دیمانە
نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسۆیەکی ڕوونتر
دلاوەر ئاژگەیی:
نوێنەرایەتییەکەمان ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە گەیاندنی دەنگی کوردستان بە پەرلەمانی ئەوروپا
دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، کارەکتەرێکی وشیار و بەتوانایە بۆ ناساندنی دۆزی کورد و لۆبیکردن بۆ پرسی کورد و مافە ڕەواکانی. لە دیدارێکی لەگەڵ گۆڤاری (ڕەوەند)، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەم پرسانە و دەڵێت: ‘دەتوانین بە بەڵگەوە و بە شانازی بڵێین، کە ڕۆڵی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ساڵ بە ساڵ باشتر و بەهێزتر بووە. ئەمڕۆ نوێنەرایەتییەکەمان پەیوەندیی فەرمیی دوولایەنەی لەگەڵ دامەزراوە گرنگەکانی کۆمسیۆنی ئەوروپا هەیە، لەلایەکی دیکەیشەوە توانیویەتی لۆبییەکی بەهێز لەنێو پەرلەمانی ئەوروپا دروست بکات و توانیویەتی دەرگا بۆ ڕێکخراوە کوردستانییەکانی دیکەیش خۆش بکات. نوێنەرایەتی پردی فەرمیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپایە.’
سەبارەت بە دروستکردنی دۆستانی کوردستان لە ئەوروپا، ئاژگەیی دەڵێت: ‘لەپێناو ڕێکخستنی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا، نوێنەرایەتییەکەمان بۆ یەکەمین جار توانیی ڕێکخستنێک بۆ پەرلەمانی ئەندام لە پەرلەمانی ئەوروپا دروست بکات بە ناوی (دۆستانی کوردستان لە ئەوروپا). ئەو گرووپە، کە نوێنەری زۆربەی کوتلەکانی نێو پەرلەمانی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی تێدایە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە گەیاندنی دەنگی کوردستان بە پەرلەمانی ئەوروپا و لەو ڕێگایەشەوە بە سەرجەم وڵاتانی ئەندام.’
هەولێر… ترافیکی دیپلۆماسی
هەرێمی کوردستان لەبەر زۆر هۆکار لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سەنتەری هاتوچۆی سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی گرنگی جیهان بووە و ترافیکی دیپلۆماسیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. هۆکاری زۆر هەن، کە دەتوانین ئاماژەیان پێ بدەین. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، ئاماژە بە چەند لە هۆکارە گرنگەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێ: ‘سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی و خوێندنەوەی دروست بۆ سیاسەت و ڕووداوەکانی ناوچەکە وای کرد هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەیەکی پڕ لە قەیران بوو، بەڵام سەقامگیری و ئاسایشی خۆی سەرکەوتووانە پاراست و بوو بە ناوەند و دوورگەیەکی سەقامگیر و جێگەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە. وەرگرتنی ڕاوێژ و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، ڕۆڵی گرنگ لە ئیدارەدانی سەرکەوتووانەی شەڕی داعش و سەرکەوتن و تێکشکاندنی، سیاسەتی یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیان و پەرەپێدان بە بەهاکانی دیموکراتی لە کوردستان، پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەر و ئاوارە، کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەتی ڕۆڵی کوردستان لە ناوبژیوانی و لە یەکتر نزیککردنەوەی لایەنە نەیارەکانی ناوچەکە لە یەکتر.’
ئاژگەیی وەک پسپۆر و شارەزایەکی بواری لۆبیکردن ئاماژە بەوە دەکات: ‘بەوپێیەی لە ڕووی ئەکادیمی و زانستی توێژینەوەم لەسەر بابەتی لۆبیکردن کردووە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرم لەو بوارە، دەتوانم ڕێگە بە خۆم بدەم و بڵێم، کە کورد پێناسەیەکی دروستی بۆ لۆبیکردن نەکردووە. لە ڕووی ئاکادیمی و زانستی بۆ لۆبیکردن دەبێ بە میکانیزم و پرۆسەی بڕیاردان لە سیستەمی سیاسیی وڵاتەکە ئاشنا بین و بە شێوازێکی سەردەمییانە و زانسییانە کار بکەین بۆ کارتێکردن و دانانی کاریگەری لەسەر ئەو کەسانەی بڕیاری سیاسیی یەکلاکەرەوە لەپێناو بەرژەوەندیی کوردستان دەدەن.
بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە کەسانی پسپۆر و زمانزان و خاوەن ئەزموونی سیاسی دەبێ و لە زۆر حاڵەتیشدا لە ڕێگەی بەرژەوەندیی ئابووری ئەو کارە ئەنجام دەدرێت. بەڵام زۆرجار دەبینین پەیوەندیی دیپلۆماسی و سەردانی چەند پەرلەمانتارێک، یا کەسانی سیاسیی دیکە بە لۆبیکردن پێناسە دەکرێت، بەبێ وەدەستهێنانی هیچ ئامانجێک، کە ئەمە ناچێتە چوارچێوەی لۆبیکردن.
بەڵام دەتوانم بڵێم، کە کورد پەیوەندیی باش و فراوانی لە ڕووی سیاسی و کولتووری و زانستی هەیە، کە دەکرێت هاوکارێکی گرنگ بێت بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ دۆزی کورد.’

‘ یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کوردە’
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە پرسی چارەسەرکردنی پرسی کورد پێی وایە: ‘یەکێتیی ئەوروپا وەکوو دامەزراوەیەکی گرنگ تاکوو شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا خاوەن ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی سەربەخۆی خۆی نەبوو، لەدوای ئەم شەڕە سەرانی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریان دا بە داڕشتنی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوە. هەر بۆیەش ناتوانین بڵێین بۆ پرسی کورد ستراتیژی هەبووە. بەڵام یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە و پێیوایە دەبێ خاوەن ماف بێت و بە ئاشتی و لە ئاسایشدا بژیت. لەلایەکی دیکەوە، بەوپێیەی کورد لە بڕوای بە بەها مرۆیی و دیموکراسییەکان هەیە، لەو ڕووەوە لە بەها ئەوروپییەکان نزیکە و ئەمەش جۆرێک لە هاوسۆزیی بۆ پرسی کورد دروست کردووە.
هەرچیی هەرێمی کوردستانە، لە ناوەندە ئەوروپییەکان وەکوو هاوبەشێکی سیاسی و ئاسایش و ئابووری سەیر دەکرێت، یەکێتیی ئەوروپا پێیوایە دەبێی لە عێراقی نوێدا هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور مافەکانی پارێزراو بن و پەیوەندییەکی دروست و هاوسەنگ لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت.
بەداخەوە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا ژمارەیان زۆر نییە، لەلایەکی دیکەیش دەتوانین بڵێین ئەوەندەی بە پرسی فەلەستین و پرسەکانی دیکە سەرقاڵن، ئەوەندە کاریان بۆ پرسی کورد نەکردووە. بەپێی ئەزموونی کاری خۆم پەرلەمانتارە ئەوروپییەکانی دۆستی کورد زیاتر سوودیان بۆ پرسی کورد هەبووە.’
‘کورد وەک یاریکەرێکی لێهاتوو و خاوەن ئەزموون دەرکەوتووە’
دلاوەر ئاژگەیی سەبارەت بە رۆڵی کورد لە ناوەندە دبلۆماسییەکان دەڵێ: ‘بەپێی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی تەنیا بۆ وڵاتانی سەربەخۆ و ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەوپێیەی کە کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندام نییە، لە ڕووی دیپلۆماسی زۆر دەرگای لێ داخرابوو، بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا توانیی زۆر لە بەربەست و ئالنگارییەکان بشکێنێ و وەکوو یاریکەرێکی لێهاتوو و خاوەن ئەزموون دەربکەوێ و تا ڕادەیەک ڕۆڵی کارا لە دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە بەرژەوەندیی خۆی بگێڕێ، کە ئەمڕۆ دەبینین نوێنەرانی کورد لەسەر مێزی دانوساندن و دیالۆگی دیپلۆماسی، هاوشان لەگەڵ وڵاتانی سەربەخۆ ئامادەن و بۆچوونیان بەهەند وەردەگیرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین کورد لەو ڕووەوە سەرکەوتوو بوووە. بێگومان ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی گرنگە بۆ کورد، بەڵام دەبێ پەرەی پێ بدرێ و هەنگاوی باشتر بۆ ڕێکخستن و زیاتر بە دامەزراوەییکردنی بگیرێتە بەر.’
‘ یەکێتیی ئەورووپا لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان نیگەرانە’
سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا دەربارەی هێرش و پێشێلکارییەکانی دەکرێنە سەر کوردستان، ئەم نوێنەرەی کورد لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: ‘یەکێتیی ئەوروپا لەنزیکەوە و بەوردی ئاگاداری پێشێلکارییە دەستوورییەکان و هێرشەکانی سەر کوردستانە و لە زۆر حاڵەت بە دەرکردنی لێدوان و بەیاننامە هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە و پاڵپشتیی لە سەقامگیری و ئاسایش و قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووە. یەکێتیی ئەوروپا چ لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەت لە برۆکسل و چ لە ڕێگەی نوێنەرانی خۆیان لە بەغدا و کەناڵەکانی دیکە، ئاگاداری سەرجەم گۆڕانکارییەکانە و نوێنەرایەتی چ بە شێوازی ڕاستەوخۆ، یا لە ڕێگەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا هەردەم داوای کردووە، کە هەڵوێستی توند و کاریگەریان بەرامبەر هێرشەکانی سەر کوردستان هەبێت و داوای گرتنەبەری هەنگاوی جددی لێ کردوون. تەنانەت ئەمە وای کردووە یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوە فەرمییەکانی لەگەڵ لایەنی عێراقی، چ لە برۆکسل و چ لە بەغدا، دوای نیگەرانیی خۆی لەسەر پێشێلکردنی دەستوور، لە هەندێ جار هەڵوێستەکانی دادگای فیدراڵی، بە لایەنی عێراقی بدات.’
‘هێزی کورد لە کۆڕبەندەکان دەستکەوتی گرنگی سیاسی و دیپلۆماسیی هەبووە’
دلاوەر ئاژگەیی، سەبارەت بە بازاڕکردنی بەرهەمی کوردستان لە ئەورووپا و ئامادەیی سەرکردایەتیی کورد لە کۆڕبەندەکان ئاماژە بەوە دەکات: ‘بەر لەوەی بابەتی بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ڕاگەیاندنی کوردستان باس بکرێت، نوێنەرایەتی بیری لەو بابەتە گرنگە کردبووەوە و لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حکوومەت دەستی کرد بە لێکۆڵینەوەی سەردەمییانە بۆ ئەم بابەتە. ئەوە بوو لە چەند کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی یەکێتیی ئەوروپا و دواتر پەرلەمانی ئەوروپا، بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە کرا و هەنگاوی گرنگی بڕی.
دواتر بۆ هەمان بابەت، نوێنەرایەتییەکەمان لەگەڵ حکوومەتی بەلجیکا و هۆڵەندا و هەرێمی فلاندەرز گفتوگۆی کرد، بۆ ئەوەی کارەکە بە شێوازی سیستەماتیک ئەنجام بدرێت و سەرەنجام هەنگاوی باشی بڕی. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت، لە بابەتی هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی بۆ بازاڕی ئەوروپا، پێویستی بە گۆڕینی ستانداردی بەرهەمەکانی کوردستان هەیە، کە دەبێ بەپێی ڕێنمایی ئەوروپی بەرهەم بێن و چاودێرییان لەسەر بێیت.
لە جیهانی سەردەمدا دیپلۆماسی زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەگەر پێشتر دیپلۆماسی زیاتر لەنێوان دوو وڵات و بە سەردانیکردن بۆ لای یەکتر بەڕێوە دەچوو، ئەمڕۆ شێوازەکە بۆ دیپلۆماسیی هەمەلایەنە گۆڕدراوە. کۆڕبەند و کۆنفرانسە گەورەکانی جیهان بوونەتە شوێنی دیپلۆماسیی چەند لایەنە و دەرفەت بۆ ڕێکخستنی دیدار و دانیشتنی دوولایەنە لەنێوان وڵاتان و سەرکردەکان. بێگومان ئەمە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کوردستان ڕەخساندووە، بۆ نموونە، سەرکردەکانی کوردستان لە کۆنفرانسی میونیخ و کۆڕبەندی داڤۆس، دەرفەتی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ زۆربەی سەرۆک و خاوەن بڕیاری سیاسی و ئابووریی جیهان بۆ ڕێکدەخرێت. واتە لە درێژایی چەند ڕۆژی کۆڕبەندەکان دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکان دروست دەکرێت. ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆربەی کۆڕبەندە گرنگەکانی جیهان، دەستکەوتی گرنگی بۆ کوردستان و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی هەبووە و کوردستانی زیاتر بە جیهان ناساندووە و پاڵپشتیی بۆ وەدەست هێناوە.’
کورتەیەک لە ژیانی دلاوەر ئاژگەیی:
– لە سەروەختی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان لە گوندی خەلان لە ناوچەی باڵەکایەتی لەدایک بووە. دواتر ئاوارەی ئێران بوون و تاکوو ساڵی ١٩٩٠ لەوێ ماونەتەوە. هەمان ساڵ ڕووی لە ئەوروپا کردووە و لە وڵاتی دانیمارک گیرساوەتەوە.
– پزیشکیی دەرمانسازی بە پلەی ماستەر لە زانکۆی کۆپنهاگن بەدەست هێناوە.
– ساڵی ٢٠١٠ گەڕاوەتەوە کوردستان و لە پەیوەندییەکانی پارتی وەکوو بەرپرسی دیسکی ئەوروپا کاری کردووە.
– ساڵی ٢٠١٣ لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بووە بە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا.
– ماستەری لە بواری دیپلۆماسی و حوکمڕانیی جیهانی بە پسپۆری لە لۆبیکردنی لە پەرلەمانی ئەوروپا تەواو کردووە.
– توانای قسەکردنی بە پێنج زمان هەیە و خاوەنی دوو بڕوانامەی ماستەرە لە وڵاتانی دانیمارک و بەلجیکا.