عەلی دۆڵەمەری: پەیوەندییەکانمان لە ئاستی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەت و گەلی فەرەنسا زۆر بەھێزن

عەلی دۆڵەمەڕی: نوێنەری حکوومەت – فەرەنسا

عەلی دۆڵەمەری: پەیوەندییەکانمان لە ئاستی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەت و گەلی فەرەنسا زۆر بەھێزن

عەلی دۆڵەمەری، لە ماوەی کارکردندیدا وەک نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، ھەوڵی تۆکمەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەل و حکوومەت و دامەزراوەی فەرەنسی و ھەرێمی کوردستانی داوە لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی، کولتووری، بازرگانی، ئەکادیمی، زانستی، ڕۆشنبیری و ھونەری، ئەو دەشڵێت: ”بەشێکی دیکەی ئەرکەکانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی کوردستانە، کە لە فەرەنسا دەژین، بە ڕاییکردنی ئەو مامەڵانەی لە کوردستان پێویستیان پێی ھەیە، کە خۆی لە خزمەتگوزاریی کونسوڵگەری و ئیداریدا دەبینێتەوە، ھەروەھا نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بەبێ جیاوازی یارمەتی و ھاوکاری پێشکەشی ھەموو ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردستانی و سەربەخۆیانە دەکات، کە لە فەرەنسا لەلایەک ھەوڵی بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد و ناساندنی فەرھەنگ و کولتووری کوردی دەدەن و لەلایەکی دیکەوە ھەموو ئەو دەزگا و کەسایەتی و ئۆرگانانەی کار لەسەر بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا دەکەن”.

”پاراستن و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئەرکی سەرەکیی نوێنەرایەتییەکەمانە”

فەرەنسا لەڕابردوودا ڕۆڵێکی زۆر گەورەی ھەبوو لە پشتگیریی گەلی کورد و چۆنیەتیی ھاوکاریکردنی. ئەو، لەم بوارەدا دەڵێت: ”خۆتان دەزانن ھەرێمی کوردستان لە ئەنجامی خەباتی سەدان ساڵە ھاتووەتە دی، لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە دەستپێشخەریی دەوڵەتی فەرەنسا و پشتگیریی ھەریەکە لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمەریکا، بڕیاری ٦٨٨ی بۆ پاراستنی کورد دەر کرد. دواتریش لە ساڵی ١٩٩٢ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو و فەرەنسا ڕۆڵی گەورەی ھەبوو لە سەرکەوتنی ئەو قۆناغەدا، بەتایبەتی ڕۆڵی خاتوو دانێل میتەران. لەوساتەوە فەرەنسا لە زۆر بواردا ھاوکاریی کوردستانی کردووە، بەتایبەت لە پرسی خوێندن و قوتابخانەدا لەدوای ساڵی ١٩٩٢ یارمەتیی باشی پێشکەش کرد، تاکوو پرۆسەی خوێندن لە کوردستان بەردەوام بێت، ئەویش بە چاپکردنی ھەزاران کتێبی خوێندن لە فەرەنسا و ناردنەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان. بۆیە ئێستا پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستدایە، سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی فەرەنسا سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد، سەرۆک فەرانسوا میتەران و سەرۆک ماکرۆن سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد. تاکە وڵاتی
زلھێز سەرۆکەکانی سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردبێ فەرەنسا بووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان زۆر پتەو و مێژوویی و بەھێزن.”

”نوێنەرایەتییەکەمان دوو گرووپی توێژینەوەی کوردی لە پەرلەمان و لە سێناتی فەرەنسادا دروست کردووە”

سەبارەت بە دامەزراندنی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عەلی دۆڵەمەری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ”یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠٠١ نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دامەزرا و ڕۆڵ و کاریگەریی گەورەی ھەبوو بۆ ناساندن و گەیاندنی دەنگ و خواستی کورد بە دامەزراوە و بەرپرسەکانی فەرەنسا، چ لە کۆشکی کۆماریی فەرەنسا، یان لە وەزارەتی دەرەوە، یاخود لە ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا و شارەوانیی پاریس، ئەمە جگە لە دامودەزگاکانی دیکەی فەرمی و نافەرمیی حکوومەتی فەرەنسا و ناساندنی کورد و ھەرێمی کوردستان بە خەڵکی فەرەنسا. نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو گرووپی توێژینەوەی کوردی، ھەم لە پەرلەمانی فەرەنسا و ھەم لە سێناتی فەرەنسادا دروست کردووە، بۆ ئەوەی دەنگی کورد ڕاستەوخۆ بە نوێنەرانی خەڵکی فەرەنسا بگات. پەرلەمان و سێنات دەزگای زۆر گرنگن، ھەروەھا بە ھەوڵی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانرا شاری ھەولێر و پاریس بکرێن بە دەستەخوشک. بوونی ھەولێر بە دەستەخوشکی شارێکی گرنگی وەک پاریس، وای کرد ھەولێر بکەینە ئەندام لە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتیی شارەکانی فرانکوفۆنیدا.”

”ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس خاڵی وەرچەرخان بوو“

نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پەیوەندییان لەگەڵ کۆمەڵگای فەرەنسی و دامودەزگاکانی فەرەنسی بەھێز کرد و ھەروەھا پەیوەندیی باشی لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی لە فەڕەنسا دروست کردووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتیوانیی ڕەوەندی کوردستانی دەکات، عەلی دۆڵەمەری لەمبارەوە دەڵێ: ”لەوێ ژمارەیەکی زۆر کورد ھەن، جا بۆ ئەوەی بتوانرێ بەشێوەیەکی فەرمی لەگەڵ دامودەزگاکانی فەرەنسا و کۆمەڵگای فەرەنسی کار بکەن، چەندین چالاکیی ڕۆشنبیری، فەرھەنگی و کولتوورییان ئەنجام دا، بتاوەکوو نەوەکانمان لەسەر ڕێگەی باو و باپیران بەردەوام بن و بتوانن ببن بە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی خۆیان لە فەرەنسا. بۆیە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پەیوەندیی زۆر باشی لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانیدا ھەیە، ڕەوەندی کوردستانییش لەو شوێنەی لێی دەژن، پەیوەندیی زۆر باشیان لەگەڵ دامودەزگاکانی فەرەنسیدا ھەیە، بۆیە ھەریەک لەوانە دەتوانن ببن بە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی خۆیان، ئێمە وەکوو نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ڕەوەندی کوردستانی دەکەین لە فەڕەنسا، کە وێنەیەکی زۆر جوانیان بە خەڵک و حکوومەتی فەرەنسا پیشان داوە و توانیویانە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی فەرەنسی بگونجێنن.


یەکێک لە کارە ھەرە گرنگەکان، کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئەنجامی دا، ئەوە بوو کە ڕێڕەوی پێشمەرگەی لەناو پارکێکی گەورە و بەناوبانگی شاری پاریسدا کردەوە، بەڕاستی ئەوە چالاکییەکی زۆر گرنگ بوو، کە توانیمان ناوی پێشمەرگە بخەینە سەر نەخشەی ئیداریی شاری پاریس، پێشمەرگە سمبول و ھێمای گەلی کوردە، کردنەوەی ئەو ڕێڕەوە بەناوی پێشمەرگەی کوردستان لەناو پارکەکە، کە ساڵانە بە ملیۆنان ھاووڵاتیی فەرەنسی و گەشتیاری بیانی سەردانی ئەو پارکە دەکەن، کاتێ دەگەڕێن و تابلۆی پێشمەرگە دەبینن، بۆیان دەبێتە پرسیار، کە ئەمە چییە و کێیە و لە مێژووی مرۆڤایەتییدا چی کردووە تا بناسرێت، بۆیە پێشمەرگە وەک سمبول، بەتایبەتی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، سەلماندی کە لەجیاتیی ھەموو دونیا شەڕ دەکات، بۆ ئەوەی بێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لە تیرۆر و ماڵوێرانی. ئەوە وای کرد ئەم ڕێڕەوە لەناو ئەو پارکەی فەرەنسا دروست بکرێ و دەرخەری ئەوەشە، کە حکوومەتی فەرەنسا و شارەوانیی پاریس گرنگییەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان و بە کورد و بە پێشمەرگە دەدەن، چونکە پێشمەرگە و سەربازانی فەرەنسا چەندین ساڵە لە ھاوپەیمانیی دژ بە تیرۆر پێکەوە بەرگریی لە مرۆڤایەتی دەکەن. ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە کردنەوەی ئەو ڕێڕەوە گرنگیی زیاتری دایە ئەو ڕێڕەوە گرنگە”.

ژمارەیەکی زۆر ڕەوەندی ھەر چوار پارچەی کوردستان لە فەرەنسادا ھەن و چەندین حزبی سیاسییان ھەیە، لەگەڵ ھەموو ئەو بیروبۆچوونە جیاوازەی ڕەوەندی کوردستانی، بەڵام توانیویانە نموونەیەکی جوان پێشکەش بە گەل و حکوومەتی فەرەنسا بکەن، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت: ”ئێمە لەپێشدا توانیمان پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تەواوی ڕەوەندی کوردستانی دروست بکەین، لەو شوێنانەی ژمارەیەکی زۆر کوردی لێیە، چەندین ڕێکخراو، یاخود ئەسۆسیاسۆن دابمەزرێنین، تاوەکوو بتوانن بەشێوەیەکی فەرمی لەگەڵ دامودەزگاکانی حکوومەتی فەرەنسا لەو شوێنانەی تیایاندا دەژن، ساڵانە چەندین چالاکیی گرنگ ئەنجام بدەن، وەک ئاھەنگی نەورۆز، کۆڕ و سمینار، کردنەوەی کۆرسی زمانی کوردی، تاوەکوو منداڵەکان فێری زمانی دایک بن و بزانن چۆن بخوێننەوە و چۆن بنووسن، ھەروەھا خەڵاتکردنی ئەو قوتابییانەی لە قۆناغەکانی خوێندن سەرکەوتوون، ئێمە ھەوڵمان داوە پاڵپشتیی ئەم کارە بکەین، تاوەکوو بتوانن لەو ڕێگایەوە بەرەوپێشتر بچن، جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کۆنسوڵگەری بۆ ڕەوەندی کوردستانی و سەردان و دیداری یەکتر.”

”پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی خوێندن لەگەڵ فەرەنسا زۆر بەرزە”

سەبارەت بە چالاکییەکانیش گوتی: ”ئێمە لە ھەموو بوارەکاندا چالاکیی زۆر گرنگ ئەنجام دەدەین. لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەیوەندییەکی گرنگیان لەنێواندا ھەیە. پەرلەمانی کوردستان پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ پەرلەمان و سێناتی فەرەنسادا ھەیە و وەزارەتەکانی فەرەنسا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پەیوەندیی باشیان ھەیە. توانیویشمانە پەیوەندییەکی بەھێز لەگەڵ دەزگاکانی میدیای فەرەنسی دروست بکەین.

ھەروەھا پەیوەندیی زۆر بەھێز لەنێوان دەزگای مێدێفی فەرەنسی، کە سەرپەرشتیی ھەموو ئەو کۆمپانیایانەی فەرەنسا دەکات، کە لەدەرەوە وەبەرھێنان دەکەن، لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانن کۆمپانیاکانی فەرەنسا ھان بدەن بۆ وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستاندا. ساڵی ڕابردوو کۆنفرانسێکی ئابووریی گرنگ لەنێوان ھەردوو حکوومەتی فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا، ئێستاش چەندین کۆمپانیای فەرەنسی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن. لە ڕووی کولتوورییەوە سەنتەری کولتووریی فەرەنسی لە ھەولێر ھەیە و چەندین چالاکی لە بواری پەرەپێدانی کولتووری فەرەنسی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن، ھەروەھا ئێمەش ساڵانە چەندین بۆنە و ئاھەنگ دەگێڕین، وەک سازدانی ئاھەنگی نەورۆز لەناو ئەنجومەنی پیران و شارەوانیی پاریس و لە دەزگای دیکەی فەرەنسی، تاوەکوو بتوانین بە ھەموو خەڵک بڵێین ئێمەش سەری ساڵی نوێی کوردی و کولتووری تایبەت بە خۆمان ھەیە، ھەروەھا لە پێشانگا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا بەشداریی دەکەین، لەگەڵ چەندین چالاکیی دیکە، کە لە فەرەنسا ئەنجام دەدرێن. چەندیین ڕێکەوتتنامە لەنێوان زانکۆکانی فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان ھەن، بۆ نموونە زانکۆی ساینسپۆی پاریس لەگەڵ زانکۆی ھەولێر لە کوردستاندا و زانکۆی سەڵاحەددین لەگەڵ زانکۆی ڕووان و لەگەڵ زانکۆی پاریسی ٦، زانکۆی سۆران پەیوەندیی لەگەڵ زانکۆی گرۆنۆبڵدا ھەیە، ھەروەھا بەردەوامین بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆکانی دیکەدا، تاوەکوو ڕێ خۆش بکەین بۆ ئەوەی ساڵانە چەندین قوتابیی کورد لە ئاستی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی فەرەنسا بخوێنن. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە پەیوەندییەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان، چ لە ئاستی حکوومی، چ لە ئاستی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگای فەرەنسا. دەتوانم بڵێم ئەو پەیوەندییە بەھێزەی لەنێوان ھەردوو گەلی کورد و فەرنسیدا ھەیە ئەوە دەردەخات، کە فەرەنسا یەکەمین وڵاتە لە جیھان پشتگیری لە گەلی کورد و لە ھەرێمی کوردستان دەکات و ڕای گشتیی خەڵکی فەرەنسا لەگەڵ دۆزی ڕەوای کورددایە.”

ڕەنگە بە دڵت بن