بایدن: سڵاو بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران دژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەنرێت 

لەبەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بۆ شەشەمین ڕۆژ لەسەرجەم شارەکانی ئێران، کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لە وتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، سڵاو بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران دژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی خۆی بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێران دوپاتکردەوە.

بایدن لە مینبەری نەتەوەیەکگرتووەکانەوە وتی: “ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئازای ئێران و، ئافرەتانی ئازای ئێرانەوە دەوەستین، کە ئەمڕۆ بۆ بەرگری لە سەرەتاترین مافەکانیان خۆپیشاندان دەکەن”.

لەناخۆی ئێران بۆ شەشەمین ڕۆژ خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە، بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆکان، کە بە چڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، دەریانخست کە لەنێو خۆپیشاندەراندا ئەو ژنانە بوون، کە لەچکی سەریان لادا و فڕێیانداوەتە ناو ئاگرێک و، ئەوانی دیکە بە شێوەیەکی کورت قژیان لە جووڵەیەکی ڕەمزیدا بڕی، لەناو خۆپیشاندەرانی تاراندا گۆرانی دەبیسترێت: “نا بۆ حیجاب، نا بۆ مێزەر، بەڵێ بۆ ئازادی و یەکسانی”.

شەوی چوارشەممە بۆ پێنجەمین شەو لە چەند شارێک، بەتایبەتی باکووری ئێران، خۆپیشاندان ئەنجامدرا و چالاکوانان هەواڵی پێکدادانیان لە شارەکانی ئورمیە و سەردەشتدا ڕاگەیاند، هەروەها خۆپیشاندەرانی ئێران گەورەترین وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانیان لەو وڵاتە سوتاندووە، جگە لە سوتاندنی ئاڵای ئێران، لە نێوان دروشم و دروشمەکانی دژ بە ڕژێم دەوترانەوە.

لە باشووری ئێران، گرتە ڤیدیۆکان دەریدەخەن، کە ڕۆژی چوارشەممە، خۆپیشاندەران ئاگریان لە وێنەیەکی گەورەی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە تەنیشت باڵەخانەیەک بەرداوە، کە لەساڵی 2020دا و لە هێرشێکی ئەمەریکا لە عێراق کوژرا.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویان کردەوە، کە ڕووبەری خۆپیشاندانەکان بۆ 15 شار بڵاوبۆتەوە و، ئاماژەیان بەوەکردووە، کە پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بۆ بڵاوەپێکردنیان بەکارهێناوە و، بە هەزاران کەس لە خۆپیشاندانەکان بەشدار بوون.

لەلایەکی ترەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە وەڵامدانەوەی هێزەکانی ڕژێمی ئێران دژ بە خۆپیشەندەران دەربڕییەوە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئێرانی لە زاری بەڕێوەبەری پۆلیسی پایتەختی ئێران، ڕووداوەکە بە “بەدبەخت”ی ناودەبات و هیواخوازە دووبارە نەبێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممەش ئاژانسێکی فەرمی هەواڵی ئێرانی ڕایگەیاند، کە یاریدەدەرێکی پۆلیس کوژراوە و چوار ئەفسەری پۆلیس لە خۆپیشاندانەکاندا برینداربوون.

وەزیری پەیوەندییەکان جەخت لە بڕینی ئینتەرنێت بۆ هۆکاری ئاسایش کردەوە،
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە شارەکانی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و چالاکوانان دەستگیرکراون، کە ژمارەیان ڕۆژانە زیاتردەبێت.

ڕێکخراوی گرووپی مافەکان لە لەندەن (ئارتێکل 19) ڕایگەیاند، کە زۆر نیگەرانە لە ڕاپۆرتەکانی بەکارهێنانی هێزی نایاسایی لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، لەوانە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی دژی خۆپیشاندەران.

ئاژانسی هەواڵی ئێرناش بڵاویکردەوە، کە خۆپیشاندەران هاتووچۆی چەند ناوچەیەکیان گرتووە و، ئاگریان لە زبڵ و ئوتۆمبێلی پۆلیس بەرداوە و، بەردیان لە هێزە ئەمنییەکان گرتووە و، دروشمی دژە ڕژێمیان وتووەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئێرنا، خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوو تاران و شارەکانی دیکەی وەک مەشهەدی باکووری ڕۆژهەڵات، تەبرێز لە باکووری رۆژئاوا، ئەسفەهان لە ناوەڕاست و شیراز لە باشووریان گرتۆتەوە.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەپێی ڕاپۆرتەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە.

بەپێی ڕپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حەوت هاوڵاتی بە تەقەی هێزەکانی ڕژێم کوژراون و، 450 هاوڵاتی بریندار بوون.

پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێ شەممە، نزیکەی لە ١٤ شاری ئاودانان، ئیلام، کرماشان، سنە، مەریوان، ئورمیە، بانە، نەغەدە، قوروە، ڕەبەت، سەردەشت، پیرانشار، ماکۆ و بازرگان، بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵەی خەڵکی سەقز، ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران، خۆپێشاندانەکان بەرەو توندوتیژی چوون و نزیکەی سێ هاوڵاتی کوژران و، ١٦١ کەسیش بریندار بوون.

هەروەها بەپێی ئاماری ڕاپۆرتی ناوبراو، کە تا ئێستا تۆمار کراون، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا بە گشتی ٧ هاوڵاتی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و، ٤٥٠ کەسیش بریندار بوون، کە زۆربەی ئەو کەسانە لە ترسی دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان نەکردووە، بەڵام فیلم و وێنەی بریندار بوونیان کەوتووتە دەست رژێم و، ژمارەیەک لەو دیمەنانەش لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە.

ئاماری قوربانیانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان :-

دیواندەرە: ٢ کوژراو و ٣٣ بریندار
سەقز: ١ کوژراو و ٧٤ بریندار
بانە: ٤٠ بریندار
مەهاباد: ٢٣ بریندار
بۆکان: ١٧ بریندار
سنە: ٦٦ بریندار
مەریوان: ٩ بریندار
دێولان: ١ کوژراو و ١٦ بریندار
بیجاڕ: ٩ بریندار
قوروە: ١٧ بریندار
تیکاب: ٧ بریندار
ماکۆ: ٦ بریندار
ئورمیە: ١ کوژراو – ٢٠ بریندار
پیرانشار: ١ کوژراو – ٤٨ بریندار
کرماشان: ١ کوژراو و ٣٦ بریندار
ئیلام: ١٣ بریندار
نەغەدە: ١٥ بریندار

کۆی گشتی: ٧ کوژراو و ٤٥٠ بریندار

ئەمەو ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و چالاکوانانیان دەستگیر کردووە، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان ئاماژە پێکراو، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، کە ناو و شوناسی نزیک بە ١٠٠ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و، لە ڕاپۆرتێکی جیاوازدا بەنیازن بڵاوی بکەنەوە.

هەروەها شەوی ڕابردوو لە ئەکاونتی تویتەری خۆیدا، هەنگاو ڕایگەیاندبوو ١٩٠ کەس لە هاوڵاتیانی دەستبەسەرکراو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوازراونەتەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندیی سنە.

سۆران حەسەن

ڕەنگە بە دڵت بن