هەشت کۆچبەر خنکاون و 12 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون

هەشت کۆچبەر خنکاون و 12 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون و، لەلایەن دەستەڵاتدارانەوە گەڕان بەشوێنیاندا بەردەوامە.

دەستەڵاتدارانی تونس دەڵێن، بەلایەنی کەمەوە هەشت کۆچبەر لە ڕۆژی پێنج شەممەوە پاش ئەوەی بەلەمەکەیان لە پارێزگای سفاکس نقوم بوو، گیانیان لە دەست دا و، 12ی دیکە ون بوون.

بەگوێرەی وتەی بەرپرسێکی ئاسایشی تونس، کە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە،  کە 37 کۆچبەر لەسەر هەمان بەلەم بوون، بەڵام توانیویانە تەنیا 17 کۆچبەر رزگار بکەن.

سەرچاوەکە دووپاتیکردەوە، کە ئەو گەڕانانەی لەلایەن یەکەی دەریایی پاسەوانی نیشتمانیەوە ئەنجام دەدرێن، تا ئێستا بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی کۆچبەرە ونبووەکان.

ئەم هەفتەیە پاسەوانی نەتەوەیی تونس ڕایگەیاند کە سێ کۆچبەر لە کەناراوەکانی تونس خنکاون.

هەفتەی ڕابردوو ماسیگرانی تونسی 8 کۆچبەریان بە ئەستەمی ڕزگارکرد کە لە لێواری مردندا بوون، پاش ئەوەی بەلەمەکەیان نوقم ببوو،.

لەگەڵ باشتربوونی کەشوهەوادا، هەوڵەکان بۆ کۆچکردنی نایاسایی لە کەنارەکانی تونس و لیبیاوە بۆ ئیتالیا، کە تەنیا 200 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی تونسەوە دوورە لە زیادبووندایە.

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 34 هەزار کەس گەیشتوونەتە وڵاتەکەی، بە بەراورد بە 25 هەزار و 500 کەس لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.

ڕەنگە بە دڵت بن