د. هیڤا پەناهی
مامۆستای زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان/ سویسرا
زەمەن و پێگە بناغەکانی وجودی هەمە لایەنەی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و چاندی مرۆڤ لە هەر کۆمەڵگایەکدا پرسی سەرەکین، چونکە بۆمان دەردەخەن ئەو مرۆڤ و کۆمەڵگایە لە جوگرافیای سیاسی و مرۆڤی ئەم دونیا بەرینە لە کوێدا بوون، لە کوێیا دەژین و ئینجا بە ڕاوەستان لەسەر فاکتەرەکان خوێندنەوەیەک هەبێت، کە بۆ کوێ دەچن؟ ئایا بەرەو نەمان وسڕینەوە دەچن یان بەرەو ژیانەوە؟
هەر بۆیە هێنانە بەرباس و قسە کردن لەسەر ئەم بابەتەم بۆ ڕووناکی خستنەسەر ئەمڕۆی گەلی کوردە، لە پانتایی وڵاتمان و بە دابەشکردنی ئەزموونەکانی هەموو ئەو دەڤەرانەی تێیادا ژیاوە و دەژیت، کارەکتەری سەرەکی وڵاتانی ڕێوەبەر بەسەر کورددا، لە مێژووی نوژەندا کە وەک سەردەمی مۆدێرندا ناسراوە.
بە باوەڕی من؛ هەموو کوردێکی بیرمەند دەبێت لە فەرهەنگی جیهانی زانست کەڵک وەربگرێت بۆ تاریف کردن و مانا کردنەوەی هەموو چەمکەکان و پاشان بە کوردییەکی پاراو شی بکاتەوە. واتە دەبێت پردێک بنیات بنێت لەگەڵ مەعریفە و بیر و ڕامانی مرۆڤیدا و بکرێت بەهرەمەند ببێت لە خەرمانی زانستی و ویژدانیان. واتە جۆرە پاڵ پێیەوە نانێکی بۆ دروست بکات، کە دڵگەرم بێت لەسەر ئامانجێکی گەورەتر. واتە جۆرە داهێنانێک و دونیایەکی کوردی، کە پێناسی ئەم سەردەمە و ئان و ساتەمان بێت. ئەمەش مسۆگەر نابێت ئەگەر مێژووی جیهان و بە تایبەت مێژووی ئەوروپا و ئەمریکا ناس نەکەین و بە مانگ و ساڵانی ژیانمانی بۆ تەرخان نەکەین. نە جارێک بەڵکو ئەگەر پێویستیش بکات بە دەیان جار بگەڕێتەوە سەر کۆمەڵێک بابەت وناسینی بناغەیان، وەک کەسێک، کە باخێک دەکڕێت بۆ کشتوکاڵ وکارکردن دەبێت بزانێت زەوی و سیمای باخەکە چلۆن بووە و پێویستە چیبکات تاوەکو باخێکی گەشاوە و نموونەیی هەبێت.
بەمجۆرە ئەزموون و زانستێک و زانین پەیدا دەکەین، واتە بابەتەکان بە قەبارە و شکڵی خۆیاندا ببینین و بەردەوام لەناو هۆشماندا بێت، کە خۆمان بپارێزین لە کۆلکە خوێنەواری لە پلەی یەکەمدا و خوێندنەوەی سەقەت.
بە مانایەکی دیکە چلۆن ئامادە بنوێنین، کە هەمدیسان پێداچوونەوە بە هەڵەکانماندا بکەین و خۆمان ڕێک بخەینەوە و بگونجێنین لەگەڵ ڕووداوەکان و کات و سات و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی مرۆڤی دونیای بەریندا. چونکە وەک دەبیندرێت وەک نەتەوەی کورد گیرمان خواردووە بە دەستی کۆمەڵێک کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، کە بەش بە حاڵی خۆی دەکرێت دەرئەنجامی خاسی نەخوێندووە و بە هەڵە فام کردن یان سەقەت فام کردن وتیمار نەکردنی کاولکارییەکانی کەس و کۆمەڵگای کوردەواری، هەتا ئەڤرۆکە کە ئەم باسە بە کوردی دەنووسرێت. بە تایبەت نەناسینی ئەوروپا و مانا کردنەوە و بەراوردە کاڵ و بێ ماناکان، کە لە خورافە و نەگبەتی سیاسی وکۆمەڵایتییەمانەوە پاش قەومانی لۆزان و جێماوین لە کاروانی مرۆڤایەتی.