تێڕوانینێکی سۆشەڵ سایکۆلۆژیانە لەمەڕ بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە نێو گەنجاندا

یاد ئەمین – راوێژکار

ئەلبێرت باندورا سەبارەت بە شوناسی خود دەڵێت، کاتێک تاکە کەس کۆنترۆڵی پاڵنەرەکانی لەدەست دەدات و خۆی لەگەڵ نۆرمە کۆمەڵایەتییە زیانبەخشەکاندا دەگونجێنێت، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و مامەڵەکردنی بەرپرسیارانەی تێکدەچێت.

بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە نێوان گەنجاندا دیاردەیەکی باوە کە کارلێکێکی ئاڵۆز لە دەروونی تاکەکاندا دروست دەکات و فاکتەری سەرەکییە بۆ داڕمانی پرۆسەی کۆمەڵایەتی. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دیاردەیە پێویستی بە تیۆرە سەردەمییەکانە بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی.

بنەما سەرەکییەکانی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە چۆن فەزا و دەوروبەر کاریگەری لەسەر ھزری مرۆڤەکان دەکات. تیۆری شوناسی کۆمەڵایەتی کە لەلایەن “ھێنری تاجفێڵ و جۆن تۆرنەر” دامەزراوە، تێگەیشتنێکمان پێدەبەخشێت کە چۆن گەنجان لە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە جیاوازەکاندا ناسنامەی خۆیان پەرەپێدەدەن. بەتایبەتی لە کاتی ھەرزەکاریدا، پەیوەندی کەسەکان لەناو گرووپدا گرنگ دەبێت، بەتایبەت ئەگەر یەکێک لە گرووپەکە بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکان بێت، چونکە دەتوانێت ببێتە ھۆی بونیادنانی ناسنامەیەکی نوێ.

بەشی یەکەم :
پۆلێنکردن و پەیوەندی و خۆدۆزینەوە:
گەنجان خۆیان و ئەوانیتر پۆلێن دەکەن بۆ گرووپی جیاواز. بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر وەک نیشانەیەک بۆ گرووپ کاردەکات، ھێز و دەسەڵاتیان دەردەخات. ئەمەش وادەکات ھەندێک گەنج سەرسام بن و شانازی بە شوێنکەوتنی ئەو گرووپانە بکەن. ئەم بەراوردکردنە کۆمەڵایەتییە کاریگەری لەسەر وێنەی کەسی و شوناسیان ھەیە.

یەکسانیی و نۆرمەکانی گرووپ:
توێژینەوەکان دەریدەخەن گەنجان دووچاری فشارێکی زۆر دەبن بۆ گونجاندنی خۆیان لەگەڵ ویستی گرووپەکە، بەتایبەت لە گرووپی بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان. پێگەی کۆمەڵایەتی کەسەکان پەیوەستە بە ئەزموونیان لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکان. ھەرچەند زیاتر وەفادار بن بۆ گرووپەکە، مەترسی دەرکردنیان کەمتر دەبێت.

سایکۆلۆژیەتی گەشەسەندنی مەعریفی و ھەڵسەنگاندنی مەترسی:
گەنجان تا درەنگانی ھەرزەکاری، لایەنی عەقڵانییان تەواو گەشەی نەکردووە. توانای پلاندانانی درێژخایەن و ھەڵسەنگاندنی مەترسییەکانیان لاوازە. بیرکردنەوەیان زیاتر لە ژێر کاریگەری سۆزداری و فەزای دەوروبەردایە نەک تێگەیشتنی مەعریفی.

بەشی دووەم:
پرۆسەی فێربوونی کۆمەڵایەتی و چۆنیەتی ھەڵسوکەوت لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکان
مۆدێل و فێربوونی لاساییکردنەوە و چاودێری:
تیۆرییەکانی فێربوونی کۆمەڵایەتی ئەلبێرت باندۆرا پەیوەندییان بە تێگەیشتن لە چۆنیەتی فێربوونی ڕەفتاری ئالوودەبوون و پاراستنیان ھەیە. سایکۆلۆژیەتی گەنجان وایان لێدەکات حەز لە تاقیکردنەوەی شتی نوێ بکەن و چێژ لە شتی نەزانراو وەربگرن. گەنجان چاودێری ڕەفتاری بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان دەکەن و لاساییان دەکەنەوە، بە تایبەتی کاتێک وەک سەرچاوەی چێژ و خۆشبەختی باس دەکرێن. کاریگەری سۆشیال میدیا، کە گەنجان زۆرترین بەکارھێنەرین، ھێزی زیاتر بەو تێگەیشتنە دەدات کە لاساییکردنەوە و تاقیکردنەوەی ماددەی ھۆشبەر کارێکی دروست و چێژبەخشە.

بڕوا و خۆکارایی:
گەنجان بڕوایان وایە ماددە ھۆشبەرەکان دەتوانن یارمەتییان بدەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ژیان و دۆخە کۆمەڵایەتییەکان. خۆدزینەوە لە قۆناغە ئاڵۆزەکانی ژیان و کەمبوونەوەی بڕوا بە ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی خەم و ناڕەحەتی، وایان لێدەکات ئەم ڕێگایە وەک بەدیلێک ببینن.

تیۆری ناتەبایی مەعریفی و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان:
بەپێی تیۆری ناتەبایی مەعریفیی لیۆن فێستینگەر، ھەرزەکاران پاساو بۆ بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان دەھێننەوە و وەک شتێکی ئاسایی پەیوەست بە خۆشییەکانی ژیان دەیبینن. ئەوان تێگەیشتنێکی کەمیان ھەیە لەوەی ماددە ھۆشبەرەکان دەتوانن ئالوودەبوون دروست بکەن و داھاتوویان لەناوببەن. گۆڕینی ھەڵوێست و دۆزینەوەی زانیاری پشتگیریکەر بۆ بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، وا دەکات ھەستیارییان بەرامبەر دەرئەنجامە نەرێنییەکان لاواز بێت.

بەشی سێیەم:
دیدگا کۆمەڵایەتی-ئیکۆلۆژییەکان سەبارەت بە دەستێوەردان:
مایکرۆسیستەم لە ڕوانگەی سۆشەڵ سایکۆلۆژییەوە نزیکترین ژینگەی کۆمەڵایەتیی دەوروبەری مرۆڤە. ئەمە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی گەنجان لەگەڵ خێزان، ھاوڕێ، قوتابخانە و شوێنی کار دەگرێتەوە کە کاریگەرییان لەسەر تێڕوانین و گەشەکردنیان ھەیە. ئەگەر ئەم مایکرۆ سیستەمە بە باشی کاربکات، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێنماییکردنی گەنجان بۆ دوورکەوتنەوە لە ماددە ھۆشبەرەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی باشتر کە تێیدا گەنجان ئاسودەیی بۆ خۆیان بدۆزنەوە. بە پێچەوانەوە، کارنەکردنی باشی سیستەمەکە ئاڵنگاری و مەترسی لەسەر داھاتووی گەنجان دروست دەکات.

تیۆری وابەستەبوون و خۆپاراستن لە ئالوودەبوون:
سۆشەڵ سایکۆلۆژی جەخت لەسەر تیۆری وابەستەیی ”جۆن بۆولبی“ دەکاتەوە کە تێڕوانینێک بۆ کردەی خۆپارێزی دەدات. ئالوودەبوون چەمکێکی مەترسیدارە و پێویستە گەنجان لە چەمک و دەرئەنجامەکانی تێبگەن. بۆ خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە، پێویستە یارمەتی گەنجان بدرێت لەڕێگەی:

خولی ھۆشیاری و نیشاندانی مەترسیی ئالوودەبوون و وابەستەیی.
ڕێکخستنی سیستمی سۆزداری و ئاسوودەیی خود.
بەھێزکردنی کۆنترۆڵی عەقڵانی کە ژیرمەندی کاریگەرتر بێت لە سۆز.
گەشەپێدانی دەروونی و ھاوسۆزی.
دەستنیشانکردنی شێوازی بیرکردنەوەی ناکارامە و داڕشتنەوەی گریمانەکان.
پەرەپێدانی ستراتیژییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گونجاو.

دەرئەنجام:

تیۆرییە سۆشەڵسایکۆلۆژییەکان ڕوونی دەکەنەوە کە چۆن ھەرزەکاران لە چاودێری و لاساییکردنی ڕەفتارەکاندا کاریگەر دەبن بە ھاوڕێ و میدیا. ئەگەر بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە ژینگەکەیاندا ئاسایی بێت، مەترسی بەکارھێنانیان زیاد دەکات. خۆکۆنترۆڵکردن سەرچاوەیەکی سنوورداری ھەیە و کاتێک لاواز دەبێت، گەنج زیاتر بەرەو ھەڵبژاردنی وێرانکەر دەچێت.

گوشار و ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوە، گەنجان بەرەو ماددە ھۆشبەرەکان دەبات وەک میکانیزمێکی ھەڵھاتن. چارەسەری کاریگەر پێویستی بە تێکەڵکردنی دیدگا سۆشەڵسایکۆلۆژییەکانە، لەوانە: ناسینی ئاڵۆزیی پرۆسەکانی گەشەکردنی دەروونی، تێگەیشتن لە کاریگەریی کۆمەڵایەتی، جێبەجێکردنی دەستێوەردانی سیستەماتیکی و رێنماییکردنی گەنجان بۆ رێچکەیەکی تەندروست.

ڕەنگە بە دڵت بن