تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتی ڕێکخراوەیی و گرنگی لە گۆڕانکارییەکان


ھەورامان عەلی تۆفیق
تێگەیشتن لە ڕەفتاری ڕێکخراوەکان، پێویستی بە تێڕوانینی چۆنییەتی کارلێککردنی ڕێکخراو وەک قەوارەیەکی ئاڵۆز و گرنگ لەناو ژینگەکەیدا ھەیە، ھەروەک ھۆکارە دەرەکییەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر کردار و بڕیارە ناوخۆییەکانی دەبێ !
بێگومان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەردەوامی و مانەوە بە زیندوویی گۆڕانکارییە، ئەویش تایبەتمەندییەکی ژیانی ڕێکخراوەیییە و مرۆڤایەتی بەردەوام لە نوێ بوونەوەدایە لەگەڵ خێرایی گۆڕانکارییەکان خێراتر دەبێت، یەکێک لەو پاڵپێنەرە سەرەکییانە، ژینگەی دەرەکی و دەوروبەرە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی.
گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، سیفەتێکی حەتمی و بەردەوامە. بەشێکی نەبڕاوەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەییدا، ھەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی گۆڕانکاری بەردەوام دەبین، پێمان خۆش بێت یان نا.
گۆڕانکاری، ھەمیشە کاریگەری لەسەر تاک و گرووپ و ڕێکخراو و کۆمەڵگە دەبێت، دەکرێت لەسەر ئاستی نیشتمانی یان نێودەوڵەتی ڕەنگدانەوەی خۆیی ھەبێت.
سروشتی بەربڵاوی و پەیوەستبوونی بە گۆڕانکاری لەھەر ئاستێکدا بێت وادەکات لێکۆڵینەوە لە گشت بوارەکانەوە دەستپێ بکات. بۆ ئەوەی ئەو ڕێکخراوە لە گۆشەگیری بێتەدەرەوە، پێویستە لەسەر ئاستی تاک گۆڕانکاری لە کەسایەتییەکاندا ڕوو بدات، لەو شوێنانەی کە بارودۆخەکان نەگۆڕاو و چەق بەستوون.
ئەم گۆڕانکارییە، ڕەنگە ھەندێک کاریگەری لەسەر ڕەفتار و کردارەکان لە شوێنی کار و پەیوەندی لەگەڵ ھاوکارەکاندا ھەبێت، بەڵام سەرنجی سەرەکی لەسەر بەڕێوەبردنی گۆڕانکاری ڕێکخراوەییە. گۆڕانکاری ڕێکخراوەیی دەتوانرێت بە ئەنقەست لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە بەڕێوەببرێت، دەشکرێت بە ھێواشی لەناو بەشێکدا گەشە بکات و دەتوانێت گۆڕانکاری تایبەت لە سیاسەتی کاری ڕێکخراوەیی خۆیدا بکات و ستراتیجیەت و بەرنامە و پلانی خۆی بەرەو باشتر و ئەکتیڤتر بگۆڕێت، ئەوەش بە گۆڕینی کارەکتەرەکان لە تەواوی سێکتەرەکانیدا.
زۆرجار گۆڕانکارییەکان لە ڕێگەی فشارە دەرەکییەکانەوە سەر ھەڵدەدات، دەتوانێت کاریگەری لەسەر ھەموو لایەنەکانی پرۆسە و ڕەوتی کاری ڕێکخراوەیی ھەبێت.

ھێز و پاڵپێوەنەر و ھۆکارە سەرەکییەکانی بۆ گۆڕانکاری زۆرن، لەوانە بارودۆخی ئابووری ناجێگیر، کێبڕکێ توندەکان، ئاستی دەستتێوەردانە دەرەکییەکان، بارودۆخە کۆمەڵایەتییە نا جۆرەکانی تاک لەو ڕێکخراوەدا، بەرژەوەندییە تایبەتی و کۆمەڵایەتییەکان، پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆجیا و سەردەمی نوێی زانیاری، خواستی بەردەوام لەسەر نوێبوونەوە و کاری باشتر، نەرمی لە شێوازی بەڕێوەبردن و پێکھاتەی ڕێکخراوەکاندا، ململانێی ناو ڕێکخراوەکان و کارەکتەرەکانی.
ئەم چەند ھێزی بە یەکەوە گرێدراوەی گۆڕانکاری دەباتە پێشەوە، ھەر یەکەیان لە جێگەی خۆیان کاریگەرییان لەسەر ڕێکخراوەکان و تاکەکان ھەیە. ھانا بردن بۆ سەرچاوە دەرەکییەکان، دابەشکردنی کار لەنێوان کەس و ڕێکخراو و شوێنە جیاوازەکان، ڕووداوە دەرەکی و ناوخۆییەکانیش، کاریگەرییان لەسەر ڕەفتار و دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکان دەبێت و ھەڕەشەش لە توانا و کاریگەری کارەکتەرە چالاکەکان دەکات. بۆیە گرنگە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی کاری گۆڕانکاری داڕشتنی بەرنامە و پڕۆژەی تایبەت بە گۆڕانکاری ھەبێت.
چەمکی گۆڕانکاری، لە ڕوانگەی کارەکتەرە کاریگەرەکانەوە چالاک دەبێت، ھەنگاوی دەسپێکردنی گۆڕانکاری بە ھۆی بوونی کەلێن ولاوازی و کێشەکانی ڕێکخراوەیی و چەق بەستووییەوە سەرچاوە دەگرێت.
بڕیار لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری ھێند ئاسان و خێرا نییە، زۆربەی کات بیر لە گۆڕانکاری دەکرێتەوە، یان پڕۆژەیەکی گۆڕانکاری ئامادە دەکرێت کە ھەست بە ھەڕەشە دەکرێت. لە کاتێکدا تەواوی ڕێکخراوەکان، بە پێی یاسا و ڕێسا و دەستووری ڕێکخراوەیی لە ماوەی ساڵ و دووساڵدا پێویستە لەسەریان کۆنفرانس و گۆنگرە ببەستن. لەگەڵ ئەمەشدا زۆرێک لەو ڕێکخراوانە ساڵانێکی دوور و درێژ وەک خۆیان بەبێ گۆڕانکاری دەمێننەوە، ھەمیشە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانگاریش، پێویستە پاساوی شیاو ھەبێت بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی ئاسایی. بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێ لە ئەنجامدانی پرۆسەی گۆڕانکاری ھەیە، ڕاستە زۆرکات دەشێ ئەو ئاڵوگۆڕە لەگەڵ خواستی ڕێکخراوەکە نەبێت و دەرەنجامەکانی دواتر نەگەتیڤ بن و کاریگەری خراپ و نەخوازراویان ھەبێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێ نوێبوونەوە ئەنجام نەدرێت، کاریگەری ئەندامان گرنگە لەسەر بڕیاری گۆڕانکاری ھەبێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشێک بن لەو ئاڵوگۆڕە و خۆیانی تێدا ببینەوە.
لە کاتێکدا پێکھاتەی گۆڕانکارییەکان دەشێ جیاواز بن و لە سێکتەری جیاوازەوە ئەنجام بدرێن، لەوانە ڕوانگەی ھەیکەلی ڕێکخستن و تەکتەلۆژی و گۆڕانی تەواوی سیستەمەکە و گۆڕانکاری لە کلتوور و ڕۆشنبیری تاکەکان، ئەمەش دەبێتە درێژخایەنترین و ئاستەنگترین قۆناغی گۆڕانکاری، کە ساڵانێکی دوور و درێژ دەخایەنێ.
ئەوەی لێرەدا گرنگە تەواوی ئەو ڕێکخراوە مەدەنییانەی کار دەکەن، ڕەنگە پێویست بێت دەستکاری پێکھاتەی بنەڕەتی ڕێکخراوەکانیان بکەن. لە وەڵامی ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانەی ڕێکخراوەکان ناچار دەکەن گۆڕانکاری ئەنجام بدەن، لە ھەمانکاتدا نەھێشتنی جیاوازییەکان لە شێوازی مامەڵە کردن، گرنگیدان بە بەرفراوان کردنی بوارەکانی تەکنەلۆژیا و سود لێ وەرگرتنیان و بەکارھێنانیان بە شێوازێکی تەندروست بۆ کاری ڕێکخراوەیی، بێگومان ئەوە ڕەنگە ئاسانکارییەک بێت بۆ گۆڕانکارییەکان و بە دیارخستنی پێشکەوتنەکان لە نوێ بوونەوە و باشتر کردنی کارەکان.
لەگەڵ بوونی پڕۆژەی نوێ، بێگومان کە ھەمیشە بوونی ھەیە، دەکرێت دەورانی ھێزی مرۆیی و تواناکانی تاکی کورد بە تایبەت گەنجان و کەسانی بە توانا لە بوارە جیاوازەکاندا کاریگەری باشی لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە ھەبێت. بەردەوام کۆرس و بەخشینی زانست و زانیاری نوێ لە کارکردن گرنگە بوونی ھەبێت، چونکە لە ھەر سیستەمێکی ڕێکخراوەییدا گۆڕانکارییەکان کاریگەرییان لەسەر کلتوور و ئاستی ڕۆشبیری دەبێت، بە ئاڕاستەیەک کار و چالاکییەکان ببنە کاری ھاوبەش، یەکتر قبوڵ کردن و یەک نەسڕینەوە، ڕوانین لە پرۆسەی کارەکان چوارچێوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت و لە ئاستێکی کوالێتی و مۆدێرندا بێت، بە وابەستە بوونێکی جدی لەنێوان ئامانجی گۆڕانکارییەکان و دەرەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕە لەو خاڵە ھاوبەشانە یەک بگرێتەوە، کە بۆ بەرژەوەندی گشتیی ڕێکخراو و ئامانجەکانیان بێت و بمانگەیەنێتە ئەوەی گۆڕانکاری وەک پرۆسەیەکی ئاسایی و چی دی وەک بابەتێکی ترسناک لێوەی نەڕوانرێت.

ڕەنگە بە دڵت بن