ڕۆڵی ستراتیژیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

شوکری بەرواری : ئەندامی کۆنفیدراسیۆن – فەرنسا

 

نێوان ناسنامە، چالاکی و هاوکاریی نێودەوڵەتی

وشەی دیاسپۆرا تەنیا بە دووربوونەوەی جیۆگرافی ناگوترێت؛ واتە خەڵکێک کە هەرچەندە لە دووریی وڵاتەکانی خۆیانن، بەڵام هەست و بیرۆکە و ئارەزووی وڵاتەکانیان لە دڵدا دەپارێزن. دیاسپۆرا پلێکە لەنێوان جیهانەکان، جێگایەکە کە دووربوون دەگۆڕێت بۆ هێز و پەیوەندی.

بۆ خەڵکی کوردستان، ئەم مانایە قەبارەیەکی تایبەتی هەیە. هەرچەندە سنوورە سیاسییەکان نەتەوەی کوردیان بۆ چەند پارچە دابەش کردووە، بەڵام کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەدەرەوەی وڵات، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کاری کردووە؛ پڕۆژەیەک: ناپارتیزان، نائیدیۆلۆژیک و دوور لە هەر جۆرە کاریگەریی سیاسی یان مەزهەبی.

ئەم کۆنفیدراسیۆنە لەژێر کارگێڕی و فشاری هیچ حزبێک، هیچ بیرۆکەی ئیدیۆلۆژی و هیچ دەسەڵاتێکی ئایینی داگیر نەکراوە. شتێک، کە ئەم کۆمەڵگایەی پێکەوە گرتووە، خۆشەویستیی کوردستانە، ئارەزووی بەرزکردنەوەی ناسنامە و کولتووری کوردستان و هەوڵدانە بۆ ناساندن و پاراستنی مافەکانی نەتەوەیەک، کە بەدرێژایی مێژووەوە چەندین جۆر تراژیدی، توندوتیژی و پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤی تێدا ڕوویداوە.

دیاسپۆرای کوردستانی لە زۆر وڵاتدا خۆی جێگیر کردووە، بەڵام هەرگیز پەیوەندییەکانی بە کوردستانەوە نەپچڕاوە. ئەم کۆمەڵگایە بووە بە هێزێکی ستراتیژی، کە دەتوانێت لە هەردوو لایەن کار بکات: لە وڵاتانی میواندار (خانەخوێ) و لە پەرەپێدانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتی بنچینە (دایک).

 ئەرکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا

بنچینەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و هەستی نەتەوە

کۆمەڵە، ناوەند و فیدراسیۆنەکانی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا، بوونە بە بنچینەی ژیانی کۆمەڵایەتی، لە سەنتەرە کولتوورییەکانەوە بگرە تا ڕێکخراوە مرۆییەکان، لە فیدراسیۆنی ژنان و گەنجان و ئەکادیمییەکانەوە بگرە تا پلاتفۆرمە سیاسییەکان، هەموویان بە شێوەیەکی جیاواز پلێکی نوێیان بۆ ناسنامەی کوردستانی دروست کردووە.

ئامانجی کۆنفیدراسیۆن لە چوار بنچینە پێک دێت: پاراستنی زمان و کولتوور، یارمەتیدانی هاتوچۆ و نیشتەجێبووان، بەستنی پەیوەندیی بە کوردستان و پشتیوانیی لە ناوچە کێشەدارەکان. ئەم بنچینانە، کە هەر یەک لەوانە کاریگەریی تایبەتیی خۆی هەیە، کۆمەڵگای دیاسپۆرا دەگوازنە ناو ڕووبەری چالاکییەکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی.

 

دیاسپۆرا و چالاکیی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی

دەنگێکی نێودەوڵەتی بۆ گەلی کورد

دیاسپۆرای کوردستانی لە چەندین قۆناغدا بووە بە دەنگێکی گرنگ بۆ گەلی کورد بۆ خستنەناو بەرنامەی نێودەوڵەتی.

چالاکیی سیاسی: لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەوە بگرە تا دانپێدانان لە پەرلەمانەکان، دیاسپۆرا هەوڵ دەدات کێشەکانی کوردستان بگەیەنێتە سەرچاوەی بەرنامەسازیی نێودەوڵەتی. کاریگەرییەکانیشیان دیارە لەسەر:

مافەکانی مرۆڤ، کێشەی پەنابەران، بەرزکردنەوەی دەنگی کورد لە میدیای جیهانیدا.

کۆمەکی مرۆیی: دیاسپۆرا لە زۆربەی قەیرانەکاندا ڕاستەوخۆ کۆمەکی مرۆیی پێشکەش کردووە، وەک : ناردنی کەرەستەی پزیشکی، پشتیوانیی لە خێزانە لێقەوماوەکان، دروستکردنی پڕۆژەی خوێندن و کولتووری.

پشتگیری لە گەنجان و ژنان: دیاسپۆرا بووە بە پەناگەیەک بۆ گەنجان، بۆ پاراستنی ناسنامە و بەشدارییان لە کۆمەڵگەی نوێدا. ژنانیش ڕۆڵێکی گرنگیان لە ڕێکخستنی چالاکی و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیدا هەیە.

 

کاریگەریی دیاسپۆرا بەسەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەو

لە پەرلەمانەوە تا زانکۆ و میدیا

دایاسپۆرای کوردستانی لە چەندین قۆناغدا لە دامەزراوە سیاسی، زانستی و میدیاییەکان خۆی پیشان داوە و خۆی سەلماندووە.

لە پەرلەمانەکان: هەبوونی ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی وڵاتانی ئەورووپا، کاریگەریی گرنگی هەیە، بەتایبەتی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە کێشەکانی کوردستان.

لە زانکۆ و توێژینەوەکان: زانایانی کورد لە زانکۆکاندا بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە و ڕێکخستنی کۆنفرانس، کاریگەریی زۆریان لەسەر بەرزکردنەوەی ناسنامەی کوردستاندا هەیە.

لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و میدیا: هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و دیاسپۆراکانی دیکە، دیاسپۆرای ڕەوەندی کوردی دەخاتە ناو تۆڕێکی گەورەی هاوکاری و چالاکی.

 

دایاسپۆرا و پەرەپێدانی وڵاتی بنچینە (دایک)

هێزێکی ستراتیژی بۆ داهاتووی کوردستان

دیاسپۆرا تەنیا لە وڵاتانی میواندار کار ناکات؛ بەڵکوو بەرهەمێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی کوردستان.

بەشداریی سیاسی: دایاسپۆرا دەتوانێ: شارەزایی سیاسی پێشکەش بکات، بەشدار بێت لە گەشەپێدان و پێشخستنی یاساکان، چاودێریی هەڵبژاردنەکان و پشتیوانیی لە پڕۆژە دیموکراسییەکان بکات.

بەشداریی ئابووری: دایاسپۆرا سەرمایه و شارەزایی زۆری هەیە، دانانی سەرمایه لە کوردستان،  دروستکردنی کارگە و پڕۆژە، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، یارمەتیدانی خێزانە لێقەوماوەکان.

نوێکردنەوەی کۆمەڵایەتی: دایاسپۆرا بە ئەزموونی دیموکراسی و شەفافییەت دەتوانێت یارمەتیی پەرەپێدانی دامەزراوەکان و کۆمەڵگە بکات.

دایاسپۆرا کوردی ئێستا بووە بە هێزێکی ستراتیژی، هەر لە وڵاتانی میواندار و لە کوردستانیشەوە، بە چالاکیی کۆمەڵایەتی، بەشداریی سیاسی، کاریگەریی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوکاریی لە پەرەپێدانی وڵاتی بنچینە، بووە بە هێزێکی نێودەوڵەتیی گرنگ. پێویستە ڕۆڵی ئەم کۆمەڵگەیە بەردەوام بەرز بێت و دەتوانێت ببێ بە یەکێک لە بنچینەکانی داهاتووی خەڵکی کوردستان.

* جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی.

ڕەنگە بە دڵت بن