دیداری ئەمجارەی گۆڤاری (ڕەوەند) لەگەڵ ڕۆژنامەوان و پەیامنێری کورد لە دیاسپۆرا (بارزان حەسەن)ە و ئاشنامان دەکات بە ڕووبەری کاری ڕۆژنامەوانی لە ئەوروپا و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە کارەکانی.
‘هه‌وڵ ده‌ده‌م لە ڕێی کارەکەمەوە په‌يامی ئاشتی، هاوبه‌شی و مافه مرۆڤايه‌تييه‌كانی کورد بگه‌يه‌نم’
لە دەسپێکدا، بارزان تیشکی خستە سەر پێگەی وڵاتی بەلجیکا لە ناوەندەکانی ئەوروپا و بە تایبەت بۆ گەلانی ژێردەست، گوتی: ‘ وڵاتی بەلجیکا پێگە‌يه‌كی گرنگی سياسيی هه‌يه، چونكه ناوه‌ندی گفتوگۆ و ديموكراسييه له ئەوروپادا. بۆ نه‌ته‌وه‌كان و لەناویاندا كورد، گرنگه ده‌نگ و مافه‌كانيان به شێوه‌يه‌كی ئاشتيخوازانه بگه‌يه‌نرێت. من وه‌ك په‌يامنێر هه‌وڵ ده‌ده‌م په‌يامی ئاشتی، هاوبه‌شی و مافه مرۆڤايه‌تييه‌كانی کورد بگه‌يه‌نم، لەدوای کاری رۆژنامەوانییم، هەوڵی کۆکردنەوە و پاڵپشت بۆ دەوڵەتی کوردستان دەدەم’.
بارزان ديداری پاشای بەلجیکای بۆ رەخساوە و سەبارەت بە باس و خواسی دیدارەکە دەڵێ: ‘بانگهێشتكردنم بۆ ديداری پاشای بەلجیکا رووداوێکی گرنگ و مێژوويی بوو بۆ من وه‌ك كورد. هه‌ستم به شانازی و به‌رپرسيارييه‌كی گه‌وره كرد، چونكه ده‌رفه‌تێك بوو بۆ ناساندنی كولتوور و ده‌نگی كورد به شێوه‌يه‌كی ئاشتيخوازانه. له ديداره‌كه‌دا لەگەڵ پاشای بەلجیکا باسم له گرنگیی هاوبه‌شی، مافه مرۆڤايه‌تييه‌كان و ئاره‌زووی گه‌لی كورد بۆ ئاشتی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کرد’.
‘لە دیدارەکانمدا کتێبی سەرۆک بارزانی دەگەیەنمە سەرکردە و کەسایەتییەکانی جیهان’
ئەم رۆژنامەنووسە کاتێ سەردانی کەسایەتییە باڵاکانی جیهان دەکات، بە دەستودیاریی کتێبەوە دەچێتە لایان و کتێبەکانی سەرۆک بارزانی‌یان بۆ دەبات، لەمبارەوە دەڵێت: ‘لە سەردانەکانمدا کاتێ کتێبی سەرۆک بارزانی‌یان دەدەمێ، زۆربه‌ی سەركرده و كه‌سايه‌تييه‌كانی جیهان به ڕێز و حه‌زەوە كتێبه‌كه وه‌رده‌گرن، چونكه مێژووی سەرۆک بارزانی تەنیا مێژووی كورد نييه، به‌ڵكوو مێژووی خه‌باتە بۆ ئازادی و كەرامەتی مرۆڤ. هه‌ندێكيان دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌شێكی كتێبه‌كه پرسياری زياتر له‌سه‌ر مێژووی كوردستان و خه‌باتی رزگاریخوازی کورد دەکەن، يه‌كێك له یادە لەبيرنەکراو و تايبه‌ته‌كانم ئه‌وه بوو، (مارک روتە) سکرتێری گشتیی ناتۆ و كه‌سايه‌تيی نێوده‌وڵه‌تی، دوای وه‌رگرتنی كتێبه‌كه گوتی (مێژووی کورد تاڕادەیەک شارەزام، مێژووەکەتان پڕە لە خۆڕاگری و نه‌وه‌ستان)’.
سەبارەت بە کارکردن بۆ دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز، بارزان حەسەن به (ڕەوەند) گوتی: ‘كورد له ئەوروپا ده‌نگ و ئاماده‌بووني هه‌يه، به‌ڵام هێشتا پێویستی به يه‌كگرتوويی و هاوكاریی زياتر هه‌يه بۆ دروستكردنی لۆبييه‌كی به‌هێز و كاريگه‌ر. سياسه‌ت له ئەوروپا پێويستی به كاركردنی درێژخايه‌ن، رێكخراو و ديدی هاوبه‌ش هه‌يه. كاتێك كورد بتوانێت له‌سه‌ر ئامانجه گه‌وره‌كان يه‌كده‌نگ بێت، ده‌توانێت كاريگه‌رييه‌كی زياتری له‌سه‌ر بڕیار و سياسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت’.
گوتیشی: ‘هه‌موو ديداره‌كان جێگه‌ی فێربوون و تێگه‌يشتنن، به‌ڵام لە ديداره‌كانی نێوده‌وڵه‌تی كه باس له ماف، ئاشتی و ده‌نگی كورد دەكرا، زۆر كاريگه‌رییان له‌سه‌رم هەبوو. كاتێك ده‌بینی سەركرده و ديپلۆماتكاران گوێ له كێشه و ئاواته‌كانی گه‌لی كورد ده‌گرن، هيوادارییت زياتر ده‌بێت، كه بتوانرێت ده‌نگی كورد لەئاستی جيهاندا بە شوێنی بڕیار بگات’.
سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پەیامنێرانی کورد و نەتەوەکانی دیکە، بارزان دەڵێت: ‘له ديدار و مامەڵه‌كاندا هه‌مووان به ڕێز و ديپلۆماسی مامه‌ڵه‌يان كردووه، به‌ڵام وه‌ك كورد هه‌ندێك جار هه‌ستت به‌وه ده‌كەیت، كه پێويسته زياتر كار بكرێت بۆ ناساندنی مێژوو و مافه‌كانی گه‌لەکەمان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كاتێك به متمانە و زمانێكی ئارام قسه ده‌كه‌يت، زۆربه‌یان بەڕێزەوە مامەڵە دەکەن و بە باشی گێت بۆ دەگرن. زۆرجار له ئەوروپا پرسيار ده‌كرێت، كه بۆچی كورد، به‌و مێژووه درێژه و ژماره گه‌وره‌يه‌ی هه‌يه‌تی، تا ئێستا ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نييه، هه‌ندێكیان تێگه‌يشتنێكی ته‌واويان له‌سه‌ر دابه‌شبوونی كوردستان و بارودۆخی سياسیی ناوچه‌كه نييه. بۆيه گرنگه هەميشه به زمانێكی ئارام و ڕوون، مێژوو، كولتوور و داوا ڕه‌واكانی گه‌لی كوردیان پێ بناسرێندرێت’.
‘جيهان گوێ له ده‌نگی نه‌ته‌وه‌يه‌ك ده‌گرێت كه بتوانێت به شێوه‌يه‌كی مەدەنی و ديپلۆماسی خۆی بناسێنێت’
دیدی ئەم رۆژنامەنووسەی کورد لە ئەورووپا سەبارەت بە کار و ئامانجەکانی کورد ئەوەیە: ‘ئەگه‌ر كورد بتوانێت له‌سه‌ر ئامانجی هاوبه‌ش، يه‌كده‌نگی و رێكخراوەیی كار بكات، ده‌توانێت له گۆڕه‌پانی سياسيی نێوده‌وڵه‌تيدا ببێته هێزێكی كاريگه‌رتر. جيهان ئه‌مڕۆ زياتر گوێ له ده‌نگی نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگايه‌ك ده‌گرێت كه بتوانێت به شێوه‌يه‌كی مەدەنی و ديپلۆماسی خۆی بناسێنێت. كورديش توانای ئه‌وه‌ی هه‌يه، به‌ڵام پێويستی به يه‌كگرتوویی و ستراتيژی درێژخايه‌ن هه‌يه. هه‌ندێك رووداو و ديدار هه‌بوون زۆر كاريگه‌ريیان له‌سه‌رم دانا، به‌تايبه‌ت كاتێك له كۆڕ و كۆبوونه‌وه نێوده‌وڵه‌تييه‌كاندا باس له ئازاره‌كان و خه‌باتی گه‌لی كورد ده‌كرا. هه‌ستكردن به‌وه‌ی كه ده‌نگی كورد ده‌توانێت بگاته جيهان، هيواداری و به‌رپرسيارييه‌تی گه‌وره‌ی تیادا دروست کردم’.
هەرچی سەبارەت بە گەشەپێدانی میدیای کوردییە لە ئاستی جیهانیدا، ئەم میدیاکارەی کورد دەڵێت: ‘میدیای کوردی لە ئاستی جیهانیدا پێویستی بە چەند بنەمایەکی سەرەکی هەیە. یەکەم، پێویستە سەرچاوەی مرۆیی و پیشەیی لە ڕووی ڕاهێنان و پسپۆڕیی ڕۆژنامەوانیی نێوده‌وڵەتی بەرزتر بکرێت. دووەم، گرنگە میدیاکان لە ڕووی دارایی و سیاسی سەربەخۆتر بن، چونکە سەربەخۆیی بناغەی متمانەیە. سێیەم، بەکارهێنانی زمانە جیهانییەکان و کارکردن بە شێوەی فرەزمانی دەبێتە هۆی گەیشتن بە بیانییەکان. هەروەها گرنگە میدیاکانی کورد لەگەڵ تۆڕە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە ڕۆژنامەوانییە گەورەکان هاوکاریی بکەن. لەکۆتاییدا، بەهێزکردنی ڕاستیی پەیامی ئاشتی، کاریگەرییەکەی دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانەی جیهانی بە دەنگی میدیای کوردی.’
بارزان حەسەن، پەیامنێر و ڕۆژنامەوانی کورد، خەڵکی رانیە- باشوری کوردستانە. ئێستا لە بەلجیکا دەژیت و ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە رۆژنامەوانە و نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت لە کەناڵی (کوردستان ٢٤) لە ئەوروپا لە بواری ڕاپۆرت و گەیاندنی هەواڵی سیاسی و نێودەوڵەتی کار دەکات و لە گفتوگۆ و ديدارە ڕۆژنامەوانییەکاندا بە زمانی ڕوون و شێوازی پیشەیی ناسراوە. بەردەوام دەربارەی بارودۆخی کورد لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان پرسیار لە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ دەکات.
