ئەژین عەبدولخالق: شاعیرە – سوید
کوڕەکەم، بە باوکت بڵێ خێرا بکات
کوڕەکەم
ترس وەک ئاگر داغی کردووم
پشووی ئەو هاوینەش تەواو بوو، لە گەڕان بەدوای ئەودا
خۆ پاییزیش لە خوای دەوێ بێ.
ئەو جارە زستانیش هات و بابت هەر نەهاتەوە.
وا چەندین ساڵ تێدەپەڕێ.
چاوەڕوانی و کات دەستیان لە قژی یەک ناوە
وەک دوو مناڵی چوختی
لەیەکتر جیانابنەوە
قاپووتە شینەکەم هاوین و زستان لەسەر بازووم هەڵگرتبوو
وەک بەڵگەیەک
بۆ ئەوەی باوکت لە دوورەوە بمناسێتەوە.
وەک ساندرێلا
پێڵاوەکەم بەرزکردەوە بەرەو ڕووناکی
لەبەردەمی خۆمەوە دەمگوت
سەیر بکە.
تەنها بۆ یەک کەس دروستکراوە.
لە جیهاندا
تەنها یەک پێ هەیە
کە ئەم شوێن پێی بێت.
بەم شێوەیە
گەشتەکەم دەستی پێکرد.
دەریام بڕی.
لە نێوان ژیان و مردن
لە بەلەمە بچووکەکاندا دانیشتم.
بە ڕێگای قاچاخدا ڕۆیشتم.
سنوورەکانم تێپەڕاند
ئەو سنوورانەی
مرۆڤەکان
لەسەر پێستی زەوی کێشابوویان.
بۆ ئەوەی خۆیان لە یەکتر جیابکەنەوە
وڵاتێکم جێهێشت
تفەنگ بە جێگای دەم قسەی دەکرد.
منداڵان لە نێو دەبابە ماڵە باجێنەیان دەکرد
لە تاریکییەکاندا کارم کرد.
خەونی نێو دەستەکانم لە نێو چرچی و لۆچەکانی یەک یەک مردن .
پارەکانم ون بوون.
هەر دراوێک
پرسیارێک بوو:
کەسێک بینیویەتی؟
بە دڵنیاییەوە
لە پەرستگاکاندا
بەدوایدا گەڕام.
لە هیندستان.
لە چین.
ڕاهیبەکان نوێژیان دەخوێند.
پیاوانی ئایینی
بخوریان دەسووتاند.
هەندێک ئاماژەیان بۆ ئاسمان دەکرد
هەندێکی تر بۆ ئەستێرەکان
دەستی ئەوانەم ماچ کرد
کە دەیانگوت
ڕێگای هەتاهەتایی دەزانن.
ڕێوڕەسمگەلێکم ئەنجام دا
کە تێی نەدەگەیشتم
بەڵام کەس نەیدەزانی
باوکت لە کوێیە.
کوڕەکەم،
بە باوکت بڵێ خێرا بکات
کات خێراترە
لەوەی خۆمان پێی دەزانین.
چەند جارێک
بینیم
یان لەوانەیە
تەنها سێبەری بووبێت.
جارێک
بە تەنیشت یەکدی تێپەڕین
پڕ بە دەنگم بانگم کرد
باڵندەکان لەترسان هەڵفڕین
بەڵام ئەو نەیبیست.
پێم وایە باوکت بوو
بە دوای ژنێکدا ڕایدەکرد
کە ڕووخساری
وەک تابلۆکانی ڕیکلام وابوو.
جارێکی تر
بەسەر دڵمدا ڕۆیشت
وەک ئەوەی
فەرشێکی سوور بێت
لە هۆڵی شانۆیەکدا.
ڕۆژێکی زستان
وامزانی
کێشەکە لە خۆمە
بۆیە چوومە وەرزش
فێری ڕێکخستنی جەستەم بووم
کیلۆ و چەوریم لە خۆمدا دەژمارد
وەک ئەوەی
تەسبیح بژمێرم
هێندە کزبوومەوە
لە لاپەڕەی تەنکی ڕیکلامەکان جێگام دەبۆوە
لە سەر کاغەزی ئایسکرێم
لەسەر پەڕەی ئەو ڕۆژنامانەی بە کچی باڵا تەنک
فرۆشییان زیاد دەکەن
بەڵام باوکت
هەر نەیبینیم
ئەو تەنها
ئەوانەی دەبینی
کە لە کارگەی پۆستمێدێرنەوە وەبەرهەمهاتبوون .
هەمان قەد
هەمان شێوە
هەمان ڕووخسار
هەمان گوتار و هەمان مانیفێست
ڕۆژێ چوومە کۆڕسی گڵکاری
بە دەستەکانم
دنیای بچووکم دروست دەکرد
ژوورێک
دایک و باوکێک
یەک منداڵ لە قووڕ
کاسە
ڕووخسار
خەون
باوکت لەوێشدا نەیبینیم
باوکت
لەگەڵ هونەرمەندە ناسراوەکان
قاوەی دەخواردەوە
هونەر و سیرامیکی من
لە تەنیایدا وشک بوونەوە.
لە دووکانی میوەفرۆشەکان بۆی گەڕام
باشترین میوەم هەڵدەبژارد
سوورترین سێو
شیرینترین هەرمێ
بەڵام ئەو
لە سەبەتەکەم دەریدەهێنان
بە شتگەلێکی
مۆرکراوی سەردەم
جێگای دەگرتن
تامی ئەو میوانەی دەکرد
کە لە ڕیکلام بینیوونی.
کوڕەکەم،
دوای ساڵانێکی زۆر
تێگەیشتم چی ڕوویداوە
باوکت نەخۆش نەبوو
دڵڕەق نەبوو
بێ خۆشەویستی نەبوو
تەنها
کۆتە پۆستمۆدێرنەکەی لەبەر کردبوو
لەو وڵاتەی
ئەو تێیدا دەژیا
ئەو کۆتە دەدرایە هەمووان
بە هەمووانیان دەدرا
ناویان لێنابوو
ئازادی
پێشکەوتن
سەرکەوتن
هەموو کەسێک
لەبەری دەکرد
کەس نەیدەپرسی
ئایا بە ڕاستی
سایزی خۆیەتی؟
بەڵام لێت ناشارمەوە کۆتێکی سەیر بوو
قوڵەکانی زۆر درێژ بوون بۆ ئەم ژیانە کورتە
هێندە درێژ
کە کەس نەیدەتوانی
کەسێکی تر لە باوەش بکات
ملی زۆر تەسک بوو
هێندە تەسک
کە دەنگی دڵ
بە زەحمەت دەبیسترا
گیرفانەکانی پڕ بوون
لە وشەی نهێنی
پاسوۆرد
ئاگادارکردنەوە
کۆبوونەوە
پلانی کار
خۆباشترکردن و خەونەکانی داهاتوو
بەڵام
شوێنێکی تێدا نەبوو بۆ منداڵێک.
ئەوەی شەوێک بەو کۆتە خەوتبا
ڕێگای ماڵی لەبیر دەکرد
بەڵێنەکانی
خەونەکانی
ئەوانەی خۆشیدەویستن و لە کۆتاییدا
خۆیشی.
کوڕەکەم،
بە باوکت بڵێ خێرا بکات
من کاتم زۆر نەماوە
تۆ نازانیت
چەند کتێبم خوێندنەوە لە چاوەڕوانی ئەودا
بە دوای دەستخەتی ئەودا دەگەڕام
لە نێوان دێڕەکان
بە دوای هەناسەیەکیدا
لە نێوان پەڕەکان
دۆستۆیڤسکی
وەک منداڵ دەیخافڵاندم بە هەزار لاپەڕەی ئەستوور.
کافکا
ببووە قاوەی بەیانیانم
ستریندبێرگ
بووە هەزار و یەک شەوەم.
بەڵام باوکت نەهات.
هێشتا شەرم دەکەم
لەو پیاوانەی له پشتڕا دوایان کەوتم و دەستم خستە سەر شانییان
هەموو جارێک
وامدەزانی
ئەوە باوکتە
بەڵام هەمیشە
کەسێکی تر بوو.
جارێک مقەبایەک بوو
جارێک کارتۆنێکی تەلەفزیۆن
جارێک باڵە تەیارەیەک
جارێک بەلەمێکی لە کاغەز دروستکراو
لە کۆتاییدا
بووم بە مرۆڤێکی ئەفسانەیی
لە ئەهرامەکاندا
بە دوایدا گەڕام
لەوانە بوو
خۆ لەوانەش بوو لە ژێر گۆڕێکی کۆندا
مۆمیا کرابێ
چووم بۆ باخچە هەڵواسراوەکانی بابل
بەڵکوو ویستبێتی ئەو گوڵانە ئاودا کە سەدان ساڵە مردوون
کۆڵم نەدا و هەر گەڕام
تا خۆشم
کەوتمە ژێر زەوی ئەلگۆریتمەکان
ملیۆنان ڕووخسار
ملیاران وشە
هەزاران بانگەواز
بەڵام
هیچ مرۆڤێک
تەنها پرۆفایل
تەنها مارکە
تەنها تاکەکەسێکی تەنها.
کوڕەکەم،
ماندووم.
زۆر ماندووم
سووڕی مانگانەم
لە ئاسۆ نزیک دەبێتەوە
دوایین هێلکەکانم
وەک ئەستێرەی بەرەبەیان دەکوژێنەوە.
کات
بە نەرمی
لە خۆیدا هەڵمدەتەکێنێ
بەداخەوە
هێشتا
نەمدۆزییەوە.
ڕۆژێک
لەوانە بوو
لە هەمان وێستگەی پاسدا دانیشتبین
ئەو دوو هەنگاو لە تەنیشتم
دەستەکانیم ناسینەوە
ناوچاوانی
بێدەنگییەکەی
ویستم بانگی بکەم
ئەو
چاوی لە شاشەی لاپتۆپەکەی بوو
پەنجەکانی
بە خێرایی کاریان دەکرد
چاوی
بە تۆڕ بەسترابوو
ڕۆحی
دابڕابوو
پاشان هەستا و ڕایکرد
سێ خولەک ماوە
بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو
بۆ کاری داهاتوو
بۆ ستۆکهۆڵم
بۆ داهاتوو.
بەڵام
باوکت
چرکەیەکی نەبوو
بۆ من
پاسەکە هات
ئەویش ڕایکرد
بێ ئەوەی ئاوڕ لە من بداتەوە
ئەو کاتە تێگەیشتم
باوکت
تۆی جێنەهێشتبوو
تۆی هەڵنەبژاردبوو
خۆشەویستی لەدەست نەدابوو
تەنها
خێرایی خواردبوویەوە
ئامێرە گەورەکەی ئەم سەردەمە
کە بەڵێنی جیهانێکمان پێدەدات و
ژیانێکی بچکۆلەشمان لێ دەدزێت.
ئەگەر پێش من
بینیتەوە
ئەگەر لە نێوان
کۆبوونەوەکان
شاشەکان
ئەلگۆریتمەکان و قۆلە درێژەکانی
کۆتە پۆستمۆدێرنەکەدا
بینییت،
پێی بڵێ:
بابە
خێرا کە
دایکم چاوەڕێت بوو
لە دەریا
لە پەرستگا
لە نێوان کتێبەکان
لە ژێر باران
چاوەڕوان بوو
تا قژەکانی سپی بوون
تا خەونەکانی بێدەنگ بوون
تا کات
دەستی کرد
بە داخستنی دەرگاکان
بەڵام تۆ نەهاتی.
ئێستا کوڕەکەم
لانکەکەت بەتاڵە
دەترسم
کە تۆ هەرگیز لەدایک نەبیت
لەوانەیە
تۆ فنجانی خاڵیی بەردەمی بەڕێوەبەرێک بیت.
یان
ناوێک
کە کەس بانگی ناکات
وێنەیەک
کە هەرگیز ناگیرێت
گەوارەیەک
کە هەرگیز نایکاتە باران.
چیرۆکێک
کە هەرگیز
کۆتایی پێ نەهات
ئەگەر باوکت بینی
پێی مەڵێ
هێشتا چاوەڕوانم
پێی بڵێ
چاوەڕوان بووم.