خانمە چالاکوان و سیاسەتڤانی کورد لە تاراوگە، خاتوو باریکان ئیسماعیل، گرەوی نوێ لە شوێنی نوێدا دەکات، چونکە پێیوایە ژیان بە خزمەتکردنەوە جوانە.
ئەم خانمە، کە چاو لە ھیوا و پشتیوان بە دەنگی کوردستانیان و دۆستان و ھەوادارانی خۆی و تواناکانی، تێکەڵ بە پێشبڕکێی ھەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بوو، لەم گفتوگۆ تایبەتەدا لەگەڵ گۆڤاری (ڕەوەند) باس لە ھۆکارەکانی خۆکاندیدکردنی دەکات.
سازدانی دیمانە: گۆڤاری (ڕەوەند)
ڕەوەند: خاتوو باریکان ئیسماعیل کێیە و چۆن بوو بواری سیاسەتت ھەڵبژارد؟
باریکان ئیسماعیل: تەمەنم ٢٥ ساڵە و لە باکوری دانیمارک دەژیم. دوای دەرچوونم لە زانکۆی بازرگانی ئەلبورگ، لە بواری چاکسازی کۆمەڵایەتی و پیشەسازیدا کار دەکەم. ماوەی پێنج ساڵە وەکو بەڕێوەبەر کار دەکەم. خولیا و ئارەزووی سەرەکی من پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، کە سەرەکین بۆ پێشکەوتن و گەشەپێدانی بەردەوام لە ھەر کۆمەڵگایەکدا بژین، ھۆکاری بڕیاردان لە کاری سیاسیش بۆ ئەو دوو خاڵە دەگەڕێنەوە. وڵاتانی ئەوروپا لە گۆڕانکارییەکی مەزندا بەشدارن، وەکو یەکێتییەکی ئەوروپیی ھاوبەشین لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵە گرفتێکی ئاڵۆز، کە ھەموویان بە یەکەوە گرێدراون، لەو باوەڕەدام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرفتانە پێویستیمان بە توانا و کەسی جیاوازە، بە تایبەتی کەسانێک کە دوور لە مەیدانی سیاسیی لە بوارەکاندا کاریان کردووە.
ڕەوەند: لەسەر لیستی چ حزبێک لە وڵاتی دانیمارک خۆتان بەربژێر کردووە بۆ پەرلەمانی ئەوروپا و چاوەڕوانی چی دەکەیت؟
باریکان ئیسماعیل: لەسەر لیستی مۆدێراتەکان بەربژێرکراوم وەکو کاندیدی ژمارە (٥) لەناو (١٣) کاندیدا. کۆمەڵێک چاوەڕوانی جیاوازم ھەیە. یەکەمجارە بەشداری کاری سیاسییش دەکەم، پێشتر ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری کاری سیاسیم کردووە.
ئامانجەکانی من و چاوەڕوانییەکانم فرە ڕەنگن، شانسی دەرچوونم ھەیە و شانسی دەرنەچوونیشم ھەیە. دەرچوون ئامانجە، بەڵام لەو پڕۆسەیەدا کۆمەڵە دەستکەوتێک ھەن کە ھاوشانی دەرچوون گرنگن، یەکێک لەو دەستکەوتانە بەرجەستەکردن و سەلماندنی توانای منە لە بواری سیاسییدا. ئایا من بەو کەسایەتییە و بەھایانەی چۆن سیاسەتمەدارێکم؟ کەسایەتی سیاسیی من لەم پڕۆسەیەدا لەدایک دەبێت و چاکسازی بۆ دەکەم. دەستکەوتێکی تر شارەزا و لێھاتووی سیاسییە، سیاسەت وەکو ھەر پیشەیەکی تر یاسا و ڕێسای خۆی ھەیە، لەم پڕۆسەیەدا دەستکەوتێکی گەورەیە کە لە مەیدانی سیاسەتی دەرەوە و نێودەوڵەتیدا یاسا و ڕێساکان فێردەبم و تاقی دەکەمەوە. دەستکەوتێکی تری گرنگ پەیوەندییەکانن، لەم پڕۆسەیەشدا ئاشنا بوومە بە خەڵکی زۆر جیاواز لەناو بواری سیاسەتدا، لەناو ژیانی ئاسایی ڕۆژانەدا و لەناو ژینگەی بازاڕییدا، ئەوانە ھەموویان ھاوشێوەی دەرچوون گرنگن.
ڕەوەند: پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە وڵاتی دانیمارک چۆنە و ئاستەنگەکان چین کە دێتە ڕێتان و چۆن کار دەکەن بۆ ئەوەی تێیدا سەرکەوتوو بن؟
باریکان ئیسماعیل: ساڵێک پێش ھەڵبژاردن دەستمان کردووە بە پڕۆسەی خۆ ئامادەکردن و ھەڵبژاردن. ھەنگاوی سەرەکی بەربژێر کردنی کاندیدی شایستەیە، کە ھەنگاوێکی ئاسان نییە. کاندیدی نا شایستە ھەموو پڕۆسەکە دەفەوتێنێت. دوای ناساندنی کاندیدەکان ئامادەکاری و ڕاھێنانی ناوخۆییمان ھەبووە. دواتر کار دەکەین بۆ دەرکەوتنمان لە میدیاکاندا، کەم کەم لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا دەردەکەوین. ئەم ھەنگاوانە ھەموومان خۆمان وەکو کاندید لێی بەرپرسیارین. لە کۆتاییدا سێ ھەفتە پێش ڕۆژی ھەڵبژاردن، شەقامەکان بە وێنەی خۆمان دەڕازێنینەوە و دەست دەکەین بە بەشداریکردن لە دیبەیت و دانیشتنی سیاسیی لە خوێندگاکاندا و لە شوێنی جیاوازەکانیشدا.
ئاستەنگییەکان بۆ من جیاواز بوون، نەبوونی ئەزموونی کاری سیاسیی بۆ من یەکێک بووە لە ئاستەنگییەکان. کەلتووری کاری سیاسیی زۆر جیاواز و ٢٤ کاتژمێر دەبێت کار بکەیت. حیزبی مۆدەراتەکان تەمەنمان دوو ساڵە. پڕۆسەی دروست بوونمان لە کێشەی ناوخۆیی حزبێکی تردا سەری ھەڵدا. ئەوانە ڕەنگدانەوەیان ھەیە لە شوێنی جیاوازدا.
ئاستەنگییەکی تر ئەوە بووە خەڵکی ناسراو و نە ناسراو چاڵت بۆ ئامادە دەکەن، کاتی ویستووە فێربم نەکەومە ناویان، بەڵام خۆشبەختانە خێرا ئەوانە فێر بووم کە زۆر خێرا لە ئاستەنگییەکان تێپەڕم، ئەگەر ئازار بەخش بن یان نا.
ڕەوەند: ئەو زانیارییە کورتەی لەسەر بەڕێزتان ھەمە، جگە لە بڕوانامەی ئابووریی بازرگانی ئەوا کۆمەڵناسیشتان خوێندووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆستان لەویش ھەیە، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ھەردوو بڕوانامەت گرێدراوی کاروباری ژیان و پیشەکەتان کردووە لە کام بواریان زیاتر خۆتان دۆزیوەتەوە؟
باریکان ئیسماعیل: ڕاستە بەکالۆریۆسم لە بواری کۆمەڵناسی ھەیە، پاشان بەکالۆریۆس و ماستەرم لە بواری ئابووری تەواوکرد.
وەک لە سەرەتادا باسمکرد، سەرەکیترین ئارەزوو و ھیوای من پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە. بۆ من ئەو دوو بوارە تەواوکاری یەکترین. سەیری ھەر ژینگەیەک بکەیت، جا ئەو ژینگەیە لەناو ڕێکخراوێک بێت، کۆمپانیایەک بێت، یان کۆمەڵگایەکی سڤیل بێت، ئەگەر ژیان و کەلتووری کۆمەڵایەتی سەقامگیر نەبێت، ئابوورییەکی نا ھاوسەنگ، بە ھەمان شێوەش ئەگەر ئابوورییەکی نا ھاوسەنگ و نا تەندروست ھەبوو، ئەوا ژیانی کۆمەڵایەتیی ھەژار و فرە کێشەیی ھەیە. بۆیە من لە ھەردووکیاندا خۆم دۆزیوەتەوە.
ڕەوەند: پێموا بێت ئەندامی فدراسیۆنی لاوانیت، ئامانجی ئێوە چییە بۆ گەشەکردن و برەودان بەو پڕۆژەیە و دەتانەوێت چی بۆ لاوانی تاراوگە بکەن؟
باریکان ئیسماعیل: بەڵێ ئەندامی فدراسیۆنی لاوانم. ئامانجمە وەکو ئەندامێک توانا و لێھاتووییم لە بوارەکانی خۆمدا ببخەشم بۆ پێشکەوتنی بەردەوامی فدراسیۆنی لاوان. گەنجانی تاراوگە تاک تاک توانیومانە سەرکەوتوو بین و خۆمان پێبگەیەنین. جیاوازی کۆمەڵایەتی و کەلتووری ھۆکارن بۆ دروستکردنی گرفت و سەختی بۆ بەردەوام بەرەو پێشچوونی گەنجی کورد.
فرە کەلتووری، وەکو گرفتی ناسنامەیی و کەسایەتی دینێتە بەردەم گەنجەکان، لە کاتێکدا گەنجەکان ژیر و بە توانان، خوێندنی باش تێدەپەڕێنن. ئامانجی منە، کە ئێمە پەیژەیەک بین بۆ پێگەیاندنی یەکتری لە بواری جیاوازدا. ئامانجی منە، کە ئێمە تۆڕێکی بەھێز بین بۆ گەیاندنی یەکتری بەو پلە و پایەی ئامانجمانە لە ھەر وڵاتێکدا بژین، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕیشەدا کەسایەتی و ھاوڵاتی دیموکراتخواز بین. لە دیدی من ئەم دوو خاڵە سەرەکین بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین سەرکەوتووانە دەنگی کوردستانی یەک پارچە بین.
ڕەوەند: ھەمیشە لە دیدار و چاوپێکەوتنەکاندا باس لە ژنانی سەرکردە دەکەیت، دەتەوێت چ پەیامێک لە ڕێگەی گۆڤاری ڕەوەندەوە بگەیەنیت بە ژنان و کچانی کورد و کوردستانیی تاراوگە؟
باریکان ئیسماعیل: پێیان دەڵێم ئیمانتان نەبێت بەو ترسەی دوورتان دەخاتەوە لە پێشکەوتنتان و گەیشتن بە ئامانجەکانتان. ئێوە بوێرترین بوونەوەری زەوین، چونکە ئێمەی ژنی کورد لە ڕیشەدا کۆت و بەند کراوین. من دەزانم ئەم کۆت و بەندانە بە بەردەوامی تۆوی دووبەرەکی و ترس لە ناخماندا بڵاو دەکەنەوە. ئەم کۆت و بەندە لە درۆ و وەھم زیاتر ھیچ نین. مەترسن ھەنگاو بنێن، گرنگ نییە ھەنگاوەکە بچووکە یان گەورە، لە کۆتاییدا دەبینیت کە تۆ ھۆکاریت بۆ بەختەوەری و گەشەی خەڵکانێکی زۆر.