ئامادەکردنی: سۆران حەسەن
ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وێبنارێک زانستی ئەکادیمیانەی بۆ دکتۆر کامەران حەسەن ساز کرد، کە لەسەر ئایندەناسی زیرەکی دەستکرد و کاریگەرییان لەسەر کورستان و هەڕەشەکانی و دەرفەتەکانی لەسەر هزری تاکی کورد و ئینتیمای نەتەوەیی بوو، ئامادەکار و پێشکەشکاری لە لایەن خاتوو (شوعلە ڕەسوڵ) بوو.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی٥ی٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ئەندامانی فدراسیۆنەکان، ناوەندەکان، کەسایەتی و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی سەر بە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وێبنارێک لەسەر ئایندەناسی بۆ دکتۆر کامەران حەسەن ساز کرا.
سەرەتا دکتۆر کامەران سوپاسی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد بۆ ڕێکخستنی وێبنارەکە، دواتر باسی لە سەرەتای سەرهەڵدانی زانستییانەی ئایندەناسی کرد و تیشکی خستە سەر قوتابخانە جۆر بە جۆرەکانی ئەم بابەتە زانستییە و جیاوازی بیر و بۆچوونەکانی باس کرد، دواتر چوار قۆناغی بۆ پێشبینی و ئاکارەکانی ئایندەناسی خستەڕوو، کاریگەری و شوێنگای کوردستانی لە ئاستی پۆلێنەکانی دیاری کرد، هەروەها پێی وابوو کورد کەم سوودی لە ئایندەناسی وەرگرتووە، ئەویش بە هۆی کەمی پسپۆر لەو بوارەدا، بەڵام ڕێگای بۆ گەشە سەندنی نیشاندان، ئەویش بە کردنەوەی ناوەند و توێژینەوەی زانستی، کە دەتوانرێت پەرەی پێ بدرێت.
پاشان هاتە سەر زیرەکی دەستکرد و کاریگەرییەکانی، کە کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ نەیتوانیووە براندسازی بۆ بکات، ئەمەش کۆمەڵێ گرفتی بۆ دروست کردووین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کورد، کە دەتوانیین سوودی لێ ببینێت، هەروەها هەڕەشەکانی لەم بوارەشدا خستەڕوو.
لە کۆتاییدا باسی ململانێی زانیارییەکان کرد، کە وڵاتانی گەورە زۆر سوودیان لێ بینیوە و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی دراوسێ و نیگەرانییەکانی کورد شی کردەوە.
جێی باسە، کات بە ئامادەبووان درا، کە سەرنج و تێبینییەکانیان لە ڕوانگەی خۆیان لەسەر کۆی بابەتەکە باس بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پرسیاریان ورووژاند، کە لە کاتی دیارکراو وەڵام درانەوە.