دیداری ئەكادیمیستانی كورد
د.زیاد گەردی : مامۆستای زانکۆ – پۆڵۆنیا
د. زیاد گەردی: لە ڕێگەی تۆژينەوەكانمەوە هەموو ئەم جياوازیيانەم دۆزيیەوە، کە تيرۆريستان لە ئەقڵ و کەسايەتیياندا هەيە
لەم ژمارەیەی گۆڤاری (ڕەوەند)دا، ئەكادیمستێكی دیكەی كوردی دیاسپۆراتان پێ ئاشنا دەكەین و لە ڕێی پرسیار و وەڵامەكانیشەوە چەند لایەنێكی ژیانی و هەوڵ و كۆششەكانی دەخەینە ڕوو، ئەویش ئەكادیمی و نووسەر و ڕاوێژكاری كورد لە پۆڵۆنیا (د. زیاد گەردی)یە. سوپاس كە بەپیر داوای دیدارەكەمانەوە هات و ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵیدا كرد:
سەرەتا سەبارەت بە هەڵبژاردنی وڵاتی پۆڵۆنیا و کاریگەرییەکانی بەسەر دونیابینی و هزر و توێژینەوەکانی، دکتۆر زیاد گوتی: ”ئەوکاتەی هاتمە پۆڵۆنیا، ئەم وڵاتە تازە هاتبووە نێو يەكێتیی ئەوروپا و ناوچەی/ زوزۆنی شينگن. سەرباری مێژوو و ئەزموونی خۆی، پۆڵۆنیا بە ئەزموونێكی نوێی نوێگەرايی و مۆدێرندا هەنگاو دەنێ لە بوارەكانی شارستانی، ئەکاديمی، كولتووری، تەنانەت ئابووری و سياسيشدا، زانكۆکانی ئاست بەرز و لە پێشکەوتن و داهێنانی تازەدا بەردەوامن، سەرباری ئەوەی ژيان لە پۆڵۆنیا لە ڕووی كۆمەڵايەتی و ژیانەوە تاڕادەيەك سادەيە و مرۆڤ کە ئامانجێكی هەبوو دەتوانێ زوو خۆی لەگەڵ كۆمەڵگەی پۆلەنديدا بگونجێنێ، هەموو ئەمانە وای لە من كرد بڕيار بدەم لە پۆڵەندا بژيم و ئاستی زانستی و مەعريفيم لەم وڵاتەدا پەرەی پێ بدەم. ئەزموونی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا هاوئاهەنگ و دەسازێن، هەربۆيە كاريگەریيەکی زۆری لەسەر كاروبارەكانم و توێژينەوە و نووسين و تەنانەت بيركردنەوەشم هەبووە، بەجۆرێک، فۆرمی كاركردنی ئەكاديميم و هەروەها ژيانيشمی گۆڕی و وايكرد زۆربەی توێژينەوە و نووسينەکانم زياتر بەراوردكاری بێ لەنێوان ئەزموونی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی پۆڵەندا و ئەوروپا لە بوارەكانی کولتووری، زانستی، سياسی و ئابووريشدا، بەوەی کە هەردوولا سوود لە خاڵە پۆزەتيڤەكانی يەکتر وەربگرن و لە خاڵە لاوازەکانيش ئەزموون وەرگرن، بەمەبستی چارەسەری کەموكورتیيەکان، من ماستەرم لەم وڵاتەدا خوێند، دوای چەند ساڵێكيش دكتۆراشم خوێند.”
د. زیاد سەبارەت بە تێزی دكتۆراکەی و گرنگیی توێژینەوەکان بۆ کورد و ئەزموونی کوردستان گوتی: ”تێزی دكتۆراکەم لە بواری سايكۆلۆژيای سياسی، لەبارەی خەسڵەتەکانی کەسايەتی، پاڵنەر و مەعريفە بوو، توێژينەوەم لەسەر كەسايەتیی تيرۆريست كرد، کە ئايا تيرۆريستەکان چ خەسڵەتێكيان هەيە، پاڵنەرەکانيان چين، كەسايەتیيان چۆنە و جياوازيیان لەگەڵ کەسانی ئاساييدا چيیە. لە ڕێگەی تۆژينەوەكانمدا هەموو ئەم جياوازیيانەم دۆزيیەوە، کە تيرۆريستان لە ئەقڵ و هۆش و کەسايەتیياندا هەيە، بەتايبەتیش لە ڕێگەی ئەزموونكردن و تاقيكرنەوەی لايەنی مەعريفی و مێشکی ئەو کەسانەی بەهۆی تاوانی تيرۆريستيیەوە لە بەنديخانەكان دەستبەسەر كرابوون، توانيم ئەو هۆكار و پاڵنەرانە بدۆزمەوە، کە وايان لێدەکات كاری تيرۆر و تۆقاندن ئەنجام بدەن، بۆيە توێژينەوەكەم گرنگيیەكی زۆری بۆ كوردستان هەيە، کە ئەو تيۆر و ڕێگايانەی دامڕشتوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی تيرۆر، وادەکات کە دەزگا پەيوەندیدارەكان بتوانن سوودی لێ ببينن، هەروەكوو چۆن كوردستان لەمێژوودا قوربانیی دەستی تيرۆر بووە، هەروەها هەرێمی كوردستان لەجیاتی هەموو جيهان شەڕی دژی تيرۆرستان كردووە و بەرەنگاریی تيرۆر بووەتەوە، بەم ئەندازەيەش هەموو لايەك دەتوانن سوود وەربگرن لە توێژينەوە و ئەزموونەکانم و ئەو تيۆرەی دامهێناوە بريتيیە لە پێوانەکردنی کەسايەتیی تيرۆريست و چۆنيەتیی بەرەنگاربوونەوەی.”
سەبارەت بە پەيوەندیی كولتووری، ئابووری و سياسی لەنێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵەندا و خاڵی هاوبەش و جیا لەنێوانیان، ئەم ئەکادیمستەی کورد گوتی: ”پەیوەندیی كولتووری، ئابووری و سياسی لەنێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵەندا هەيە، بەڵام زياتر لەسەر ئاستی کەسيیە، مەبەستم ئەوەيە فۆرمێکی ديبلۆماسی، يا پرۆتۆکۆلیی نێوان دوو وڵاتی وەرنەگرتووە، ئەوەی هەيە هەوڵی کەسانێكە، يان چەند دامەزراوەيەکی ئەکاديمی، ياخود پەيوەندیی نێوان چەند كۆمپانيايەك، يا چەند زانكۆيەك لەنێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵەندا، کە دەكرێ ئەم پەيوەنديیانە پەرەی پێبدرێ، تا ئاستی ئەوەی ڕێككەوتننامەی لێكتێگەيشتن و دوورمەودا لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە بوارەكانی ئابووری، کولتووری و ديبلۆماسيشدا واژوو بكرێ. پۆڵەندا کونسوڵگەریی گشتی لە هەرێمی كوردسان هەيە، هەروەها گەلی پۆڵەندی بەهۆی خۆڕاگریی گەلی كورد و خەباتە ڕەواكەی، كورد و کوردستانيان خۆشدەوێ، کە مێژوويەکی زۆر لەيەكچوو لەنێوان پۆڵەندا و كوردستاندا هەيە، لەم ڕووەوە زۆر خاڵی هاوبەشی لەنێوان هەردوو كۆمەڵگەدا هەيە، بەهۆی ئەوەی هەردوو گەل لەڕابردوودا چەوساوەيی و داگيرکاری و دابەشبوونيان بەخۆوە بينيوە، هەروەها لێكتێگەيشتن و لەيەکچوونی هونەری و كولتووری و داهێنانی زانستی لەنێوانیاندا هەيە و پێوەر و کەرەستەی هەردوولا بۆ كۆمەڵگەی يەکتر دەبن، لە ڕووی ئابووريیشەوە بەهەمانشێوە هەردوو وڵات لە بووژانەوە و بنياتنانەوەی خێرادان، بۆيە وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا سوودی يەجگار کاريگەر و باشی دەبێ بۆ هەردوولا، کەوا باشە لە ئاستی بەرزتر گرنگیی بەم پەيوەنديیە بدرێت و وەبەرهێنان لە بوارەكانی کولتووری و ئابووريدا بكرێ، ئەمە جگە لەوەی لە ڕووی سياسیيەوە پۆڵەندا ئەندامی يەكێتیی ئەوروپا و هاوپەيمانیی ناتۆيە، کە دەكرێ پەيوەنديیە ديبلۆماسیيەکان پەرەیان پێبدرێت و لە ڕووی سەربازيیشەوە سوود لە ئەزموونی يەكتر وەربگرن، هەروەها پۆڵەندا دەتوانێ هاوكاریی كوردستان بكات، هەروەکوو لەڕابردوودا چەندين جار هاوكاریی پێشكەش كردووە.”
ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردی تاراوگە لە شاڕی تیرۆرستانی داعشدا ڕۆڵیان هەبوو و هەندێکیان لە بەرەکانی شەڕ بەشداریش بوون، یان کۆمەکیان کردن، لای خۆیەوە د. زیاد گەردی هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوەکان کردووە و لەمبارەوە دەڵێت: ”لە شەڕی داعشدا، ئەوكاتەی کوردستان لەجیاتی هەموو جيهان شەڕی تێرۆری دەکرد و بەرەنگاری تيرۆريستان دەبووەوە، من ئەوكاتی سەرباری ئەوەی توێژينەوە و نووسينەکانم تايبەت كردبوو بە بابەتی تيرۆر و تيرۆريزم، لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕێگەی پەيوەنديیە ئەكاديميیەکانمەوە، خۆشبەختانە توانيبووم چەندين پەيوەنديی دیکە لەگەڵ ڕێكخراوە مرۆيی و خێرخوازی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ گرێ بدەم و هاندەر و چاوساخيان بم بۆ سەردانيكردنی كوردستان و کەمپەكانی پەنابەران و پێشمەرگە و بەرەکانی جەنگ، هەروەها هاوكاريەیكی باشی رۆژنامەنووس و تۆێژەران بووم بۆ ئەنجامدانی توێژينەوەكانيان لەسەر تيرۆريزم و هەروەها پەخشكردن و گەياندنی هەڵوێست و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە بە نێوەندە سياسی و میديايیەكانی جيهان، خۆشبەختانە شەڕەفی ئەوەم بەر کەوت، کە بتوانم چەندين بريندار و نەخۆش و کەسوكاری شەهيدان داوەت بكەم بۆ نەخۆشخانەكانی پۆڵەندا و ئەوروپا، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێويست، هەموويش بە بەڵگە لام ماون، بەڵام من لەبەرئەوەی سيفەتێکی فەرميم نەبووە، هەموو ئەو كارانەی کە دەكران، ياخود ئەو شاندانەی کە ڕۆلم تێياندا بينيوە، ياخود چاوساخيان بووم بۆ كوردستان، بەداخەوە بەپێی پێويست دامەزراوە فەرميیەكانی كوردستان پێيان نەزانيوە، بەڵکوو تەنیا لەسەر ئاستی کەسی دەستخۆشیيم لێ کراوە، بۆيە وەك سەربازێكی ون ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییم بەجێ گەیاندووە.”
”زۆر هەڕەشەم لێ کراوە، بۆئەوەی دەستبەرداری کار و چالاکیيەکانم بم، بەڵام ئیرادەم بەرزە و ناوەستم”
سەبارەت بە کێشە و ئاریشەکانی سەر ڕێگاش گوتی: ”هيچ كارێك بێ كێشە و کەموكورتی نابێ، من بەهۆی ئەم كارانە چەندين جار لەلايەن کەس و گرووپی جياواز هەڕەشەم لێكراوە، هەروەها بە ئێمەيل و تەلەفۆن و فەيسبووكی فەيك دەيان جار هەڕەشەی كوشتن و ڕفاندم لێكراوە، بۆئەوەی دەستبەرداری کار و چالاکیيەکانم بم، بەدڵنياييەوە هەرکارێك بكەی ئەبێ ئەوە لەبەرچاو بگری، کە کۆسپ و تەگەرەت بێتە پێش، جاروايە کەسانێك بە كارەکانت قەڵس دەبن و بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندیی خۆيانی دەزانن، بۆيە هەوڵدەدەن كێشەت بۆ دروست بکەن، منيش لەم ڕووەوە گەلێ جار تووشی ئەم حاڵەتە بوومە و کەسانێك كۆسپيان خستووەتە بەردەمم، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕوام بە تواناكانم و بە پرسی گەلی کورد و پرۆسەکە هەيە، ئەو هەوڵ و ئەم جۆرە کەسانە نەيانتوانيوە بموەستێنن، بەڵکوو بەگوڕتر لە جاران لە كار و چالاکيیەکانم بەردەوامم. من کەسێکی خاوەن پرەنسيپم و ئیرادەم بەرزە و لە ڕاستی و دروستیی کارەکانم زۆر دڵنيام و متمانەم بە خۆم هەيە، بۆيە بێباكم لەوەی کەسانێك بتوانن بموەستێنن، كورد گوتەنی ڕاستبە و بە ڕێگەی شێردا بڕۆ.”
ئەم ئەکادیمەی کورد لە ئەورووپا، سەبارەت بە خوێندن و پەیوەندیی کێوان زانکۆکانی کوردستان و پۆلەندا، تیشکی خستە سەر ئەوەی: ”زانكۆکانی پۆڵەندا لەگەڵ زانکۆكانی جيهان پارتينەرشيپن، هەروەها سيستەمی خوێندن و زانكۆکانی کوردستان بە ئاراستەی ستانداردە جيهانيیەکان و پێشکەوتنی زياتر هەنگاو دەنێ، بۆيە لەسەر ئەم بنەما ستانداريیە دەكرێ قوتابیيانی کوردستان بە سكۆلەرشيپ وەربگيرێن، هەرچەندە ساڵانە بەشێك لە قوتابيیانی كوردستان ئەم قبووڵانەيان دەست کەوتووە، من بەش بەحاڵی خۆم ساڵانە كورسیی خوێندن (سكۆلەرشيپ) خوێندنی بەخۆڕایی و قبووڵ بۆ قوتابيیانی كوردستان دەدۆزمەوە، بەڵام لەبەرئەوەی من تەنیا کەسێکی ئەکاديمیم و سيفەتی فەرميیم نيیە، بۆيە لەم ڕووەوە هەوڵەكانم سنووردارن، بەڵام دەستەوەستان نەوەستاوم و بەردەوامم لە هەوڵی خۆم وهاوكاريكردنی قوتابيیان، کاتی خۆی سەردانی وەزيری كاروباری شەهيدان و هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستانم كردووە، کە چەند زەمالەيەك هەبوو بۆ پێشکەشكردن بە ڕۆڵەی شەهيدەکانی كوردستان. لەڕاستيدا دەكرێ پەيوەنديیەکانی نێوان زانكۆکانی كوردستان و پۆڵەندا بەهێز بكرێن، بۆ ئالوگۆڕی زانستی و دابينكردنی كۆرس و كورسیی خوێندن بۆ قوتابيیانی كوردستان لە زانكۆكانی پۆڵەندا، من چەندين جار بە پرۆژەوە دەستپێشخەريم پێشكەش كردووە، بەڵام ئەم بابەتە دەكرێ لەسەر ئاستی باڵاتر، يا وەزارەتەكان بايەخی پێبدرێت، بە ناردنی شاندی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی پۆڵەندا، ئەوەی تا ئێستا كراوە پرۆژەی کەسی و هەندێ دامەزراوە و هەندێ زانكۆن، کە دەكرێ زياتر پەرەی پێبدرێت و ئەم پەيوەنديیانە لە فۆرمێكی باڵاتر بەرەوپێشتر ببردرێ و بەرهەمی باشی بۆ هەردوو وڵات دەبێ.”

” تاكی کورد خاوەن ئيرادە و خەونی سەربەخۆيی و فێری بەرخۆدان بووە”
سەبارەت بە خەون و خەم و نیگەرانییەکانیشی دەربارەی داهاتووی کوردستان، دەڵێ: ”بەگوێرەی سەرجەم توێژينەو ەو ڕاپۆرتە شيکاریيەکان، هەروەها ئەو كۆنفرانسانەی خۆم بەشداریيم تێدا كردوون، بڕوام وايە كە داهاتوويەكی گەش چاوەڕوانی كوردستان دەکات، هەرێمی كوردستان قۆناخی باشی بڕيوە، پرسی گەلی کورد بووەتە پرسێکی نێونەتەوەيی، كورد هەميشە ئاشتیی ويستووە و بانگەشەی ئاشتی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەميشە هەوڵي داوە بەشێك بێ لە چارەسەری ئاریشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها سەركردايەتیی سياسیی كوردستان و كورد بەگشتی لە كۆڕی سياسی و نێودەوڵەتيدا متمانەی خۆی لەدەست نەداوە، بۆيە هەميشە حيسابی بۆ دەكرێ، ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆستی زۆرتر دەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ناحەز و خەڵکانی دژ بە کورد و کە چاويان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان هەڵنايێ و هەميشە لە پيلانگێڕيدان بۆ لەباربردنی ئەم دەستكەوتانەی، کە بەديی هاتوون، بۆيە ئاساييە کە نيگەرانی و مەترسيیەکانی ناحەزان دژی كوردستان لەبەرچاو بگرين، بە يەكڕيزی و زياتر خزمەتكردنی كوردستان، بەشداريكردن لە ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەيدا، دەتوانين خەونی ناحەزان لەگۆڕ نێين و كوردستان هەر ئاوەدانتر و سەرفراز بمێنێتەوە.”
د. زیاد گەردی دەربارەی کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵگای کوردی پێەی وایە: ”هەميشە شەڕ و ئاوارەيی بەخراپی کار لە کۆمەڵگە دەکەن و شوێنەواری دەروونیی لەسەر تاکەکانيدا بەجێ دەهێڵن، هەر وڵاتێك ئەگەر جەنگ ڕووبەڕووی ببێتەوە، ئەوا ڕەنگە لەکۆتايیدا تووشی داڕمانی ئابووری و ژێرخانەکەیشی دووچاری بارێکی قوڕس ببێتەوە، لەهەمان کاتدا كايەکاني ديکەی وەكوو كۆمەڵايەتی تووشی پەرتەوازەيی و لێکترازانی خێزانی و دەيان كێشەی كۆمەڵايەتی و سەرلێشێواوی ببێتەوە، کە تاك تێيدا لە بازنەيەكی نائومێدی و كێشەی دەروونيدا بخولێتەوە، كۆمەڵگەی كوردستانيش بەدەر نەبووە لە ڕووبەڕووبوونەی ئەم کێشانە بەهۆی شەڕ، داگيرکاری، چەوسانەوە و دەربەدەركردن لەلايەن ناحەزان و داگيرکارانی كوردستان، بەڵام خۆشبەختانە ئەگەر كۆمەڵگەی كوردی بە كۆمەڵگەکانی دیکە بەراورد بكەین، کە شەڕ و ئاشووبيان بينيوە، دەبينين شەڕ زۆر بەخراپی كاريگەریی هەبووە لەسەر ڕەوشت و ویژدان و کەسايەتيیان، بەراورد بە خەڵکی كوردستان بەمشێوەيە لە كۆمەڵگەی كورديدا نايبينين، بەڵکوو تاكی کورد خاوەن ئيرادە و خەونی سەربەخۆيی و خۆڕاگری و فێری بەرخۆدان بووە، ئەم خەسڵەتانە لە كارەسات و پێشهاتە نەخوازراوەکان لە تاكی کورددا دەبينرێن، نموونەی هەڵوێستی خەڵكی ناوچەکانی كوردستان لە هاريکاری و بەتەنگەوەهاتن لە لێقەوماو و روودانی لافاو لە دەڤەرە جياوازەکانی كوردستان، هەروەها ڕووداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەرخەری ئەو ڕاستيیەن، کە هەڵوێست نواندنی تێكڕای خەڵکی كوردستان دژ بە لەشكركێشیی ناحەزانی گەلی كورد بۆسەر پارچەكانی ديکەی كوردستان، بەتايبەتيش ڕۆژئاوای كوردستان، بينيمان کە تاكی كورد چەند هۆشيار و خاوەن ڕۆحێکی زيندوو و هەستێکی نەتەوەيی بەرزە، ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێن، کە سەرباری ئەم هەموو نەهامەتيیەی بەسەر گەلی كورددا هاتووە، بەڵام نەبووەتە هۆی ئەوەی کە تاكی كورد كەسايەتيیەکی تێكشکاوی هەبێ، بەپێچەوانەوە سەلماندوويەتی، کە هەرگيز لەناو ناچێ، هەروەها ئەوەی پيشان داوە، کە کورد نەمردووە و هەميشە زيندووە.”
” لە پرۆژەماندایە بە هاوكاریی چەند دامەزراوەيەکی پۆڵەندی وەبەرهێنانی هونەری لە هەرێمی كوردستاندا بکەین”
ئەو نووسەر و ئەکادیمەی کورد دەربارەی بوار و بابەتی نووسینەکانی دەڵێت: ”من زياتر بابەتی سياسی، سايکۆلۆجی و کولتووری دەنووسم، بەشێکی بابەتەكانم توێژينەوە و بابەتی ئەكاديمين، زۆر حەز بە ئامادەكردنی بابەتی بەراوردكاری دەکەم لەنێوان كۆمەڵگەی كوردستانی و نەتەوەي ديکەدا، بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بيانی، بابەتی بەراوردكاری زياتر بە زمانی ئينگليزی دەنووسم، ئەواني دیکەيش بە زمانی كوردی، بەڵام لەبەرئەوەی من باکگراوندێکی رۆژنامەوانيیم هەيە و (پێشتر لە كوردستان رۆژنامەنووس بووم) نەمويستووە لە کاری ڕۆژنامەگەری داببڕێم و لەم ڕێگەيەوە هەوڵم داوە بتوانم خزمەتێك بە كوردستان بگەيەنم، بۆيە جارجارە ديدار و چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ کەسانی پۆڵەندی دەکەم و لە ڕۆژنامەكانی كوردستان بڵاويان دەکەمەوە، بەتايبەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستان و هەموو ئەو کەسانەی کارێكيان بۆ كوردستان كردووە، ياخود تێڕوانينی باشیان هەیە و پاڵپشتیی كوردستان دەکەن، لەم ڕێگايەشەوە هەوڵم داوە پردێکی پەيوەندیی مەعريفی بم لەنێوان كوردستان و پۆڵەندا، لە ئەوروپا ئەندامی بەشدار بووم لە ستافی ڕۆژنامەی (زاری كرمانجی)، ئێستاش ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (ساڵ)م کە بە زمانی كوردی دەردەچێ، هەروەها ئەندامی فيدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان و ئەندامی كارای سەنديكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانم.”
د. زیاد لە چالاکییە هونەری و کولتوورییەکاندا ڕۆڵی لە ڕێکخستنی بۆنە و پەیوەندیی بە هونەرمەندانی کوردەوە هەیە و لەمبارەوە دەڵێ: ”لەبەرئەوەی خاوەن پاشخانێکی هونەريم، کاتی خۆی لە کوردستان تێکەڵاويیم لەگەڵ هونەرمەنداندا هەبووە، بەتايبەتيش لە سيناریۆ نووسین و نواندنی هونەری و كردنەوەی پیشانگای شێوەکاری، هەروەها لە خێزانێكی هونەرپەروەرم، بۆيە لەوکاتەوەی هاتوومەتە ئەورووپا، بەتايبەتيش لە پۆڵەندا، هەوڵم داوە لەم بوارە دانەبڕێم، خۆشبەختانە زۆرجار لە ڕێگەی دامەزراوە پۆڵەنديیەکانەوە هاوكارییم بە زۆر لە هونەرمەندانی كوردستان پێشکەش كردووە، چ جای ئەوەی كۆنسێرتی مۆسيقای كوردی و كردنەوەی پێشانگای هونەريیم لە ناوچە جياوازەکانی پۆڵەندا ڕێك خستووە، بەڵگەکانم ماون، کە بەپێی سنووری توانای خۆم هاريکاريیم بۆ هەندێ لە خێزانەکانی هونەرمەندان دابين كردووە. لەبارەی هونەری و كولتوريیەوە كۆمەڵگەی پۆڵەندی تايبەتمەندیی خۆيان هەيە و زۆر هونەردۆست و حەز بە هونەری گەلان دەکەن، منيش لەم ڕێگەيەوە خۆشبەختانە توانيومە ڕۆڵی خۆم لە ناساندنی هونەر و کولتووری كوردستانی بە گەلی پۆڵەندا بگێڕم، بۆ ئەم مەبەستەش چەند پرۆژەيەکی گرنگم پێشکەش بە حكوومەتی پۆڵەندی و دامەزراوە هونەريیەکان كردووە، لەهەمان كاتدا پێشکەشی وەزارەتی ڕۆشنبيری و دامەزراوەی ديکەی هەرێمی كوردستانم كردووە، کە لەئايندەيەکی نزيکدا گەورەترين پرۆژەی هونەریی كوردی- پۆڵەندی ئەنجام دەدەين، زۆر لە كارەکانمان بەهۆی ئەوەی چاوەڕێی پێكهێنانی کابينەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەين ڕاگرتووە، بۆئەوەی بابەتەكە گەرموگوڕتر و فۆرمێکی فەرمی لەنێوان دوو وڵات و هەردوو كۆمەڵگەی كوردستانی و پۆڵەندی وەربگرێت، يەكێك لە پرۆژەكان ئەوەيە کە بە هاوكاریی چەند دامەزراوەيەکی پۆڵەندی وەبەرهێنانی هونەری لە هەرێمی كوردستاندا بکەين و هەلی كار بۆ داهێنەران و هونەرمەندانی كوردستان بڕەخسێنين.”