حکومەتی عێراق و بەرپرسیارێتی دەستووری: خوێندنەوەیەکی دەستووری و کۆمەڵایەتی لە پەیوەندیی نێوان گەلان و پێکهاتەکانی عێراق

نوسینی: فەرەیدون رەزا
پێشەکی: دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیە، نەک تەنها بەڵگەنامەیەکی سیاسی
دەستووری کۆماری عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ پەسەند کرا، نابێت تەنها وەک بەڵگەنامەیەکی یاسایی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان سەیر بکرێت؛ بەڵکو دەبێت وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نێوان گەلانی عێراق لێک بدرێتەوە؛ کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری، سریانی، کلدانی و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی دیکەی ئەم وڵاتە.
ئەم گرێبەستە لەسەر بنەمای پەسەندکردنی هاوبەشی دەستوور، داننان بە فرەیی، پاراستنی مافەکان و ڕێکخستنی هاوبەشی دەسەڵات دامەزراوە. واتە گەلانی عێراق بە ڕێگەی دەستوورەوە ڕێککەوتوون کە بە جیاوازیە نەتەوەیی، زمانی، ئایینی و کەلتووریەکانیانەوە پێکەوە بژین و بەشداری لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بکەن.
لەبەر ئەوە، جێبەجێنەکردنی دەستوور تەنها پێشێلکردنی ماددەیەکی یاسایی یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتێکی هەرێمی نیە؛ بەڵکو پێشێلکردنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیە کە بنەمای متمانە و پێکەوەژیانی نێوان گەلانی عێراقی پێک هێناوە.
پێویستە بەرپرسان و هێزە سیاسییەکانی عەرەب لە عێراق ئەم ڕاستیە بنەڕەتیە تێبگەن کە مانەوە و یەکپارچەیی عێراق بە دەسەڵاتی ناوەندی و کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکان مسۆگەر نابێت؛ بەڵکو بە پابەندبوون بە دەستوور و پاراستنی ماف و هاوبەشیی هەموو گەلانی عێراقەوە مسۆگەر دەبێت.
عێراق تەنها ناوی دەوڵەتێک نیە، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوەیی و فرە کەلتووریە. ئەگەر دەستوور بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو جێبەجێ بکرێت، واتە ئەو ماددانەی دەسەڵاتی ناوەندی بەهێز دەکەن جێبەجێ بکرێن، بەڵام ئەو ماددانەی ماف و دەسەڵاتی هەرێمەکان و پێکهاتەکانی دیکە دەپارێزن پشتگوێ بخرێن، ئەوا ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیەی کە بنەمای پێکەوەژیانی عێراقە دەکەوێتە مەترسیەوە.
یەکەم: ماددە دەستووریە جێبەجێنەکراوەکان
گرنگترین ئەو ماددە دەستووریانەی کە تا ئێستا بە تەواوی جێبەجێ نەکراون یان کەموکوڕیی تێدایە، ئەمانەن:
| ماددە | ناوەڕۆکی دەستوور | دۆخی جێبەجێکردن |
| ٨٤ | یاسای دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان | جێبەجێکردنی تەواو نەکراوە |
| ٦٥ | دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی | جێبەجێ نەکراوە |
| ٩٢ | چوارچێوەی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی | جێبەجێ نەکراوە |
| ١٠٥ | دڵنیایی و بەشداری و دامەزراندنی کۆمیسیۆنی هەرێم و پارێزگاکان لە دامەزراوە فیدراڵیەکان | نەبوونی دامەزراوەی دەستووری تەواو |
| ١٠٦ | دامەزراندنی کۆمیسیۆنی چاودێری و دابەشکردنی داهاتە فیدراڵیەکان | جێبەجێکردنی تەواو نەکراوە |
| ١١١-١١٢ | نەوت و گاز – بەڕێوەبردنی هاوبەشی نەوت و گاز و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات | یاسایەکی چارەسەری گشتگیری بۆ دەرنەکراوە |
| ١١٤ | دەسەڵاتی هاوبەش | جێبەجێکردنی ناتەواو و ناکۆکی |
| ١١٥ | پێشینەیی یاسای هەرێم | ناکۆکی لە لێکدانەوە و جێبەجێکردن |
| ١٢٠ | پەسەندکردنی دەستووری تایبەت بە هەرێمەکان | جێبەجێ نەکراوە |
| ١٤٠ | چارەسەری پرسی ناوچە جێناکۆکەکان | جێبەجێ نەکراوە |
ئەم ماددانە تەنها بابەتی ڕێکخستنی کارگێڕی نین؛ بەڵکو میکانیزمی دەستوورین بۆ دڵنیابوون لە هاوبەشی، دادپەروەری و پاراستنی مافی هەموو یەکە فیدراڵیەکان.
بەتایبەتی ماددەکانی ٦٥، ١٠٥ و ١٠٦ بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی هاوبەش و دڵنیایی لە بەشداریی هەرێم و پارێزگاکان لە بڕیاردانی فیدراڵی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات گرنگن.
هەروەها ماددەکانی ١١١ و ١١٢ بنەمای هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و دابەشکردنی داهات دادەنێن. ماددەی ١٤٠یش چارەسەرێکی دەستووری بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دیاری کردووە، کە جێبەجێنەکردنی تا ئێستا کاریگەریی لەسەر متمانەی نێوان پێکهاتەکانی عێراق هەیە.
دووەم: لێکدانەوەی ماددە دەستووریەکان و ناکۆکیە سیاسیەکان
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە هەندێک ماددەی دەستوور بە شێوەیەک لێکدەدرێنەوە کە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بەهێز دەکات، بەڵام ماددەکانی پاراستنی دەسەڵاتی هەرێمەکان و هاوبەشیی فیدراڵی بە هەمان ئاست جێبەجێ ناکرێن.
بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٢٢ سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، نموونەیەکە لەم ناکۆکیەدا. بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت ماددەکانی ١١١، ١١٢ و ١١٥ بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ لێک بدرێنەوە و دەسەڵاتی هاوبەش و مافی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت.
هەروەها بابەتی دەروازە سنوورییکان، بودجە و بەڕێوەبردنی داهات نابێت تەنها لە چوارچێوەی ململانێی بەغدا و هەولێردا ببینرێت؛ بەڵکو دەبێت لە ڕووی پابەندبوونی هەردوو حکومەت بە دەستوورەوە هەڵبسەنگێندرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی بە پێی ماددەی ٩٤ بڕیارەکانی کۆتایی و پابەندن، بەڵام لێکدانەوەی دەستوور دەبێت لەسەر بنەمای هەموو ماددەکان و ئەوسیستەمە سیاسیە فرەییەبێت کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، نەک بە شێوەیەکی تاکلایەنە.
سێیەم: بەرپرسیارێتی سیاسی و نیشتمانی
بەرپرسیارێتی پاراستنی دەستوور تەنها لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان لایەنە کوردیەکاندا نیە؛ بەڵکو لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی، پەرلەمان، دادگای باڵای فیدراڵی و هەموو هێزە سیاسیەکانە.
بەرپرسانی عێراق دەبێت تێبگەن کە سیستەمی سیاسی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم پێکهاتوە کە ئەو سیستەمە هیچ مەترسیەکی بۆ یەکپارچەیی عێراق نیە؛ بەڵکو ڕێگایەکی دەستووریە بۆ پاراستنی ئەو یەکپارچەیی عێراق. ئەگەر کورد و گەلانی دیکە هەست بکەن مافە دەستووریەکانیان تەنها لەسەر کاغەز ماونەتەوە، ئەوا متمانەیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق نامێنێت و بریارەکانی جێبەجێ ناکەن.
پێویستە حکومەتی فیدراڵی:
- هەموو ماددە دەستووریە جێبەجێنەکراوەکان بەبێ جیاوازی جێبەجێ بکات.
- ئەنجومەنی فیدراڵی و کۆمیسیۆنە دەستووریەکان دامەزرێنێت.
- یاسای گشتگیری نەوت و گاز بە ڕێککەوتنی هاوبەش دەر بکات.
- ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات.
- لە لێکدانەوە و جێبەجێکردنی دەستووردا ماف و دەسەڵاتی هەرێمەکان بپارێزێت.
پاراستنی عێراق پەیوەستە بە پاراستنی گرێبەستە کۆمەڵایەتیەکەیەوە کە دەستوورە
لە کۆتاییدا، دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ نابێت تەنها وەک پەیمانێک لەنێوان حیزبە سیاسیەکان یان ڕێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات ببینرێت؛ بەڵکو گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیە لەنێوان گەلانی عێراق، کە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری و سریانی و کلدانی و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی لەخۆ گرتووە.
بۆیە جێبەجێنەکردنی ماددە دەستووریەکان تەنها پێشێلکردنی مافە سیاسی و کارگێڕیەکان نیە؛ بەڵکو پێشێلکردنی ئەو بنەمایە کۆمەڵایەتیەیە کە پێکەوەژیان و متمانەی نێوان گەلانی عێراقی لەسەر دامەزراوە.
پەیامەکە بۆ بەرپرسانی عەرەب و هەموو هێزە سیاسیەکانی عێراق ڕوونە: عێراق بە مەرکەزیەت و کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکان نامێنێتەوە؛ عێراق بە دادپەروەری، هاوبەشی و پابەندبوون بە گرێبەستی دەستووری نێوان گەلانی خۆی دەمێنێتەوە.
دەستوور تەنها سنووری دەسەڵاتی حکومەت نیە؛ سنووری متمانەی نێوان گەلانی عێراقیشە. شکاندنی ئەم سنوورە، تەنها پێشێلکردنی یاسا نیە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ بنەمای پێکەوەژیان و ئایندەی عێراق.
سەرچاوەی سەرەکی ووتار:
دەستووری کۆماری عێراق، ٢٠٠٥، بەتایبەتی ماددەکانی ١، ٢، ٤، ١٤، ١٥، ٤٧، ٦٥، ٨٤، ٩٢، ٩٤، ١٠٥، ١٠٦، ١١١، ١١٢، ١١٤، ١١٥، ١٢٠ و ١٤٠.