کارۆخ یونس : فاشیۆن – بەلجیکا
کارۆخ یونس: بۆ زۆربەی براندە جیهانییەكان كارم كردووە
کارۆخ یونس عوسمان، کوڕە کوردێکی نیشتەجێی بەلجیکایە، ساڵانێکە لە بواری (فاشیۆن) نمایشی مۆدێل کار دەکات و لە ئاستی ئەوروپادا ناسراوە، پێمان باش بوو وەک بەهرەمەندێک بە خوێنەرانی (ڕەوەند) بیناسێنین و سەبارەت بە کارەکەی بیدوێنین، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە:
* ﻧﻤﺎﯾﺸﯽ ﺟﻠﻮﺑەرگ ﻓﺎﺷیۆن ﺑﯚ ﻛﻮرد ﺗﺎزەﯾە، ﺗﯚ ﻛە ﺋەم ﺑﻮارەت هەڵبژارد ڕێكەوت ﺑﻮو
ﯾﺎن ﺣەز، ﯾﺎﺧﻮد وەك ﻛﺎر و داهات ﭼﻮوﯾە ﻧﺎوی؟
کارۆخ: فاشن و مۆدێلینگ لە کوردستان تازەیە، بەڵام هەر بوارێکی تازە دەرفەتی گەورەی تێدایە، منیش هەم حەزم لەم بوارەیە و هەم دەتوانێت ببێتە کار و سەرچاوەی داهات، بەڵام بۆ من گرنگترین شت ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت خۆی بە شێوەیەکی جوان و متمانەپێکراو پیشان بدات، نەک تەنیا ناوی وەک شۆ یان ناوبانگ دەکەوێ. پێموایە فاشن تەنیا جلوبەرگ نییە، بەڵکوو هونەر و ڕێگایەکە بۆ دەربڕینی کەسایەتی. سەرەتای دەستكردنم بە كاری مۆدێل، دوای ئەوە بوو كە ڕووم لە هەندەران كرد، سەرەتا كاری مۆدێلم نەدەكرد و نەشمدەزانی من بۆ ئەم كارە شیاوم، بەڵام لە وڵاتە پێشكەوتووەكان هەر مرۆڤێك ئەگەر لە ڕووی جەستەیی و هزرەوە پێشنیارێك، یاخود بەرنامەیەكی جوان، یان هەر پرۆژەیەكی هەبێت، گرنگیی پێ دەدەن و منیش كە لە وڵاتی بەلجیكا نیشتەجێ بووم، لە رێگای كاركردن كەسانێكم ناسی پێشنیاریان كرد دەست بە كاری مۆدێل بكەم، چونکە دەیانزانی شێوە و لەش و لارم بۆ ئەو كارە گونجاوە، منیش بەڕاستی حەزم بەو كارە هەبوو و زۆریشم پێخۆش بوو و ئیدی دەستمان پێكرد. دەمەوێت ئاماژە بەوەش بكەم، كە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەر كەسێك بەهرەیەكی تێدابێت یارمەتی دەدەن و بۆ كارەكە ئامادە و دروستی دەكەن، هی منیش بەو جۆرە بوو.
* ﺳەرەﺗﺎی هەﻣﻮو ﻛﺎرێك ﺳەﺧﺘﯽ و ﺋﺎﺳﺘەﻧﮕﯽ دێنە ڕێ، ﺗﯚ ﭼﯿﺖ هاﺗە ڕێ و ﭼﯚن
ﺑەﺳەرﯾﺎﻧﺪا ﺳەرﻛەوﺗﯽ؟
کارۆخ: بێگومان سەرەتای هەموو بوارێک ئاسان نییە، بەتایبەتی مۆدێلینگ و فاشن، کە لای ئێمە هێشتا تازەیه، منیش لە سەرەتادا ڕەخنە و تێنەگەیشتنم بینی، هەندێکجار هەستم بە ترس و دوودڵی دەکرد، بەڵام زیاتر کارم لەسەر خۆم کرد، متمانەم بە خۆم زیاد کرد و فێر بووم چۆن مامەڵە لەگەڵ قسەی خەڵکدا بکەم وانەیەک بوو بۆم، من تەنیا یەك كار دەكەم و گرنگیی پێ دەدەم، بە شتی دیكە سەرقاڵ نیم، ئەمەش وا دەكات مرۆڤ لە كارەكەی سەركەوتوو بێت.
* ﻛﺎﺗێ ﺑﯚ ﯾەﻛەﻣﺠﺎر ﻟە ﺑەﻟﺠﯿﻜﺎ ﺑﯚ وێنەﮔﺮﺗﻦ ﺑﺎﻧﮕهێشت ﻛﺮای هەﺳﺘﺖ ﭼﯚن ﺑﻮو؟ ﺋﺎﯾﺎ
ﺑەدەﺳﺘهێنانی ﻧﺎوﺑﺎﻧﮓ ﻟە وەها ﻛﺎرێكدا زەﺣﻤەﺗە؟
کارۆخ: کاتێ بۆ یەکەمجار بانگهێشتی بەلجیکا كرام بۆ وێنەگرتن، زۆر هەستێکی تایبەتم هەبوو؛ هەم خۆشحاڵی، هەم سەرسامی، چونکە هەستم کرد هەنگاوێکی گەورەم ناوە بۆ ئەو شوێنەی خۆم دەمویست پێی بگەم، ئەو ساتە بۆ من دڵنیاییەک بوو کە ماندووبوون و بەردەوامی بێ ئەنجام نامێنن، بەڵام بەدەستهێنانی ناوبانگ لەم بوارەدا ئاسان نییە، چونکە جوانی بەتەنیا بەس نییە؛ پێویستە کەسەکە متمانەی بە خۆی هەبێت و کار لەسەر خۆی بکات و بتوانێت خۆی بە شێوەیەکی جیاواز پیشان بدات.
هەروەها ئارامی و بەردەوامی زۆر گرنگن، چونکە سەرکەوتن هەنگاو بە هەنگاو دێت، من هەمیشە هەوڵم داوە كارەكەم بە ڕێكی بكەم، زۆر تامەزرۆی ناوبانگ نیم و كەمیش لە شاشەكان دەردەكەوم، بەڵام هۆكاری ناساندنی من بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بۆ زۆربەی براندە جیهانییەكان كارم كردووە و لە فیلم و كلیپی هونەرمەندانی بیانیی زۆر بەناوبانگ وەك ئەكتەر بەشدارییان پێ كردووم،حەز و جددییاتی من بۆ كارەكەم ڕۆڵی هەبووە، چونكە كارەكانم بەوەوە بەدیار كەوتن.
* ﺋەﮔەر ﺋەم و ﻣﯚدێل و ﻧﻤﺎﯾﺸە ﺑﻮوبێت ﺑە ﺳﺘﺎﯾﻠﯽ ژﯾﺎﻧﺖ، ﭼﯚن دەﺗﻮاﻧﯽ ﻟەﮔەلی
هەڵكەی و ﺑﺸﯿﭙﺎرێزی؟
کارۆخ: من هەمیشە وای دەبینم کە مۆدێلینگ و فاشن تەنیا کار نییە، بەشێکە لە ستایلی ژیان و شێوازی بیرکردنەوە. بەڵام هەوڵ دەدەم هاوسەنگی لەنێوان کاری مۆدێلینگ و ژیانی تایبەتمدا هەبێت، چونکە مرۆڤ پێویستە هەم لە کارەکەی سەرکەوتوو بێت و هەم ئارامی و کەسایەتیی خۆی بپارێزێت. بۆ ئەوەی لەگەڵی هەڵکەم و خۆم بپارێزم، سنوور بۆ خۆم دادەنێم، هەموو شتێک قبووڵ ناکەم و هەوڵ دەدەم ئەو کارانە هەڵبژێرم، کە لەگەڵ بیر و کەسایەتیی من گونجاون. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە، کە لە هەر ئاستێکدا بم، خۆم لەدەست نەدەم.
– * ﻟەﭘﺎڵ مۆدێل و فاشن ﻧﻤﺎﯾﺸﺪا چ ﺋﺎﻣﺎﻧﺞ و ﺋﺎواتێكت هەﯾە؟ ﺋﺎﯾﺎ ﭼﺎوت ﻟەوەﯾە ﺑﺒﯿﺖ
ﺑە ﻣﯚدێلکاری نێودەوڵەتی؟
کارۆخ: خەون و ئاواتم ئەوەیە لەداهاتوودا كورد شان بە شانی وڵاتان لە بواری هونەری و سینەما و فیلم كارێكی پرۆفیشناڵ بكات، بە شانازییەوە منیش بەشداریی دەكەم و ڕەتی ناكەمەوە، بۆ زۆر بڕاندی جیهان زۆرجار كارم ڕەتكردووەتەوە، بەڵام بۆ كوردستان بێ بەرامبەریش ئامادەم خزمەت بە هونەری وڵاتەكەم بكەم. ئامانجی من تەنیا ئەوە نییە کە وەک مۆدێل ناسراو بم، بەڵکوو دەمەوێت بتوانم لەم بوارەدا کاریگەرییەکی باش جێبهێڵم و شتێکی نوێ بخەمە ناو فاشن و مۆدێلینگ. هەوڵ دەدەم هەمیشە خۆم پەرەی پێ بدەم، فێر بم و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم بوارەدا بڕۆم.
دەمەوێت لەدەرەوەی وڵاتیش کار بکەم و نوێنەرێکی باش بم بۆ گەنجانی کورد، بەڵام پێموایە سەرکەوتنی ڕاستەقینە بە ئارامی، بەردەوامی و کارکردنی لەسەرخۆ دێتە دی، نەک تەنیا بە ناوبانگ. ئەگەر مرۆڤ متمانەی بە خۆی هەبێت و واز نەهێنێت، هەنگاو بە هەنگاو دەتوانێت بە ئاواتەکانی بگات.
كورتەیەك لە ژیانی:
كارۆخ یونس عوسمان، ساڵی 1988 لە شاری هەولێر لەدایك بووە، نزیكەی 10 ساڵە نیشتەجێی وڵاتی بەلجیكایە لە شاری ئەنتڤێرپن و ڕەگەزنامەی بەلجیكیی هەیە، دەرچووی ئەكادیمیای فاشیۆنە لە ڕۆژئاوا و لە زۆربەی وڵاتان كاری ئەكتەر مۆدیل و فاشیۆنی كردووە، چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە و پلەی زۆر بەرزی لە پێشبركێ جیهانییەكان لە بواری كارەكەی (فاشیۆن) وەرگرتووە و بۆ زۆربەی بڕاندە جیهانییەكان كاری فاشیۆنی كردووە.
کارۆخ لە تەمەنی منداڵیدا خولیای هونەر و ستایل و میوزیك و وەرزشی هەبووە، درێژەی بە خوێندن داوە و یەكێك بووە لە یاریزانە نایابەكانی تۆپی باسكە لە یانەكانی (هەولێر، ئاسۆ، جیهان) و لە تەمەنی هەرزەكاریدا زۆر خولیای ئەوەی بووەجیاواز دەركەوێت، خولیای فێربوونی هەبووە، ئەمەش وایكردووە ئاسۆی بیركردنەوەی فراوانتر بێت و زیاتر بایەخ بەو حەز و خولیایانەی بدات، كە ئاواتی بووە، بنەمای سەرەكیی گەشتیشی بۆ تاراوگە (وەک خۆی دەڵێت)، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ پەرە بە خولیا و ئارەزووەكانی بدات، چونکە پێی وابووە ئەو كات كارەكەی بۆ كوردستان گونجاو نەبووە.
