بەخشینی مەدالیای ئەستێرەی ئیتالیا؛ ڕێزلێنانە لە دیپلۆماسیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی

ڕاپۆرتی دیپلۆماسی : گۆڤاری رەوەند

بەخشینی مەدالیای ئەستێرەی ئیتالیا؛ ڕێزلێنانە لە دیپلۆماسیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی

بەخشینی (مەدالیای ئەستێرەی ئیتالیا) بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تەنیا ڕێزلێنانێکی کەسی نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی دیپلۆماسیی گرنگە و گوزارشتە لە پەیوەندیی نێوان ئیتالیا و عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرز.  ئەم خەڵاتە ناسراوە بە (سوارچاکی خاچی گەورە) و بەرزترین جۆری ڕێزلێنانی ئیتالیایە بۆ ئەو کەسایەتییانەی وەک (سوارچاک) ناویان دەهێنرێت.  

مێژووی ئەم مەدالیایە دەگەڕێتەوە بۆ دوای دووەم جەنگی جیهانی، سەرەتا ئەم ڕێزلێنانە بە ناوی (ئەستێرەی هاوسۆزیی ئیتالیا) دامەزرا، بۆ ئەو کەسانەی یارمەتیی ئیتالیایان دابوو لە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ جیهان، بە یاسای ژمارە (١٣) ی ٣ی شوباتی ٢٠١١، ناو و ئامانجی مەدالیاکە نوێ کرایەوە و بوو بە (مەدالیای ئەستێرەی ئیتالیا) وەک ئامرازێکی فەرمی بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی رۆڵیان هەیە لە پەرەپێدانی هاوکاریی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتالیا. نەریت وایە ئەم مەدالیایە لەلایەن سەرکۆمار و بە پێشنیازی وەزیری دەرەوە و دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی تایبەت بە مەدالیاکە، بە کەسانی شایستە دەبەخشرێت.

بەخشینی مەدالیای ئەستێرەی ئیتالیا بە کەسێک مانای وایە کە کۆماری ئیتالیا بەفەرمی دان بە رۆڵ و کاریگەریی ئەو کەسەدا دەنێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئیتالیا لەگەڵ وڵاتان و گەلان. ئەم مەدالیایە زیاتر بە کەسانی بیانی، یان ئیتالییایی دەرەوەی وڵات دەدرێت، کە لە بوارەکانی دیپلۆماسی، کولتوور، زانست، ئابووری، مرۆڤایەتی، پەروەردە و هاوکاریی نێودەوڵەتی کاریگەرییان هەبووە.

ڕەهەندەکانی بەخشینی مەدالیاکە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان

لە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٦دا، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی لە هەولێر، نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵوێزی ئیتالیا لە عێراق، بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرکۆماری ئیتالیا، ئەم مەدالیایەی پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. هۆکاری بەخشینەکە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی(ANSA) ڕۆڵی بارزانی بووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیتالیا و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی سیاسی، ئاسایش، ئابووری و کولتووریدا.

ئیتالیا لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا پەیوەندییەکی کاریگەری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەستووە، بەتایبەتی لە بواری شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، ڕاهێنان و پشتگیریی هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها پەیوەندییە ستراتیژییەکان و پشتگیریکردنیان بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. لە ساڵی ٢٠١٥دا، دوای کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ماتیۆ رێنزی، ئیتالیا نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی خۆی لە هەولێر بۆ کونسوڵخانەی گشتی بەرز کردەوە.

لە گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی، ئیتالیای وەک “دۆستێکی متمانەپێکراوی هەرێمی کوردستان” ناو برد و ستایشی رۆڵی ئەو وڵاتەی کرد لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بەتایبەتی لە ڕاهێنان و پشتگیریی هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە پەیوەندییەکانی هەولێر و ڕۆما تەنیا لە بواری ئاسایشدا نیین، بەڵکوو ئابووری، وەبەرهێنان، خوێندن، کولتوور و شوێنەوارناسییش دەگرێتەوە.

گرنگیی وەرگرتنی ئەم مەدالیایە بۆ کورد

بەخشینی ئەم مەدالیایە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی دیپلۆماسیی ڕوونە و دەردەخات، کە هەرێمی کوردستان لە دیدی وڵاتێکی گرنگی ئەورووپیی وەک ئیتالیا، هاوبەشێکی جێی متمانەیە لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە. هەروەها گوزارشتە لە بەهێزبوونی دیپلۆماسیی کوردستان و وەک نیشتمانی پێکەوەژیان، لێبوردەیی دەیناسێنێت. 

ئیتالیا بە پشتگیریی سەربازی و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێک بووە لەو هاوکارییە نێودەوڵەتییەی کە لە پاراستنی ناوچەکەدا کاریگەریی هەبوو. بۆیە وەرگرتنی ئەم مەدالیایە لەپای دونیابینیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، کە لەسەر بەرنامە و ڕێبازی بارزانی پیادەی دەکات، هەرواها ڕێزلێنانێکی نێودەوڵەتییە بۆ ئەو رۆڵەی کورد لە سەقامگیریی ناوچەکەدا گێڕاویەتی، لەپاڵیشیدا پەیامێکی سیاسی و دیپلۆماسیی بەهێز هەیە بەوەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی نوێی ناوچەکەدا هاوبەشێکی گرنگ و جێی متمانەیە و ڕێزلێنانەکە نیشانەیەکی گرنگیشە لە بەرزبوونەوەی پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە رۆڵی کورد لە ئاشتی، ئاسایش و هاوکاریی نێوان گەلان.

ڕەنگە بە دڵت بن