ئامادەکردنی / ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەندا
https://www.rudaw.net/…/rozha-dzhwarakan/04082024112810
زۆر لەمێژەوە هەردەم باسمان لە نوسەرو دەرهێنەرو فلیمسازی کورد حوسێن سێودین لەگەڵ هاوڕێیانی هونەرمەندانم لە هۆڵەندا دەکرد سەبارەت بە کارو چالاکی و ئەو کارانەی کە ئەنجامی داون لەبواری کاری ئەکادیمی و فلیمسازی و دروستکردنی فلیم و دیکومێنتاری و خەمخۆری هونەرمەند بۆ بابەتی میللەتی کورد ونیشتیمان پەروەری و گەیاندنی پەیامی ئازارەکانی میللەتی کورد بە جیهانی دەرەوە ، سەرەڕای ئەوەی کە لە مێژووی ژیانیدا هەردەم سەرقاڵی ئەو پلان و دیکومێنت و پەراوانە بوە کە چۆن بتوانێت خوێندنەوەیەك بۆ ئەوە بکات و دەنگو ئازاری ئەو میللەتە بگەیەنێتە نێو جیهانی دەرەوە لە ڕێگای هونەری نوسین و دەرهێنان و فلیمسازی و ڕۆشنبیری کار لەسەر میدیاو سوسیال میدیاو دەنگ و ڕەنگ و کار ئەکتەری نێو جیهانی سینەما ، ئەمە کارێکی ئەوەندە ئاسان و ساکار نیە وە ئەو پلانەش نیە کە هەموو مرۆڤێك بتوانێت سەرکەوتوو بێت بەسەر ئەو نەخشە ڕێگایەدا کە مرۆڤ بتوانێت دایبنێت و لە کۆتادا هەموو دەستکەوتەکانی وەدەست بهێنێت ، بەڵام هونەرمەند حسێن سێودین لەکوردستانەوە ئەو خەم و شۆڕش و بارگەیەی هەڵگرتوە کەلە جیهانی تاراوگەدا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بیخاتە بەرچاوی جیهان و بینەری دەرەوە .
کارکردن لەو بوارەدا بەتایبەتی دروستکردنی سینەماو فلیمسازی یان کۆکردنەوەی دیکومێنتەکان و ڕێکخستنیان هەوڵ و ماندوو بونێکی زۆری دەوێت ، بێگومان پرۆژەی ئەکادیمی و زانستی وە گەڕانەوە بۆ دیکومێنتە سەرەنج ڕاکێشەرەکان یان ڕووداوەکانی میللەتی کورد کەلە ڕابردوودا ڕوویان داوە یان سەرەنج خستنە سەر بەڵگەو نوسراوەکان .
من دەمەوێت سەرەنج لەو بەرهەم و فلیم و کارانە بدەم کە هونەرمەند حوسێن سێودین هەموو ژیانی تەرخان کردوە بۆی وە لەنێو کۆمەڵگایەكی کوردەواریدا کە شارەزایەکی تەوای هەبێت لە کەلتوورو ڕۆشنبیری و کارەساتە دژوارەکانی میللەتی کورد وە ئەو زانیاری و ئەزموون و توێژینەوانەی کە ساڵانێکی زۆر بە پراکتیکی کاریانی لەسەر کردوە.. هەنگاوەکانی هونەرمەند گەڵێك ووردو سەرەنج ڕاکێشن بەتایبەتی دەست بردن بۆ دۆسیەی ئاوارە بوون و ئەنفال و کیمیا بارانکردن و زیندانی و ڕاپەڕین و کۆچکردن وسووتاندنی زەویە سووتاوەکانی کوردستان ، لەلایەکی ترەوە بە ڕۆشنبیر کردنی وە گەشە پێدانی تاکی کورد لە بوارەکانی دەرهێنان و فلیمسازی و دیکومنتاری و تایبەتمەندێتی لەو بوارەدا کە بە شیوەیەکی ئەکادیمی و زانستی کاری بۆ بکرێت و هەڵبژاردەی بابەتێك و فۆرمێك بێت کە هەڵقووڵاوی نێو کۆمەڵگا بێت، ئەمانە هەموو لە نێو کورتە فلیمکدا یان گەیاندنی پەیامێك کە پڕن لە مەرگەسات و جوگرافیایی کوردستان و ئازارەکانی تاکی کورد بە گشتی و ڕووداوە سەیرو سەمەرەکان کە ڕوو دەدەن لە کوردستاندا ،بێگومان هەریەکەمان کاتێك لە ووڵاتانی ئازادی جێگیر دەبین واتە تاراوگە بیرو هزرمان هەر لە نیشتیمانە ، ئایا چی بۆ نیشتیمان بکەین ! ئایا چۆن دەتوانین ئەو هەموو نەهامەتی و ڕووداو سووتاندنی خاکە بگوازینەوە نێو دیدەو بیرو هزری ڕۆژئاوا یان دونیایی دەرەوە ، مامۆستا حسێن سێودین لەو چەمکە زانستییەوە دەستی پێکردوە کە خوێندن و زمان و شارەزایی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لە نێو کۆمەڵگای ڕۆژئاوایدا بکاتەوە ، پاشان لەنێو ئەکادیمیاو تیڤی و میدیا جیهانیەکاندا ئەو بابەتە بڕوژێنێت یان شیکاری بۆکات و لە ڕێگای کورتە فلیم و دیکومینتاریەکانی و بەڵگە ڕاستقینەکانەوە وە شایەتحاڵەکان ئەو پەیامە یان ئازاری نەتەوەیەك بگەیەنێتە جیهانی دەرەوە ، هەر بۆیە لە زۆر وانە ووتنەوە یان کارکردن لە نێو سوسیال میدیاکانی ووڵاتی هۆڵەندا ئەو دەرفەتەی بۆ هاتە کایەوە کە دەنگی بە زیندووی لە ووڵاتی هۆڵەندا و ئەوروپادا بهڵێتەوە.
هەندێك وێنە هەن لە چاوی هونەرمەند حوسێن سێودینەوە وون نابن وەکو ئەوەی تازە جارێکی تر لەدایك ببنەوە بەتایبەتی کاتێك سەرەنج لە وفلیمە دیکومێنتاریەی دەدەیت بەناوی (( گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە )) کەلە کەناڵی ڕووداو پێش ماوەك نمایش کرا لە پرۆدیوسەرو دەرهێنانی کاك سیروان ڕەحیمەو نمایش و گێڕاونەوەی ڕووداوەکان هونەرمەند حوسێن سێودینە ، کەلە ڕەحیم ئاوای شاری کەرکوکەوە دەست پێ دەکات بۆ ئاگرەکەی باباگوڕگوڕو پاشان نێو شاری کەرکوك و گەڕەکی شۆرجە کە هەروەك خۆی دەڵێت لەو نێو ئەو گەڕەکەدا لەدایك بووە وە گەڕەکی شۆرجە چ ڕۆڵێکی گرنگی بینوە لە مێژووی شۆڕشەکانی نەتەوەی کوردا ، بەتایبەت ئەو جێگایەی کە پەیکەری مامەڕیشە و جێگای شەهید بوونی ١٦ گەنجی کورد بەدەستی عەلی حەسەن مەجید نزیك لە مەیدانی عەمەلەکان ئەو جێگایەی کە تێدا لەدایك بووم ، هاتنی ناوی شۆرجە لەئاوی شۆرەوە هاتوە بەڵام لە حوکمڕانی هەموو حکومەتەکان ئاوی نەبوە، ئەوەی کە خزمەتی ئەو شارەی کردبێت ئەو ڕووخاندن و وێرانکاریە بوە کەبە تەعریب و تەهجیرو دەربەدەرکردن و ڕوخاندنی گەڕەکی جمهوری کە لە حوکمڕانی عەبدولکەریم قاسمدا دروست کرابوو هەموویان تەخت کرد، ئەو یاداشت و بیرەوەریە کەلە ئێستادا دێتەوە یادی لەناوەڕاستی گەڕەکی شۆرجە لەپاش ٤٠ ساڵە کە هاتۆتەوە و لەچەقیدا ڕاوەستاوە ، کەسە ناسراوەکان وەکو ئەرپەی شەهید یەکێك لە پاڵەوانەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورد بوو بۆ دیفاع کردن لە خەڵکە هەژارەکەی ، ئەو خەڵکەی باشووری کوردستان ئەوەندە زوڵم و ستەم و ئازاری بە خۆیەوە بینی لە ماوەی ڕابردوو ، هەربۆیە سەرەتایی نەوەتەکان ڕۆژ نەبوو خۆ پیشاندان نەکرێت دژی ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام و پرسیار لەسەر وونبوەکان و ئەنفالەکان و بەندکراوەکانی ژێرزەمینی .
ئەوەی کەلە فلیمە دیکومێنتارەکەی هونەرمەند حوسێن سێودیندا دەبینرێت گەڕانەوەیە بۆ هەڵوێست و بیرو هزری کەسایەتیە سیاسیەکان و ڕووداوە جیاجیاکانە لەکاتە جیاوازەکاندا کە ڕوویان داوە وە پێکەوە ژیانی میللەتی کورد لەباشووری کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی تر وەکو عەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدان و ئەرمەنیەکان و نەتەوەکانی تر بەتایبەتی ئەو ئازادیەی کەلە داوی ساڵ ١٩٩١ وە بەدەست هات لەناوچەکانی کوردستان ،هەر لەو بەڵگە دیکومێنتاریەدا ڕاو بۆچونی سەرکردایەتی سیاسی کوردی وەرگرتوە کە ئازادی و ئاشتی و دیموکراسیان دەوێت بۆ میللەتی کورد وە گرنگیدان بە پێکەوە ژیانی هەموو نەتەوەکان و ئاینە جیاوزەکان داوە . هونەرمەند حوسێن سێودین دەڵێت .. لەساڵی ١٩٧٥ وە پەیوەندیم کردوە بە شۆڕشی ئەیلولەوە کرد لەبەتالیونی ١ ی دووز لەگەڵ عبداللە ئاغا وەکو ئامر بەتالیون ، لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەبری چەك دەستم بۆ کامیرا برد وە ڕووم لە هەندەران کرد بەتایبەتی ووڵاتی هۆڵەندا لەوێ ئەکادمیای سینەماو تەلەفزیونیم تەواو کرد وە بڕوانامەی بکالیورویسم بەدەستهێنا ، لەساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕینە گەورەکەی خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق کە ڕوویدا ئەوە بوو نەتیجەکەی بوو بە کۆڕەو ، لەو کاتەدا ١١ گەنج کۆبوینەوە کە دەبێت شتێك بکەین بۆ ئەم خەڵکە بڕیارمان دا بچینە سەر باڵیوزخانەی عێراق لە شاری لاهای هۆڵەندا داگیر بکەین ، بە دوو ئۆتۆمۆبیلەوە پلانێکی تۆکمەمان داڕشت و هێرشمان کردە سەر باڵیوزخانە و داگیرمان کردو لەباڵیوزخانە باڵیوز خۆی شاردبۆوە لە نێو کارتۆنێکی تیڤیدا لە نهۆمی سێهەم لەو کاتەدا شۆفێرەکەی دەستی بەرز کردەوە و خۆیدا بەدەستەوە وە زۆر کارمەندی تر لە هۆشخۆیان چوون و ترسان، لەبەر ئەوەی ئێمە کورد بوین و پارێزەرمان گرتبوو ئازاد کراین لە زیندان، لەبەر ئەوەی کاری من فلیم و سینەما بوو بیرم کردەوە کە بگەڕێمەوە کوردستان ، ئەو وێنانەی لە کەناڵەکانەوە دەمانبینی، بڕیام دا خۆم بگەڕێمەوە کوردستان ئەو کوردانەی لەسەر چیاکان پەرش و بڵاو ببونەوە وەکو گەڵای پایز لەگەڵ برادەرێك کە کاری ڕێپورتاژو جۆرنالیستی دەکرد کاك جەمال میرزا .. وە هەڵەبجە یەکەم جێگا بوو کە چووین تووشی شۆك بووین بەڕاستی.
کاری سینەمای یان دیکومێنتاری یان فلیم دورست کردن ئەوەندە ئاسان و ساکار نیە، بۆیە هونەرمەند حوسێن سێودین هەوڵ و کۆششێکی زۆر کردوە لە ڕابردودا تاوەکو بتوانێت ئەو بەرهەمانە بەدەست بهێنێت و نمایشی بەرچاوی بینەری بکات ، سیناریو یان نوسین یان بیرۆکە وفۆرم بە شێکی ئەو ماندوو بون و کارانەن کە بناغەی پرۆژەو بەرهەمەکانە دواتر گەڕان بەدوای ئالیەتی دروست کردنی ئەو دیکومێنت و فلیمانە یان سیناریو یان کەسایەتیو دەموو چاوەکان و ڕۆڵی کار ئەکتەرەکان ، دواتر ئامادەکردنی وە دەرهێنانی ئەو بەرهەمە! ماندوو بونێکی ئێجگار زۆر بەڵام حەسانەوەیەکی وویژدانی بۆ هونەرمەندەکە لەمێژووی ژیان و تۆمارکردنیدا ، بەتایبەتی ئەو کارانەی کە لە کوردستان ئەنجامی داوە بەتایبەتی تەلەفزیونە کوردیەکان و دروستکردنی دیکومێنتاری لە سەر ڕەوشی میللەتی کورد ، زۆر جار لە سینەماو یانەو هۆڵ و گەلەریەکانی ووڵاتی هۆڵەندا کارە هونەریەکانی هونەرمەند نمایش کراون وە بەدەیان و سەدان کەسی کوردی و هۆڵەندی ئامادەی بینینی ئەو کارە هونەریە بوون و جێگای سەر سوورمان بوون بۆ هەوڵ و ماندوێنی هونەرمەند .
لەم ڕۆژانەی ڕابردوو لە ڕێگای کەناڵی رووداوە دیکومینتاریەکی هونەرمەند حوسێن سێودینمان بینی بەناوی تۆماری ڕۆژگارە دژوارەکان کەڕووداوەکان وە دیدارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٩١ بەدواوە و بەراورد کردنی لەگەڵ ٢٠٢٤ کە لە دەرهێنانی کاك سیروان ڕەحیم بوو. جێگای سەرەنجی من بوو چونکە زۆر لەکەسایەتییەکان کۆچی دواییان کردوە دواتر خەڵک هیواو حەزو بیرکردنەوەیەکی جیاوازی هەبوو لە ئێستادا .. خەونەکانی ئەو سەردەمانە ئەوە نەبوون کە مرۆڤی کورد خۆی بۆ پارچەپارجەکرد ، بەڵام زۆرێك لە ژیان و سیماو شارو گوزەران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لەو قۆناغەوە بۆ قۆناغی ئێستا لە ڕووی سیاسیشەوە گۆڕانکاری تێدا ڕوویداوە . سەرەنج بۆ ووتەکان و هیواو ئاواتەکانی ئەو سەردەمە ، داخوازییە کەڵەکە بوەکانی ودەرچوون لە سێ شەڕی هەرێمایەتی وە خەونی سەدان ساڵەی میللەتی کورد کەلە زاری سەرکردەکانی میللەتی کوردەوە باس دەکرێن وە خەونەکانی تاکەکانی کورد چی بوون وە لە ئێستادا بە چی گەیشتوون ، ئەم گێڕانەیەوە مرۆڤ هەڵدەگەڕێنێتەوە بۆ ڕابردویەك کە خۆی تێدا ژیابێت وە لە زۆر وێستگەدا مرۆڤ خۆی تێدا دەبینێتەوە ، سەرەنج بۆ سروشت و دیمەنی ئەوکاتی کوردستان چ لە ڕووی سادەوساکاری وە چ لە ڕووی گۆڕانگاری بەرورد بە ئێستا ، گرنگ هونەرمەند من و سەدانی وەکو منی گەڕانەوە بۆ ئەو ڕابردوەی کەتاڵ و شیرینە ، وە بۆ ئەو ڕاستییەی کە مرۆڤ ناتوانێت لە ئێستادا نکوڵی لێ بکات ، هەرچەند ئەگەر تاڵ و جەرگبڕ بن ئەمە لەکاتێکدا ئێستا بۆی هەیە کە خەڵکانێك باوەڕیان بەو ڕووداو و گەرم و گوڕی و خەونانەوە نەمابێت وەکو ئەوەی کە ڕوویداوە ! هونەرمەند وەکو نوسەرو دەرهێنەرێك وە وەکو کوردێك مامەڵەی لەگەڵ رووداوەکاندا کردوە وە بەچاوی دیکومێنتاری و ژیانی ئەوسەردەمەو بەراوردێك بۆ ئێستادا کردوە نەك بە بیرکردنەوەیەکی تر.
بۆ ئەم مەبەستە من دوو پرسیارم لە نوسەرو دەرهێنەر حوسێن سێودین کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە تێڕوانیتی بەڕێزیان بزانم بۆ پرۆژەو کارکردن وبیرکردنەوەی .
١. میللەتی کورد لە ڕێگای کاری هونەری و دیکومێنتاری و فلیمسازیەوە تا چەند توانیویەتی پەیامی ئازارەکانی بە جیهانی دەرەوە بگەیەنێت .
بەڕاستی زۆر نا بەڕای من زۆر کەم تەرخەمە زۆر هێواشە پەرش و بڵاوە مەوزوعی سینەمای کوردی و سینەماکاران ، وەزارەتی ڕۆشنبیری. پێش هەموو شتێك لە ڕوسیا دوای شۆڕشی لینین هەموو هونەرمەندانی کۆکردەوە و بیریان کردەوە لەوەی کەوا چۆن سینەمایەك یان دامەزراوەیەکی سینەمایی دابمەزرێنن بۆ ئەوەی خزمەتی ئەم دەوڵەتە نوێیە بکات کە ناوی یەکێتی سۆڤیەت وە لەسەر بنەمای شۆرش و بیروباوەڕیکی نوێ دروست بوە ، دووساڵ دانیشتن پلانیان دا نا نەخشەڕێگایان دانا بۆ ڕاکێشان و کۆکردنەوەی هونەرمەندان دوای دووساڵ بناغەیەکیان دانا ئێستاش مۆسکۆ لەسەر ئەو ئەساسە دەڕوات بە ڕێگاوە لەبەر ئەوە بناغە گرنگە ، بەڵام لای ئێمە بوو بەهەڵپە و هەرا هەرکەس لەلایەکەوە دێت لەگەڵ بەرپرسێك پەیوەندی دروست دەکات و فلیمێك دەکات یان ڤیستیڤاڵێك ڕێکدەخات ، ڕێکوپێک نین وەکو دامەزراوەی دەوڵەت بناغەی سینەماییمان بەڕێکی دا نەناوە ، ئەمەبە ڕاستی کاری کردۆتە سەر ئەوەی کەوا بتوانێت هونەری سینەما و دیکومێنتاری خزمەتی نەتەوەی کورد بکات لەوانە بۆ نمونە بەراوردی بکەیت بە ووڵاتانی عەرەب و ووڵاتێکی وەکو لیببیا کە فلیمی عومەر موختاریان دروست کرد ، کەس لیبیا ناناسێت بەڵام لە ڕێگای ئەو فلیمەوە هەموو دونیا لیبیاو شۆڕشی عومەر موختاری ناسیوە ، ئێمە کۆمەڵێك شتی ئاوهامان هەیە لەکوردستان لە کوردستانی باکوورو ڕۆژهەڵات نەمانتوانیوە بیانکەینە فلیم ڕووداوی مەهاباد هەمووی بە شێوەی سادەی خۆی ماوەتەوە بەڕاستی ئەمە ئەگەر بیانتوانیایە دامەزراوەیەکی ئاوها دابنێن فلیمکاران کۆ ببنەوە بەڕاستی زیاتر کار بکەن ، بێگومان کاریش کراوە بڵێین کار نەکراوە نەخێر بەڵام پەرش و بڵاوە هەرکەسێك لەلایەك کار دەکات ، پرسیاری ئەوەی کە ئایا توانیوێتی هونەری سینەما لەم بارەیەوە خزمەت بکات بەتایبەتی سینەمای کوردی و یان ڕاپەڕین و شۆڕش و دەوڵەت و خەڵکی کوردستان بکات ،
.٢.پێتان وایە لە ئێستادا هونەرمەندانی کورد لە بواری فلیم و دەرهێنان و کاری سینەمایی هەنگاوی پێویستی ناوە .. دەبێت گرفتەکان چی بن .
سەبارەت بە گرفتەکانی سینەماوە ئەوەی کە ڕێگرە لە پێشکەوتنی سینەما وە هونەر لە کوردستان هەندێکیم لەوانە باسکرد بەڵام لێرە بەتایبەت مەسەلەی ناڕێکو پێکی وە خۆکۆنەکردنەوەی دامەزراوەکانمان لەلایەك بە جۆرێکە کە پەیوەندی لەنێوانیاندا نیە پلان داڕشتنیان نیە ، پلان و کاروباری پلان دانان واتە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ، بابەتی بودجە بەکارهێنان ، بۆ نمونە ووڵاتی هۆڵەندا بۆ سینەما دامەزراوەیەکیان داناوە بەناوی فلیم فۆندیشن واتە فلیم فۆند ، ئەمە هەموو جارێك لە بودجەی ساڵانی هۆڵەندا پێنچ شەش میلون دەملیون ئیرۆ کاش دادەنێن لەبانک بۆ کاری سینەمایی و دیکومێنتاری و کورتە فلیم و فلیمی سینەمایی، ئەم فۆندیشنە تۆ دەتوانیت لە ڕێگای خۆتەوە لە ڕێگای دەرهێنەری ناودارەوە کە سیڤیان هەیە و ناسراون دەزانن دەتوانیت سیڤی خۆت پێشکەش بکەیت ، دەڵێیت ئەم فلیمە ئامادە دەکەم بیرۆکەکە پێشکەش دەکەیت و ئەوان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن ، ئەگەر بەدڵێان بێت بیرۆکەکە ئەوا داوای سیناریوت لێدەکەن ، گۆناگ بە قۆناغە هەمووی ، بە ڕێکو پێکی کارەکان ئەنجام دەدرێت ، ئەمە لەوێ نیە کە یەکێك دێتەوە لە سویسرا دەڵێت دەمەوێ ڤیستیڤاڵێك بکەم لە سوسیرا لەوانەیە هیچ پەیوەندیەکی نەبێت بە سینەماوە ، وەکو بزنسێك دەیکات و دەیەوێت پارەی تیادا قانجاز بکات ، ڤیستیڤاڵ بزنسێکی گەورەیە یەکتری ناسینە دەرهێنەر ناسینە کە ئەکتەر بناسێت ، وە ئەکتەر دەرهێنەر دەناسێت وەبەرهێنەر دەرهێنەر دەناسێت ئاڵووگۆڕی فلیم کڕینە فلیم فرۆشتنە ئەمانە ڕوو نادات کە کورد ناوی لێناوە ڤیستیڤاڵ ، پارەی زۆر سەرف دەکەن و هیچ سوودی نیە ، پارە لە فلیم خەرج دەکرێت و هیچی ناگەڕێتەوە پارە دەدرێت بە دەرهێنەر فلیمێك ئامادە بکات ، دەڕوات لە دە جێگەی تر پارە وەردەگرێت لە پارێزگاو لەم و لاو لە شارەوانی و لەدەوڵەمەند ئەو پارەیە وەری گرتوە بەکاشی دەڕوات خانویەکی پێ دەکڕێت یان دوو سەیارە دەیخاتە ئیشەوە بە پێچەوانەی خەڵکی ترەوە لە جیهاندا بنمونە فرانسیس فۆرد کۆمپڵا فلیمی ئەپۆکالای پسناو جەحیم لاندنی.. دەکرد دەیووت ئەگەر پارە بەش نەکات ژنەکەی خۆم دەفرۆشم بۆ ئەوەی فلیمەکە دروست بکەم ، خەڵك دەیەوێت فلیمێك دروست بکات لە ڕێگای فلیمەکەوە پارە بەدەست بهێنێت وە خزمەتی خەڵك و کەلتوورو بیرو باوەڕەکەی بکات ، ئێمە هەر بەپارەی فلیمەکە خۆی ، جارێ چاوت نەکردۆتەوە لە بیست لاوە شتی لێ دەدزێت ، لەم بیست میلکون و لە ئەو دە ملیون ئیتر ئەنواع و ئەشکال کائیناتی مل ووڕو گەندەڵ پەیدا بوون لە وەزارەت و لەو کوردستانە بەئاشکرا خاوەت لێداوا دەکەن ، لەبری ئەوەی کە بیر لە فلیم بکەیتەوە یەك دونیا گوورك و سەگ و سواڵ ڕازی بکەیت تاوەکو لێگەڕێن ئیشەکەت بۆ بکەن ، لەنێو کاتی ئیشەکەشدا وا دەکەیت دە ملیون دیار نیە ، وا دەکەیت بیست ملیون دزرا ، ئێ ئەمە وا لێت دەکات شپرزە بیت و دڵت لای فلیمەکە نەبێت و فلیمەکەت لێ تێك دەچێت ، ئەمانە ئەسبابی زۆر ناخۆشن لە کوردستان ڕوو دەدەن بە ڕاستی لەکاتی کارکردن لە فلیمێکدا بەسەر هەموو دەرهێنەرەکاندا هاتووە ، ئیتر دەرهێنەرەکانیش خۆیانیش زۆر ئەمین و ڕاستگۆ نین خەیاڵ و خەم و هۆشیان لای فلیمێك بێت و بەڕاستی تەزحیە بەهەموو شتێك بدەن دژی ئەم گەندەڵیە ڕاوەستن ، ئەوان شەریك دەبن لەم ئیشانەدا لەبەر ئەوە ئەمانە هەموو فلیمیان سەقەت کردوە ، هەندێك فلیم ودراما هەیە بۆ پارە کراوە بیست زنجیرە وەرگیراوە و پێنجی کراوە ، هەندێك فلیم هەیە تاوەکو ئێستا ملیارێك دیاری بۆ وەرگیراوە تاوەکو ئێستا هەر تەواو نەبوە، لە ووڵاتێکدا بەرپرسیارتیەك نەبێت بڕوات لە ڕەقابەو لێپرسینەوە
ئەم فلیمە چی بەسەرهات ! ئەم پارەیە چی لێهات ؟ تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ئەکادیمیایەك بەڕێکی دابنێن ئەوە تەمەنیان بوە بیست ساڵ واتە ئەکادیمایی بەمانای ووشە ستیودیو هەبێت ئەوەی هەولێر تاڕادەیەك باشە بەڵام نەیانتوانیوە بەباشی بەکاری بهێنن واتە تەکنیشن و مەخزەن و شتەکان دەبێت هەمووئامادەکراو بێت ، هەموو ساڵێك قوتابی بەکاری بهێنێت وە فێر بێت لێ ی وە بەتایبەت بەفلیمیش کار بکەن هەمووی بە ڤیدیو نەبێت ئەمانە کۆمەڵێك هۆکارن لەکوردستان باوکی سینەمای کوردی یوڵماز گۆنایە بە عەزاب و ماندوو بون لە زیندان بە عارەقی نێو چەوانی خۆی خۆی دروستکرد وە بەڕاستیش سەرکردەو باوکی سینەمای نیوڕیالیستی کوردی ئەوە توانیوێتی خۆی وە تایناڵ و توانای خۆی بەڕەزیلی و بە دەردەسەری هەر لەتەمەنی چڵ ساڵی بڕوا دەکەم تورك ومیت دەرزیەکیان لێ دابێت توشی سەرەتانیان کردبێت و کوشتیان زانیان زۆر خەتەرە ، چونکە سینەما بەڕاستی یەکێکە لەو هونەرە گەورانەی یەکێك وەکو لینین کە هەستی پێکرد بە گرنگی سینەما لە خزمەتی شۆرش و نەتەوەو ئەمانە توانی ئەو ئەکادیماییە دروست بکات لەدوای ڕوخانی قەیسەر ، دەبێت ئێمەش شتێکی ئاوها بکەن بۆ هەتا هەتایە سوودی هەبێت .
حوسێن سوەدین
بەرێوەبەری فیلم؛ نواندن؛ کاستینگ؛ ڕاهێنەری فیلم لە مێژووی فیلم و فۆتۆگرافی، هونەرە جوانەکان، .
دراماتۆرگیا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی فیلم.
خوێندنی تەواو: ئەدەبیات لە عێراق
توێژینەوەیەکی تەواوکراو: ڕاهێنانی میدیایی کۆچبەران (MMO) لە هۆڵەندا 1985-1987
١٩٨٨-١٩٩٢توێژینەوەیەکی تەواو: ئەکادیمیای فیلم و تەلەفزیۆنی هۆڵەندا
١٩٩٠-١٩٩٥چەندین خولی فۆتۆگرافی لە هۆڵەندا پەیڕەو کردووە لە ساڵانی
١٩٩٨پۆلەکانی ماستەری میدیا لە هیلڤێرسۆم /هۆڵەندا
٢٠٠٨پۆلەکانی ماستەری میدیا لە هیلڤێرسۆم /هۆڵەندا
ئەزموون
٢٠٠٩-٢٠١٤سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی قوتابیان.
- ١٩٩٥بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی ئاسۆی ئەمستردام
- ١٩٩٧دەرهێنەر فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام
- ٢٠٠٧دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری پەیمانگای سینەمای کەرکوک
- یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەناڵی ئەلحوریجە لە بەغدا
فیلمۆگرافی
١٩٨٥کورتە فیلمێک دەربارەی پەنابەر - “نائومێدی” ١٩٨٨کورتە فیلمێکە
- ١٩٨٥-١٩٨٨ژمارەی ڕاپۆرت و پۆرترێتی هونەرمەندان
- ١٩٨٨ڕاپۆرتی گۆڤار و تیڤی
- فیلمێک دەربارەی بەکارهێنانی ئیکۆلۆژی پاشماوە ١٩٨٨-١٩٩٥
- ١٩٩١وێنەی هونەرمەندی بەناوبانگ سێباستیان هولژوبەر
- ١٩٩١فیلمی دۆکیۆمێنتاری دەربارەی پەنابەری کورد لە نێوان سنوورەکانی تورکیای عێراق
فیلمی دۆکیۆمێنتاری “١٩٩٣کوردستان بەرەو ئازادی
سنوور” ١٩٩٤فیلمێکە دەربارەی کوردانی
ماسکی شووشە” ١٩٩٢کورتە فیلمێکەفیلمی دیکۆمێنتاریی “١٩٩٧دروێنەکردنی درەختی ئازادی - ٢٠٠٠وێنەی هونەرمەند یوسف عەبادی
- ٢٠٠٤-٢٠١٠کارکردن لەگەڵ زۆرێک لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی مانگی دەستکرد لە عێراق
- ٢٠٠٦حەوت بەش دۆکیۆمێنتاری دەربارەی مێژووی کەرکوک
- ٢٠١٠وێنەی وێنەی فەرەنسی فرانسیس لۆڤانت
- ٢٠١٠وێنەی ژنێکی بەناوبانگی عێراق ٢٠٠٥
- فیلمی دیکۆمێنتاریی “لالیش” ٢٠١٠دەربارەی ئێزیدییەکان لە کوردستان
- فیلمی درێژ و سیناریۆ و دەرهێنانی “٢٠١١شاوی حیساب
- ٢٠٠٦کەرکوک و شۆڕشی ئایلول فیلمێکی دیکۆمێنتارییە
- فیلمی درێژ و سیناریۆ و دەرهێنانی “٢٠١٣مێژووی ونبوو
- فیلمی دیکۆمێنتاریی هەشت بەشی لەسەر “محەمەد مەلا قادر”٢٠١٤
• دەرهێنانی بەرنامەی ستۆدیۆ “ Chi bakrit” ٢٠١٣ - ٢٠١٤فیلمی دۆکیۆمێنتاری دەربارەی جینۆسایدی گەرمیان
- “کەرکوک لە سەردەمی بەردەوە تا ئێستا” ٢٠٠٨
دە بەشی دۆکیۆمێنتاری دەربارەی مێژووی کەرکوک
ئەزموونی وانەوتنەوە - ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان-قوتابخانەی سینەما-زانکۆی هەولێر ٢٠٠٩-٢٠١٤
فێرکردنی ئەمانەی خوارەوەمێژووی ، فیلم ،دراماتۆرگیا ،مێژووی سینەما و فۆتۆگرافی،دەرهێنان و نواندن و کاستی فیلم بۆ فیلم .
ئەزموونی کارکردن - پێدانی وۆرک شۆپ و دەرهێنانی بەرنامە و دروستکردنی کەرەستەی فیلم
و فیلمی دیکۆمێنتاری بۆ زۆرێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان وەک: - هۆڕایزن تیڤی- ئەمستردام
- تەلەفزیۆنی کۆچبەران- ئەمستردام
- تەلەفزیۆنی کەرکوک- کەرکوک
- تەلەفزیۆنی ئەلحوریجە- بەغدا
- زاگرۆس تیڤی- هەولێر
- گەلی کوردستان- سلێمانی