حەمید قەڵادزەیی
نووسەر و شاعیر
ھەمیشە ناونیشان قورسایی خۆی ھەیە، دەشێ پوختەی بابەتێکی فرەڕەھەند لە ناونیشانەکەیدا چڕ بکرێتەوە، (ھاواری خاک) ناونیشانی ئەو تێکستە نیشتمانییەیە بە خامەی بەندە نووسراوە و لە لایەن ڕێبین جەمال ئاوازی بە بەرداکراوە و (د. ع ج سەگرمە) کاری تۆمار و موزیکی بۆ کردووە.
ھاواری خاک گوزارشتە لە بایەخ و پیرۆزی خاک، ئەگەر بۆ گەلانی خۆشبەخت خاک مانا و پیرۆزییەکی ھەبێ، بۆ تاکی کورد زیاتر لە مانایەکی ھەیە، لە لایەک خاکی کوردستان وەک یەکەمین بێشکەی ژیان و ژیانەوە لە کتێبە پیرۆزەکاندا ئاماژەی بۆ کراوە، ئاشکرایە بۆ نەتەوەیەک، کە ھەمیشە خاکی زەوت دەکرێ و زمان و فەرھەنگی دەشێوێندرێ و بەردەوام شانازییە مێژووییەکانی کاڵ دەکرێتەوە، دەبێ زیاتر خۆی بە خاکەوە گرێ بدات.
خاک، واتا ئەو سروشت و پانتاییە جوگرافییەی ھەمیشە وزە و ھێزمان پێ دەبەخشێت و لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە تایبەتمەندی خۆی ھەیە و خەسڵەتگەلێک دەبەخشێت جیاوازە لەو تایبەتمەندییانەی گەلانی دی لەسەر خاکی خۆیان ھەیانە.
ھەموو نەتەوەیەکی زیندوو، گرێدراوی خاکەکەیەتی، ئیلھامی داھێنەران و ئازایەتی خاوەن داستانەکان و تەواوی فیداکارییە مێژووییەکان سەرچاوەیان لە بوونی ئەوینی خاک و سروشت وەرگرتووە.
ئەگەر (کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی) وەک چەترێک توانی تەواوی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کورد کۆکاتەوە، مانای وایە زۆر باش دەستی گەیشتۆتە مرواری و کریستاڵی خواستە قووڵەکانی ھاواری خاک.
گومانم نییە، مارشی ھاواری خاک، لە لای تەواوی کوردان قبوڵ کراوە، چونکە چەند شیعرەکە بە ھەستێکی پاراوی خاکییانە و کوردستانییانە نووسراوە، ئاواز و موزیکەکەشی تەواو کوردانەن، واتا بەرامەی خاک و باوەڕێکی نیشتمانییانە دەبەخشن، ھەروەھا جگە لە باشوور و باکوور تا ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، ئامێزی کردۆتە ھیلال بۆ کوردانی ئێریڤانیش، واتە دەکرێ تەواوی کوردزوبان ھاواری خاک بە موڵکی خۆیان بزانن و بە کۆڕاڵی دەنگی ھەمووان زایەڵەی ھاوارێک بن بۆ مانەوەی شکۆمەندی خاک و نەتەوەی کورد و کوردستانی..
ھاواری خاک ، پێمان دەڵێ ھەمیشە گەلە گورگ ئامادەیە کەڵبەی تیژیان لە جەستەی نیشتمان گیر بکەن، بۆیە ئەرکی تاکی کورد و کوردستانییە، زیاتر ھۆگر و گرێدراوی خاک بێت، وەک درەختێکی ڕەگئاژۆ لێوی ڕەگی لە خاکی پیرۆزدا بێت.
کلۆدیۆس دەڵێ: “جەنگەکان ئەو کاتانە ڕەوان، کە پیرۆز بن”، بۆ نەتەوەی کورد ھەمیشە جەنگی پاراستنی خاک ڕەوایە، بۆیە نەک پێویستە پیرۆزیشە جا لە غوربەت یان لەسەر خاکی خۆی بێت، پێویستە وەک درەختێک بۆ مانەوە و سەوز بوونی زیاتر ڕەگی لە قوڵایی خاکی نیشتمانی دایکدا بێت، ئەوەش بەوە دەکرێ، خۆشەویستی تاک بە تاکمان بکاتە پشکۆیەکی داگیرساو، بە پشتبەستن بەو شوناسە پاکەی لەگەڵ شیری دایکی نیشتمان نۆش کراوە، لە یەکەمین سپێدەی مێژوومان تا ئەمڕۆ..
ئەگەر لە بەرامبەر پێکەوە ژیان و تەباییدا بە ویژدانەوە ڕۆڵی کورد ببیندرێ، حەتمەن پێشەنگە و نەسیم و شنەی پێکەوەژیان لە خاکی کوردانەوە پێڕەوکە بووە، لە بەرامبەر داگیرکەرانی خاک و نیشتمانیشدا ڕمی ڕوانین و سۆمای چاوی تیژ و باوەڕی باوەڕدارانەی لە شیری حەڵاڵەوە وەرگرتووە، بۆیە ھەمیشە داستانی بە داستان سپاردووە و سوارچاکی زینی نەسرەوتنیان لە ئەسپی باوەڕ نەکردۆتەوە..
ھاواری خاک، یەک ھاواری پێنج برینە، چەپکە گڕی یەک کوانووی داگیرساوە، پێنج برووسکەی یەک ئاسمانی تارە.
ھاواری خاک، دەستمان دەگرێ و دەمانباتەوە نێو دێڕەکانی مانیفێستی باوەڕی کوردبوون و لەوێ جارێکی دی ڕەنگی خاکمان پێ دەبەخشێتەوە، چۆن ھەوری چاوی خۆزگەی دایکی شەھید، شوێنی خۆی جێناھێڵێ و لە تاوە بارانیش ناکەوێ، فێرمان دەکات ئاوا بۆ خاک و نیشتمان دا ببارین..
ھاواری خاک، لە ڕێگای (کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی)ییەوە پێشکەش کراوە بە تەواوی ئەو ڕۆڵە حەسرەت دیدانەی لە غوربەتدا دڵیان لەگەڵ دڵی خاکی پیرۆزدا لێ دەدات، بەو ھیوایەی لە ھەر بست و قولانێکی نیشتمان، گەلە گورگ نزیکبۆوە، ئێوەی باوەڕدار ھاوارەکانتان تێکەڵ بە (ھاواری خاک) بکەن و زایەڵەی ئەو ھاوارە عەرشی ستەم بھەژێنێ و سۆزی ئازادیخوازان لە ھەموو کون و قوژبن و سەرزەمینێک بۆ کورد و کوردستانیان زیاتر مسۆگەر بکات،
ھاواری خاک، پێشکەشە بە ئێوە.
هـــاواری خاک
ـــــــ
گەر درەختی غوربەتیش بین
ڕەگمان لە ناو دڵی خاکە
پشکۆی کوانووی باوەڕێک و
شوناسمان ئەندێشەی پاکە
ـــــــــــــ
لە سپێدەی مێژووی سووردا
ئەلەندی گزنگی ژیانین
نەسیمین بۆ خۆشەویستی و
خۆنەویستی کورد زوبانین
ـــــــــــ
پێنج برین و هاوارێکی
زێدی ژیان و ژیارین
چەپکە گڕی ئیزنگێک و
برووسکەی ئاسمانی تارین
ــــــــــــــ
لە باوەڕی کورد بوونەوە
ڕەنگی خاکی خۆمان دەگرین
وەک بارانی هەوری خۆزگەی
دایکی شەهید دادەبارین
ــــــــــــــ
لە چوار چرای کۆمارەوە
تا هەولێری واری دێرین
لە کۆبانێی هەستانەوە
بۆ ئێریڤان، (وان)ی زێڕین
ـــــــــــــــ
ئەی کوردستان، ئێمە ڕۆڵەی
داستانی ڕێگای نەجاتین
بۆ بەیداخ و شکۆی ناوت
زرێ و .. خەڵاتی ڕێگاتین
ــــــــــ