هونەرمەندی ناسراوی کورد نەجمەدین غوڵامی، باس لەوە دەکات، مرۆڤ کاتێ لە وڵات و نەتەوەکەی دوور دەکەوێتەوە، هەستی نەتەوەیی زیاد دەکات.
نەجمەدین غوڵامی لە لێدوانێکدا بۆ (رەوەند)، ئاماژەی بەوە کرد، لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بەکاری هونەری کردووە، کارەکانی ئەوکاتی لە کۆمپانیاکانی تاران بەرهەم دەهێنا و لە کەناڵەکانی سنە و کرماشان پەخش دەکران.
نەجمەدین غوڵامی لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری سنە لەدایک بووە، لە تەمەنی لاوێتییەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە. ئەو جگە لە هونەر، وەک پێشمەرگەیەکیش بە گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕی، خزمەتی وڵات و نەتەوەی خۆی کردووە.
غوڵامی خۆشەویستیی خۆی بۆ سنە دووپات کردەوە و باسی ئەوەی کرد، هەر مرۆڤێک شوێنی لەدایکبوون و زێدی خۆی پێخۆشە. بۆ ئەویش سنە هەم زێدە و هەم شوێن و یادگاریی سەردەمی منداڵی و لاوی و هاوڕێ و کەسوکاریەتی، ” چەندین ساڵە لە هەندەرانم، ئێستاش دڵم هەر لە وڵاتی خۆمە“.
دوای رووخانی دەسەڵاتی شاهانە لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، نەجمەدین غوڵامی رووی لە شاخ کردووە و وەک پێشمەرگە و هونەرمەندێک، خەباتی بۆ نەتەوەکەی کردووە و چەندین گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕی تۆمار کردووە.
ئەو هونەرمەندەی رۆژهەڵات، دەستپێکی کارە هونەرییەکانی لە باشووری کوردستان لەگەڵ تیپە مۆسیقییەکانی بابان و رواندز تۆمار کردووە و ئەو قۆناغەش ”وەرچەرخانێک“ بووە بۆ کاروانی هونەریی خۆی و میوزیکی کوردی.
نەجمەدین غوڵامی جەختی لەوە کردەوە، هەموو مرۆڤێک کاتێ لە خەڵک و نەتەوەکەی دادەبڕێ، هەستی نەتەوەیی زیاد دەکات. ئەو ئێستاش کە لە هەندەران دەژی، سوورە لەسەر خەباتی نەتەوەیی و هەستە نەتەوەییەکەی نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو زیادی کردووە و بەردەوام لە ئاهەنگەکانیدا لە ئەوروپا، ئەمریکا، ئوسترالیا و کەنەدا سروود و گۆرانییە شۆڕشگێڕی و نەتەوەییەکان دەڵێتەوە.
غوڵامی ئاشکراشی کرد، دوایین کاری هونەری بریتییە لە شەش کلیپی نوێ، کە لەلایەن کۆمپانیای بابیلۆن لە هەولێر بەرهەم هێنراوە و یەکێک لە گۆرانییەکان بۆ سلێمانییە و بڵاوکراوەتەوە، یەکێکی دیکەش بۆ رۆژی خۆشەویستی (ڤاڵانتاین)ـە و لە ناوەڕاستی مانگی ٢ی ٢٠٢٥ بڵاوی دەکاتەوە.
نەجمەدین غوڵامی هۆکاری مانەوەی دەنگی وەک خۆی و کەشخەییەکەی، ئەگەرچی تەمەنی بەرەو شەستەکان هەڵکشاوە، بۆ گرنگیدانی بە خۆی و دەنگی گەڕاندەوە و رایگەیاند: “من موڵکی خۆم نیم، سامانێکی نەتەوەییم، تا ئەو رۆژەی بمێنم دەبێ خزمەتی نەتەوە و نیشتمانەکەم بکەم، لەبەر ئەوە وەرزش دەکەم و هەرگیزیش جگەرەم نەکێشاوە”. قسەی هەوادارەکانیشی کە بەردەوام پێی دەڵێن دەنگت نەگۆڕاوە، بە “نیشانەی خۆشەویستی”ی ئەوان دەزانێت.
لە بارەی کاری بێژەرییەوە، کە دوو هەفتە جارێک بەرنامەیەکی هونەری و ئەدەبی لە ئاریان تیڤی (نەورۆز تیڤیی پێشتر) هەیە، رایگەیاند: لە سوید کاتی زۆری هەبوو، بەڕێوەبەرانی ئەو کەناڵەش داوایان لێکردووە بەرنامەیەکی هونەرییان بۆ بکات و ئەویش رازی بووە تاوەکو لەو رێگەیەوەش خزمەتی نەتەوەکەی بکات.
غوڵامی بەدڵ پێی خۆشە و ئاواتی ئەوەیە بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەو مەرجەی “بە سەربەرزییەوە” بگەڕێتەوە. ئەوکاتیش یەکەم کاری ئەوە دەبێ کە دەچێتە سەر گڵکۆی شەهیدان، ئەو شەهیدانەی “لەڕێی گەل و نیشتمان و ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی گەل گیانیان بەخت کرد”، دواتریش چەند کۆنسێرتێک لە شارەکانی رۆژهەڵات ساز دەکات، چونکە ” ئەو خەڵکە بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدە سەربەزەکان، ساڵەهایە تامەزرۆی ئەوەن من لە نزیکەوە ببینن”.