ئەو گەنجە کوردەی لە ماوەی چوار ساڵ ژیانی لە ئەوروپا چەندین مەدالیای بە دەستھێناوە
ئەو چوار ساڵە کۆچی کردووە بۆ ئەوروپا و خەڵکی شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستانە، لە بنەماڵەیەکی یارسان لە دایک بوووە، باوکی لە عەشیرەتی گۆرانە و دایکی لە عەشیرەتی لەک. بە ھۆکاری کورد بوون و یارسان بوونی نەیتوانیوە لە وەرزشدا پێشبکەوێت، چونکە ھەمیشە لە لایەن بەرپرسانی وەزرشی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە ھەوڵی کوشتنی تواناکانی دراوە.
فەرشاد گەرکانە، ئەو کوردەیە کە ھەمیشە ئارەزووی ئەوەی ھەبووە ببێتە پاڵەوان، ھەر دوای گەیشتنی بە ئەوروپا، جارێکی دیکە دەستی بە وەرزش کردۆتەوە و لە ماوەی ئەو چوار ساڵ ژیانەی لە وڵاتی بەلجیکا، توانیویەتی سێجار پاڵەوانی بەلجیکا لە یارییەکانی جوجیتسۆ و گراپلینگدا بباتەوە، ھاوکات دووجار بووەتە پاڵەوانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و جارێکیش پاڵەوانی ئەوروپا بووە. وەک خۆی ئاماژەی بۆ کرد، پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیشی بردۆتەوە.
ئەو دەشڵێت؛ لە زۆربەی پێشبڕکێکاندا مەدالیای بە دەستھێناوە، چ زیو یان بڕۆنزی، وتیشی: ” بەشداریم لە پێشبڕکێکانی MMA کردووە، جارێک پاڵەوانێتی بەلجیکا و ھۆڵەندام بەدەستھێناوە. ئەوەی ھەمیشە بۆ من گرنگ بووە ئەوەیە، کە لە ھەموو پێشبڕکێکانمدا ھەوڵمداوە نوێنەرایەتی گەلی کورد بکەم لە ھەموو جیھاندا و ھەوڵمداوە شانازی بۆ کورد لە ھەموو جیھاندا بھێنم”.
فەرشاد، جیا لە بواری وەرزشی، بەڵکو لە بواری ھونەریشدا کار دەکات و وەک مۆدێلێکی جلوبەرگ لە ئەوروپا بۆ براندەکان و ھەفتەکانی مۆدە کار دەکات و ھاوکاریشی لەگەڵ براندە جیاوازەکان و گۆڤارە ئەوروپییەکاندا کردووە.
ئەو گەنجە سەرکەوتووە کوردە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە شانازی بە کورد و کوردستانی بوونییەوە دەکات، ھەمیشەش ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ناوی کورد و کوردستان.