک خیانەت دەکات، کە ژیانی کەسی دیکە و کۆمەڵگەى لەلا گرنگ نەبێت. ڕاستە خیانەتکار دەستکەوتى ماددی دەبێت، بەڵام لەلایەنى مۆڕاڵییەوە لە کۆمەڵگەدا شوناسێکی نێگەتیڤ و ئیمێجیکى بێزراوی دەبێت، چونکە مۆڕاڵ، ڕێز و پێگەى کۆمەڵایەتیى خۆى لەدەست دەدات. خیانەتکار هۆشیارییەکی لاوازى هەیە، لەوە تێناگات کە ئەوانی دیکە بە نەرێنی بەکاری دەهێنن. كەسێك هۆشیاریيەكى مرۆیی و سۆسیۆپۆلیتیکیی بەرزى هەبێت، لەبەر تێرکردنى غەریزەیەکى کاتى، یان دەستکەوتێکی تایبەت، ڕێگە بەخۆى نادات خيانەت لە نەتەوەیەک، یان نيشتمانێك بكات. 

خیانەتکار کێشەى پەروەردەیی هەیە. پەروەردە دەتوانێت مرۆڤ بکاتە خیانەتکار، یان ڕێگری لە خیانەتکردنی بکات. لە کۆمەڵگەى کوردستانیدا خیانەت، بەتایبەتی لە نیشتمان، لەلایەن گرووپێک، یان بنەماڵەیەک بە میرات ماوەتەوە. هەر کەس و گرووپێک دژی مافی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كەیان ڕه‌فتار بكەن؛ ئه‌وا بێگومان هه‌ڵگری په‌روه‌رده‌یه‌كی نەرێنین سەبارەت به‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی. ژیانی سۆسیۆپۆلیتیکی کوردستانی پڕە لە ڕووداوی خیانەتکاری، لەمەشدا پرسی پەروەردە ڕۆڵ دەگێڕێت. لەمیانەى پەروەردەوە خیانەتکردن بووتە ئامرازێک بۆ وەرگرتنى دەسەڵات. خیانەتکاران پێڕەوی لە میتۆدی ماکیاڤیلی دەکەن. لای ئەوان گرنگ نییە کوردستان و قەوارەکەى چی لێدێت، گرنگ ئەوەیە ئەوان لە دەسەڵاتدا بن، هەر لەم پێناوەشدا کاردەکەن بۆ گۆڕینی بەها ئەرێنییە پێکەوەییە نیشتمانییەکان، ئەو بەهایانەى کۆمەڵگەى کوردستانی، وەکوو یەکەیەکی یەکگرتوو پێکدەبەستێتەوە و پێکەوەژیان و پاراستنی قەوارە دەچەسپێنێت. 

پێشتر خیانەتکاری زۆر بە نەنگی دەبینرا، ئیستا بە ڕاشکاوانە و لە کەناڵى فەرمیی جیاجیاوە ئیشی بۆ دەکرێت. ئێستا خیانەتکار بە دەنگی بەرز دژی کوردستان قسە دەکات، ژمارەیەک کەناڵی ڕاگەیاندنیش هەڕمێن بۆ خیانەتکاریی دەکەن. گۆڕینی سیستەمی بەهاکان، دەرچەیەکە لێیەوە ڕێگە بۆ خیانەتکاری خۆش دەبێت، دەبینین: بەهۆی کارکردن لەسەر بەهاکانەوە، دیاردەى جاشایەتی لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گەشەی سەندووە. هەر ئەو هەڕمێندانە بەخیانەتکردن، هۆکاری سەرەکیی بەردەوامبوونی ئەو دیاردەیەیە لە کوردستاندا. سەرنج بدەن: لە کۆمەڵگەى کوردستانیدا، خیانەتکاران تادێت پێگەى پۆلیتیکى و بەڕێوەبەریی باڵایان دەبێت. ئەمە ناچارمان دەکات بپرسین: ئایا خیانەتکردن هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەى پێگەی مرۆڤ؟ ئایا نیشتمانپەروەران چۆن ڕازى دەبەن، بەوەى خیانەتکاران ئەو پێگە بەڕێوەبەری و پۆلیتیکییە بەرزانەیان هەبێت؟

لە کوردستاندا، لەبەرامبەر دیاردەى خیانت بێدەنگییەکی بێوێنە هەیە. کادیرانی زانستی و ڕۆشنبیران لە بێدەنگیدا نووقم بوون، وەکئەوەی هەر نەبووبن، بەڵام بۆ؟ بێدەنگیی ڕۆشنبیران خزمەت بە دوژمنانی کوردستان دەکات.  

پێشتر کورد شۆڕشی دەکرد و کەناڵی ڕاگەیاندنی زۆر سنووردار بوو، کەچی ڕووبەڕووی خیانەتکاریى دەبووەوە، دەیان وتار، هۆنراوە و..تاد، لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە دەنووسرا. ئێستا بەدەیان دامەزراوەى ڕاگەیاندن، کەناڵی لۆکاڵی و دیجیتاڵ و..تاد هەیە، کەچی لەبەرامبەر ئەو دیاردەیە بێدەنگن. پرسیار: دەزگاى ڕاگەیاندنتان بۆچییە کاتێک نەتوانن بە پلانێکی زانستیی گونجاو دژی دیاردەى خیانەت ببنەوە؟ خۆ باش دەزانن: خیانەت ڕێگرە لە پێش بەرجەستەبوونی خەونی سەربەخۆیی کوردستان. 

لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، دیاردەی خیانەت لە نیشتمان ببێتە دیاردەیەکى بەربڵاو؛ ئەوا دەبێت فۆکس بخرێتە سەر ڕۆشنبیرانى کۆمەڵگەکە، چونکە ڕۆشنبیر، وەک فیگورێکی سۆسیۆکولتووری و خاوەنى هۆشیارییەکی ئاستبەرز، چاودێریی کۆمەڵگە و دیاردە نەرێنییەکانی دەکات، بەوەى كەرەستەگەلێکی هزر٠ى و میتۆدیى لەبەردەستە، بۆ ڕاڤەكردن و تێگەيشتن لە كۆمەڵگە و دیاردەکانى. ڕۆشنبير، بەنديوارييەكى هزریى و ئاکارى بۆ كۆمەڵگە هەيە، هەر خۆی ئاوەزى کۆمەڵگەیە، فەرمانڕەوای بیرکردنەوەکانە، دروستکاری تۆڕی بەها سۆسیۆکولتوورییەکانە. ڕۆشنبیر، ئەو فلتەرەیە ڕێگە بە هەندێک بەها، ئایدیا و دیاردەى سۆسیۆکولتوورى و پۆلیتیکی دەدات، ڕێگەش لە هەندێکی دیکە دەگرێت لە کۆمەڵگەدا بەرکار بن.

دەبێت یەکەم پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى خیانەت، ڕۆشنبیر بێت، بەڵام لە کۆمەڵگەى کوردستانیدا ڕۆشنبیر بەلایەنی کەمەوە تاوەکوو ئێستا ئەو ڕۆڵەی نەگێڕاوە، چونکە زۆرینەیان ڕۆشنبیرى ساختە (نووسەرانی سەر بە پارتەکان)ن، کە هەمیشە بەرژەوەندخوازانە بەدواى ڕەوایەتیدانن بە ڕەفتارى بەرپرس و سەرکردەکانیان، تەنانەت ئەگەر ڕەفتارى نامرۆیی و نانیشتمانییش بێت. ئەوە هۆکارێکە بۆ بێدەنگبوون لە خیانەتکاری. ئاخر چۆن دەبێت ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووبدات؛ خاکت داگیر بکرێت، هاوزمانەکانت بکوژرێن، دەستدرێژییان بکرێتە سەر و..تاد، کەچی ڕۆشنبیر دەنگی نەبێت؟ ڕۆشنبیر نابێت دیاردەى خیانەت لە نیشتمان قبووڵ بکات و بێدەنگ بێت. ڕۆشنبیر، کە بێدەنگ دەبێت لە خیانەتکردن لە نەتەوەکەى؛ ئەوا هەم خیانەت لە ڕۆشنبیری و هەمیش لە نەتەوەکەى دەکات، بەڵام لەپاڵ ڕۆشنبیردا پارتە پۆلیتیکییەکان، پۆلیتیککاران (زۆرینە)، ئەکادیمیستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنییش هەر بێدەنگن لە ئاست دیاردەی خیانەت. بێدەنگبوون دەشێت مانای ڕازیبوون بێت. ئایا هەموو ئەو دەستە و گرووپانە ڕازین بە بوونی دیاردەى خیانەت لە کۆمەڵگەدا؟ بێدەنگبوون لە خیانەت دەشێت مانای نەبوونی توانای بەرەنگاربوونەوە بێت. ئایا کورد توانای ڕووبەڕووبوونەوەى دیاردەى خیانەتى نییە؟ ئەگەر نییەتی، ئەوە بۆچی؟ بۆ بێدەنگبوون لە هەر ڕەفتار و دیاردەیەک، دەبێت هۆکارى کەسی و بابەتی هەبن. ئایا هۆکارە کەسی و بابەتییەکانی بێدەنگبوون لە خیانەتی نیشتمانی چیین؟ لە پرسی بێدەنگبووندا ئایا ترس ئامادەیی هەیە؟ ئایا بەرژەوەندیی کەسی پێوەندیی بە بێدەنگبوونەوە هەیە؟ هەر یەکێک لەو پرسیارانە دەبێت بابەتی توێژینەوەى زانستیی بن.

بێدەنگبوون هۆکارى بەردەوامبوونی هەموو ئەو دیاردە نەرێنییانەیە، کە ئاستەنگن لەپێش سەربەخۆیی کوردستان، بەتایبەتی دیاردەى خیانەت. بێدەنگبوون هۆکارى نەهێشتنی بەندیواریی نیشتمانی تاکەکانی کوردستانە. بێدەنگبوون لە خیانەت، بوار دەدات خیانەتکاریى نوێ لە کۆمەڵگەدا سەرهەڵبدات. ئەوە بێدەنگبوون لە خیانەتکارانی پێشوو بوو، وایکرد لەنێو نەوەى نوێدا خیانتکاریی سەرهەڵبدات، کە لەلایەنی چەندایەتییەوە زیاتر و لە چۆنایەتییشەوە مەترسیدارترن لە خیانەتکارانی پێشوو.

بەم شێوەیە: لە کوردستاندا پێوەندییەکی پتەو لەنێوان دیاردەى خیانەت لە نیشتمان، بەردەوامبوون و گەورەبوونی قەبارەکەى، لەگەڵ بێدەنگبوونی بژاردەى ڕۆشنبیری، پۆلیتیکی و ئەکادیمی هەیە، هەردووانەیان بوار بۆ یەکترى خۆش دەکەن، تەمەنی یەکتر درێژ دەکەن.        

ڕەنگە بە دڵت بن