ئالان قەرەداغی : هونەرمەند – سویسرا 

لە كۆلێژی پزیشكی دەمخوێند و هەستم دەكرد ئەوێ بواری من نییە“

ئالان قەرەداغی، کوڕی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی، وەك هونەرمەندێكی تازەگەنج، لە سێبەری هونەرمەندێكی گەورەی وەك ئەنوەری باوكی بناغەی دونیای هونەری خۆی داناوە و پێگەیشتووە، دواتر قۆناغ بە قۆناغ چووەتە پێش و سەبارەت بە قۆناغەكانی ژیانی و چوونە ناو دونیای هونەر، لەم دیمانەیەدا بۆ خوێنەرانی (ڕەوەند) دەڵێ: ”لە شاری سلێمانی لەدایک بووم و قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و دوو ساڵی کۆلێژی زانستیشم لە کوردستان تەواو کردووە و پاشان لەناوەڕاستی نەوەدەکان هاتوومەتە ئەوروپا و لە وڵاتی سوید گیرسامەتەوە.  

لە سوید دوای خوێندنی زمان و دووبارەکردنەوەی دواناوەندی، دوو ساڵم لە کۆلێژی پزیشکی خوێند، بەڵام هەستم دەکرد خۆم لەو بوارە نابینمەوە، بۆیە ماوەیەک لە وەزارەتی بەرگری کارم کرد و دواتر بە کاری جیاجیا خۆم لەنێو ئەم ژیانە دۆزییەوە. سەرەتای 2018 چوومە وڵاتی سویسرا و ئێستا لەو وڵاتە نیشتەجێم.“ 

زیاتر گوتی: ”خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم، چونکە لە ڕێگای باوکمەوە و هەر لە منداڵییەوە بەرکەوتەم لەگەڵ کەڵەهونەرمەندانی کوردستان بەتایبەت شاری سلێمانیدا هەبووە. منداڵ بووم و وام دەزانی خوالێخۆشبوو کەریم کابان ماممە، بەشێکی منداڵیم و هاوەڵیی باوکم بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی و تیپی مۆسیقای سلێمانی و شوێنە هونەرییەکان، زۆر یادگاریی ئەو هونەرماندانەی لە یادەوەریمدا تۆمار کردووە. نەک تەنیا کەڵەهونەرمەندەکانی ئەو سەردەمە، بەڵکوو ئەوانەیش کە ئەو سەردەمە خۆیان پێدەگەیاند و ئێستا دەیان کاری جوان پێشکەش دەکەن. ئەوەم هێشتا  هەر لە یادە کاتێ دەچووینە دوکانی خوالێخۆشبووان عوسمان عەلی، ئیبراهیم خەیات و سەرجەم هونەرمەندانی نەوەی ئاڵتوونی.“

”منداڵ بووم و لە ستۆدیۆكەی باوكم هاوكارییم دەكرد“

زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە و دەڵێ: ”سەرەتای کارم، بە ئامێرەکانی ئۆرگ، کەمان دەستم پێکرد، ئامێری سادەتریشم هەبوو و ڕۆژانە لە ماڵەوە بەکارم دەهێنا، بەڵام هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم ڕۆژێ لە ڕۆژان کارێکی هونەریی بکەم، بەڵام هەمیشە هەستێکی قووڵ و گوێی موزیکی باشم بۆ هونەر و موزیک هەبووە. هەر لە منداڵییەوە لە کاری تۆمارکردن لە ستۆدیۆکەی هاوکاریی باوکمم کردووە، هاوکات ساڵی1989 لە زۆر لە بەرهەمەکانی تیپی سلێمانی کە دەنگێکی زۆری دایەوە، لەسەر میکسەری ستۆدیۆی تیپی سلێمانی دادەنیشتم، باوکم پێی دەگوتم لەکوێی گۆرانییەکە دەبێ دەنگی سۆڵۆی ئامێرەکان زیاد بکەم و لە کاتی تۆمار ئاگام لە چی بێت، ئەوانە هەمووی وانە بوون بۆ من و پڕکردنی گوێچکەم لە هونەری پاک و کاری دروست و دڵسۆزی. هەر کارێکیش باوکم تەواوی دەکرد دەبوو من و تارای خوشکم، دواتریش کاوان گوێی لێ بگرین و ڕای خۆمان بدەین. تارا زیاتر لەسەر زەوقی گۆرانییەکە قسەی دەکرد، من لەسەر نەشاز و کاوان لەسەر کوالێتیی کارەکە. پێشم وایە کاوان لە ئێمە زۆتر فێربوو.“

ئالان كە لەناو خێزانێكی هونەریدا پێگەیشتووە، هەڵبەتە بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەریی دەوروپشتی بەسەرەوە بووە، لەمبارەوە دەڵێ:”کاریگەریی باوکم لەوانەیە ڕاستەوخۆ لەسەر خودی هونەرەکەم نەبووبێ، بەڵکوو لەسەر دڵسۆزی لە کارکردن، ڕاستگۆیی لە کارکردن، کارکردنی سەنگین بوو، نەک بۆ پەیداکردنی ڤیو. هەمیشە دەیگوت گرنگ نییە چەند کەس سەیرت دەکات، گرنگ ئەوەیە هەڵە لە کارەکان نەکرێ. من ئەو دەرفەتەم نەک تەنیا بۆ هونەر، بەڵکوو بۆ کاری ڕۆژانەشم بەکار هێنا.“ 

”کاتێک یەكەم کارم ئامادە کرد، لەناوەڕاستی پەتای کۆڤیددا بووین“

دەربارەی دەسپێكی كاری هونەریشی، ئالان دەڵێت: ”من سەرەتا بە ژەنینی ئامێری مۆسیقا خۆم دۆزییەوە، بەڵام بەهۆی نەشتەرگەرییەکی قۆڵی چەپم لە ساڵی 2007 کاتێ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووم، چیتر نەمتوانی کەمان بگرم، دواتر چوومەوە سەر پیانۆ. پاشان لە ساڵی 2017 لە رووداوێکی ماتۆڕسکیلدا قۆڵی چەپم شکا و بەوەشەوە هێشتا لاواز بووم. هاوکاتیش بە بەردەوامی شۆفێریم دەکرد، بۆیە دەرفەتێکی باش بوو بۆ تاقیکردنەوەی دەنگم. لەڕاستیدا یەکەم بەرهەمم کە بە فەرمی بڵاو کردەوە، ساڵی 2021 هونەرمەند ڕۆژ کەریم بۆی ئامادە کردم. ئەوکات ئەویش کاری شۆفێریی دەکرد، بۆیە کاتمان زۆر هەبوو قسە لەگەڵ یەکتر بکەین. ئیتر بە ڕێکەوت کارێکم گوێ لێ گرت بە ناوی (دڵێکی ئەسیر) زۆر حەزم لێکرد، بەڵام زۆر لە گوتنی دەترسام، چونکە بەرهەمەکە قورس بوو، بەڵام سەنگین بوو. 

ئەوەبوو ئیزنم لە باوکم وەرگرت ئەگەر بتوانم ئەو بەرهەمە ئامادە بکەم، باوکم حەزی دەکرد من خۆم خۆم لەو ستایلەدا بدۆزمەوە کە ئامادەی دەکەم. ڕاستییەکەی بۆنی کوردیی زۆر ئەدا، بەڵام زیاتر نزیکە لە ستایلی پۆپ و نوێ. کاتێک ئەو کارەم ئامادە کرد لەناوەڕاستی پەتای کۆڤیددا بووین، کۆکردنەوەی خەڵک زۆر زەحمەت بوو، بەڵام کارەکەم بە هاوکاریی ئەکتەرێکی هۆڵیوود و کۆمپانیایەکی سویسری ئەنجام دا. دەرفەتی دووەمم ئەوە بوو کە خانمە هونەرمەندێکی ئیتاڵی، کە هاوکات ئەکتەرێکی ئەمریکییە، پەیوەندیی پێوە کردم و کارێکمان  پێکەوە کرد. ئەوە زیاتر ئەو حەزەی بۆ دروست کردم، کە کاری هاوبەش لەنێوان کولتوورە جیاوازاکان شتێکی جوانە. لە لایەک ناساندنی کولتووری خۆمان بە وڵاتی ئەوان و کولتووری ئەوانیش بە وڵاتی خۆمان، بۆ من زۆر شانازییەکی بەرز بوو، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە دوو جار کەسانی بیانی کە بە ڕەچەڵەک ئیتاڵی بوون، پێیان گوتووم تۆ دەناسینەوە.“

ئەو هونەرمەندە گەنجە بە متمانە بەخۆبوونەوە دەڵێ: ”کۆڵ نەدان پیشەی منە، کاتێک بڕیار دەدەم دەست بدەمە شتێک، دەبێ تەواوی بکەم، هەرگیز پەلەم لێی نییە، چونکە ئامادە نیم کارێکی هەرزان و بێ مانا و بێ بنەما ئامادە بکەم. لەڕاستیدا ئەگەر خۆم کارەکانم ئامادە نەکردبن، ئەوا هونەرمەند زانا عەبدوڵڵاهی بۆی ئامادە کردووم. دەتوانم شایەتیی ئەوەی بۆ بدەم کە لەگەڵم پشوو درێژە، بەڵام هێشتا ئەوە نییە کە خۆم دەمەوێ. لەکاتێکدا ئەمڕۆ کات بۆ خەرج گرنگە، ناتوانی هەمان هەست بدەی بە کارەکانت، جاران ئەگەر خەرجییش ببوایە، کات گرنگ نەبوو، تا کارەکە تەواو دەبوو. ئەوە یەکێکە لەو شتانەی کە من پێی خۆشحاڵ نیم. لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەورووپا بۆ بژێوی دەبێ ڕۆژانە دە کاتژمێر تەرخان بکەی، لەولاشەوە خێزان و منداڵ، من خاوەنی دوو منداڵم و ئەوانیش کاتیان دەوێ. ئەوانە قورسترین بەربەستن هاتوونەتە ڕێگەم. ئەگەرچی هاوژینەکەیشم هونەرمەندە و دەتوانم بڵێم لە من هونەرمەندترە، چونکە ئەو ئەکادیمیای هونەری خوێندووە، من تەنیا بە هەوڵی خۆم و گوێگرتن لە باوکم و بەرکەوتەکانمەوە فێر بووم. بۆیە لە سەرجەم چاوپێکەوتنەکانم ئاماژەم بەوە کردووە کە من هونەرمەند نیم، بەڵکوو بەهرەمەندم.“ 

ئەوەشی خستە سەر: ”شتێکی دیکە، کە زۆر فشار دەخاتە سەرم، ئەنجامی کارەکانمە، نامەوێ کارێ بکەم هەڵەی هونەریی تێدا بێت. نامەوێ کارێک بکەم لەسەرم بکەوێ، نامەوێ کارێک بکەم بۆ پڕکردنەوەی حەزەکانم بێ، بەڵکوو دەمەوێ کارێک بکەم ئەگەر ڕەخنەم لێ گیرا، ڕەخنەکە لەسەر بنەمای هەڵەکانم نەبێ، بەڵکوو لەسەر زەوق و سەلیقەکان بێت، چونکە تۆ ناتوانی کارێک بکەی و سەرنجی هەموو خەڵک ڕابکێشی، وەکقۆن زۆرینەی ڕێستۆرانتەکان خواردنی جیاجیان هەیە.“ 

”خۆم لە ستایلی پۆپی کلاسیک دەبینمەوە“

دەربارەی شێواز و ستایلی گۆرانییەكان، ئالان قەرەداغی بۆ (ڕەوەند) گوتی: ”ستایلی گۆرانی بەشێکی زۆری لەگەڵ کەسایەتییەکان یەک دەگرێتەوە. سەختە تۆ بتوانی گۆرانیی شادی و خەمگینی و مەقاماتی ڕۆژهەڵاتییش بڵێی و ستایلەکەشت پۆپ بێت. من خۆم لە ستایلی پۆپی کلاسیک دەبینمەوە، بەڵام بە ڕۆحێکی کوردییەوە نەک ڕۆژئاوایی، من دەمەوێ ئامێرە کوردییەکان، سۆڵۆ کوردییەکان ئەو ڕۆحە بکەن بە بەری بەرهەمەکە، کە بۆنی کوردەواریی لێ بێت. بۆ من گرنگە هۆنراوەکە سەنگین و وشەکان مانایان هەبێت. گۆرانییەک ناڵێم خەڵکی ئەم سەردەمە لەبەری بکەن، بەڵکوو دەبێ گۆرانییەک بێ، وشەی دووبارەنەکراوەی تێدا بێ و ئەوەی گوێی لێ بگرێ سەنگینی تیادا ببینێ. 

زۆر لە هاوڕێکانم دەڵەن وشەکان دووبارە بکەرەوە تاوەکوو خەڵک گۆرانییەکە بە ئاسانی لەبەر بکا. دواتر ئەمە ستایلی خۆمە و خۆم حەز دەکەم بەو شێوەیە هەڵیبژێرم.“

هەر لەسەر شێوازی ئەمڕۆی گۆرانیی كوردی و تێكەڵبوونی ژیریی دەستكرد دەڕوا و نموونە دێنێتەوە و دەڵێ: ”ئێمە زۆر گلەیی دەکەین لەوەی خواردن تامی نەماوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زۆری و بۆریی خواردن. هیچ چێشتخانەیەکیش سەرکەوتوو نابێ کاتێ بە ئەلیکترۆنی خواردنەکان ئامادە و دروست دەکات. دەستاوەکان بڕیار لەسەر خۆشی و بەتامی خواردنەکە دەدەن. هونەریش وایە، کاتێک هەست و سۆزی خۆت نامێنێ و هەمووی دەبێتە زیرەکیی دەستکرد، کاتێک لەجیاتی بەرهەمی ساڵانە، یان دەیان ساڵەی هونەرمەندێک، هەموو سەری سەعاتێک گۆرانییەکی نوێی ژیریی دەستکرد لە پلاتفۆڕمەکان بڵاو دەکرێتەوە، ئیدی هونەر و موزیک بێتام دەبن. من هیچ چێژێ لەم زیرەکیی دەستکردانە نابینم و بە دروستیشی نازانم، چونکە پەنجەی کەمانەکان ئەو کاتە خۆشە کە سەدا سەد تۆنەکان ناپێکێ. هیوادارم سنوورێک بۆ ئەو کەسانە دابنرێت، کە نەک هونەرمەند نین، بەڵکوو گوێی موزیکییشیان نییە، بەڵام وەکوو بازرگانی و خۆدەرخستن ڕۆژانە دەیان بەرهەمی ژیریی دەستکرد بڵاو دەکەنەوە. ئەوە کفری هونەرە.“ 

”کەم هونەرمەند هەیە لەگەڵ بینەر و گوێگرەکانی خۆی ڕاستگۆ بێت“

سەبارەت بە گۆڕانكاریی لە كاری هونەریدا، ئالان ڕاشكاوانە دەڵێ: ”من ڕێ بە خۆم نادەم ڕێنمایی گۆڕانکاری بە هونەری کوردی بدەم، چونکە من پسپۆڕی ئەوە نیم. بەڵام پێنج ساڵ زیاترە من پێشنیار دەکەم دەبێ کورد دەزگایەکی هەبێ بۆ ڕانک کردنی بەرهەمەکان لە ڕێی کوالێتی و ئاواز و دەنگ و هەتا دوایی، ئێمە خەڵەتاوی ڤیوەکانین. کاتێک بەرهەمێک بە بووت ملیۆنان ڤیوی بۆ زیاد دەکرێ، مانای وا نییە کارێکی جوانە. من لە زۆر لە هونەرمەندەکان دەپرسم بۆ ئەوە دەکەن؟ ئەوانیش بەدەست دواکەوتوویی ئەو تەکنەلۆجیایەوە خەڵەتاون. کەم هونەرمەند هەیە لەگەڵ بینەر و گوێگرەکانی خۆی ڕاستگۆ بێت.“

لەكۆتایی دیمانەكەیدا لەگەڵ ڕەوەند، ئالان ئەنوەر قەرەداغی پەیمانی خۆی بەم شێوەیە گەیاند و گوتی: ”هونەر تەنیا پەخشکردن نییە، تەنیا ئامادەکردن نییە، هونەر ڕاستگۆییە، هەستە، بەسەرهات و کردارە. تۆ ناتوانی گۆرانی بۆ نیشتمان بڵێی و خۆت لە هاندەران ژیان بکەی، ناتوانی گۆرانی بۆ خۆشەویستی بڵێی و خۆشەویستیشت نەبێ، ناکرێ گۆرانی بۆ جوانییەک بڵێی و هیچ جوانییەکت تیادا نەبێت. بەداخەوە ئەوە ڕاستییە تاڵەکەی ئێستایە. زۆر لەو بەڕێزانەی گۆرانی دەڵێن، هیچی ئەو تێکست و مانا و نمایشە ڕاستیی خۆیان و هەستی ڕاستەقینەی دڵی خۆیان نییە. ئۆتۆمۆبێلێکی گرانبەها بە کرێ دەهێنن کە هی خۆیان نییە، خانمێک نمایش دەکات کە ڕووخسارەکەی ڕاستەقینە نییە، ئاوازێک کە هیچ تامێکی نییە و تێکستێک کە هیچ مانایەکی نییە، ئاوا هونەر هەڵناچنرێت و گەشە ناکات. گوێ لە ئاوازە کۆنەکان بگرە بزانە چ دابەشکردنێک و چ ئەرک و ماندووبوونێک و چ هەستێکیان تیادایە.  

من بەرهەمەکانم ئەگەر تێکستەکەیشی هی خۆم نەبێ، دەبێ هێندە دەستکاریی بکەم، کە خۆمی تیادا ببینمەوە، تاوەکوو بە هەستی خۆمەوە بڵاو بکرێتەوە، تەنانەت ئاوازەکەش. 

لەکۆتاییدا سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بە هیوام سەرجەم ئەوانەی ئێوە بەسەریان دەکەنەوە لەگەڵ خۆیان و گوێگرەکانیان ڕاستگۆ بن.“

ڕەنگە بە دڵت بن