تاراوگە و بنیاتنیانی ناسنامە؛ ڕانانێک بۆ کتێبی (ژیان لە تاراوگە)
هەورامان عەلی تۆفیق: نووسەر – ئەڵمانیا
هەر کتێبێک لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکات؛ هەندێک جار لە بیرۆکەیەک، ڕووداوێک، زۆرجاریش لە ئەزموونێکی قووڵی ژیانەوە سەرچاوەدەگرێ. کتێبی (ژیان لە تاراوگە) بۆ من لە ئەزموونێکی درێژخایەنەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەزموونێک، بەشی زۆری تەمەنم لەگەڵیدا بەسەر بردووە و هەموو ساڵێک واتاکانی بۆم ئاشکراتر بوون، بۆیە کاتێک بیرم لە نووسینی کردەوە، مەبەستم تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی خۆم نەبوو، بەڵکوو ویستم باس لە ئەزموونێک بکەم، کە بە هەزاران مرۆڤ لە جیهاندا پێیدا تێپەڕیون و هەریەکەیان بە شێوازێک هەستیان پێی کردووە.
تاراوگە تەنیا گۆڕینی شوێنی ژیان نییە، زۆر کەس وا دەزانن تاراوگە بریتییە لە سەفەر لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، بەڵام ئەزموونی ژیان پێمان دەڵێت، ئەم بابەتە زۆر لەوە قووڵترە. تاراوگە دابڕانێکە لە ژمارەیەک پەیوەندی، لە شوێن، لە یادەوەری، لە زمان و هەندێک جار لە بەشێکی خۆت. مرۆڤ کاتێک وڵاتی خۆی جێدەهێڵێت، تەنیا زێدی خۆی جێناهێڵێت، بەڵکوو بەشێک لە مێژوو و ناسنامە و ژیانی لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و بەشێکیشی جێدەهێڵێت.
لە کتێبەکەدا هەوڵم داوە تاراوگە وەک دۆخێکی مرۆیی بخەمە ڕوو، مرۆڤ لە تاراوگەدا هەم دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و هەمیش ون، هەندێک کەس لەو ژیانەدا دەگەنە ئارامی و دەرفەتی نوێ، هەندێکیش لە دۆخی نامۆبوون و سەرلێشێواویدا دەمێننەوە، لەبەر ئەوەش هەوڵم نەداوە تاراوگە وەک بەهەشت یان دۆزەخ وێنا بکەم، بەڵکوو وەک ڕاستییەکی ئاڵۆزی ژیان پیشانی خوێنەری دەدەم.
لە کاتی نووسینی ئەم کتێبەدا، هەوڵم دا هاوسەنگی لەنێوان ئەزموونی کەسی و زانیاریی مێژوویی و ئەکادیمی دروست بکەم. هەم ئەوەی بینیومە نووسیومەتەوە و هەمیش پشتم بە سەرچاوە و بەڵگەی مێژوویی بەستووە، ویستم خوێنەر تەنیا چیرۆکێک نەخوێنێتەوە، بەڵکوو بتوانێت پەیوەندیی نێوان ئەزموونی تاک و مێژووی گشتییش تێبگات.
کتێبی (ژیان لە تاراوگە) زیاتر لەوەی لەسەر مەودای جوگرافی بێت، لەسەر گەشتی ناوەوەی مرۆڤە، گەشتێک لەنێوان یادەوەری و ئێستا، لەنێوان هیوا و ناڕەحەتی. باوەڕم وایە مرۆڤ لە هەر شوێنێک بێت، هەمیشە بەدوای واتایەکدا دەگەڕێت بۆ ژیان، هەندێک جار ئەو واتایە لە نیشتماندا دەدۆزێتەوە و هەندێک جاریش دوور لە نیشتمان.
هیوادارم ئەم کتێبە هەنگاوێکی بچووک بێت لە تێگەیشتن لە ژیانی تاراوگە و ئەو هەستانەی لە دڵی مرۆڤی تاراوگەنشیندان، دەخوازم بشبێتە سەرچاوەیەک بۆ گفتوگۆ لەسەر ناسنامە، نیشتمان، ئاوارەیی و چارەنووسی مرۆڤ لە جیهانێکدا، کە هەر ڕۆژەو گۆڕانکاریی زیاتری بەسەردا دێت.
ئەگەر خوێنەر دوای تەواوکردنی کتێبەکە ساتێک بوەستێت و بیر لە ژیان، نیشتمان، یادەوەری و ماڵ بکاتەوە، ئەوا پێم وایە ئامانجێکی گرنگ لە نووسینی ئەم کارە بەدەست هاتووە.
