ڕاپۆرتی وەرزشی :
تیپی تۆپی پێی کوردستان لە فینلەندا … هێز و ئومێدی كوردان لە تاراوگە
گەنجانی كورد لە تاراوگە، وەك گەنجانی هەر نەتەوە و وڵاتێكی خاوەن سەروەری، لە هەوڵی كۆشش و خۆپێگەیاندندان، بەتایبەت كە لە ئەوروپا ژیانێكی ئارامیان بۆ فەراهەم كراوە، ئەوانیش بە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی، تێكەڵ بە كولتووری نەتەوەكانی دیكەی هاونشین، لە كایە و بواری جیا جیادا هەوڵی خۆناساندن و ناساندنی كورد دەدەن.
یەكێ لەو بوارانەی ئەمڕۆ بووەتە جێی كۆكردنەوەی زۆرینەی خەڵكی جیهان لەدەوری خۆی، وەرزشە و بەتایبەت وەرزشی تۆپی پێ. ئەگەر لاوانی كورد لە كوردستان و لە سەرانسەری جیهان بە گەلێك هۆكار، لەناویاندا نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بۆیان نەلواوە بەشداریی لە یانە ناسراوەكان و لە مۆندیال و خولە بەهێزەكانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریكادا بكەن، بەڵام لێرە و لەوێ گەنجانی كوردی خولیای تۆپی پێ و یاریزانانی ئەم وەرزشە لە ئەوروپا تیپیان بۆ خۆیان دروست كردووە، یانیش وەك هاووڵاتیی نیشتەجێی ئەوان وڵاتان بەشێوەی تاك لەناو تیپ و یانەكان شوێنیان گرتووە و وا هێدی هێدی توانایان دەردەكەوێ و ناویان دەدرەوشێتەوە.
یەكێك لەو تیپانەی ئەمڕۆ لە ئەوروپا بووەتە جێی ئومێدی كورد، تیپی تۆپی پێی گەنجانی كوردستانە لە فنلەندا. ئەم تیپە كە لەسەر دەستی كۆمەڵێك گەنجی كوردی وەرزشوان و بەتوانا دروست كراوە، شان بە شانی گەنجانی دیكەی نەتەوە جیاوازەكانی نیشتەجێی فنلەندا، لە كۆشش و ڕكابەریی بەهێزدایە بۆ بۆ بردنەوەی خولی پاڵەوانێتییەكانی ئەو وڵاتە.
ئەم تیپە كوردی و كوردستانییە، لە یەكەم یاریی خولی (TAT internatiol)ی 2026ی نەتەوە جیاوازەکانی فینلەندا، توانیی بە توانایەكی بەهێز دەركەوێ و ببێت بە جێی سەرسامی و ئومێدی كوردستانییان و زۆر لە هاندەرانی بیانیی نیشتەجێی ئەو وڵاتە، بەتایبەت كاتێ لە یەكەم یاریی خۆیدا بەرامبەر بە تیپی تۆپی پێی عێراق بە ئەنجامی 6-1 یارییەكەی بردەوە، بەمەش ئەستێرەی تیپەكە گەشایەوە و بوو بە جێی باسی ناوەندە وەرزشی و میدیاییەكانی فنلەندا.
ئەم سەرکەوتنە ناوازەیەی تیپی تۆپی پێی کوردستان لە خولەكەدا ،دەستپێکێکی زۆر باشە و هێز و توانای یاریزانە گەنجە کوردەکانیش لەسەرەتای خولەکەدا زۆر بەرچاو بوو، بۆ ئامادەکارانی خولەکەش جێی سەرسامی بوو. ماوەتەوە كە یاریزانانی تیپە كوردستانییەكەمان بە گوڕ و تینی زیاترەوە كۆشش بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە خولەكەدا ناوی خۆیان و ناو نیشتمانەكەیان و ئاڵای كوردستان لە ئەوروپا و لە فنلەندا بەتایبەتی بەرز ڕابگرن و ببن بەو هیوایەی كوردستانییان خەونی گەورەیان لەسەر هەڵچنیوە.
یەکەم یاریی خولی (TAT internatiol)ی ساڵی 2026 لە ڕێکەوتی 25ی 6ی 2026 لەنێوان تیپی تۆپی پێی کوردستان و عێراق، دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ گەنجانی و تیپی تۆپی پێی كوردستان، تاوەكوو توانا و لێهاتوویی خۆیان لەسەر ئاستی خولەكە و وڵاتەكە پیشانی هەمووان بدەن و ئەوەش بە گوێی نەتەوە ئازادەكانی دیكەی دونیادا بدەن، كە ئەگەرچی كوردستان وڵاتێكی سەربەخۆ و دانپێدانراو نییە و لەلایەن چوار وڵاتی دراوسێیەوە داگیر و دابەش كراوە، بەڵام هەرگیز ژێردەستەییمان قبوڵ نەكردووە و لەناو هەموو كارەسات و ناخۆشییەكانیدا هەنگاومان بۆ ژیانی سەرفرازانە و شارستانییانە و پێكەوەژیاندا ناوە و لەو ناوەشدا سەدان كەسایەتیی بەتوانا و ئەكادیمیمان لە تەواوی بوارەكانی خزمەتی گشتی پێشكەش بە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی كردووە و ئەو ڕێچكە و ڕێبازەش رۆژ دوای ڕۆژ زیاتر بەرەوپێشتر دەچێت.
شایەنی باسە ئەم تیمە لەلایەن ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە وڵاتی فنلەندا دامەزراوە

