وەزیری کۆچ: ناوەندی دیپۆرتکردنەوە دادەمەزرێنین

سوید پەنابەری کەمتر وەردەگرێت و یاسای نیشتەجێبوونی تایبەت (EBO) هەڵدەوەشێنرێتەوە، هاوکات ئەو پەنابەرانەی کە مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە دەبێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

بە گوێرەی تەلەفزیۆنی سویدی، ڕێگای حکومەت بۆ وەبەرهێنانی بودجە لە بواری کۆچدا تا ڕادەیەک هاوشێوەی دانیمارکە، بۆ نموونە، خزمەتگوزاری کۆچبەری سوید سەنتەری گەڕانەوە بۆ ئەو پەنابەرانە دروست دەکات کە ڕەتکراونەتەوە.

وەزیری کۆچ ماریا مالمەر ستاینەرگارد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی سوید جەیمی ئۆکێسن وتی: “هەر پەنابەرێک ڕەت بکرێتەوە ئەوا دەبێت ڕاستەوخۆ بنێردرێت بۆ ناوەندی گەڕانەوە”.

ساڵی ڕابردوو نزیکەی 74٪ی ئەوانەی داوای مافی پەنابەرێتییان کردبوو ڕەتکراونەتەوە و فەرمانی دەرکردنیان پێدراوە.

حکومەت دەیەوێت سەنتەری وەرگرتن و گەڕانەوە دروست بکات. لەگەڵ ئەم ناوەندانەدا، پێویستی یاسای نیشتەجێبوونی سەربەخۆ (IBO) نامێنێت، واتە ئەوانەی داوای پەنابەری دەکەن چیتر ناتوانن ئەو شوێنە هەڵبژێرن کە دەیانەوێت.

جەیمی ئەکیسۆن، سەرۆکی پارتی ئێس دی دەڵێت: “سەنتەرەکانی گەڕانەوە جۆرێکی دیکەی ناوەندە کە لەوانەیە بە هەمان شێوەی تۆ لە ناوەندی زیندانیکردندا زیندانی نەکرابیت، بەڵام ئەو ناوەندەیە کە تۆ بۆ ئەو ماوەیە دەژیت هەتا ئەو کاتەی دەرکردنەکە ئەنجام دەدرێت.”

وەزیری کۆچ ماریا مالمەر وتیشی: “ئێمە ژمارەی پەنابەران کەم دەکەینەوە و ئاژانسی کۆچ مەزەندەی ئەوە دەکات کە ئەم کەمبوونەوە بەردەوام دەبێت.”

ڕەنگە بە دڵت بن