هێرشی کیمیایی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ئەم شوێنانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

لە درێژەی هێرشی کیمیایی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێرش کراوەتە سەر چەندین قوتابخانەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی هێرشی کیمیایی هێز و ناوەندە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قوتابییانی قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان، هێرشی کیمیایی کردووەتە سەر چەندین قوتابخانە، خەوتنگە و زانکۆ و پەیمانگاکان لە شارەکانی مەریوان، دێهلوڕان، مێهران، بۆکان، پیرانشار، کرماشان، سنە، سەرپێڵی زەهاو، ئیلام، ئەیوان، گیەڵان، کەنگەڤەر، ئورمیە، قەسرشیرین و چەندین شارۆچکە، شارەدێ، ناوچە و گوندی سەر بەو شارانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەهۆی ئەم هێرشانەوە، ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابییانی قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی، دواناوەندی و تانەت خەوتنگە و شوێنی مانەوە و پشووی کچانەی بڕێک لە زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکانی دواناوەندیی شارەکانی ڕۆژهەڵات ژارگرتوو بوون و، بۆ ناوەندە فریاکەوتن و دەرمانییەکان گوازراونەتەوە، هەنووکە دۆخی تەندروستیی بڕێکیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

جیا لەو تاوان و هێرشانەی ڕژێم بۆ سەر قوتابییان، هێزەکانی ئەو ڕژێمە لە کاتێکدا کە دایک و باوکانی منداڵە قوربانییەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، یا دەچن منداڵەکانیان لەو دۆخە ڕزگار بکەن، هێرش دەکەنە سەریان، یا بە شێوەیەکی بێڕێزانە لێیان دەدەن، یان دەستبەسەریان دەکەن.

ئەم هێرشانە لە ناوچە و هەرێمەکانی دیکەی ئێراندا هاوکات لەگەڵ کوردستاندا هەر بەردەوامە و بەم هۆیەشەوە ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابییان بوونەتە قوربانی و، بەداخەوە تا ئێستا بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان دوو قوتابی گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەم پێوەندییەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئەو هێرشانەی ڕژێمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکان تاوانی ڕەگەزی و نامرۆڤانەن، ڕایگەیاندووە؛ “ئەو تاوان و هێرشانە لە سەرانسەری ئێراندا بەڕنامەداڕێژراو و بەئەنقەستە و ئەمەش بەپێی یاساکانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، کردەوەی تیرۆریستین، ڕژێمی ئێران تەنانەت بەزەیی بە منداڵانیشدا نایەتەوە”.

ڕەنگە بە دڵت بن